وەیسی محەمەد بۆ گوڵان:بێدەنگیی من بۆ بەرهەمی جوانە، بەڵام میدیای كوردی لێی بێخەبەرە

وەیسی محەمەد بۆ گوڵان:بێدەنگیی من بۆ بەرهەمی جوانە، بەڵام میدیای كوردی لێی بێخەبەرە

*با لە سەرەتاوە بە ناساندنێكی هونەرمەند وەیسی محەمەد دەست پێبكەین، ئەو كێیە و چ پاشخانێكی هونەریی هەیە؟

-وەیسی محەمەد، هونەرمەندێكی خاوەن ئەزموونە كە ساڵانێكی زۆرە لە بواری گۆرانی گوتندایە و خاوەنی زیاتر لە ٦٠ گۆرانی و مەقامی تۆماركراوە. پێشتر مامۆستا بووە لە پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی هەولێر و ئێستاش لە چاكسازیی گەوران وانە دەڵێتەوە.

*دوای ئەم هەموو ساڵە لە كاركردن، كاتێك سەیری دۆخی ئێستای هونەری كوردی دەكەیت، بەتایبەت لە باشووری كوردستان، چ هەستێكت لا دروست دەبێت و چۆن هەڵیدەسەنگێنیت؟

-بەداخەوە گۆڕانكارییەكانی ئێستا لە ئاستێكی زۆر نزمدان. من بەهۆی ناڕازیبوونم لە ئاستی موزیكی باشوور، زۆربەی كارەكانم لە كرماشان و بە هاوكاریی موزیكژەنانی ڕۆژهەڵات تۆمار دەكەم.

*زۆرجار باس لەوە دەكرێت كە تەكنەلۆژیا خزمەتی هونەری نەكردووە. ئایا كێشەكە تەنیا تەكنەلۆژیایە، یان هۆكاری قووڵتر هەیە كە وای كردووە هونەری كوردی لەبری پێشكەوتن، پاشەكشە بكات؟

-جوانیی هونەری كوردی لە تایبەتمەندی و جیاوازییەكەیدایە. كێشەكە تەكنەلۆژیا نییە، بەڵكو كێشەكە نەبوونی بیر و ئەندێشەی جوانبینیی بەرزی هونەرمەندە. ئەگەر دیدی هونەری بەرز نەبێت، تەكنەلۆژیا بە تەنیا هیچ كاریگەرییەكی ئەرێنیی نابێت.

وەیسی محەمەد بۆ گوڵان:بێدەنگیی من بۆ بەرهەمی جوانە، بەڵام میدیای كوردی لێی بێخەبەرە

*پەیوەست بەم باسە، سۆشیال میدیا وەك بەشێك لەم تەكنەلۆژیایە، چ ڕۆڵێكی گێڕاوە، ئایا بووەتە هۆی ناساندنی هونەری ڕەسەن، یان بەپێچەوانەوە دۆخەكەی ئاڵۆزتر كردووە؟

-سۆشیال میدیای كوردی لە ئێستادا فەوزایەكی گەورەی دروست كردووە و شتی باش و خراپی تێكەڵ كردووە، بەڵام هیوا هەیە لە داهاتوودا باشتر بێت.

*ئەگەر دۆخەكە بەم شێوەیەیە، كێ یان چ لایەنێك بەرپرسیارێتیی سەرەكیی ئەم پاشەكشە و ئاڵۆزییەی لە ئەستۆدایە؟

-لە پلەی یەكەمدا، دامەزراوە هونەرییەكان و دەسەڵات بەرپرسن. ئەركی دەسەڵاتە كە فەرهەنگی گشتی ئاراستە بكات بۆ ئەوەی نەوەیەكی خاوەن ناسنامە و پێشكەوتوو دروست ببێت.

*یەكێك لە كێشە گەورەكانی هونەرمەندان، پرسی بژێوییە. لە ڕوانگەی ئێوەوە، پێویستە چی بكرێت تاكو هونەرمەندی كوردیش بتوانێت هاوشێوەی هونەرمەندانی جیهان تەنیا پشت بە هونەرەكەی ببەستێت بۆ ژیانی؟

-چارەسەر زۆر سادەیە، كاتێك هونەرمەند توانی مافی مادی و مەعنەوی (كۆپیڕایت)ی بەرهەمەكانی بەدەست بهێنێت، ئەو كاتە دەتوانێت پشت بە هونەرەكەی ببەستێت.

*هەوادارانت تێبینی ئەوەیان كردووە كە ماوە ماوە دیار نامێنیت و بێدەنگی هەڵدەبژێریت. نهێنی ئەم بێدەنگییە چییە و، ئایا دووركەوتنەوەیە یان ئامادەكارییە بۆ كاری نوێ؟

-من لە كاتی بێدەنگیدا زیاتر سەرقاڵی كاری هونەریم. بێدەنگبوونم بۆ ئەوەیە كە بەرهەمی جیاواز و جوان دروست بكەم. بە بڕوای من، كاری هونەری پێویستی بە تەنیایی و قووڵبوونەوە هەیە، چونكە زۆر دەركەوتن و خۆنمایشكردن نیشانەی بەتاڵییە. لەم ماوەیەشدا چەندین گۆرانیی تازەم تۆمار كردووە، بەڵام بەداخەوە میدیای كوردی ئاگای لێ نییە.

*كاتێك بەراوردی ئاستی هونەریی پارچەكانی كوردستان دەكەیت، لە كوێ پێشكەوتنی زیاتر و جدیتر بەدی دەكەیت؟

-بێگومان لە باكوور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئاستی گۆرانی و موزیك لەوێ زۆر بەرزترە، بەتایبەتی موزیكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە لە ئاستی جیهانیدایە، بەڵام میدیای باشوور لێی بێخەبەرە.

*ئایا چارەسەر چییە و چۆن دەكرێت جەماوەر ئاراستە بكرێت و، ڕۆڵی میدیا و دامەزراوە حكومییەكان چییە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هونەر و گەیاندنی بەرهەمی باڵا بە خەڵك؟

-جەماوەر بە گشتی وەرگرێكی بێدەسەڵاتە و ئاستی ڕۆشنبیریی گشتی لاوازە، واتا زیاتر «بەركار»ە نەك «كارا». بۆیە دەبێت دەسەڵات و میدیا ڕۆڵی سەرەكی ببینن لە ئاراستەكردن و پەخشكردنی هونەری باڵا و ڕەسەن.

*وەك دوا پرسیار، نوێترین كاری هونەریتان چییە و چ پڕۆژەیەكتان بۆ داهاتوو لەبەر دەستدایە؟

-لەم دواییەدا دوو گۆرانیی نوێم بەناوەكانی «ناتوانم بێ تۆ» و «بابە» تۆمار كردووە و بەهیوام لە داهاتوویەكی نزیكدا بتوانم كاری كلیپیان بۆ بكەم.

Top