لە سلێمانی ڕۆژی تابلۆ بەڕێوەچوو
ئەمڕۆ هەینی ڕێكەوتی 1/8/2025 ناوەندی 7 ڕەنگە بە هاوکاری کارگەی کەلتووری سلێمانی پڕۆژەی (ڕۆژی تابلۆ) بە بەشداری 35 بەهرەمەند و شێوەکاری گەنج وە شێوەكارانی بەئەزموون بەڕێوەچوو,كە ئەم پێشانگە هاوبەشە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
لە پێشانگەكەدا ژمارەیەك تابلۆ بە ستایلی جیاواز نمایش كران كە هەر كارێكی نێو پێشانگەكە پێناسە و پەیامی تایبەت بە خۆی هەبوو,هەروەها بەشێك لە هونەرمەندانی بەشداربوو هەر لەناو پێشانگەكەدا ڕاستەوخۆ وێنەو نیگاریان دەكێشا كە ئەمەش سەرنجی هونەردۆستان و ئامادەبووانی پێشانگەكەی بۆ لای خۆی ڕاكێشا.
ئامانج لە سازدانی ئەم پڕۆژەیە ڕەخساندنی هەلێكە بۆ نمایشی تابلۆی ژمارەیەك بەهرەمەند و هونەرمەندی شێوەكار بەبێ جیاوازی تەمەن و ئەزموون و شێوازی كارە هونەرییەكانیان,تاوەكو هونەرمەندانی بەشداربوو لە نزیكەوە ئاشناییان بە ستایلەكان هەبێت و تابلۆكانیان ببێتە سەكۆیەك بۆ گفتوگۆیەكی هونەریی لە نێوانیاندا.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی
