باڵیۆز دەیڤد ساتەرفیلد   گەورە دیپلۆماتی ئەمریکی بۆ گۆڤاری گوڵان: پەیامی مارك ڕۆبیۆ بۆ سودانی پیشاندانی خواستی ئەمریكا و زۆربەی دەوڵەتانی ناوچەكە بوو كە دەیانەوێت عێراقێكی سەقامگیر و گەشەسەندوو و خاوەن سەروەریی ببینن

باڵیۆز دەیڤد ساتەرفیلد    گەورە دیپلۆماتی ئەمریکی بۆ گۆڤاری گوڵان:  پەیامی مارك ڕۆبیۆ بۆ سودانی پیشاندانی خواستی ئەمریكا و زۆربەی دەوڵەتانی ناوچەكە بوو  كە دەیانەوێت عێراقێكی سەقامگیر و گەشەسەندوو و خاوەن سەروەریی ببینن

 

 

باڵیۆز دەیڤد م. ساتەرفیلد ئەزموونی ٤٥ ساڵی لە کاری دیپلۆماتی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا هەیە و جوگرافیای کارە دیپلۆماتییەکانیشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا بووە. پێشتر باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە لوبنان و تورکیا، هەروەها ماوەیەکیش باڵیۆزی کاربەڕێکەری عێراق و میسریش بووە.

لە ساڵی ٢٠٠٨ لەلایەن ئیدارەی دووەمی جۆرج دەبلیو بوش وەک هەماهەنگیکار لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق دەستنیشان کراوە. لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ تا نیسانی ٢٠٢٤ نوێنەری تایبەتی سەرۆک جۆزیف بایدن بووە بۆ کاروباری مرۆیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بۆ قسەکردن لەسەر کۆی ئاڵۆزی و گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و پرۆسەی چارەسەری ئاشتییانەی کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و لە تورکیا و سووریا بەتایبەتی، ئەم دیمانە تایبەتەمان لەگەڵ باڵیۆز ساتەرفیلد ئەنجام دا.

 

 

* ئەو شەڕ و گۆڕانکارییانەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەن، بەڕاستی وەرچەرخانێکی گەورەی دروست کردووە کە زۆر زەحمەتە بتوانرێت پێشبینی بۆ ئاییندەیەکی ئاشتی و سەقامگیری لەم ناوچەیەدا بکرێت. بەڕێزت دیپلۆماتکارێکی بە ئەزموونیت و بە پراکتیک کارت لەسەر کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، ئایا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو چ گۆڕانکارییەک دەچێت؟ ئایا سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە ئاڵۆزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات؟

- بەپێی ئەزموونی ٤٥ ساڵەی کاری دیپلۆماتیم کە لەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمە، لەگەڵ ئەوەی هەتا ئێستاش ناوچەکە لەسەر ئاستی دەوڵەتان و لەناوخۆی دەوڵەتەکانیش بەدەست کێشە و ململانێی توندەوە دەناڵێنێت، بەڵام سەبارەت بە داهاتووی ئەم ناوچەیە (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە - The Great Middle East) من ڕەشبین نیم. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە لە ماوەی نزیکەی نیو سەدەی ڕابردوو بەگشتی و لەم دەیەی دواییدا بەتایبەتی، گۆڕانکاریی ڕیشەیی دەبینم. ئەم گۆڕانکارییانەش بوونەتە هۆکاری خۆشگوزەرانیی زیاتر بۆ دانیشتووانی ناوچەکە. لەگەڵ ئەوەی ململانێ توندە نەریتییەکان بەتەواوی ڕیشەکێش نەکراون، بەڵام ئەم گۆڕانکارییانە ئاستی ململانێ توندەکانیان کەم کردووەتەوە. هەروەها تێگەیشتنێکی زیاتر لە نێوان دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بووە بەوەی نەک هەر تەنیا گرنگە لەسەر ئاستی ناوچەکە پەیوەندییان لەگەڵ یەکتری پتەو بکەن، بەڵکو پێویستە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتانی دیکە و جیهانی دەرەوەش پتەو بکەن. ئەمەش بەشێکە لە دیاردەی ئابووریی گلۆباڵی و کۆمەڵگە جیهانییەکان. لێرەدا ئاماژە بە نموونەیەکی باش دەکەم؛ ئەگەر سەیری ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە سەرسوڕهێنەرانە بکەین کە لە ماوەیەکی کەمدا لە شانشینی عەرەبستانی سعودیە بینیمان، ئەمە خۆی ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی خەڵکەکەی ئامادەباشیی تێدایە بۆ ئەوەی لە کۆمەڵگەیەکی گۆشەگیریی ژێر چاودێریی توندەوە هەنگاو هەڵبگرێت بۆ جیهانێکی زیاتر کراوە.

با نموونەیەکی دیکە باس بکەین؛ لە ئێستادا دەبینین لەسەر ئاستی دەوڵەتانی ناوچەکە خواستێکی فراوانتر هەیە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل، کە ئەمە پرسێک بوو نەدەکرا ١٠ ساڵ پێش ئێستا مەزندەی بۆ بکرێت، نەک ٤٠ ساڵ پێش ئێستا. بۆیە وای دەبینم کە جووڵەیەک بەرەو واقیعگەرایی دەستی پێکردووە، بەرەو تێگەیشتن لەوەی چی پێویستە بکرێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خەڵک لەبری شوێنکەوتنی ئایدیۆلۆژیا.

ئەوەی هەتا ئێستا وەک سەرچاوەی کێشە و توندوتیژی لە ناوچەکە ماوەتەوە و چارەسەر نەکراوە، ئێرانە. سەبارەت بە کێشە ئەتۆمییەکەی، ئەوا لەمیانی هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی، پاشەکشەیەکی گەورە بە پرۆژە ئەتۆمییەکەی کراوە، بەڵام هەتا ئێستا میلیشیا پرۆکسییەکانی لە چەندین وڵات بەکار دەهێنێت وەک «یەمەن، لوبنان، عێراق، سووریا» کە ئەمانە بوونەتە ڕێگر لەوەی ئەو دەوڵەتانە هەنگاو بەو ئاراستەیە هەڵبگرن کە ببنە دەوڵەتی هاوچەرخ.

* بەشی دووەمی پرسیارەکەم ئەوەبوو، ئایا ئیدارەی ترەمپ چۆن مامەڵە لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی ئێستای ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات؟

- پێم وایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەوڵی نەداوە کە هەڵوێستێکی دیاریکراو لەسەر هەیکەلی حکومەتەکان یان، لەناو دوو کەوانەدا، پرسەکانی مافی مرۆڤ وەربگرێت، بەڵکو ئیدارەی ترەمپ هەوڵ بۆ ئەوە دەدات چۆن بتوانرێت سەقامگیرییەکی گشتگیر و هەمیشەیی بۆ ناوچەکە دابین بکات. هەروەها چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو کاراکتەرانە بکات کە بە کردەیی سەرچاوەی ناسەقامگیرین بۆ ناوچەکە، کە بێگومان چەندین کاراکتەرن. لە ڕوانگەی ئیدارەی ئەمریکاوە، بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران یەکێکە لە سەرچاوەکانی ناسەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە. لە ئێستادا ئەم مەترسییە پاشەکشەی پێ کراوە، بەڵام هێشتا ئێران نەگەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی کە هەنگاو هەڵبگرێت بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە ناو سیستمی هەرێمی و نێودەوڵەتی، بەشێوەیەک هەنگاوی هەڵنەگرتووە کە گەرەنتی بە ئەمریکا و ئەوروپا و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بدات بۆ ئەوەی سزاکانی لەسەر هەڵبگیرێت. بێگومان هاندەر زۆرن بۆ ئەوەی ئێران ئەو هەنگاوانە هەڵبگرێت. سەرۆک و ئیدارەی ئێستای ئەمریکا زۆر بەڕاشکاوانە ئەمەیان ڕوون کردووەتەوە کە ئەوان مەبەستیانە لە کۆتاییدا ئێران لەو بارە ئابوورییە قورسە بێتە دەرەوە و سزاکانی لەسەر هەڵبگیرێت، بەڵام ئەم ئامانجە نایەتە دی هەتا ڕێوشوێنی پێویست بۆ چارەسەرکردنی بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆمەکەی نەگیرێتەبەر، ڕێوشوێنی تایبەت بۆ چارەسەری میلیشیا پرۆکسییەکان و مووشەکە دوورمەوداکانی نەگیرێتەبەر کە هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە. بۆ ئیدارەی ئەمریکی، مەبەستیەتی ئێران بگەڕێتەوە ناو جیهانێکی ئاسایی، بەڵام پێویستە ئێران هەنگاوی پێویست بگرێتەبەر بۆ ئەوەی ئەمە بێتە دی.

خاڵێکی دیکە کە سەرچاوەیەکی دیکەی ناسەقامگیری بوو، ڕژێمی بەشار ئەسەد بوو کە ماوەی زیاتر لە ٥٠ ساڵ بوو حوکمڕانیی سووریای دەکرد. کەوتنی ڕژێمی ئەسەد گۆڕانکارییەکی زۆر گەورە بوو، بۆیە پێویستە هەموو لایەک پێشوازی لەم گۆڕانکارییە گەورەیە بکات. سەڕەڕای ئەو هەموو گومانانەی لەسەر توانای حکومەتی ئێستای سووریا هەن، مەبەستم حکومەتەکەی ئەحمەد شەرعە، بۆ ئەوەی بتوانێت یەکێتیی خاک و گەلی سووریا بپارێزێت، ئەو دەبێت لە پیادەکردنی کردەوەی جیهادی دوور بکەوێتەوە، کە ئەمەیان پرسیارێکە زۆربەی ناوچەکە دەیخەنە ڕوو، ئیسرائیلیش دەپرسێت ئایا ئەم حکومەتە لە کردەوەی جیهادی دوور دەکەوێتەوە یان نا؟ بەڵام وێڕای هەموو ئەمانە، ئێستا لە سووریا دەرفەتێک هاتووەتە پێشەوە و گرنگە ئەو دەرفەتە بقۆزرێتەوە و سەرۆک ترەمپیش دەیەوێت ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە، بۆ ئەوەی چیتر سووریا نەبێتە ویستگەیەک لەبەر دەستی ئێران و سەرچاوەیەک بۆ هەڕەشە لە سەقامگیریی ناوچەکە. بۆیە دەتوانم بڵێم ئەو دەرفەتەی ئێستا لە سووریا هاتووەتە ئاراوە، لە ساڵی ١٩٦٧ـەوە دەرفەتی لەو جۆرە دروست نەبووە. لەگەڵ ئەوەی هیچ کەسێک ناتوانێت گەرەنتیی داهاتووی سووریا بکات، بەڵام سەرۆک ترەمپ دەیەوێت هەنگاو گەلێک هەڵبگرێت بۆ ئەوەی دەرفەتەکە فراوانتر بکات و سووریا بەرەو ئاییندەیەکی باشتر هەنگاو هەڵبگرێت.

ئیدارەی ئەمریکی پشتگیریی حکومەتی لوبنان دەکات. ئەمریکا بووە نێوانگیر بۆ ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ حزبوڵڵا. هۆکاری سەرکەوتنی ئەم ئاگربەستە ئەوە بوو کە حزبوڵڵا بەتەواوەتی لاواز بوو، چیتر ئەو توانایەی نەمابوو ئەو سیاسەتە پیادە بکات کە زیانێکی زۆری بە گەلی لوبنان گەیاندبوو و تەحەدای حکومەتی لوبنانی بکات. ڕاستە حزبوڵڵا هەتا ئێستاش چەکی لەبەر دەستە و پێگەیەکی سیاسیی کاریگەری هەیە، بەڵام حزبوڵڵای ئێستا، حزبوڵڵای پێش ئەیلوولی ٢٠٢٤ نییە.

بۆیە ئیدارەی ئەمریکی دەیەوێت لوبنانێکی سەقامگیر ببینێت کە بتوانێت هەنگاوی گەورە بۆ پێشەوە هەڵبگرێت. هەنگاو هەڵگرتن بۆ لوبنانێکی سەقامگیر تەنیا سنووردارکردنی تواناکانی حزبوڵڵا نییە، بەڵکو سەرکردایەتیی سیاسی و ئابووریی لوبنان دەبێت لەسەر هەنگاوە پێویستەکانی ڕیفۆرم ڕێک بکەون بۆ ئەوەی دووبارە ئابووریی وڵاتێکی کاولبوو زیندوو بکەنەوە.

بوارێکی دیکە کە گرنگە هەڵوەستەی لەسەر بکەین، پرسی غەززەیە. ئیدارەی ئەمریکی دەیەوێت شەڕ و مەینەتییەکانی خەڵکی فەڵەستین لە غەززە کۆتایی پێبێت. لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا نەهامەتییەکانی خەڵکی فەڵەستین کۆتایی نەهاتووە، بەڵام من پێم وایە سەرۆک ترەمپ سوورە لەسەر ئەوەی کە نابێت ئەم بارودۆخەی ئێستای غەززە بەردەوام بێت و سەرەنجام دەبێت بگەینە چارەسەرێکی ڕیشەیی و هەمیشەیی. زەمینەیەک دروست بێت کە بتوانرێت ئازادکردنی بارمتە زیندووەکان و گەڕانەوەی تەرمی بارمتە مردووەکان، هەروەها پێداویستییە مرۆییەکانیش بۆ خەڵکی غەززە دابین بکرێن. ئەمەش نەک تەنیا وەک چارەسەرێکی کاتی، بەڵکو وەک چارەسەرێکی ڕیشەیی و بەردەوام. ئەگەر بتوانرێت ئەمە بکرێت، واتە توندوتیژی و نەهامەتیی فەڵەستینییەکان لە غەززە کۆتایی پێ بهێنرێت، ئیسرائیل دان بەوەدا بنێت کە پێویستە چوارچێوەیەکی سیاسی بۆ سەقامگیریی غەززە دروست ببێت بۆ ئەوەی ئاییندەیەکی سەقامگیر بۆ دانیشتووانی غەززە و ئیسرائیل مسۆگەر بێت، ئەوا دەروازەیەک بۆ ئامانجەکەی سەرۆک ترەمپ دەکرێتەوە کە ئامانجی سەرۆک بایدنیش بوو، ئەویش ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعودیە و ئیسرائیلە.

* لە ئێستادا مارکۆ ڕوبیۆ بە تەلەفۆن بە سەرۆک وەزیرانی عێراقی ڕایگەیاندووە کە دەبێت «حەشدی شەعبی نەمێنێت، نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکرێتەوە، مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بنێردرێت»، ئایا پێگەی عێراق لەناو کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆن دەخوێنیتەوە؟ ئایا حکومەتی ئێستای عێراق بە ئەرێنی وەڵامی داواکارییەکانی ئێستای وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەداتەوە؟

- مەبەستی مارکۆ ڕوبیۆ لە پەیامەکەی بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق، هێڵە گشتییەکانی ئەو هەنگاوانەیە کە ئەمریکا و زۆربەی دەوڵەتانی ناوچەکە دەیانەوێت ببینن عێراق ئەو هەنگاوانە بە کردەیی هەڵبگرێت. هەمووان دەیانەوێت عێراقێکی سەقامگیر، گەشەسەندوو و خاوەن سەروەری ببینن کە ئەو توانایەی هەبێت سیاسەتەکانی بۆ بەرژەوەندیی عێراقییەکان پیادە بکات، نەک بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەلایەن ئێران و میلیشیا چەکدارەکانەوە بەر بەستی بۆ دروست بکرێت. بۆیە عێراق ئەو توانایەی بۆ دروست ببێتەوە کە بتوانێت بەرەو پێشەوە هەنگاو هەڵبگرێت. لەسەردەمی ڕژێمی سەددام حوسێن، توانای عێراق بۆ هەڵگرتنی هەنگاوی پێویست بۆ گەشەسەندنی زیاتر ئیفلیج کرابوو، ئێستاش بەهۆی دەستێوەردانی دەرەکی و بوونی میلیشیای چەکدارەوە ئاستەنگ بۆ تواناکانی دروست بووە کە بتوانێت بڕیار بۆ بەرژەوەندیی عێراقییەکان بدات.

بێگومان هۆکاری دیکەش هەن، نامەوێت پرسەکە سادە بکەمەوە. من چەندین ساڵی ژیان و خزمەتی خۆمم لەو وڵاتە بەسەر بردووە. هەندێک هۆکار لەناو پێکهاتەی عەرەبی سوننە هەن زۆر گرنگن. هەروەها دابەشبوونەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردیش کاریگەریی هەیە، بەڵام دەستێوەردانی ئێرانی هۆکاری سەرەکییە، لەبەر ئەوەی ئێران دەتوانێت بە ڕێگەی بەکارهێنانی فشارەکانی «کارەبا و گاز» یاری بە لایەنە عێراقییەکان بکات. ئەمە بۆ تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستانیش ڕاستە.

تۆ پرسیاری ئەوەت کرد، ئایا من پێم وایە عێراق چۆن وەڵام دەداتەوە؟ هەروەها پرسیاری ئەوەت کرد چۆن بوو لە شەڕەکەدا عێراق سەلامەت دەرچوو؟ یەکەم، پێم وایە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە تێگەیشتنێک هەیە، بە واتایەکی دیکە مەزندەی چاوەڕوانیی زۆر گونجاو لە حکومەتی عێراقی دەکرێت، هەروەک ئەوەی خۆتان لە پەیامەکەی سیناتۆر ڕوبیۆ گوێبیستی بوون. بەڵام تێگەیشتنێکی دیکەش هەیە کە حکومەتی عێراقی لەژێر گوشار و کۆت و بەندی گەورەشدایە. ئەم گوشار و کۆت و بەندانە دەکرێت تا ڕادەیەک کەم بکرێنەوە لەمیانی ئەو ڕێوشوێنانەی کە پێشتر بەرامبەر حزبوڵڵای لوبنانی و ئێران گیرانەبەر. ئێران ئەزموونی وەرگرتووە و گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی کاتێک خۆی و بریکارەکانی ئاستی کارە توندوتیژەکانیان زۆر زیاد دەکەن، ئەوا هەردوو لایان زیانی زۆریان پێ دەگات. ئەگەر سەیری عێراق بکەین، دەبینین ماوەی چەند مانگێکە هێرش نەکراوەتە سەر ئەو بنکە و دامەزراوانەی کە هێزەکانی ئەمریکای لێن. ئەمەش مانای ئەوەیە لەو پەیامە تێگەیشتوون کە لە لوبنان و یەمەنەوە ئاراستە کران. بۆیە واقیعەکە بەو جۆرە بووە کە پێویست نەبووە هێرش بکرێتە سەر عێراق.

سەبارەت بەوەی ئایا حکومەتی عێراق توانای وەڵامدانەوەی ئاڵنگارییەکانی مارکۆ ڕوبیۆی هەیە، تەنانەت ئەوانەشی کە پەیوەندییان بە پرسە ناوخۆییەکانەوە هەیە، وەک پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان، ڕێککەوتن لەسەر دووبارە کردنەوەی بۆرییە نەوتییەکانی نێوان عێراق و تورکیا، هەروەها گەیشتن بە لێکتێگەیشتن سەبارەت بە گرێبەستەکانی ئەم دواییەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری وزەدا، کە گرێدراون بەوەی وەبەرهێنانی زیاتر بۆ پەرەپێدانی نەوت و گاز بۆ بەرژەوەندیی عێراق و هەرێمی کوردستان بکرێت. ئایا ئەمانە جێبەجێ دەکرێن؟ ئەمە پرۆسەیەکی زۆر ئاڵۆزە. هەموو پێکهاتەکانی عێراق بەشێکن لەم پرسەدا، وەک پێکهاتەی سوننە و شیعە، ئەوانەی نایانەوێت هەرێمێکی کوردیی پێشکەوتوو ببینن، ئەوانەی پێیان وایە کە هەرێمی کوردستان بارودۆخی ناسەقامگیری عێراقی قۆستووەتەوە و نەوت و گازی هەناردە کردووە. ئەگەر ئەم هەموو فاکتەرانە پێکەوە گرێ بدەینەوە، ئایا من وەڵامی ئەو پرسیارەم لا دەبێت کە حکومەتی سوودانی دەتوانێت وەڵام بداتەوە؟ بەڵام دەتوانم ئەوەتان پێ بڵێم کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی پیشەسازیی هایدرۆکاربۆن، زۆر بە جددی مەبەستیانە دەست بەو جۆرە خۆڕێکخستنەوەیە بکرێت، لەبەر ئەوەی ئەمە لە بەرژەوەندیی بەغداشە نەک تەنیا هەولێر. پێم وایە نەتپرسی «ئایا تورکیا دەیەوێت بۆریی نەوتەکە بکرێتەوە؟» بەڵێ، مەبەستیەتی، لەبەر ئەوەی ئەویش لە هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕووی ئابوورییەوە سوودمەند دەبێت و چاوەڕێی لێکتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدایە بۆ ئەوەی بزانێت دەگەنە چ ڕێککەوتنێک. من پێشبینیتان بۆ ناکەم، بەڵکو ئەوەتان پێ دەڵێم کە پاڵنەرەکان بۆ ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا زۆر گەورەن. هەروەها ئیدارەی ئێستای ترەمپ، وەک ئیدارەکانی پێش خۆی، زۆر باش لە کاریگەریی ئێران و هێزەکانی حەشدی شەعبی تێگەیشتوون. من پێم وایە ئیدارەی ئەمریکی، حکومەتی عێراق بە هاوشێوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی خۆی دەزانێت، بۆیە بە شێوەیەکی هاوسەنگ مامەڵەیان لەگەڵ دەکات.

* بەم دواییانە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو گرێبەستی لەگەڵ دوو کۆمپانیای وزەی ئەمریکی و بەئامادەبوونی کریس ڕایت وەزیری وزەی ئەمریكی بە بڕی ١١٠ ملیار دۆلار بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان ئیمزا کردووە. ئایا وەک کریس ڕایت گوتی «ئێمە بازرگانیمان دەوێت، نەک شەڕ و کێشە»، ئەم گرێبەستانە دەبنە هۆکاری ئەوەی ئەمریکا کوردستان بپارێزێت؟ یان پاراستنی کوردستان بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا گرنگ بێت؟

• باشە، سیاسەتی ئەمریکا لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی خۆی داڕێژراوە. ئەم ئیدارەیە، بەپێی قسەی خۆیان، ئیدارەیەکی «ئەمریکا یەکەمە - America First»یە. کارەکانی لەبەر هۆکاری خێرخوازی ناکات، هەروەها لەپێناو هۆکاری ئایدیۆلۆژیشدا نایانکات.

بەڵام کاتێک باس دێتە سەر وزە و گەشەپێدان لە کوردستان، بەرژەوەندییەکی ڕوونی ئەمریکا لە ئارادایە. لە ئیدارەی پێشوودا ئەم بەرژەوەندییە هەبوو و ئێستاش هەیە، ئەویش کارکردنە لەگەڵ لایەنەکان، نەک تەنیا لە هەولێر و سلێمانی، بەڵکو لە بەغداش، بۆ جەختکردنەوە لەسەر مەزندەکانمان کە سیاسەتەکانی بەغدا، هاوشێوەی هیی هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەک داڕێژرێن کە یارمەتیدەر بن بۆ گەشەپێدانی هەردوو لا، نەک لەسەر بنەمای نیگەرانیی تائیفی، ڕکابەری یان کێشەی دیکە.

من و هاوکارانم هەر لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوە هەوڵی دەرکردنی یاسایەکی گشتگیریی نەوت و گازمان بۆ حکومەتی عێراقی داوە. بوونی ئەم یاسایە چوارچێوەیەکی گشتگیرە و لە دەستووری ٢٠٠٥ـی عێراقدا چەسپێنراوە و ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی سێکتەری وزە لە عێراق و هەرێمی کوردستان گەشەی پێبدرێت. هەروەها دەتوانرێت بەم یاسایە شێوازی چۆنیەتیی دابەشکردنی داهات و بەڕێوەبردن و هەناردەکردنی وزە ڕێک بخرێت، بەڵام تا ئێستا یاسایەکی لەوجۆرە بوونی نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، دەکرێت هەرێم و بەغدا ڕێککەوتنی کرداری لەسەر ئەنجام بدەن. پێم وایە ئیدارەی ئێستا بەهێزەوە پشتیوانیی ئەو هەنگاوانە دەکات، چونکە لە بەرژەوەندیی ئەمریکا، کورد و تەواوی عێراقدایە.

* سەبارەت بە پرسی کورد لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێستا لە سووریا هێزەکانی سووریای دیموکرات کە بەشی هەرەزۆری کوردی سووریان، ئەمریکا پشتیوانییان لێ دەکات. لە تورکیاش ئێستا پرۆسەی ئاشتی بۆ چارەسەری کێشەی کورد دەستی پێکردووە و بۆ یەکەمین جارە پەکەکە بەشێوەی سیمبولیی چەکەکانی خۆی داناوە، ئایا چارەنووسی کوردی سووریا و تورکیا چۆن دەبینیت؟ ئایا ئەمریکا دێتە ناو ئەم پرۆسەیە بۆ ئەوەی کێشەی کورد بە ئاشتییانە چارەسەر بکرێت؟

- با لە تورکیاوە دەست پێ بکەین. ئەو تەوقەکردنە مێژووییەی کە سەرۆکی مەهەپە (پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستیی تورک) لە پەرلەمانی تورکیا کردی و دەستی بۆ پارتی سیاسیی کوردی «دەم پارتی» درێژ کرد، سەرەتای دەستپێکردنی پرۆسەیەک بوو کە هەموومان ئومێدمان بۆ دەخواست.

دانانی چەک لەلایەن پەکەکەوە تەنها سیمبولیی نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی زۆر ڕاستەقینەیە و درێژەپێدەری ئەو هەوڵەیە کە زیاتر لە دەیەیەک لەمەوبەر بۆ چارەسەرکردنی پرسی توندوتیژیی کوردی درا، بە شێوەیەک کە تورکیا پارێزراو بکات و، وەک دروشمەکە دەڵێت، تورکیا لە تیرۆر ڕزگار بکات. ئەمە وا دەکات، بە دەربڕینێکی تر، پەکەکە «لە چیا بێتە خوارەوە،» لە قەندیل بێتە دەرەوە و بگەڕێتەوە ناو ژیانێکی ئاسایی و ئاشتییانە. لێرەدا دەرفەتێک هەیە.

لە ئێستادا، پاڵنەری ئەم دەرفەتە سیاسەتی ناوخۆییی تورکیایە. ئەمە کێشە نییە. هیچ شتێکی هەڵە نییە ئەگەر ئەنجامێکی بەردەوامی لێ بکەوێتەوە، کۆتایی بە توندوتیژی بهێنێت، و ئەگەر ببێتە هۆی لێکتێگەیشتن لەسەر پێگە و ڕۆڵی گەلی کورد لە تورکیا؛ ڕێزگرتن لە زمان، کولتوور، و دامەزراوەکانیان. ئەمە ئەنجامێکی زۆر باشە. ئەوجا، لەگەڵ ئەوەی گەیشتن بەو ئامانجە بەتەواوەتی مسۆگەر نییە، بەڵام ئەگەری ئەمڕۆ زۆر زیاترە لەوەی پێش تەوقەکردنەکەی سەرۆکی مەهەپە بوونی هەبوو. هەروەها هۆکاری سیاسیی بەهێز لە تورکیا هەن کە وا لە سەرۆک ئەردۆغان دەکەن بیەوێت ئەم پرۆسەیە زیاتر لە شێوەیەکی سیمبولی بەرەوپێش بچێت. ئەمە شتێکی باشە.

ویلایەتە یەکگرتووەکان بەهێزەوە پشتیوانیی ئەم پرۆسەیە دەکات، بەڵام لێرەدا، من پێم وایە ئیدارەی ئەمریکا، ئەم ئیدارەیە و ئیدارەی بایدنیش، ڕوونیان کردووەتەوە کە ئێمە ئەمە بە پرسێکی ناوخۆییی تورکی-کوردی دەزانین. دەتوانین بڵێین هانی دەدەین، بەڵام خودی پرۆسەکە و ئەنجامەکانی، ئەوە بۆ تورکەکان و گفتوگۆکارە کوردەکانە. پێم وایە ڕۆڵی ئێمە تەنها ئەوەیە بڵێین، ئەمە شتێکی باشە بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان. شتێک نییە کە ئێمە ڕاستەوخۆ دەستێوەردانی دانوستانەکانی تێدا بکەین، و بەڕای من، نابێت هەشبێت. ئەمە بۆ تورک و گەلی کورد لە تورکیا و شوێنەکانی ترە تا خۆیان چارەسەری بکەن. باشتر وایە بەم شێوەیە بمێنێتەوە. ئایا من گەشبینم؟ من هیواخوازم.

* ئەگەر ئاسایی بێت، دەتوانیت هەڵوێستی خۆت سەبارەت بە دۆخی سووریا ڕوون بکەیتەوە؟

- دۆخی سووریا ئاڵۆزترە، و با لەوەوە دەست پێ بکەم کە ئەمریکا دەیەوێت لە سووریا بەگشتی چی ببینێت. ئێمە دەمانەوێت دەوڵەتێکی سووریی یەکگرتوو و سەروەر ببینین، و پێم وایە ئەمە ڕەنگدانەوەیەکی دروستی ویستی سەرۆک ترەمپە. ئێمە نامانەوێت سووریا پارچە بێت. نامانەوێت ئەوەی لە لیبیا یان عێراق ڕوویدا، لە سووریا دووبارە ببێتەوە. هەر بۆیە سەرۆک بڕیاریدا دان بە حکومەتی ئەحمەد شەرع بنێت و ئەو سزایانە هەڵبگرێت کە لە دەسەڵاتی ئەودایە. سزای تر هەن کە دەبێت کۆنگرێسی ئەمریکا کاریان لەسەر بکات و هەروەها سزای دیکەش هەن کە دەبێت ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کاریان لەسەر بکات و لە دەرەوەی دەستی ئەمریکان. بەڵام سەرۆک بە ڕوونی ئاماژەی بەوەدا کە چی دەوێت. وەڵامی سەرۆک و وەزارەتی دەرەوە بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق زۆر ڕوون بوون؛ ئێمە پێمان وانییە ئەم جۆرە کارانە پشتیوانیی لە ئامانجی سووریایەکی یەکگرتوو و سەقامگیر بکەن.

کەواتە ئەمە ئەوەیە کە ئێمە دەمانەوێت. ئەمە بۆ کورد مانای چییە؟ مانای ئەوەیە کە ئێمە ئارەزوو دەکەین پرۆسەیەکی یەکگرتنەوە، قبووڵکردنی ناسنامە و ڕێزگرتن بۆ کورد هەبێت، هەروەک چۆن لە تورکیا دەمانەوێت: ڕێز لە زمان، کولتوور و دامەزراوە خۆجێییەکان بگیرێت، بەڵام لە چوارچێوەی یەک دەوڵەتی یەکگرتوودا.

ئیتر ئێوە لێم دەپرسن، ئەمە مانای چییە بۆ ئەوەی پێی دەوترێت هەسەدە و ئەوەی پێی دەوترێت بەڕێوەبەرایەتیی دیموکراتیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا؟ وەڵامەکە ئەوەیە کە ئەمریکا وەک حکومەت، لەو کاتەوەی لە ساڵانی ٢٠١٥-٢٠١٦ پەیوەندیمان لەگەڵ هەسەدە دروست کرد بۆ شکستی داعش، ڕوونی کردووەتەوە کە پەیوەندییەکەمان کاتی، مامەڵەیی و تاکتیکی بوو. پەیوەندییەک بوو کە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی ستراتیژیی دیاریکراو داڕێژرابوو، کە ئەویش شکستی داعش بوو لە دۆڵی فورات. من و هاوکارەکەم (برێت مەکگێرک) ڕوونمان کردەوە کە ئەم پەیوەندییە لە خاڵێکدا دەبێت بگۆڕدرێت و کۆتایی پێ بێت.

* و بە ڕوونی بە کێتان گوت؟

- بە مەزڵووم عەبدی، بە بەرپرسە باڵا سیاسی و سەربازییەکانی هەسەدە. ئەمە هەڵوێستی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان بووە و هەمیشەش هەر وا بووە. ئەوەی لە ئیدارەی ترەمپەوە دەیبیستن... ئێمە بە درێژاییی دەیەی ڕابردوو گفتوگۆمان هەبووە بۆ ئەوەی بیریان بهێنینەوە کە ئەم پەیوەندییە هەمیشەیی و بەردەوام نابێت، و هەرگیز بۆ ئەوە دانەنرابوو کە پشتگیری لە کیانێکی سیاسیی سەربەخۆ، نیمچە سەربەخۆ، یان ئۆتۆنۆم بکات کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دامەزرابێت؛ لە ناوچەیەکی زۆرینە سوننەدا کە لەلایەن کەمینەیەکی کوردەوە بەڕێوەدەبرێت. ئەمە لە ئەگەرەکاندا نەبوو. ئەمە تەنها یەک جار نەبووە، بەڵکو پەیامی بەردەوامی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان بووە.

 

 

باڵیۆز دەیڤد  ساتەرفیڵد لە چەند دێڕێكدا

 

 

• دەیڤد م. ساتەرفیڵد بەڕێوەبەری پەیمانگای «بەیکەر»ە بۆ سیاسەتی گشتیی لە زانکۆی ڕایس و سەرۆکایەتیی ناوەندی ئێدوارد پ. جێرێجیان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات لە هەمان پەیمانگا.

• خاوەنی کورسیی جانیس و ڕۆبێرت مەک›نەیرە «Janice and Robert McNair» بۆ سیاسەتی گشتی.

• خاوەنی زیاتر لە چوار دەیە ئەزموونی دیپلۆماسی و سەرکردایەتییە، لەوانەش خزمەتکردن وەک نوێنەری تایبەتی سەرۆك  بۆ قۆچی ئەفریقا « Horn of Africa»، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە، بەڕێوەبەری ستافی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی، و باڵیۆزی ئەمریکا لە لوبنان و تورکیا بووە و ، هەروەها کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق و میسر.

• لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ تا مایسی ٢٠٢٤، سەرۆک بایدن وەک نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری مرۆیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستنیشانی کرد، بۆ ئەوەی سەرکردایەتیی دیپلۆماسییەتی ئەمریکا بکات لە چارەسەرکردنی قەیرانی مرۆیی لە غەززە.

•  ساتەرفیڵد لە دانوستانە دووقۆڵی و فرەنەتەوەییەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو ئەمانە لەخۆدەگرێت: نەخشەڕێگای ١٩٩٥ بۆ ئاشتیی ئیسرائیل-فەلەستین (لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان)، کشانەوەی هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل لە لوبنان لە ساڵی ٢٠٠٠ و ڕێککەوتنی سنووریی هێڵی شین (لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان)، و ڕێککەوتنی دۆخی هێزەکان لە نێوان ئەمریکا و عێراق لە ساڵی ٢٠٠٨.

• هەماهەنگیکاری وەزارەتی دەرەوە ئەمریكا بووە  بۆ کاروباری عێراق، گەورەترین ستافی ناوخۆیی لە مێژووی وەزارەتەکەدا بەڕێوەبردووە و سەرپەرشتیی چاکسازییە بنەڕەتییەکانی لە خزمەتی دەرەوەدا (Foreign Service) کردووە.

• ساتەرفیڵد براوەی بەرزترین ڕێزلێنانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە کە «خەڵاتی خزمەتی نایابی وەزیری دەرەوە»یە، هەروەها براوەی بەرزترین خەڵاتە بۆ کارگێڕانی باڵای فیدراڵی کە «خەڵاتی پلەی بەرزی فیدراڵی بۆ کارگێڕانی پایەبەرز»ە، لەگەڵ «میدالیای وەزیری بەرگری بۆ خزمەتی مەدەنیی شایستە».

Top