پڕۆفیسۆر دەڤید مارپلەس بۆ گوڵان:   ئەگەر ڕۆژئاوا یارمەتیی زیاتری سەربازیی ئۆكرانیا نەدات، پوتین هان دەدەن بۆ ئەوەی خاكی زیاتر داگیر بكات

پڕۆفیسۆر دەڤید مارپلەس بۆ گوڵان:     ئەگەر ڕۆژئاوا یارمەتیی زیاتری سەربازیی ئۆكرانیا نەدات، پوتین هان دەدەن بۆ ئەوەی خاكی زیاتر داگیر بكات

 

 

پڕۆفیسۆر دەڤید ئار مارپلەس، ئوستادی مێژووی كلاسیك و تایبەتمەندە لە مێژووی ڕووسیا و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپادا لە زانكۆی ئەلبیرتا لە كەنەدا، بۆ قسەكردن لەسەر جەنگی ڕووسیا و ئۆكرانیا، كە لە ئێستادا بەهۆی گۆڕانكارییەكانی ترەمپ لە ستراتیژیەتی سیاسەتی دەرەوە و بنەماكانی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا، بەوەی دەبێت ئەمریكا لەپێش هەر پرسێكی دیكە بێت، مەترسی كەوتووەتە سەر ئەوەی چیتر وەك پێشان هاریكاریی ئۆكرانیا نەكات. ئەمەش جۆرێك لە نیگەرانیی لەناو ڕای گشتیی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا دروست كردووە، ئۆكرانیاشی تووشی جۆرێك لە حاڵەتی چەقبەستوویی سیاسیی كردووە، هەروەها بۆ قسەكردن لەسەر ئایندەی جەنگی ڕووسیا و ئۆكرانیا و ئایندەی ئۆكرانیا دوای كۆتاییهاتنی ئەم جەنگە، ئەم دیمانە تایبەتەمان لەگەڵ پڕۆفیسۆر مارپلەس ئەنجام دا.

 

چەقبەستوویی جەنگی ئۆكرانیا و كەمبوونەوەی بایەخپێدانی لەسەر ئاستی جیهان

* وادیارە جەنگی ئۆكرانیا گەیشتووەتە دۆخێكی چەقبەستوویی سەربازی و سەرنجی جیهانیش زیاتر بەرەو ململانێكانی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچێت، ئایا پێتوایە ڕۆژئاوا وردە وردە خەریكە سەرنجی لەسەر ئۆكرانیا نامێنێت؟ مەترسییەكانی ئەم بڕست لێبڕانە بۆ كیێڤ و ئەوروپا چی دەبن؟

 - بەڵێ، پێموایە نیشانەكانی ماندووبوون و بڕست لێبڕان لە جەنگی ئۆكرانیا دەركەوتوون، بەتایبەتی لە میدیا و لە نێو هەندێك لە دەنگدەرانی ڕۆژئاوادا، دەوڵەتە سەرەكییەكانی ئەوروپا كە ئەندامی هاوپەیمانیی باكووری ئەتڵەسین، تا ڕاددەیەكی زۆر پابەندن بەوەی پشتگیرییەكانیان بۆ ئۆكرانیا بەردەوام بێت، بەڵام مەترسیی گەورە لە گۆڕانكاریی هاوكێشە سیاسییەكاندایە تایبەت بە خوێندنەوەی بەردەوامی ئەم جەنگە، بەتایبەتی ئەگەر ئەم گۆڕانكارییە بە كردەیی لە هەڵوێستی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، یان دەوڵەتە گەورەكانی یەكێتیی ئەوروپا بێتە ئاراوە، هەر بۆیە نەمانی پشتگیرییەكانی ئەوروپا هەڵوێستی كیێڤ زۆر لاواز دەكات و دەبێتە هاندەرێكیش بۆ ئەوەی ڕووسیا، بوێرانەتر بەشێكی دیكەی خاكی ئۆكرانیا داگیر بكات، هەروەها دەبێتە ئاماژەیەكی ترسناكیش بۆ دەوڵەتە گەورەكان كە بە عینادی و پشتبەستن بە هێزی سەربازی ئامانجەكانیان دێننەدی، نەك دیالۆگ و شەرعییەتی نێودەوڵەتی و هێزی دیپلۆماتی.

ساڵێك دوای مردنی ناڤاڵنی دەسەڵاتی پوتین و كۆمەڵگەی ڕووسیا

* زیاتر لە ساڵێك بەسەر مردنی ئەلێكسی ناڤاڵنی گەورە ئۆپۆزسیۆنی پۆتین لە زیندانێكی ڕووسیادا تێپەڕیوە، كەچی كرملین، تەنیا دەسەڵاتی خۆی توندتر كردووە. بەڕای ئێوە ئایا مردنی ناڤاڵنی هێزی ئۆپۆزسیۆنی لە ناو ڕووسیا خامۆش كرد، یان ئایا ئاماژەیەك دەبینی كە جارێكی دیكە كۆمەڵگەی مەدەنیی ڕووسیا خۆی كۆ بكاتەوە و بەرەیەكی فراوانی ئۆپۆزسیۆن دروست بكاتەوە؟

- مردنی ناڤاڵنی ساتی وەرچەرخانی زۆر نەرێنی بوو، پەیامێكی ترسێنەر بوو بۆ هەموو ئەوانەی بوێریی ئەوەیان هەیە، دژی ڕژێم بوەستنەوە، بەڵام ناڕەزایەتیی بە تەواوی لەناو نەبرد. ئەوەی ئێستا دەیبینین گۆڕانكارییە لە شێوازی خوپیشاندانی ئاشكراوە بۆ جۆرێكی دیكەی بەرەنگاری و بەكارهێنانی تۆڕەكانی سۆشیال میدیا، بەڵام ئەم جۆرە هەوڵانە بە شێوازێكی سەنتڕاڵی ئاراستە ناكرێن، بەڵكو هەر گرووپێك سەربەخۆ هەوڵی خۆی دەدات، ئەمەش لەبەر ئەوەیە دەوڵەتی ڕووسیا زۆر بە وردی چاودێریی ئەو گرووپانە دەكات و بێبەزەییانە سەركوتیان دەكات، بەڵام پەندی مێژوو ئەوەی فێركردووین، كە دەسەڵاتی خۆسەپێن، قەڵایەك نییە هەتا سەر تێكنەشكێت، بەڵكو زۆرجار پێش دەركەوتنی درزە گەورەكان ئەو قەڵایە تێكدەشكێت. ئەو جۆرە دەسەڵاتانە زۆر بەهێز خۆیان پیشان دەدەن، بەڵام سەبارەت بەو پرسیارەی ئایا هەوڵەكانی ئۆپۆزسیۆن لە ئێستادا گۆڕانكاریی سیاسی لە ناو ڕووسیا دروست دەكات؟ بەڕاستی وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر جیاواز و قورسە و ناتوانرێت پێشبینیی لەسەر بكرێت.

 

هاوكاریی سەربازی دۆستەكانی ڕووسیا و كاریگەرییەكانی لەسەر هاوسەنگیی جەنگەكە

* دابینكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و پارچەی مووشەكی بالیستی لەلایەن دەوڵەتانی دۆستەوە بۆ پۆتین، ڕۆڵێكی گرنگی لە سیستمی بەرگریی ڕووسیادا بینیوە. ئێستا ڕووسیا و ئێران هاوپەیمانییەكی نزیكیان هەیە، ئایا ئەم هاوپەیمانییە تا چەند بۆ هاوسەنگیی هێز لە ئۆراسیا بۆ ڕووسیا گرنگە و ئایا پێویستە ناتۆ وەك هەڕەشەیەكی درێژخایەن سەیری بكات؟

- ئەمە پێشهاتێكی زۆر جێگەی نیگەرانییە، لەبەر ئەوەی هەردوو دەوڵەتەكە گوتاری دژە-ڕۆژئاوایی و ئارەزووی بەرەنگاربوونەوەی سیستمی نێودەوڵەتییان بە سەركردایەتیی ئەمریكا هەیە، لەمەش زیاتر هاوكارییە سەربازییەكانی نێوانیان چیتر مامەڵەی كاتی نابێت، بەڵكو پێش دەكەوێت بۆ پەیوەندیی ستراتیژی، بۆیە ئەم هاوپەیمانییە هەردوو لا بەهێزتر دەكات و دایاندەبڕێت لە گۆشەگیری و سزا ئابوورییەكان. پێویستە ناتۆ وەك كێشەیەكی كاتی سەیری ئەمە نەكات، بەڵكو وەك ڕێكخستنەوەیەكی پێكهاتەیی لە جیۆپۆلەتیكی جیهاندا حیسابی بۆ بكات، لەبەر ئەوەی ئەم هاوپەیمانییە توانای جەنگیی ڕووسیا بەهێز دەكات و دەسەڵاتی زیاتر دەداتە ئێران لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاستدا.

 

فراوانبوونی كاریگەریی وڵاتی

چین لە ناوبژیوانیی جەنگدا

*  چین لەم دواییانەدا میوانداریی لووتكەی ئاشتیی كردووە بۆ هەردوو ململانێی ڕووسیا-ئۆكرانیا و جەنگی غەززە-ئیسرائیل و خۆی وەك ناوبژیوانێكی بێلایەن نیشان دەدات. ئایا زیادبوونی هەوڵە دیپلۆماتییەكانی پەكین، وەك هەوڵێكی ڕاستەقینە بۆ ئاشتی دەبینیت، یان وەك بەشێك لە ستراتیژێكی فراوانتر بۆ ئەوەی جیگەی ئەو دامەزراوانە بگرێتەوە كە ئێستا بە كردەیی لەژێر سەركردایەتیی ئەمریكادان؟

- هەوڵە دیپلۆماتییەكانی چین لەسەر بنەمای لەبەرچاوگرتنی نیگەرانیی مرۆیی و باوەڕێكی قووڵەوە نەهاتووە، بەوەی پێویستە ململانێكان بە ئاشتی چارەسەر بكرێن، بەڵكو لە بنەڕەتدا هەوڵی ستراتیژین. پەكین هەوڵ دەدات بەدیلێك بۆ سیستمی جیهانیی ژێر سەركردایەتیی ڕۆژئاوا پێشكەش بكات، هەر بۆیە هەوڵ دەدات خۆی وەك هێزێكی سەقامگیركەر و بێلایەن نیشان بدات، ئەمە لە كاتێكدا لە ناوخۆی وڵاتەكەیدا ڕژێمەكەی یەكێك لە سەركوتكارترین ڕژێمەكانی جیهانە. ئەم دەستپێشخەرییانەی ئاشتی بۆ زیادكردنی هێزی نەرم و كاریگەریی چینە، بەتایبەتی لە وڵاتانی باشووری گۆی زەویدا. لەگەڵ ئەوەشدا، هەر ناوبژیوانییەكی سەركەوتوو هێشتا پێویستی بە متمانە و باوەڕپێكراوی هەیە، هاوپەیمانیی چین لەگەڵ ڕووسیا لەسەر پرسی ئۆكرانیا، ئەو متمانە و باوەڕپێكراوییەی بە شێوەیەكی بەرچاو كەم كردووەتەوە.

 

گوتاری ئەمریكا و ترەمپ و ڕۆڵی ناتۆ لە جەنگی ڕووسیا- ئۆكرانیا

* لە هەڵبژاردنەكانی نۆڤەمبەری ساڵی 2024 گوتاری ترەمپ ڕاشكاوانە پرسیاری گرنگی لەسەر پابەندبوونەكانی بە ناتۆ و یارمەتییە مرۆییە دەرەكییەكان دروست كرد. ئایا ئەمە مانای ئەوەیە كە سیاسەتی خۆ گۆشەگیركردن «American First» جێگیر دەكات؟ ئایا دەرهاویشتە خراپەكانی ئەم ئاراستەیە لەسەر جەنگی ئۆكرانیا و ئاسایشی ئەوروپا بە شێوەیەكی گشتی چۆن دەبینیت؟

- بێگومان گۆڕانكاریی بەرچاو لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا بەدی دەكرێت، بەتایبەتی لەناو بەشێكی زۆری پارتی كۆمارییەكاندا زیاتر ئەو قەناعەتە باڵادەست بووە، كە زیاتر بەرەو سیاسەتێكی دەرەوەی زیاتر نەتەوەیی و جەختكردنەوەی زیاتر لەسەر باری ناوخۆی ئەمریكا بكەن و بەو ئاراستەیە هەنگاو هەڵبگرن، نەك وەك پێشان بایەخدان بە هاوپەیمانی و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، بۆیە بە ڕاشكاوانە دەڵێم: ئەم ئاراستە و وەرچەرخاوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا مەترسیدارە بۆ ئۆكرانیا و تەنانەت مەترسییەكەشی زیاتریشە بۆ وڵاتانی هێڵی پێشەوە وەك وڵاتانی باڵتیك. چوارچێوەی ئاسایشی ناتۆ هەم لە ڕووی سەربازی و هەم لە ڕووی سیمبولییەوە بە شێوەیەكی گەورە پشت بە سەركردایەتیی ئەمریكا دەبەستێت، ئەگەر ئەم هەیكەلییەتە دەست بكات بە لەرزین، پێویستە ئەوروپا بە خێرایی خۆی بگونجێنێت و بەدیلی بۆ بدۆزیتەوە، ئەمەش ڕەنگە لە ڕێگەی سەركردایەتیی زیاتری فەرەنسا-ئەڵمانیا و زیادكردنی یەكگرتنی بەرگرییەوە ئەو بەدیلە بدۆزرێتەوە، بەڵام بۆ ئێستا ئۆكرانیا زیاتر لە هەر كاتێكی دیكە بە نیگەرانییەوە چاوی لە یارمەتی و پشگیرییەكانی واشنتۆنە.

 

چارەنووسی ئۆكرانیا دوای

كۆتاییهاتنی جەنگەكە

* ئەگەر گریمانەی ئەوە بكەین، ئەم حاڵەتی چەقبەستووییەی ئۆكرانیا هەتا ساڵی 2026 بەردەوام بێت، ئایا پرۆسەی دووبارە ئاوەدانكردنەوە و ژێرخانی ئابووریی ئۆكرانیا چی بەسەر دێت؟ ئایا ئۆكرانیا ئەو دەرفەتەی دەبێت لەژێر سێبەری سنوورە بەسەربازیكراوەكاندا بەردەوام بێت لە ڕیفۆرم و بەرەوپێشەوەبردنی سیستمە دیموكراتییەكەی؟

- خۆڕاگریی ئۆكرانیا لە جەنگەكەدا لە ڕادەبەدەر نائاسایی دەركەوت، بەڵام گەشەپێدانی بەردەوام و گەشە پێدانی ئابووری، لەژێر دۆخێكی چەقبەستووی سەربازیدا زۆر سەختە، ڕاستە ئەم جەنگە ناسنامەیەكی نیشتمانیی بەهێزتر و ئاراستەیەكی دیموكراتیی ڕوونتری دروست كردووە، بەتایبەتی لەناو ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیدا و لەنێو گەنجاندا، بەڵام ئاوەدانكردنەوە نەك تەنیا پێویستی بە یارمەتیی دەرەكی هەیە، بەڵكو پێویستی بە گەرەنتیی ئەمنیی درێژخایەنیش هەیە. ململانێی چەقبەستووی بەردەوام ئەو مەترسییەی لێ دەكرێت كە دۆخێكی ناسەقامگیری هەمیشەیی لە وڵاتدا دروست بكات، كە پرۆسەی چاكسازی بخنكێنێت و زەمینەیەكی لەبار بۆ گەندەڵی بهێنتە ئاراوە، بۆیە پێویستە دەوڵەتانی ڕۆژئاوا پشتگیریی زیاتری ئۆكرانیا بكەن لە بوارەكانی «پێدانی چەكی زیاتر، هاوكاریی زیاتر بۆ پتەوكردنی ژێرخانی دامەزراوەكان، بەرنامە و پلان بۆ نەهێشتنی گەندەڵی، هەروەها دەبێت ئەو یارمەتییانە بەرنامەی بووژانەوەی ئابوورییش لەخۆی بگرێت. ئەگەر ئەمانە نەكرێت، داهاتوو ئۆكرانیا تاریك دەبێت.

 

Top