هونەرمەندی عێراقی(ئیبراهیم ئەلسەعید) پێشانگەیەكی تایبەتی شێوەكاری لە هەولێر كردەوە
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر پێشانگەیەكی تایبەتی شێوەكاری بۆ هونەرمەندی عێراقی(ئیبراهیم ئەلسەعید)سازكرد.
پێشانگەكە لە گەلەری میدیا لە شاری هەولێر لەلایەن (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی ژماریەك لە هونەرمەندان و هونەردۆستان كرایەوە,هەروەها لە پێشانگەكەدا هونەرمەندی شێوەكار ژماریەك لە كارە هونەرییەكانی خۆی نمایش كرد كە لە پۆرترێت و تابلۆی شێوەكاری و خۆشنووسی و كاریكاتێر و كۆلاج پێكهاتبوون.
ئیبراهیم سەعید حوسێن ناسراو بە (ئیبراهیم ئەلسەعید)لە ساڵی 1956 لە شاری بەسره لەدایك بووەو لە ئێستادا لە شاری سەماوە نیشتەجێیە,لە ساڵی 1979 ئەكادیمیای هونەرە جوانەكانی تەواو كردووە,یەكێكە لە هونەرمەندە دیارەكانی عێراق و بەشداری لە چەندین پێشانگەی شێوەكاری كردووە لە ناوەوەو دەرەوەی وڵات,ئەم هونەرمەندە كە لە بواری ڕاگەیاندنیش كاری كردووە,بواری هونەری شێوەكاری و وێنەكێشانی بە فراوانی وەرگرتووەو لە بواری كاركاتێر و پۆرترێت و خۆشنووسی و هونەری شێوەكاری و كۆلاج جێ پەنجەی دیارە.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی
