پڕۆفیسۆر مەوڕا گرۆسمان بۆ گوڵان:   دانانی ستاندەری جیهانی بۆ ڕێگرتن لەسەر دەرهاویشتە نەرێنییەكانی زیرەكیی دەستكرد زۆر ئەستەمە و دەوڵەتان نایانەوێت بوونی هەبێت

پڕۆفیسۆر مەوڕا گرۆسمان بۆ گوڵان:     دانانی ستاندەری جیهانی بۆ ڕێگرتن لەسەر دەرهاویشتە نەرێنییەكانی زیرەكیی دەستكرد زۆر ئەستەمە و دەوڵەتان نایانەوێت بوونی هەبێت

 

 

مەوڕا گرۆسمان، پڕۆفیسۆڕ و توێژەرە لە كۆلێژی زانستی كۆمپیوتەر لە زانكۆی واتەرلۆ، هەروەها پڕۆفیسۆری نیشتەجێیشە لە كۆلێژی ئۆسگود بۆ یاسا لە كەنەدا، هەروەها پارێزە لە بواری دۆزینەوەی ئەلیكترۆنی و ڕاوێژكاری یاسای كۆمپانیا بووە لە نیویۆرك، كاری پارێزەریشی بۆ زیاتر لە 100 كۆمپانیای گەورە لە جیهاندا كردووە. بۆ قسەكردن لەسەر كاریگەرییە نەرێنییەكانی زیرەكیی دەستكرد و پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا لەسەر كۆی سێكتەرە جیاوازەكانی كۆمەڵگە، بەتایبەتی سێكتەرە ژیارییەكانی وەك «تەندروستی، پەروەردە، یاسا، دادپەروەری ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ ئەنجام.

 

* كۆمپانیای گوگڵ و كۆمپانیا گەورەكانی دیكە هەندێك سیستمی زیرەكیی دەستكرد وەك «NotebookLM، AlphaGenome» بەكاردەهێنن بۆ پشتگیریی توێژینەوەی زانستی و هەروەها شرۆڤەكردنی جینیۆم «genome»ی مرۆڤ، پرسیار ئەوەیە بە تێكەڵبوونی قووڵی زیرەكیی دەستكرد لە بوارە ژیارییەكانی چاودێریی تەندروستی و خوێندن، ئایا ئەو پێوەرە یاسایی و پڕۆتۆكۆڵییانە چین بۆ ئەزموونی كردنی سەلامەتی و وردیی ئاكامی ئەم ئامرازانە و بەكارهێنیان بە شێوەیەكی بەرپرسیارانە؟

- لەگەڵ هاتنەناوەی سیستمەكانی زیرەكیی دەستكرد، وەك «NotebookLM» و «AlphaGenome»، بۆ هەر دوو بواری ژیاریی چاودێریی تەندروستی و توێژێنەوەی كە دەتوانن ڕۆڵی گرنگی تێدا بگێڕین، ئەوا دەبێت ئەو قۆناغە تێپەڕێنن كە زیرەكیی دەستكرد سێكتەری تەكنەلۆژی بە شێوەی سەرەخۆ « self-regulation» ڕێك بخاتەوە. دەبێت ئم ئامڕازانە بخرێنە چوارچێوەی پێوەرە پڕۆتۆكۆڵییەكان و زۆر بە وردی و توندی تاقی بكرێنەوە، بە هاوشێوەیەی ئەو سیستمانەی زیرەكیی دەستكرد كە لە دروستكردنی دەرماندا بەكار دەهێندرێن، كە ئاكامی دەرمانە بە پشتڕاستكردنەوەی فرەقۆناغی، پێداچوونەوەی كلینیكی (پزیشكی)، شەفافییەت دەربارەی داتاكانی ڕاهێنانیان و سنوورداریەتی بەكارهێنانی ئەو داتایانەش لەخۆی دەگرێت. هەر بۆیە پێویستە دەستەیەكی چاودێریی سەربەخۆ كە باشترە پسپۆڕانی فرە تایبەتمەند لە بواری زیرەكیی دەستكرد، كەسانی پسپۆڕی سیسیۆلۆژی و ئاكارناسی و پزیشكی لەخۆ بگرێت، ئەم لێژنەیە پێش ئەوەی ئەم سیستمانە بەكار بهێنرێت، یان بە شێوەیەكی فراوان بڵاو بكرێنەوە، گرنگە وردبینیی سەلامەتیی ئەم سیستمانە گەرەنتی بكەن و پاشان پەسندی بكەن و ڕێگەی پێبدەن بە فراوانی بەكار بهێنرێن. لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە دەبێت پێوەری یاسایی هەبێت، كە بەرچاوڕوونیی بەكارهێنەر «explainability» لەلایەن كۆمپانیاكانەوە دەستەبەر بكەن، بۆ ئەوەی بەكارهێنەرانی ئەم سیستمە وەك «نەخۆش، پزیشك، پەروەردەكان» بتوانن لەو ئاكام و دەرەنجامانە تێبگەن و بتوانن پرسیار لەسەر ئەو ئاكامانە دروست بكەن، یان ڕەخنەیان لێ بگرن، كەواتە بەبێ جێبەجێكردنی میكانیزمی لێپرسینەوە، ئێمە ڕووبەڕووی مەترسییەكی گەورەی تێكەڵكردنی ئەم سیستمانەی زیرەكیی دەستكرد دەبینەوە، كە نازانین چۆن كاردەكەن، بەتایبەتی لەو بوارانەی كە تایبەتن بە نەخۆش و دروستكردنی دەرمان كە پرسی ژیان و مردنە.

* خاوەنی ئەزموونێكی گەورەی لە بواری مافەكانی «موڵكداریەتیی فیكری و دۆزینەوەی ئەلكترۆنی»، بۆیە ئێمە وەك ڕۆژنامەنووس و میدیاكاران بایەخێكی زۆر بە بۆچوونەكانت دەدەین. لە ئێستادا گەلێك لە نووسەر و چاپخانە سەربەخۆكان و ئاژانسەكانی هەواڵ، گازندەی ئەوە دەكەن كە سیستمەكانی زیرەكیی دەستكرد دووبارە بەرهەمەكانی ئەوان دادەڕێژێتەوە و بەرهەمێكی دیكەی لێ دروست دەكات، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی مافی موڵكداریەتی فیكری خاوەنەكەی بكات. ئایا تاچەند ئەم دیاردەیە ناوەڕۆكی مافی موڵكداریەتیی فیكری بەتاڵ كردووەتەوە؟

- سەبارەت بە دووبارە داڕشتنەوەی بەرهەمە ڕۆژنامەنووسییەكان لەلایەن سیستمی زیرەكیی دەستكردی بەرهەمێنەوە «Ai generative»، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە سەرچاوەكە بكرێت، یان هیچ قەربوویەكی خاوەنەكەی بكاتەوە، ئەمە كەلێن و مەترسییەكی بەرچاوی لەسەر یاسای مافی خاوەنداریەتیی فیكری دروست كردووە. لەم یاسایەدا ماددەیەك هەیە سەبارەت بە بەكارهێنانی دادپەروەرانە «Fair Ues» بۆ مرۆڤ، بەڵام ئەم یاسایە ئامێرەكانی تەكنەلۆژیا ناگرێتەوە و هەتا ئێستاش هیچ پێوەر و یاسایەك دانەنراوە كە بە دروستی تەكنەلۆژیای زیرەكیی دەستكرد پابەند بكات، بەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ دووبارە بەكارهێنانەوەی بەرهەمە فیكری و ڕۆژنامەوانییەكان بكات. هەرچەندە دەكرێت هەندێك لە بڕگە و ماددەكانی یاسای مافی چاپ «Copyright» فراوان بكرێت، بەڵام بە قەناعەتی من لە ئێستادا پێویستمان بە چوارچێوەی یاسای نوێ هەیە، بۆ ئەوەی بتوانین مامەڵە لەگەڵ سیستمەكانی زیرەكیی دەستكرد بكەین، لەوانەیە گەڕانەوە بۆ چەمكی مافی «بێهاوتای نموونەیی - sui generis right» كە لە چوارچێوەی ئەم مافەدا دەتوانرێت بە دیاریكراوی مامەڵە لەگەڵ ناوەڕۆكی داهێنەرانە بكات و بە چ مەرجێك ڕێگەی پێ دەدرێت ئەم ناوەڕۆكە داهێنەرانەی لە ڕاهێنان و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی زیرەكیی دەستكردە بەكار بهێنرێتەوە.

دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوە، بەتایبەتی وەك دامەزراوە گەورەكانی میدیا و چاپخانە سەربەخۆكان، پێویستە میكانیزمێكی گونجاو بۆ پاراستن و شێوازێكی یاسایی بۆ دابەشكردن و بەڕێوەبردنی داهاتەكانیان ڕێك بخرێت، ئەگینا، مەترسیی ئەوە هەیە، بارودۆخێكی ئابووریی ئەوتۆ بێتە ئاراوە، كە تیایدا پێگە و ناوەڕۆكی بەرهەمە هزرییەكان لەلایەن هەمان ئەو ئامرازانەوە لاواز بكرێت، كە دەبنە مشەخۆر لەسەر بەرهەمە هزرییەكانەوە.

* لووتكەی داهاتووی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) بە ناونیشانی «زیرەكیی دەستكرد بۆ بەرژەوەندیی هەمیشەی مرۆڤ» (AI for Good)، ئایا چاوەڕوان دەكرێت ستانداردی نوێی جیهانی بۆ بەكارهێنانی زیرەكیی دەستكرد لە بواری چاودێریی تەندروستیدا بخاتەڕوو؟ ئێمە بە پەرۆشین بۆچوونی ئێوە لەسەر ئەم هەوڵە بزانین. هەروەها ئایا بەڕێوەبردنی گلۆباڵیی تەندروستی لەلایەن زیرەكیی دەستكردەوە بە واقیعی دەبێت، بەتایبەتی كە دەبینین یاساكانی تایبەتمەندی (Privacy) و بەرپرسیارێتیی یاسایی (Liability) هێشتا لە نێوان وڵاتاندا زۆر پەرتەوازە و نایەكگرتوون؟

- سەبارەت بە حوكمڕانیی گلۆباڵی زیرەكیی دەستكرد لە بواری تەندروستیدا و لووتكەی «زیرەكیی دەستكرد بۆ چاكە»ی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی، بێگومان ئەم دەستپێشخەرییە هەنگاوێكی دروستە، بەڵام ڕێككەوتن لەسەر ستانداردە جیهانییە ڕاستەقینەكان بۆ زیرەكیی دەستكرد لە بواری چاودێریی تەندروستیدا ئەركێكی گرانە. كێشەكە دوو لایەنەیە، یەكەم: یاساكانی پاراستنی نهێنیی داتا و بەرپرسیارێتیی یاسایی لە وڵاتێكەوە بۆ ئەوی دی زۆر جیاوازن. دووەم: تەنانەت لەنێو ئەو وڵاتانەش كە بۆچوونی هاوبەشیان هەیە، توانای جێبەجێكردنی یاساكان یەكگرتوو و جێگیر نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر دەست بە دانانی بنەمایەكی سەرەتاییش بكەین، كە ئومێدی پێشكەوتن لەم بوارە بێتە ئاراوە، لەوانەیە بە هاوشێوەی یاسای گشتیی پاراستنی داتا (GDPR) كە ئێستا لەسەر ئاستی ئەوروپا پیادە دەكرێت، وڵاتانی دیكەش بتوانن پەرەی پێ بدەن و كاری بونیادیی لەسەر بكەن. ئەم ستانداردانە دەبێت ئەم خاڵانە لەخۆ بگرن: ڕەزامەندیی پێشوەختە، شایەنی ڕوونكردنەوە بوون (explain ability)، پشتڕاستكردنەوەی كلینیكی، هەروەها دڵنیایی دژی جیاكاریی ئەلگۆریزمی.

بۆ ئەوەی ستاندارەكان كاریگەریی ڕاستەقینەیان هەبێت، پێویستە هەر مۆدێلێكی حوكمڕانیی گلۆباڵی بۆ سێكتەری تەندروستی، دەنگی وڵاتانی باشووری جیهانیش (هەژارەكان) لەخۆ بگرێت، تا دڵنیا ببینەوە كە سیاسەتەكان دادپەروەرانەن، نەك تەنیا مۆدێلێكی هاوردەكراوی وڵاتە دەوڵەمەندەكان بن.

* زۆرێك لە سیستەمەكانی زیرەكیی دەستكردی ئێستای جیهان، شێوەیەكی سەرەكی لەسەر داتای زمانی ئینگلیزی و ڕۆژئاوا ڕادەهێنرێن، كە زۆرجار ئەو داتایانە ڕەنگدانەوەی واقیعەكانی وڵاتانی باشووری گۆی زەوی نییە. ئایا وڵاتانی وەك ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چۆن دەتوانن گەرەنتیی ئەوە بكەن، كە ئەو ئامرازانەی زیرەكیی دەستكرد كە لە بوارەكانی وەك «تەندروستی، یاسا و پەروەردەدا» بەكار دەهێنرێن، لە ڕووی فەرهەنگی و زمانییەوە بۆ كۆمەڵگەكانیان گونجاون؟

- سەبارەت بە شێوازی ڕاهێنانەكانی سیستمەكانی زیرەكیی دەستكرد لەسەر زمانی ئینگلیزی و كەلتووری ڕۆژئاوایی، یەكێك لە پشتگوێخراوترین شێوازەكانی لایەنگریی ئەلگۆریتمی، دوورخستنەوەی كەلتووری و زمانییە. هەر بۆیە كاتێك سیستەمەكانی زیرەكیی دەستكرد (AI) زیاتر لەسەر داتای ڕۆژئاوایی و زمانی ئینگلیزی ڕادەهێنرێن، زۆر جار دەرەنجامەكانیان لە ڕەنگدانەوەی ژیانی واقیعیی ئەو كۆمەڵگەیانەی لە باشووری جیهان دەژین، شكست دەهێنن. بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەمە، پێویستە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەبەرهێنان لە ژێرخانی داتابێسی ناوخۆیی بكەن، كە داتابێسی كراوە (open datasets) بە زمان و شێوەزارە هەرێمییەكان لەخۆ بگرێت. بێگومان هاوبەشیی كەرتی گشتی و تایبەت دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دابینكردنی بوودجە بۆ دروستكردنی مۆدێلی تایبەتمەند بە بوارە دیاریكراوەكان، بەتایبەتی لە بواری تەندروستی و پەروەردەدا. هەروەها، زۆر گرنگە كە دەستە ڕێكخەرە ناوخۆییەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، بەشداری بكەن لە پرۆسەی كڕین و هەڵسەنگاندنی زیرەكیی دەستكرددا، تاوەكو سیستەمەكان تەنیا هاوردە نەكرێن، بەڵكو بە شێوەیەكی ژیرانە بگونجێنرێن. لەخۆگرتن و بەشداریپێكردن لە قۆناغی ڕاهێنانەوە دەست پێدەكات، نەك دوای بەكارهێنانی سیستمەكانی زیرەكیی دەستكرد.

* ڕێككەوتننامەكەی ئەم دواییەی یەكگرتنی هەردوو سەندیكای سكرینی هاوشێوە «SAG-AFTRA» لە ئەمریكا، پارێزبەندییەكی گەورەی بۆ دەنگی ئەكتەرەكان دابین كردووە، دژی خراپ بەكارهێنانانەوەی شێوە و داتای بایۆمەترییان لەلایەن سیستەمەكانی زیرەكیی دەستكردەوە. بەڵام لە زۆر ناوچەی جیهاندا — كە ناوچەكەی ئێمەش دەگرێتەوە — هێشتا پارێزگاریی یاسایی زۆر كەم بوونی هەیە. ئایا وڵاتانی تازەپێگەیشتوو دەتوانن چ هەنگاوێك بگرنەبەر ئەوجا ئەو ڕێگایە «یاسایی، سیاسی، یان هۆشیاركردنەوەی گشتی» بێت، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە هاووڵاتییانیان بكەن لەوەی كە دەنگ، ڕوخسار، یان داتای كەسییان لەلایەن زیرەكیی دەستكردەوە بەبێ ڕەزامەندیی خۆیان بەكار نەهێنرێت، یان بۆ قازانجی دارایی سوودی لێ وەرنەگیرێت؟

- سەبارەت بە پاراستنی داتای بایۆمەتری لە وڵاتانێكدا كە پارێزگاریی یاساییان لاوازە زۆر مەترسیدارە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە داتای بایۆمەتری وەك «ڕوخسار، دەنگ و پەنجەمۆر» زانیاریی گەلێكی بێهاوتا هەستیارن و بەهیچ شتێكی دیكە بەراورد ناكرێت. كاتێك دزەیان پێ كرا، یان كەوتنە بەر مەترسی، زۆرجار زیانەكەی قەرەبوو ناكرێتەوە. پێویستە وڵاتانی تازە پێگەیشتوو پێشوەختە گرنگیی بدەن بە دەركردنی یاساكانی پاراستنی داتا و بەتایبەتی تەكنەلۆژیاكانی بایۆمەتری و ناسینەوەی ڕوخسار ڕێك بخەن. تەنانەت ئەگەر ئەم پڕۆژەیە پێویستی بە دەركردنی یاسایەكی گشتگیریش بێت بۆ زیرەكیی دەستكرد. هەروەها داڕشتنی سیاسەتی قۆناغیی و هەڵمەتەكانی هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە، دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەی دزینی داتا بایۆمەترییەكان سنووردار بكرێن. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هاوكاریی و هەماهەنگی لەسەر ئاستی هەرێمی كە ڕەنگە لەسەر شێوازی ڕێنماییەكانی پاراستنی داتا لە ڕێكخراوی یەكێتیی ئەفریقا، بتوانرێت بەرەیەكی یەكگرتوو پێك بهێنێت بۆ دانوستان لەگەڵ كۆمپانیا تەكنەلۆژییە فرەنەتەوەییەكان. كۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاش ڕۆڵێكی گرنگیان هەیە، لە ڕێگەی بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیارییەوە، دەتوانن داواكاری گشتی بۆ چاكسازیی یاسایی دروست بكەن و فشار بخەنە سەر كۆمپانیاكان تا پابەندی بنەما ئەخلاقییەكان بن.

* ڕۆژانە دەبینین كە چۆن زیرەكیی دەستكرد ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر لە ململانێ توندەكاندا بەكار دەهێنرێت، ئەوجا ئەمە بە ڕێگەی چەواشەكاریی قووڵ «Deepfakes» یان هەڵمەتی درۆنەكان كە ئەم ئامرازانە زۆر بە ئاسانی لە ناوچەیەكی پڕ كێشەی وەك ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن میلیشیا و كاراكتەرە غەیرە دەوڵەتییەكان بەكار دەهێنرێن. ئایا چ جۆرە چوارچێوەیەكی یاسایی نێودەوڵەتی، یان هەماهەنگیی نێودەوڵەتیی بەپەلە پێویستە، بۆ ئەوەی ڕێگری بكرێت لەوەی زیرەكیی دەستكرد ببێتە هۆی پەرەسەندنی ململانێكان، یان بە شێوەیەك بەكار بهێنرێت، كە سەقامگیریی ئەو ناوچانەی پێ تێك بدرێت، كە خۆیان لە بنەڕەتدا ناسەقامگیرن؟

- گومان لەوەدا نییە، بەكارهێنانی زیرەكیی دەستكرد لە ناوچانەی شەڕ و ململانێی توندیان تێدایە، پێویستیی بە ڕێكخستنی نێودەوڵەتی هەیە. بەكارهێنانی زیرەكیی دەستكرد وەك چەك لەم شەڕ و كێشانەدا بە ڕێگەی چەواشەكاریی قووڵ «Deepfake» بە دروستكردنی « وێنە و ڤیدیۆی ساختە، بەكارهێنانی فڕۆكەی درۆن، یان دروستكردنی زانیاریی چەواشەكارانە بە ڕێگەی سیستمی ئەلیكترۆنی «bot-driven disinformation» و بڵاوكردنەوەیان، مەترسییەكی گەورە لەناو ناوچەیەكی پڕ كێشەی وەك ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەكات. ئالنگاریی سەرەكیی لە ئێستادا ئەوەیە كە یاسای نێودەوڵەتیی ئێستا، (بە ڕێككەوتننامەكانی جنێڤ)یشەوە، بە شێوەیەكی بەرچاو لەدوای پێشكەوتنە خێراكانی تەكنەلۆژیاوەیە. ئەوەی وەك پێویستییەكی بەپەلە بیگرنە بەر، دەبێت ئەم تەكنەلۆژیایە بخرێتە ناو چوارچێوەیەكی نێودەوڵەتی كە هەموو لایەك پێوەی پابەند بن. دەكرێت ئەم چوارچێوە نێودەوڵەتییە بە چاودێریی نەتەوەیە یەكگرتووەكان، یان ڕێكخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی ڕوون و ئاشكرا مامەڵە لەگەڵ پرسی بەكارهێنانی زیرەكیی دەستكرد لە بواری جەنگدا بكات. پێویستە ئەم چوارچێوەیە قەدەغەكردن، یان كۆنترۆڵی توند لەسەر چەكە خۆكارەكان، دانانی مەرج بۆ چاودێریی مرۆیی لە بڕیاردانە كوشندەكاندا، هەروەها میكانیزمەكانی لێپرسینەوە بۆ هەردوو ئەكتەری دەوڵەتی و نادەوڵەتی لەخۆ بگرێت. بەبێ بوونی ئەم جۆرە پێوەرانە، مەترسیی ئەوە هەیە، زیرەكیی دەستكرد ببێتە هۆكارێكی نوێ بۆ دروستكردنی پشێوی و ئاڵۆزی لەو ژینگە جیۆپۆلەتیكییانەی كە لە بنەڕەتدا ناسك و هەستیارن.

Top