د.فازڵ عومەر پسپۆڕی، زمانی كوردی - دهۆك: كەموكووڕیی زۆر گەورە لە زمانی كوردیدا هەیە و پێویستە حكومەت لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەكانەوە پلانی بۆ چارەسەركردنی هەبێت

د.فازڵ عومەر پسپۆڕی، زمانی كوردی - دهۆك:  كەموكووڕیی زۆر گەورە لە زمانی كوردیدا هەیە و پێویستە حكومەت لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەكانەوە پلانی بۆ چارەسەركردنی هەبێت

 

 لە عێراقدا زمانی فەرمی بەپێی دەستوور هەردوو زمانی عەرەبی و زمانی كوردییە، بەڵام بەپێی پێویست كاری پێ نەكراوە، گرفتی زمانی كوردی لەوەوە سەریهەڵداوە كە زمانەكانی دیكە زیاتر گرنگی پێ دەدرێت لە زمانی دایك، ئەم واقیعە لە قوتابخانە ئەهلییەكان كە بە زمانی ئینگلیزی، یان عەرەبی دەخوێنن، بە ڕوونی دیارە. زۆر ئاساییە كە كۆمەڵێك لەم قوتابخانانە هەبن. واتە نەك تەنیا بە ئینگلیزی، ڕەنگە بە سویدی و بە ڕووسی، یان بە زمانەكانی دیكەش دروست بكرێن. بەڵام بێگومان نابێت لە زمانی فەرمی، یان زمانی دایكی زیاتر بن كە زمانی كوردییە. لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر پلانمان نەبێت، بوونی ئەم قوتابخانە ئەهلییانەی كە بە زمانی بۆ نموونە ئینگلیزی كراونەتەوە، كاریگەرییان زۆر خراپ دەبێت لەسەر زمانی كوردی، ئێ خۆ ناكرێت هەریەكەو بێت بۆ خۆی قوتابخانەیەك بكاتەوە و ڕەچاوی زمانی دایك نەكات. ڕاستە لە هەموو دنیادا قوتابخانەی تایبەت بە زمانی دووەم هەیە، واتە تایبەت بە فەڕەنسی، ڕووسی، چینی و هەر زمانێك بتەوێت، بەڵام لەسەر حیسابی زمانی سەرەكیی وڵاتەكە نییە. لێرەدا دەمێنێتەوە سەر ئەوەی كە پلانی وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا، یان پلانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ زمانی دایك لەم قوتابخانەو زانكۆیانە چییە؟ واتە ئەگەر پلانەكە تەنیا ئەوە بوو ژمارەیەكی زۆری خەڵك، یان با بڵێین ئەوانەی خوێندن تەواو دەكەن، زۆر شارەزا بن لە زمانێكی دیاریكراودا، بۆ نموونە زمانی ئینگلیزی، كە حكومەتی هەرێم و دامەزراوەكانی لە داهاتوودا كاری پێی دەبێت، ئەمە كارێكی باشە، بەڵام لەسەر حیسابی زمانی كوردی نەبێت. با بڵێین خەڵك ڕادەكێشێت و خەڵك وای دەبینێت كە ئەگەر ئینگلیزی بزانێت، ئەگەر لە قوتابخانەیەك دەربچیت كە زمانی ئینگلیزی بێت، كۆلێژێكی باشتر و دەرفەتی كاری باشت دەست دەكەوێت و هەموو دنیاش بەم شێوەیە دەڕوات بەڕێوە. واتە ئەگەر كورد بە گشتی و خەڵكی هەرێمەكەمان بەو ئاراستەیەدا بڕوات، ئەوا زمانی كوردی دەبێتە دووەم، چونكە ئەو كاتە زمانی كوردی بە شێوەیەكی سیستماتیك دەكەوێتە بەر مەترسی. بۆ نموونە لە باكووری كوردستان (توركیا) ڕەوشەكە زۆر زۆر خراپە و لە ڕۆژهەڵات (ئێران) باش نییە، بەڵام لە ڕۆژئاوا (سووریا) واتە لە ڕۆژئاوای كوردستان تەنیا لەم ساڵانەی دواییدا زمانی كوردی ڕەوشێكی باشی بۆ دروست بووە. دامەزراوەكانی ئێمەش لەم بوارەدا كەمتەرخەمییان نەكردووە.

ئێستا لە زیرەكیی دەستكردیش زمانی كوردی دەركەوتووە، واتە زمانی كوردی لەم بوارەدا پێشكەوتووە كە زۆر زمانی دیكەی دنیا كە خاوەنی دەوڵەتن نەچوونەتە ناویەوە، ئەمەش پێشكەوتنێكی زۆر باشە و داهاتوویەكی گەش و ئاوەدان لە پێشمانە، بەڵام لە كەرتی بازرگانی و گەشتیاری و دەستی كار، بەتایبەتی كرێكارانی بیانی و ئاوارە و پەناهەندەی عەرەب و بیانی لەم هەرێمەدا لەڕووی گرنگیدان بە زمانی كوردی لاوازییەكی زۆریان تێدایە، تەنانەت بۆ فێربوونی زمانیش، لە وڵاتانی بیانی، كرێكار و دكتۆر و مامۆستایەك نییە بێت لەگەڵت كار بكات، ئەگەر زمان نەزانێت، واتە هەموو ئەمانە بەڕاستی كەموكووڕییەكی زۆر زۆر بەرچاو و گەورەن و پێویستە ئەمانە چارەسەر بكرێن. پێویستە ئەو كۆمپانییانەی كە كرێكار لە دەرەوە دەهێنن، بیانخەنە خولەوە، بۆ ماوەی شەش مانگ، یان ساڵێك، تا فێری زمانەكە دەبن. واتە بنەماكانی زمانەكە فێر ببن، تا بتوانن مامەڵە لەگەڵ خەڵكدا بكەن. ئەم نەزانینەی زمانی كوردی لای كەسانی بیانی لە هەرێمی كوردستاندا لە هەندێك بواردا زۆر مەترسیدارە، بۆ نموونە لە بواری پیشەی دكتۆرییدا، ئێ خۆ نابێت دكتۆرێكی بیانی لێرە كار بكات و زمانی كوردی نەزانێت و لە وشەیەك تێنەگات، بەوە ناتوانرێت چارەسەری باش بۆ نەخۆش دەستنیشان بكات، یان ڕەنگە دكتۆرەكە بە هەڵە تێدەگات، ئەمەش بەڕاستی كەموكووڕییەكی زۆر گەورەیە، پێویستە حكومەت لە ڕێگەی وەزارەتی پەروەردەوە و ڕۆشنبیری و گەشتوگوزاریی و ڕۆشنبیری و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە پلانێكیان هەبێت و پێویستە لەم چوارچێوەیەدا كاری زۆر بەپەلە و جددی بكەن. پێویستە قوتابخانە یان پەیمانگایەك هەبێت، ئەم كارە بكات، كاتێك ئەم خەڵكە دێن، دەستبەجێ وانەیەكی كوردییان پێبدرێت، تاوەكو بڕوانامەیەكی سەرەتایی لە زمانەكەدا وەربگرن. لە هەموو دنیادا بەم شێوەیەیە، بۆچی لای ئێمە وا نەبێت؟ بەڕاستی هەست دەكەم ئەمە كەموكووڕییەكە بەرانبەر بە زمانەكەمان، ئێمە لەم بوارەدا لاوازین و پێویستە خۆمان چارەسەر بكەین.

 

 

Top