فیستیڤاڵی هەزار دەف تێكەڵكردنی گۆرانیی نیشتمانی، ئایینی و عیرفانی

فیستیڤاڵی هەزار دەف تێكەڵكردنی گۆرانیی نیشتمانی، ئایینی و عیرفانی

گوندی پاڵنگان یەكێكە لە گوندەكانی هەورامانی ژاوەڕۆ كە دەكەوێتە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لەم گوندە جوانەدا لە 20ی 4ی بەهاری ساڵی 2020 بۆ یەكەمینجار فێستیڤاڵێكی كەلتووری بەناوی (هەزار دەف) بەڕێوە چووو، تیایدا هەزار دەفژەن بەشدار بوون بۆ دەفژەنین بە كۆمەڵ، ئەم فێستیڤاڵە سەرنجی هەمووانی ڕاكێشا، بۆیە لەلایەن بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پاڵنگان ناوی هەزار دەف لەسەر بنەمای هەزار دەفژەنی فێستیڤاڵی یەكەم هەڵدەبژێردرێت و ماوەی پێنج ساڵە لە هەمان شوێن و كات و ڕێكەوتدا فێستیڤاڵەكە دووبارە دەكرێتەوە.

فیستیڤاڵی هەزار دەف تێكەڵكردنی گۆرانیی نیشتمانی، ئایینی و عیرفانی

لەنێو دڵی چیای هەورامان و لە باوەشی گوندە مێژوویی و پلیكانییەكەی پاڵنگاندا، ساڵانە بۆنەیەك بەڕێوە دەچێت كە دەنگ و ڕەنگێكی جیاواز دەبەخشێتە سرووشتی ناوچەكە، ئەویش فێستیڤاڵی هەزاردەفە. ئەم فێستیڤاڵە تەنیا كۆبوونەوەیەكی هونەری نییە، بەڵكو سیمفۆنیایەكی ڕۆحانییە كە تێیدا لێدانی هەزاران دەف لەگەڵ زیكر و ستایشی خوداوەند تێكەڵ دەبێت.

گوندی پاڵنگان، بە خانووە بەردینەكانییەوە كە وەك چنراوێك لەسەر شانی یەكدی هەڵچنراون و ڕووباری سیروان بە بناریدا تێدەپەڕێت، باشترین شانۆیە بۆ ئەم بۆنە گەورەیە. مێژووی دێرین و جوگرافیا تایبەتەكەی وای كردووە كە فێستیڤاڵەكە تەنیا گوێگرتن نەبێت لە مۆسیقا، بەڵكو گەشتێك بێت بەنێو مێژوو و جوانیی سرووشتدا. لە ڕۆژی فێستیڤاڵدا، كۆڵانە باریك و سەربانی ماڵەكان دەبنە جێگەی ئامادەبووان و دەفژەنان.

فیستیڤاڵی هەزار دەف تێكەڵكردنی گۆرانیی نیشتمانی، ئایینی و عیرفانی

فێستیڤاڵەكە لەسەر بنەمای ئامێری «دەف» دامەزراوە. لە كەلەپووری كوردیدا، بەتایبەت لەناو عیرفان وتەریقەتی سۆفیگەریدا، دەف تەنیا ئامێرێكی مۆسیقی نییە، بەڵكو ئامرازێكە بۆ گەیشتن بە حاڵەتی ڕۆحانی، نزیكبوونەوە لە خودا و دەربڕینی خۆشەویستی. لە فێستیڤاڵی هەزاردەفدا، كۆبوونەوەی زیاتر لە هەزار دەفژەن لە تەمەن و چینی جیاوازەوە، كە پێكەوە و بە یەك ڕیتم و یەك هەست دەف دەژەنن، هێزێكی ڕۆحیی گەورە دروست دەكات، كە كاریگەرییەكی قووڵ لەسەر ئامادەبووان جێ دەهێڵێت.

فیستیڤاڵی هەزار دەف تێكەڵكردنی گۆرانیی نیشتمانی، ئایینی و عیرفانی

فێستیڤاڵەكە لە وەرزی بەهار و نزیك جەژنی نەورۆز بەڕێوە دەچێت، كە ئەمەش هێمایە بۆنوێبوونەوەی ژیان و سرووشت. ڕێوڕەسمەكە بە كۆبوونەوەی دەفژەنان دەست پێ دەكات، كە زۆربەیان پۆشاكی كوردی و جلوبەرگی سپیی تایبەت بە دروێشەكانیان لەبەردایە. پاشان بە شێوەیەكی ڕێكخراو و بە ڕیتمێكی یەكگرتوو، دەست بە دەفژەنین و وتنەوەی زیكر و قەسیدەی ئایینی دەكەن.

دەنگی یەكگرتووی دەفەكان، لەگەڵ هاواری «اللە» و «یا هوو»، كەشێكی عیرفانیی بێ وێنە دروست دەكات، كە تێیدا هەستە ماددییەكان نامێنن و ڕۆح سەما دەكات. لەم بۆنەیەدا، پیر و گەنج، ژن و پیاو، خەڵكی ناوچەكە و گەشتیاران پێكەوە بەشدارن و هەمووان دەبنە بەشێك لەم ئەزموونە ڕۆحانییە گشتییە.

فیستیڤاڵی هەزار دەف تێكەڵكردنی گۆرانیی نیشتمانی، ئایینی و عیرفانی

فێستیڤاڵی هەزاردەف چەندین ڕەهەندی گرنگی هەیە: پاراستنی كەلەپوور، ناسنامەی كەلتووری، یەكگرتنەوەی كۆمەڵایەتی و گەشتیاران و گۆرانیبێژانی كورد بۆ ئەم مەراسیمە بانگهێشت دەكرێن، بە مەبەستی پێشكەشكردنی گۆرانی بۆ ڕازاندنەوەی كەشی فێستیڤاڵەكە، گۆرانیبێژەكانیش جگە لە گۆرانیی هەڵپەڕكێ، دەبێ بەشێك لە گۆرانییەكانیان «نیشتمانی، ئایینی و عیرفانی» بێت، دواتر گۆرانیبێژەكان چەند گۆرانییەكی خۆیان هەڵدەبژێرن و پێشكەشی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پاڵنگان دەكرێن و دوای قبووڵكردنی گۆرانییەكان، ڕۆژێك پێش ئەنجامدانی فێستیڤاڵەكە ڕیتمی گۆرانییەكان بەسەر هەموو دەفژەنەكاندا دابەش دەكرێن، بۆ ئەوەی شێوازی دەفژەنینیان لەگەڵ ڕیتمی گۆرانییەكاندا بگونجێنن، دواتر گرووپە دەفژەنەكان دیاری دەكرێن و تاكەكانیش بەسەر گرووپەكاندا دابەش دەكرێن، هەر لە هەمان كاتدا هەر گرووپێك شێواز و ڕەنگێكی تایبەت لە جلوبەرگی كوردی هەڵدەبژێرێت، بە ئامانجی تیشك خستنە سەر هەمەجۆریی كەلتووری مۆدەی جلی كوردی لە ڕووی ڕەنگ و دیزاینەوە و خۆیان بۆ ڕۆژی فیستیڤاڵەكە ئامادەدەكەن.

چەندین ساڵە ئەم فێستیڤاڵە لەم گوندە ئەنجام دەدرێت و خەڵكی لە وڵاتانی دراوسێشەوە بەشداریی تێدا دەكەن و ناوبانگێكی زۆری هەیە، تەنانەت لە نێو لیستی بابەتە كەلتورییەكانی ڕێكخراوی یونسكۆشە.

پاڵنگان لە ناوچەی هەورامان و لە نێوان شارەكانی كامیاران و پاوە هەڵكەوتووە، بەپێی دوایین سەرژمێریی گشتی، پاڵنگان نزیكەی ٢٠٠ ماڵە و ژمارەی دانیشتووانی نزیكەی هەزار كەسە.

پاڵنگان لە قەدپاڵی چیایەكی بەرزدا هەڵكەوتووە و خانووەكانی لە بەرزایی و نێو تاشە بەردی چیاكاندا بە شێوازی پلیكانەیی دروست كراون، ڕووباری سیروانیش بە داوێنی گوندەكەدا تێدەپەڕێت.

 ئەم مەراسیمە كە ڕەگ و ڕیشەی لە بیروباوەڕ و نەریتە كۆنەكانی ناوچەكەدا هەیە، بە ئامادەبوونی هونەرمەندە دیارەكانی دەف و گرووپەكانی مۆسیقا، لە كەشێكی ڕۆحی و لە دڵی سرووشتی پاكی پاڵانگەدا بەڕێوە دەچێت.

Top