پ.ی.د.ئەرخەوان محەمەد عوبێد لە كولێژی پەروەردەی زانكۆی كەركووك: مامۆستای زمانی كوردی دەبێت دەرك بەو گرنگییە بكات كە لەسەر شانیەتی، چونكە شكۆی مانەوەی زمانەكە و بونیادی نەتەوەی كەوتووەتە ئەستۆ
پ.ی.د.ئەرخەوان محەمەد عوبێد، یاریدەری پڕۆفیسۆر و پسپۆڕ و تایبەتمەندە لە ڕەخنەی ئەدەبی لە كۆلێژی پەروەردەی زانكۆی كەركووك و یەكێكە لە ستافە سەرەكییەكانی گۆڤاری زانكۆی كەركووك كە بایەخ بە زانستە مرۆییەكان دەدات، ئەوجا لەگەڵ ئەوەی هەتا قۆناغی ئامادەیی بە زمانی عەرەبی خوێندنی تەواو كردووە، بەڵام خۆشەویستی بۆ زمانی كوردی هانی داوە، بۆ ئەوەی بچێتە بەشی كوردیی كۆلیژی ئەدەبیاتی زانكۆی سەڵاحەدین و بەكالۆریۆس لە زمانی كوردی وەربگرێت، دواتریش درێژەی بەم ئاراستەیە داوە و ماستەر و دكتۆرای لە ڕەخنەی ئەدەبی وەرگرتووە. لە گفتوگۆی ئەمجارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (ئالنگارییەكانی ئێستای بەردەم زمانی كوردی)، زۆر بە وردی لەسەر ئالنگارییەكانی ئێستای زمانی كوردی هەڵوەستەی كرد و بەمجۆرە بیروبۆچوون و پێشنیار و ڕاسپاردەكانی خستەڕوو.
زۆر سوپاس بۆ بازنەی گفتوگۆی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەستخۆشیتان لێدەكەم بۆ ڕێكخستنی ئەم گفتوگۆیە گرنگە لەسەر ئالنگارییەكانی بەردەم زمانی كوردی و زۆر سوپاسیشتان دەكەم كە بۆ ئەم گفتوگۆیە بانگهێشتان كردووم. ئەوجا لەگەڵ ئەوەی پسپۆڕیی من ڕەخنەی ئەدەبی كوردییە و زمان نییە، زۆر خۆشحاڵ بووم گفتوگۆ لەسەر زمانی كوردی بكەم، لەبەر ئەوەی بابەتێكە خۆم بە خاوەنی دەزانم. من ئازاری زۆرم بەدەست ئالنگارییەكانی زمانی كوردییەوە چەشتووە و لە ئازارەكانی تێدەگەم.
خۆشبختانە زمانی كوردی یەكێكە لە زمانە زیندووەكانی دونیا كە ئاخێوەرێكی زۆری هەیە و نووسین و خوێندنی پێدەكرێت و كۆدی (342) لە ئینسكلوپیدیای جیهانیی زمانی پێدراوە و لە نێو زۆربەی پۆلێنە جیهانییەكان، كە بۆ زمان دەكرێ لە نێوان 27-60ڕیزبەندی پلەداری وەرگرتووە.
لە ڕووی ئاستی زمانەوە، زمانی كوردی ئێستا لە ئاستی پارێزراودایە، بەڵام بۆ 25ساڵی داهاتوو تووشی قەیرانی زۆر مەترسیدار دەبێتەوە، لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم كێشە و گرفت و ئالنگارییانەی ئێستای زمانی كوردی.
*ئەو ئالنگارییانەی كە تووشی زمان بووەتەوە لە سەر بنەمای خودی زمانەكە بریتین لە:
1-ئالنگاریی ناوخۆیی زمان
-سڕبوونی زمان بە هۆی فیكری سیاسییەوە (پەیدابوونی ئاستەنگ بۆ پەرەسەندن و بەكارهێنانی سرووشتییانەی زمان بە هۆی ئالنگاریی سیاسییەوە)
-كێشەی ئەلف و بێی عیبری و لاتینی.
-كێشەی ڕێنووسی كوردی (نەبوونی ڕێكەوتنێكی گشتی بۆ بەكارهێنانی ڕێنووسێكی یەكگرتووی دروست)
-كێشەی شێوەزاری باڵادەست.
-كێشەی وشەسازی.
2-ئالنگاریی دەرەكیی زمان
-لاوازیی ژینگەی زمانی لە نێو نەوەی نوێ ئاخێوەری ڕەسەنی زمانەكە.
-باڵادەستیی كەلتوور و ڕۆشنبیریی بێگانە لە سەر هزری تازەپێگەیشتووی ئاخێوەران.
-لاوازیی بەرهەمهێنانی فیكر و زانست بە زمانی كوردی.
-لاوازی و سەرلێشێواویی كەناڵەكانی ڕاگەیاندن.
*ئەو ئالنگارییانەی كە تووشی زمانی كوردی بووە لەسەر بنەمای تاك:
1-لاوازیی شكۆ لای تاك، ئەم خاڵە پەیوەستە بە سێ كەسەوە (مامۆستای زمانی كوردی، قوتابیی كورد، خانەوادەی كورد)
*-مامۆستای زمانی كوردی دەبێت دەرك بەو گرنگییە بكات، كە لەسەر شانیەتی، چونكە شكۆی مانەوەی زمانەكە و بونیادی نەتەوەی كەوتووەتە ئەستۆ، پێویستە لەو لاوازییە دەروونییە دەربازی بێت، كە لەناخیدا هەیە.
چارەسەری ئەم گرفتە بە خوێندنی بەشە وانەیەك دەبێت، لەبارەی (سایكۆلۆژیای زمانی دایك و دەرهاویشتەكانی) لە زانكۆ و ناوەندەكانی پێگەیاندنی مامۆستا.
-دەبێت وا لە مامۆستای زمانی كوردی بكرێت، دەرك بەوە بكات، كە دروستكردنی (زانا، پزیشك، ئەندازیار، ئابووریناس، سیاسەتكار...)ێك، كە بتوانێت زانیارییە زانستییەكانی بە باشی بگەیەنێت و ئەركی بونیادی نەتەوە لە ئەستۆ بگرێت، لەسەر شانی ئەوە.
*-دەبێت شكۆ بۆ قوتابیی كورد بگەڕێندرێتەوە.لە ئێستادا قوتابیی كورد لە ڕووی دەروونییەوە پێی خۆشە لە قوتابخانەیەكی ئینگلیزی بخوێنێت، نەك لە كوردی. دەبێت وای لێبكرێت شانازیی بە خۆیەوە بكات كە ئاخێوەری زمانی كوردییە و بە كوردی دەخوێنێت.
چارەسەری ئەم كێشەیە دوو خاڵی پێویستە:
یەكەم: دروستكردنی قوتابخانەی نموونەیی تایبەت بە خوێندنی كوردی، كە خوێندن تیایدا بە بڕە پارەیەكی كەم بێت و بە ئاستی خوێندنی ستاندار بێت، لانی كەم یەك قوتابخانە لە هەموو شارەكان وەكوو هێزێكی بەرانبەر بۆ قوتابخانەكانی كەرتی تایبەت.
ئەو قوتابخانانە دەبێت ئامانج لێی دەستكەوتنی قازانجی پارە نەبێت، بەڵكوو قازانجەكەی دروستكردنی نەتەوە بێت، واتە دەبێت پارەی لێ خەرج بكرێت. ئەم بارە قورسە لە سەرشانی حكومەتە، چونكە دەبێت حكومەت پەرە بە خوێندن لە كەرتی گشتی بدات، بۆیە پارتی سیاسی وسەرمایەداری خەمخۆری وڵات دەبێت بەم كارە هەستن. نابێت لەم قوتابخانانە كەلتووری وەرگرتنی قوتابی بە واسیتە بێت، بەڵكوو تەنیا ئەو قوتابییانە وەر بگرن كە توانایان هەیە لە دواڕۆژدا ئەركی بونیادنانی نەتەوەكەیان لەئەستۆ بگرن. نابێت خوێندن لێی بە تەواوەتی بێ بەرانبەر بێت، بەڵكوو دەبێت هەر دایبابێك ناچار بكرێن بە پێدانی بڕە پارەیەكی كەم بۆ خوێندنی قوتابییەكەیان، تاكوو كەلتووری گرنگی وەبەرهێنان لە توانای منداڵەكانیان لەلا دروست بكرێت.
دووەم: دەبێت پڕۆگرامی خوێندن لە كەرتی گشتی و تایبەتدا لە ڕووی زمانییەوە پێداچوونەوەی بۆ بكرێت، تاكوو قوتابیی كورد بە ئاسانی زانیارییە زانستییەكەی وەربگرێت و لێی تێبگات و چیتر نەڵێ بە ئینگلیزییەكە باشتر تێدەگەم. واتە ئەركی حكومەتە پڕۆگرامەكانی خوێندن لە ڕووی زانستییەوە ڕاست بكاتەوە.
سەبارەت بە پڕۆگرامی خوێندنی بەشە وانەی كوردی، پڕۆگرامی كوردی بەتایبەتی بۆ قۆناغی سەرەتایی، هۆنراوەكان و پەخشانەكانی زۆربەی ئامانجدار نین و چێژ و توخمی سەرنجڕاكێشانی بۆ قوتابی تێدا نییە، ئەمەش پێویستی بە ڕاستكردنەوەیەكی خێرا هەیە.
*-دەبێت چیدیكە دایك و باب شانازی بەوە نەكەن كە منداڵەكەیان كوردی نازانێت و تەنیا بە ئینگلیزی قسە دەكات، بەڵكوو دەبێت فێر بكرێن، كە شانازی لەوەدایە منداڵەكەت بە كوردییەكی پاراو قسە بكات، ئینجا زمانی ئینگلیزی و عەربی و...هتد، بە باشی بزانێت.
چارەسەری ئەم كێشەیە لە ئەستۆی ڕاگەیاندنی كوردییە، لە ڕێگەی ڕیكلام و نمایشی ئامانجدار بۆ ئەم بابەتە و پەخشكردنی بە بەردەوامی و بە زۆری.
2-لاوازیی وەرگرتنی چێژ لە زمانی كوردی لەلایەن تاكی كورد و وەچەی نوێوە.
كەلتووری باڵادەستیی زمانی ئینگلیزی، توركی، فارسی و عەرەبی خەلیجی، لە ڕێگای زنجیرەی تەلەفزیۆنی و دراما و گۆرانییەوە، خەریكە چێژی بیستنی كوردی لای تاكی كورد بە ڕاددەیەكی زۆر مەترسیدار لاواز دەكات. هەروەها چێژ لە خوێندنەوەی نووسینی كوردی لای گەنج دەستی بە لاوازبوون كردووە.
چارەسەر:
- دەبێت لە پەیمانگاكانی هونەرە جوانەكان گرنگی بە بەشی نووسینی سیناریۆی كوردی بدرێت.
-دەبێت بەپێی تەمەن نووسەر دروست بكرێت، تاكوو بەپێی پێداویستیی تەمەنەكە بەرهەمی نووسراو هەبێت و چێژی ئەو تەمەن جێبەجێ بكات.
-دەبێت دەزگا دروست بكرێت، تایبەت بە چاپكردنی چیرۆكی پۆلیسی، ڕۆمانسی، خەیاڵی، زانستی و سەركێشی و...هتد، بۆ تەمەنی نەوجەوان . دەبێت بكرێت بە (ترێند) بەوەی هەر كەسێك خوێنەری ئەو كتێبانە بێت (پۆزی هەیە)
-دەبێت چیرۆكی كوردیی منداڵان ڕزگار بكرێت لەو هەموو لاوازی و هەڵانەی كە تێیدایەتی و مۆركی منداڵی بۆ بگەڕێتەوە. تاكوو چێژبەخش بێت.
-ناكرێت ڕێگە بە هەموو وەرگێڕێك بدرێت، كتێب وەربگێڕێت، چونكە زۆربەیان كوردی بە باشی نازانن و چێژی خوێندنەوە لاواز دەكەن، بۆیە وەرگێڕان دەبێت پاكژكردنەوەی بۆ بكرێت.
3-لاوازیی ڕۆڵی ناوەندەكانی دەسەڵات.
یەكەم: ئەكادیمیای كوردی نەیتوانیوە وەكوو پارێزەرێكی زمان ڕۆڵ و دەسەڵاتی خۆی ببینێت و نەیتوانیوە قەناعەت بە تاكی ئەكادیمیی كورد بهێنێت، لەسەر جۆرە ڕێنووسێك ڕێك بكەون، نەیتوانیوە كەناڵێكی چالاكی هەماهەنگی دروست بكات لە نێوان ئەكادیمیا و زانكۆكان و ئەكادیمیا و وەزارەتی ڕۆشنبیری.
- دەبێت ئەكادیمیای زمانی كوردی پسپۆڕانی زمانی كوردی یەك بخات و قەناعەتیان پێ بهێنێت، كە ئەگەر جیاوازیی بیروڕاشیان هەیە، بەڵام لە كۆتاییدا دەبێت یەكێك واز لە عینادی بهێنێت لە پێناوی بەرژەوەندیی زمانەكەدا و دەبێت تێیان بگەیەنێت كە زۆر شەرمە سی و پێنج ساڵە دەسەڵاتین شێوەی ڕێنووسێكی فەرمیمان نییە، بۆیە ئەركی ئەكادیمیایە بە هەماهەنگی لەگەڵ پسپۆڕانی زمانی كوردی، ساڵانە یان دوو ساڵ جارێك ڕێنمایی ڕێنووسی كوردی دەربكەن و بیدەن بە هەموو وەزارەتەكان و لە سەرووی هەموویان وەزارەتی ڕۆشنبیری و هەموو دەزگاكانی حكومەت بەو شێوازە نووسینەوە پابەند بكەن.
-ئەكادیمیا، یان وەزارەتی پەروەردە، یان خوێندنی باڵا دەتوانن لەنێو هەیكەلیەتی خۆیاندا بەشێك دابمەزرێنن بە ناونیشانی (پڕۆگرامی عەزیزگەردی بۆ ڕەوانیی زمانی كوردی) و ئەركی ئەو بەشە چاودێری زمانی كوردی بێت لە هەموو كایەكانی قسەكردن و نووسیندا.
-دەبێت ئەكادیمیا چاودێری بەئەلیكترۆنی بوونی زمانی كوردی بێت و لە هەوڵی دەوڵەمەندكردنی (ئەی ئای) زیرەكیی دەستكرددا بێت، لە ڕێگای زیادكردنی داتا و هێمای زمانی بۆ ناو تۆڕی ئینتەرنێت، چونكە گەنجێكی زۆر لە ئێستادا پشت بە ئەی ئای دەبەستن.
دووەم: وەزارەتی ڕۆشنبیری بەرپرسە لەو پاشاگەردانی و سەرلێشێواوییەی كە میدیا و پەخشی كوردی بۆ زمانی كوردی دروستی كردووە. دەبێت سزا بدات و لەگەڵ ئەكادیمیا سانسۆر بۆ بەكارهێنانی هەڵەی زمانی دروست بكەن، لانی كەم تا ئەو كاتەی كە شێوازێكی نووسینی گشتگیر دەبێتە كەلتوور لەناو هزری تاكی كورددا.
سێیەم: حزب ئەگەر خاوەنی هەڵوێستی نەتەوەییە، دەبێت ئەركی هۆشیاركردنەوەی تاكی كورد لەبارەی بەكارهێنانی زمانی كوردی لە ئەستۆ بگرێت، هەر نەبێ ئۆرگانەكانی خۆی لە ڕێگای خولی بەهێزكردنی زمانەوە.
چوارەم: حكومەت بە هەموو دامو دەزگاكانیەوە بەرپرسە لەو ئالنگارییانەی كە بەسەر زمانی كوردیدا دێت.
چارەسەر :
1-وەزارەتی كار ڕێنمایی دەربكات بۆ كرێكاری بیانی (مەرجی قسەكردن بە زمانی كوردی).
2-وەزارەتی گەشتوگوزار جەخت بكاتەوە لە سەر ئەو ڕێنماییانەی دەری كردوون بۆ نووسین و بەكارهێنانی ناونیشانی كوردی لە شوێنی گەشتیاری و میوانخانە و چێشتخانەكاندا بەهەموو وردەكارییەكانی ئەو بابەتەوە.
3- وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا مەرجی ڕەوانیی زمان لە ڕێگای تاقیكردنەوەی ڕەوانی و پاراویی زمانی كوردی دابنێت، بۆ دامەزراوی تازە، یان گرێبەستەكان، یان ئەو فەرمانبەرانەی پێویستیان بە پلە بەرزكردنەوە هەیە. یان ئەو قوتابیانەی كە دەیانەوێت لە كوردستان بخوێنن لە زانكۆكانی كەرتی گشتی و تایبەت.
4-وەزارەتی شارەوانی و دەستی وەبەرهێنان ڕێنمایی دەربكەن بۆ گرنگیی ناونانی كوردی لە پڕۆژە دروستكراوەكان و كۆمپانیاكاندا، لانی كەم نووسینی ناوەكە بە ڕێنووسی كوردی بێت.
5- زۆربەی فەرمانبەرانی وەزارەتەكان و دامودەزگاكانی حكومەت بە سەرۆكایەتیی هەرێمەوە پێویستیان بە خولی ڕەوانكردنی زمانی كوردی هەیە.
