هونەرمەندی دیاری لوبنانی (زیاد ئەلرەحبانی) كۆچی دوایی كرد
ئەمڕۆ شەممە ڕێكەوتی 26/7/2025 نووسەر و ئاوازدانەر و هونەرمەندی دیاری لوبنانی (زیاد ئەلرەحبانی)لە تەمەنی 69ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.
زیاد ئەلرەحبانی یەكێكە لە نووسەر و هونەرمەندە دیار و بەئەزموونەكانی لوبنان و وڵاتانی عەرەبی,ئەم هونەرمەندە كە دەكاتە كوڕی خانمە هونەرمەندی دیاری لوبنانی (فەیروز),سەرەتا بە نووسینی شیعر هاتە نێو كاری هونەری و دواجار توانی داهێنان و نوێگەڕێتی لە موزیك و شیعری عەرەبی درووست بكات,ئەویش بە نووسینی شیعر و دانانی ئاواز بۆ گۆرانییەكانی (فەیروز)ی دایكی كە دەیان گۆرانی ئامادەكردووە بەشێوەی تاك و هەشت ئەلبۆمی بۆ درووستكردووە لە نێوان ساڵانی 1979 تاوەكو 2010,زیاد ئەلرەحبانی كە شارەزابووە لە دەنگ و موزیك,توانی بۆ شەش فیلمی سینەمایی عەرەبی موزیك ئامادەبكات,هاوكات لە بواری شانۆدا كاری كردووەو ئاوازی بۆ هەشت نمایشی شانۆیی درووستكردووە.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی
