خانمە دەرهێنەر و گۆرانیبێژی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ناجی سەلیمی بۆ گوڵان:لە ڕێگای سینەماوە هاتمە نێو بواری گۆرانی گوتن

خانمە دەرهێنەر و گۆرانیبێژی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ناجی سەلیمی بۆ گوڵان:لە ڕێگای سینەماوە هاتمە نێو بواری گۆرانی گوتن

یەكێكە لە خانمە بەتواناكانی شاری بۆكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە توانیویەتی لە هەردوو بواری گۆرانی و سینەمادا بەردەوام كار بكات و لە هەردوو بوارەكەشدا سەركەوتوو بووە، تا ئێستا سێ ئەلبوومی گۆرانیی هەیە و كاری چەندین فیلمی سینەمایی ئەنجام داوە، خانمە هونەرمەند «ناجی سەلیمی» لێرەدا تیشك دەخاتە سەر چەند پرسێكی تایبەت بە سینەما و گۆرانیگوتن.

*وەك هونەرمەندێك لە دوو بواری جیاوازی گۆرانیگوتن و سینەمادا كار دەكەیت، چۆن هاوسەنگیت لە نێوانیاندا ڕاگرتووە؟

-سینەما بۆ من دەروازەیەك بوو بۆ گەیشتن بە خولیای گۆرانیگوتن. بەهۆی ئەوەی لە بنەماڵەیەكی ئایینی گەورە بووم، ڕێگەم پێ نەدەدرا ڕاستەوخۆ گۆرانی بڵێم. بۆیە لە ڕێگەی نووسینەوە ڕووم كردە سینەما، بەو هیوایەی ببێتە پردێك بۆ گەیشتن بەو حەزەم. لە سەرەتادا بە نهێنی و تەنیا بۆ دڵی خۆم گۆرانیم دەوت. دوای ئەوەی لە سینەمادا پێگەی خۆمم بەهێز كرد، بە فەرمی دەستم بە گۆرانیگوتن كرد، ئێستا خاوەنی سێ ئەلبوومم، لەگەڵ ئەوەشدا توانیم هاوسەنگییەكی وەك تەرازوو لە نێوانیاندا ڕابگرم.

*كامیان زیاتر ڕۆح و هەستت دەردەبڕێت، گۆرانی یان سینەما؟

-خولیای سەرەكیم زیاتر بۆ فیلمسازییە، بەڵام كاتێك ناوم دەهێنرێت، وەك هونەرمەندێك دەناسرێم كە هەم گۆرانی دەڵێت و هەم فیلم دروست دەكات. لەگەڵ ئەوەشدا، پێموایە ناسنامەی سەرەكیم دەرهێنەرێكی سینەماییە.

خانمە دەرهێنەر و گۆرانیبێژی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ناجی سەلیمی بۆ گوڵان:لە ڕێگای سینەماوە هاتمە نێو بواری گۆرانی گوتن

*ڕەوشی ئێستای سینەمای كوردی چۆن هەڵدەسەنگێنی؟

-بە بڕوای من، سینەمای كوردی لە قۆناغێكی باشدایە و هەوڵێكی جددی هەیە بۆ نزیكبوونەوە لە ستانداردە جیهانییەكان. گرنگترین گۆڕانكاری ئەوەیە كە تێڕوانینی سینەماكاران فراوانتر بووە؛ لەبری تەنیا گرنگیدان بە كارەساتە نەتەوەییەكان ئێستا زیاتر باس لە كێشە كۆمەڵایەتی و وردەكارییەكانی ژیانی ڕۆژانە دەكەن، ئەمەش هەنگاوێكی گەورەیە و نیشانەی پێگەیشتنە. ئێستا پێویستە خۆمان بگونجێنین لەگەڵ پێشكەوتنی ڕەوتی سینەمای جیهانیدا، بۆیە دەتوانم بڵێم ئێستا سینەمای كوردی لەم ڕووەوە لە ئاستێكی باشدایە.

*گەورەترین ئاستەنگ و دەرفەتەكان چین كە لە بەردەم سینەمای كوردیدا هەن؟

-گەورەترین ئاستەنگ تەنیا كەمیی بودجە نییە، بەڵكو نەبوونی ژێرخانێكی پیشەسازیی تۆكمە و سیستمێكی پاڵپشتیی بەردەوامە. ئەوەی ئێستا دەیبینین، زیاتر درەوشانەوەی تاكەكەسییە، واتە دەرهێنەران بە پشتبەستن بە توانای داهێنەرانە و پەیوەندییە تایبەتییەكانیان كار دەكەن، بۆیە كێبڕكێی سینەمای كوردی لەسەر ئاستی جیهان سەرەڕای بوونی چیرۆكی ناوازە، لە پێشبڕكێیەكی نایەكسان دەچێت.

*چ جیاوازییەك لە نێوان شێوازی كاركردنی سینەمای باشوور، باكوور، و ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا بەدی دەكەیت؟

-جیاوازیی سەرەكیی نێوان سینەمای ڕۆژهەڵات و باشووری كوردستان لە فەلسەفەی گێڕانەوە و قووڵایی فیكریدایە، سینەمای ڕۆژهەڵات لەسەر بناغەیەكی پتەوی سیناریۆ و بیركردنەوە دامەزراوە، لە بەرانبەردا سینەمای باشوور وێڕای بوونی ئیمكاناتی تەكنیكیی باشتر، هەندێك جار لە بۆشاییەكی فیكریدا دەخولێتەوە. باشترین چارەسەر تێكەڵكردنی ئەزموونەكانە؛ سوودوەرگرتنی باشوور لە قوتابخانەی سیناریۆی ڕۆژهەڵات، چونكە جووڵەی سینەمایی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە بۆشاییەوە دروست نەبووە، سینەماكارانی باشوور و ڕۆژئاوا سوود لە ئەزموونی دەوڵەمەندی قوتابخانەی ڕۆژهەڵات وەربگرن، بەتایبەت لە ڕووی گرنگیدان بە سیناریۆی تۆكمە و قووڵبوونەوەی فیكری.

*وەك دەرهێنەر لە پشت كامێرا، چۆن سەیری كارەكەت دەكەیت؟

-كاتێك وەك دەرهێنەر لە پشت كامێرام، كارەكەم تەنیا ڕێنمایی تەكنیكی نییە، بەڵكو پرۆسەیەكی دەروونی و هاوسۆزییە. پێش ئەوەی ئەكتەر ڕۆڵێك بگێڕێت، من وەك دەرهێنەر لە خەیاڵی خۆمدا هەزاران جار لەو ڕۆڵەدا ژیاوم. ئەم تێگەیشتنە قووڵە وا دەكات ئەكتەر لە ئامرازێكەوە ببێتە هاوبەشێكی ڕاستەقینە لە داهێناندا، و ئەمەش نهێنیی دروستبوونی كاری هونەریی كاریگەرە.

*كام فیلمت شوێنێكی تایبەتی لای خۆت هەیە و بۆچی؟

-هەموو فیلمەكانم وەك منداڵی خۆم خۆش دەوێن، بەڵام هەریەكەیان یادگاریی تایبەتی خۆی هەیە. یەكەم فیلمم «تازە بووك» زۆر تایبەت بوو، چونكە یەكەم ئەزموونی نووسین و دەرهێنانم بوو وەك ژنێك، هەروەها فیلمی «باوەشی سارد» پێگەیەكی تایبەتی هەیە. دوایین كارم «شەوی بارانییە» كە كۆمەڵێك ئەكتەری بەڕێزی تێدایە، لەوانە كوڕەكەم «ئەشكان»، بۆ من زۆر خۆشەویستە.

*وەك ژنە هونەرمەندێك، ڕووبەڕووی چ ئاستەنگێكی تایبەت بوویتەوە؟

-پێچەوانەی چاوەڕوانییەكان، وەك ژنێكی دەرهێنەر هەست دەكەم كارەكەم ئاسانترە، ژنان بە سرووشت لایەنی سۆزدارییان زاڵترە، بۆیە ئەكتەرەكان، بەتایبەت ژنان، لەگەڵ من ئاسوودەترن. زۆربەی كارەكانیشم باس لە كێشە و جیهانی ژنان دەكەن. من شانازی بە ژنبوونی خۆم و ئەو كارانەوە دەكەم كە لە باوەڕی قووڵمەوە سەرچاوە دەگرن.

*پەیامت چییە بۆ ئەو كچانەی دەیانەوێ ڕوو لە سینەما بكەن؟

-پەیامم بۆیان ئەوەیە كە نەترسن و بەردەوام تواناكانیان پەرە پێ بدەن. زۆر بخوێننەوە و ڕاوێژ بە كەسانی شارەزا بكەن. سینەما بوارێكی «بێ ڕەحمە» ئەگەر بە زانست و ئامادەكاریی تەواوەوە نەیەنە ناوی، ڕەنگە تووشی شكست و ساردبوونەوە ببن. ئامانجتان تەنیا ناوبانگ نەبێت، چونكە سینەما دەبێتە بەشێك لە ژیانتان و پێویستی بە خۆتەرخانكردنە.

Top