دەوروپشتی بەرژەوەندخواز و دووڕوو مایەی شکستن

دەوروپشتی بەرژەوەندخواز و دووڕوو مایەی شکستن

(مایك موردوك) نوسەری ئەمریكی دەڵێ"پێم بڵێ كەسانی دەوروبەرت كێن، پێت دەڵێم دوای دە ساڵی تر لە كێندەر دەبی".

بێ شك كەسانی دەوروبەری هەر یەكێك لە بەرپرسان و كاربەدەستان كاریگەری ڕاستەوخۆ وگەورەیان هەیە لە سەر ڕۆڵ و هەڵسوكەوت و ڕەفتار و بڕیارەكانی ئەو كەسە، چونكە كەسانی دەوروپشت و نزیك و خۆ تێهەلقورتێنەر لە سەر بابەتەكان كاریگەری ئەرێنی و نەرێنی بەردەوامیان هەیە. هەمیشە كەسانی نەرێنی و ناخ لاواز و قین لە دڵ و دوو ڕوو هەوڵ دەدەن بەكەوتن و داڕمانی ئەوانی تر چ بەرپرسیان بێت یان هاوڕێی كاریان بێت بەردەوام تام و چێژ لەو جۆرە ڕەفتارانە دەبینن، بێگومان ئەو جۆرە كەسانە بە شێوازی جیاواز كاریگەری نەرێنی جێ دەهێڵن چ بە هێنانە پێشی كەسانی لاواز و بودەلە و پابەند بەخۆیان، یانیش ڕێگری كردن لە ئەنجامدانی داهێنان وكاری باش و پێشكەوتوو بە پاساو و بیانووی جۆراوجۆر، یانیش بەكەمكردنەوەی پلە و پایە و توانا و گرینگی ئەوانی تر و بەردەوام هەوڵدان بۆ كات بە فیڕۆدان و بە سەربردنی كاتی فەرمی بە قسە و قسەلۆكی پڕوپووچ و بێ مانا و دوور لە ئەرك و بەرپرسیاریەتی و بەرهەمداری.
توێژنەوەكان دەریانخستووە كەوا ژینگە و دەوروبەر كاریگەری لە سەر كەسایەتی تاك هەیە بە ڕێژەی (50% تا 70%) بگرە زیاتریش بە پێی هەندێك توێژینەوە.
دەگێڕنەوە " بەرێوەبەرێك پرسیاری لە سێ فەرمانبەری فەرمانگەیەك كرد و گوتی ئایا(2+2=5)دوو كۆ دوو دەكاتە پێنج یەكەمیان گوتی بەڵێ مامۆستا دەكاتە پێنج، لە دووەمی پرسی گوتی بەڵێ مامۆستادەكاتە پێنج ئەگەر یەكمان بۆ زیاد كرد، سێیەمیان گوتی نا مامۆستا نەخێر هەڵەیە دەكاتە چوار لە ڕۆژی دواتر فەرمانبەرەكان هاوڕێی سێیەمیان نەدیتەوە لە فەرمانگە دوای پرسیار كردن زانییان كەوا دەستبەرداری بوونە و داوای لێكراوە فەرمانگە جێ بهێڵێ. جێگری بەرێوبەر سەری سوڕما و پرسیاری كرد لە بەرێوەبەر بۆ دەستبەرداری فەرمانبەری سێیەم بوویت، بەرێوەبەر وەڵامی دایەوە و گوتی فەرمانبەری یەكەم درۆزنە و دەزانی كەوا درۆزنەو ئەو جۆرە فەرمانبەرانە پێویستیمان پێیان هەیە. فەرمانبەری دووەم ژیرە وە دەزانی كەوا ژیرە ئەو جۆرە فەرمانبەرانەش پێویستمانە سەرەڕای ئەوەی درۆزنە، ئەوەی سێیەم ڕاستگۆ بوو وە دەزانی كە ڕاستگۆیە ئەو فەرمانبەرانە ماندوومان دەكەن قورسە هەڵسوكەوت كردن لەگەڵیان. لێرەدا بەرێوەبەر لە جێگرەكەی خۆی پرسی ئێستا تۆ پێمبلێ ئایا دوو كۆ دوو دەكاتە پێنج جێگری بەرێوەبەر گوتی مامۆستا گوێ بیستی وتەكەی بەرێزت بووم پەشۆكاوم و ناتوانم شی بكەمەوە هی وەكو من ناتوانن شی كردنەوە بۆ وتەی زانا بكەن. بەرێوەبەر وەڵامی جێگرەكەی دایەوە و گوتی تۆ دووڕووی بۆیە خۆشەویستی ئەوەش داواكراوە.
لە بیرمان نەچێت هەمیشە دەوروپشتی بەرژەوەندخواز و دووڕوو و درۆزن دەبنە مایەی شكست و بەزین و تێكشكانی فەرمانگەكەیان و دواتریش خۆیان بێبەری دەكەن.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top