ڕەوەند حەكیم، خاوەنی كتێبخانە - هەولێر دەبێت قوتابخانە ئەهلی و نێودەوڵەتییەكان پابەند بكرێن بەوەی بایەخی زۆر باشتر بە زمانی كوردی بدەن

ڕەوەند حەكیم، خاوەنی كتێبخانە - هەولێر  دەبێت قوتابخانە ئەهلی و نێودەوڵەتییەكان پابەند بكرێن بەوەی بایەخی زۆر باشتر بە زمانی كوردی بدەن

 

گرفتێكی گەورەی زمانی كوردی بوونی ئەو ژمارە زۆرەی دەستەواژەی بیانی و ناكوردییەیە لەناو زمانەكەماندا، كە وای كردووە، وردە وردە لەگەڵ ئەو بارودۆخە ڕاهاتووین و ڕۆژانە ئەو وشە عەرەبی و كوردی و توركی و فارسی و ئینگلیزییانە بەكار دەهێنین. كەمبوونەوەی دەستەواژەی كوردی لەناو زماندا گرفتێكی گەورەیە و كاریگەریی لەسەر لاوازیی زمانی كوردی دەكات، بەتایبەتی لەلای نەوەكانمان. ئەوەتا تەنانەت لە تابلۆی سەر دووكان و سۆپەرماركێت و شوێنە گەشتیارییەكانمان وشەی بیانی بەكار دەهێنین و ئەوەی بە زمانی كوردیش نووسراوە، پڕیەتی لە هەڵەی چاپ و ڕێزمانی. بە سەدان كرێكار و كارمەند و هاووڵاتی ناوچەكانی دیكەی عێراق و دەوروبەرمان ڕوویان لە كوردستان كردووە، كەچی خۆیان فێری زمانی كوردی نەكردووە. دەبێت ئێمە بە زمانی بۆ نموونە عەرەبی قسەیان لەگەڵ بكەین. هێشتا كات درەنگ نییە و با لە خاڵی سفرەوە دەست پێبكەین، لە ناوی تابلۆی سەر شەقام و شوێنە گشتی و تایبەتییەكان و لە هۆكارەكانی ڕاگەیاندنەوە هەڵمەتێكی نیشتمانی بۆ زمانی كوردی دەست پێبكەین، لە قوتابخانە و زانكۆ ئەهلییەكان زمانی كوردی بكرێتە مەرج، با ئەو قوتابخانە و زانكۆیە ئەهلی و بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزیش بێت، ئەمانە لە كوردستانن و ناكرێت زمانی شیرینی كوردی پەراوێز بخرێت.

ڕۆشنبیری و ئاستی هۆشیاری بە زانینی زمانی بیانی هەڵناسەنگێنرێت، بەڵكو بە ڕێزگرتن و زانینی زمانی كوردی خۆمانە، لەمەدا هەڵمەتی هۆشیاری پێویستە هەروەكو چۆن سزا و مەرج و بەدواداچوونیش پێویستە بۆ ئەوانەی پابەندی ڕێنماییەكانی تایبەت بە زمانی كوردی نابن. لە وڵاتە پێشكەوتووە دیموكراتەكانی جیهاندا شتی وا نییە، لەو وڵاتە بژی و زمانی ئەوان نەزانیت، مەرجی نیشتەجێبوون و وەرگرتنی ڕەگەزنامە زانینی زمانەكەیانە، كەچی ئێمە دەبێت لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئاوارە و پەناهەندە بیانییەكان بە زمانی خۆیان قسە بكەین.

 

Top