بڵند عەلی، چالاكی مەدەنی - زاخۆ پێویستە یاسایەك بۆ پاراستنی زمانی كوردی دابنرێت و ڕێگە نەدەین زمانی بیانی بەسەر زمانی كوردیدا باڵادەست بێت
جێگای داخە بەپێی پێویست نەمانتوانیوە گرنگی بە زمانی شیرینی كوردی بدەین. بۆ نموونە نووسراوەكانی زمانی كوردی لەسەر تابلۆی دووكان و ئوتێل و میوانخانە و شوێنە گشتییەكان ڕەخنە و گلەییەكی زۆری لەسەرە و بە تەواوەتی زمانی كوردی نەهاتووەتە نووسین، یان بە هەڵە نووسراوە. بۆ نموونە دەچیتە هەندێك ئوتێل و چێشتخانە دەبینیت لە مێنیوەكەدا بە تەواوی زمانی كوردی لابراوە و زمانی عەرەبی و ئینگلیزی و...هتد دانراوە. ئەمە لە كاتێكدا ئەگەر سەردانی هەر وڵاتێكی بیانی بكەین بە وڵاتانی دراوسێشەوە، هەرچی شوێن و تابلۆی سەر شەقام و ڕێگاوبان و دووكان و شوێنە گشتییەكانیان هەیە، بە زمانی فەرمیی ئەو وڵاتە نووسراوە، لە دوای زمانەكەی خۆیان زمانی دووەم و سێیەم دێت. لێرەدا ئەو پرسیارە گرنگە دێتە پێشەوە كە تاكو ئێستا بێ وەڵامە، ئەویش ئەوەیە بۆچی كورد گرنگی بە زمانی فەرمیی خۆی نادات؟ ئەمە لە كاتێكدا تەنیا شتێك مابێتەوە و پاراستبێتمان بۆ ماوەی چەندین هەزار ساڵە تەنیا زمانەكەمان بووە. كەواتە لەبەر ئەم هۆكارە، زۆر پێویستە گرنگی بە زمانی كوردی بدرێت. ئەگەر گەشتیارێكی بیانی هاتە هەرێمی كوردستان، زمان و كەلتووری خۆمان و دەوڵەمەندیی زمانی كوردییان نیشان بدەین. زمانی كوردی یەكێكە لە خاوەن گەورەترین فەرهەنگەكان و زۆر بەهێزە، دەتوانێت شوێنێكی زۆر باش و جوانی هەبێت. پێویستە یاسایەك بۆ ئەمە دابنرێت، كە ڕێگری بكرێت لە بەكارهێنانی زمانی بیانی، یان پیت و وشەكانی زمانی كوردی بشێوێنرێن، بەڵكو بە شێوازێكی ڕاست و فەرهەنگییانە كە كوردییە ڕەسەنەكەیە، ئەو ناوانە هەمووی دیاری بكرێن و دووبارە بە زمانی كوردیی ڕەسەن و جوان بنووسرێنەوە.
