كارزان عەبدولهادی تەها سەرۆكی شارەوانی هەولێر :   هۆكاری سەرەكی كە بووەتە هاندەر بۆ زیادبوونی قوتابخانە ئەهلییەكان، خۆمانین كە ڕێگە دەدەین منداڵەكانمان لەو قوتابخانانە بخوێنن

كارزان عەبدولهادی تەها  سەرۆكی شارەوانی هەولێر :     هۆكاری سەرەكی كە بووەتە هاندەر بۆ زیادبوونی قوتابخانە ئەهلییەكان، خۆمانین كە ڕێگە دەدەین منداڵەكانمان لەو قوتابخانانە بخوێنن

 

 

ئەندازیار كارزان عەبدولهادی، سەرۆكی شارەوانیی هەولێرە و یەكێكیشە لە ئەندازیارە بە ئەزموونەكان و لەو ماوەیەی كە وەك سەرۆكی شارەوانیی هەولێر دەستبەكار بووە، هەڵمەتێكی فراوانی بۆ گۆڕینی تابلۆی شوێنە گشتییەكان بۆ زمانی كوردی دەست پێكردووە و هەتا ئێستا توانیویانە بەشی هەرە زۆری تابلۆكانی شار بگۆڕن بۆ زمانی كوردی، لە گفتوگۆی ئەم جارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (ئالنگارییەكانی ئێستای بەردەم زمانی كوردی) بە داتا و ئامار هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی سەرۆك وەزیرانی ڕوون كردەوە و بەم جۆرە بیروبۆچوون و پێشنیارەكانی خۆی خستە ڕوو.

 

 

سەرەتا زۆر سوپاس بۆ بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ ڕێكخستنی ئەم گفتوگۆیە، سەبارەت بە ئالنگارییەكانی ئێستای زمانی كوردی و گفتوگۆكەش دابەش بووە بەسەر سێ تەوەری گرنگدا كە بریتین لە:

• كاریگەریی خوێندنی زمانی ئینگلیزی لە قوتابخانە ئەهلی و نێودەوڵەتەكان لەسەر ئایندەی نەوەكانی داهاتوومان.

• گرنگیی گۆڕینی تابلۆی شوێنە بازرگانی و گەشتیارییەكان بۆ زمانی كوردی.

• دانانی مەرجی فێربوونی زمانی كوردی بۆ ئەو كارمەند و كارگوزارانەی دێنە كوردستان و لە شوێنە بازرگانی و گەشتیارییەكان كار دەكەن.

سەبارەت بە تەوەری یەكەمیان كە كاریگەریی خوێندن بە زمانی ئینگلیزییە لە قوتابخانە ئەهلی و نێودەوڵەتییەكاندا، هۆكاری سەرەكی كە بووەتە هاندەر بۆ زیادبوونی ئەو قوتابخانەیانە، خۆمانین، كە ڕێگە دەدەین منداڵەكانمان لەو قوتابخانانە بخوێنن، ئەگەر ئێمە منداڵەكانی خۆمان بە لێشاو نەنێرینە ئەو قوتابخانانە، ئەوانیش بازاڕیان بەو جۆرە نابێت كە بیكەن بە بزنێسێك، كە قازانجێكی زۆری لێ بكەن، كاریگەریی هەرە نەرێنی خوێندن بە زمانی ئینگلیزی دەبێتە هۆكاری فەراهەمكردنی ژینگەیەك، كە قوتابی هەر لە قۆناغی سەرەتاییەوە بە ئینگلیزی بیربكاتەوە و بەوەش لە كەلتوور و بیركردنەوە بە زمانی كوردی نامۆ دەبێت، من ئێستا خۆم كە ئەندازیارم و تا ڕاددەیەك ئینگلیزییەكەم خراپ نییە، كاتێك دەگەڕێمەوە ماڵەوە دەبینم كوڕەكەم كە تەمەنی 6-7 ساڵە بە ڕێگەی یوتیوب گوێ لە گۆڕانییەكی ئینگلیزی دەگرێت، بە لەخۆبایی بوونەوە ڕووم تێدەكات و بە گاڵتەجاڕییەوە پێم دەڵێت: «ها، تێی ناگەیت؟»، سەرنج بدە كاتێك ناخی ئەم منداڵە دەخوێنیتەوە، هەست دەكەی هەر لەم تەمەنی منداڵییەوە بە جۆرێك پەروەردە دەكرێت، كە شكۆی زمانی ئینگلیزی لە زمانی كوردی بە باڵاتر بزانێت، ئەوجا ئەگەر نەوەكانی داهاتوومان بەو جۆرە پەروەردە بكرێن، كە شكۆی زمانێكی بیانییان لە زمانی دایك لا گەورەتر بێت، ئەوا دەبێت پلانێك هەبێت بۆ ئەوەی لە ئێستاوە ڕێگری لێ بكەین، تا لە داهاتوودا كارەسات لەسەر زمانی كوردی دروست نەبێت.

سەبارەت بە خاڵی دووەمیان كە گۆڕینی تابلۆی شوێنە بازرگانی و گەشتیارییەكانە بۆ زمانی كوردی، بەڕاستی لە دوای دەرچوونی بڕیاری 605 لە 21ی شوباتی 2023 لەلایەن ڕێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، بەتایبەتی كە لە ڕۆژی زمانی دایكدا ئەو بڕیارەی دەركرد، ڕێوشوێنی یاسایی زۆر توند بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی بەڕێزیان لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە گیرانەبەر .

ئێمە وەك سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر كە نزیكەی 45 هەزار شوێنی بازرگانیمان هەیە، لەو هەڵمەتەدا دەستمان كرد بە گۆڕینی تابلۆكان بۆ زمانی كوردی، لە قۆناغی یەكەمدا تەنیا 2112 شوێن پابەند نەبوون كە تابلۆكانیان بكەن بە زمانی كوردی، بەڵام دوای ئەوەی ئاگاداركردنەوەمان پێدان 1792 شوێنی دیكەش ناچار بوون پابەند بن و تابلۆكانیان بكەن بە كوردی، لەو ژمارەیە تەنیا 320 شوێن پابەند نەبوون، بۆیە ڕێوشوێنی یاساییمان لەگەڵیان گرتووەتەبەر.

هۆكارێك كە ڕێگرە لەوەی ڕێوشوێنی یاسایی توند دژی سەرپێچیكاران بگرینەبەر، ئەو قەیرانە داراییانەیە كە بە بەردەوامی حكومەتی عێراقی بۆ هەرێمی كوردستان دروستیان دەكات، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا هەوڵمان داوە بە ڕێگەی ئاگاداركردنەوەی چەند جارە و چاودێریكردنی بەردەوام، ئەو یاسا و بڕیارانەی لەبەر دەستمانن بەپێی ڕێنماییەكان جێبەجێیان بكەین.

سەبارەت بە خاڵی سێیەمیشیان كە كەمیی كارمەندانی خۆماڵین لە شوێنە بازرگانی و گەشتیارییەكاندا، بێگومان دوای ئەوەی بە نووسراوی ژمارە 262 لە 4ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2023 لە ئەنجومەنی وەزیران ڕێنماییەك دەرچوو، بەوەی نابێت لە ڕێژەی 75% كارمەندی خۆماڵی لەو شوێنانە كەمتر بن، ئێمە وەك سەرۆكایەتیی شارەوانی ئەو ڕێنماییەمان جێبەجێ كردووە، زۆر جاران پەیوەندی بە وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتییەوە دەكەین، بۆ ئەوەی لیستی ناوی ئەو كەسانەمان بۆ بنێرن كە ناوی خۆیان بۆ كار تۆمار كردووە، بۆ ئەوەی سەردانمان بكەن و كاریان بۆ بدۆزینەوە، هەر بۆ نموونە كۆمپانیایەكی كۆكردنەوەی زبڵ و خاشكمان هەیە پێویستی بە دەستی كاری هەزار كارگوزاری ژینگە پارێزە، بەڵام دەبینین ئەو ناوانەی بۆمان دەنێرن، نایانەوێت كاری ژینگەپارێزی بكەن، یان چاودێری ژینگەپارێزیمان هەیە، پێی نەنگییە چاكەتە زەرەدەكەی ژینگەپارێزی لەبەر بكات، بۆ ئەمە گرنگە هەڵمەتێكی هۆشیاركردنەوە دەستی پێ بكرێت، چونكە كار هەر كارێك بێت نابێت بە كەمی سەیر بكرێت، یان ڕەت بكرێتەوە.

لە دوماهیدا دەمەوێت لەسەر ئالنگارییەكی دیكە هەڵوەستە بكەم، كە ئەویش كەمیی سەرچاوەی وەرگێڕدراوی زانستی، یان نووسینی بابەتی زانستییە بە زمانی كوردی، هەر بۆیە كاتێك دەمانەوێت بۆ نموونە توێژینەوەیەك بكەین، ئەوا لەبەر كەمیی سەرچاوەی زانستی بە زمانی كوردی، ناچارین پەنا بۆ زمانە بیانییەكانی دیكە بەرین، بۆیە زۆر گرنگە هەوڵەكان بۆ وەرگێڕان و نووسینی بابەتە زانستییەكان زیاتر بكرێن و فەرهەنگێكی زانستیمان هەبێت، بۆ ئەوەی بە ڕێنووسێكی جوان چەمك و زاراوە زانستییەكان بكەین بە زمانی كوردی.

 

Top