نایلە ئەلخاجە بۆ گوڵان:سینەمای كوردی لە هەناوی پێویستیدا لەدایك بووە،بەڵام پێویستی بە پاڵپشتیی زیاترە

نایلە ئەلخاجە بۆ گوڵان:سینەمای كوردی لە هەناوی پێویستیدا لەدایك بووە،بەڵام پێویستی بە پاڵپشتیی زیاترە

نایلە ئەلخاجە دەرهێنەر و سیناریۆنووسێكی ئیماراتییە و ناوەكەی لە جیهانی سینەمای عەرەبیدا درەوشایەوە، یەكەم ئافرەتی ئیماراتییە كە هاتووەتە ناو بواری فیلمسازییەوە. بابەت و پرسە مرۆیی و كۆمەڵایەتی جێی مشتومڕەكانی نێو كۆمەڵگەكەی خستووەتە ڕوو، بەڵام بە سووربوونی لەسەر كار و بوێریی لە دەربڕیندا جیا دەكرێتەوە لە ڕێگەی ئەو بەڵگەفیلم دۆكیومێنتارییـانەی كە ئامادەی كردوون. نایلەر پێش ئەوەی ببێتە پیشەگەر كامێراكەی لە خزمەتی مرۆڤایەتیدا چەسپاندبوو. وێنەگرتن لای ئەو پەیامێكە پێش ئەوەی پیشەیەك بێت.

حەزی لە وێنەكێشانە و بە كێشانی وێنەی زەیتی لەسەر قوماشی كانڤاس دەستی پێكرد، دوای ئەوە پێشانگایەكی هونەریی كردەوە و ئەمەش شتێكە كە زۆر كەس نایزانن. پسپۆڕییەكەی هونەرە جوانەكان بوو، كاتێك تەمەنی بیست و یەك ساڵ بوو، چووەتە نێو جیهانی هونەری حەوتەم.

*سەرەتاكانت لە نێو بواری سینەمادا چۆن بووە؟

-من لە خێزانێكی هەڵوەشاوەوە هاتوومەتە نێو بواری سینەما، تەمەنم حەوت ساڵ بوو كە دایك و باوكم جیابوونەوە، من لەگەڵ دایكم دەژیام كە دوو دەوام كاری دەكرد بۆ ئەوەی بژێویمان دابین بكات. لەوێدا بە چاوی خۆم قوربانیدانی دایك و گەورەیی دایكایەتیم بینی. پەیوەندیم لەگەڵ باوكم باشە، بەڵام سەردەمی جیابوونەوەكە و ساڵانی دواتر قۆناغێكی سەخت بوو بۆ من، چونكە بێبەش بووم لە سۆز و بوونی باوك لە ژیانمدا، هەموو ئەم هێڵ و تایبەتمەندییانە لە فیلمەكانمدا هەن، چونكە من لە جیهانێكدا پێگەیشتم كە پڕ بوو لە دژیەكی لە نێوان پابەندبوون تا ئاستی توندڕەوی و كرانەوەیەكی گەورە و جیاوازیی نێوان قوتابخانە فیكرییەكان، كە زۆرێك لە ڕێڕەوی فیلمەكانمیان پێك هێناوە.

نایلە ئەلخاجە بۆ گوڵان:سینەمای كوردی لە هەناوی پێویستیدا لەدایك بووە،بەڵام پێویستی بە پاڵپشتیی زیاترە

*ئایا دەرهێنەر دەتوانێت بەشێك لە ژیانی خۆی بخاتە ناو كارەكانییەوە؟

-هەر فیلمێكم خۆی لە خۆیدا وەك پرۆسەی گەڕانە بەدوای چارەسەری بابەتێكی دیاریكراودا، چونكە هەستەكانی خۆمی تێدا باس دەكەم و بە شێوەیەكی داهێنەرانە دەیانخەمە ڕوو. ئەم ڕێگەیەش زۆر شتی كۆنی گیرخواردووی ناخم چارەسەر دەكات و لە ناخمەوە دێنە دەرەوە و منیش لە ڕووی دەروونییەوە ئارام دەبمەوە. وەك مۆسیقا و وێنەكێشان و هەر جۆرێكی دیكەی دەربڕینی دەروونی، هونەر ڕێگەیەكە بۆ چارەسەر.

*سینەما چ پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆی بە واقیعەوە هەیە؟

-هیچ واقیعێكی گواستراوە نییە، بەڵكو هەمیشە هەر فیلمێك تێڕوانینی دەرهێنەر یان پڕوپاگەندەیەكی دیاریكراو یان ئەجێندایەك وەردەگرێت. مەحاڵە تێڕوانینێكی پوخت هەبێت، مەگەر كامێرایەك هەڵبگرم و دیمەنێكی ڕووداوی بەردەمم وەك خۆی وێنە بگرم بەبێ هیچ «بڕینێك». تەنانەت ئەم دیمەنەش، بینەر لەوانەیە بەپێی بیرۆكە و باوەڕی خۆی شیكاری بۆ بكات. وەك دەرهێنەرێك، لە ڕێگەی شێوازی دەرهێنان و عەدەسەی كامێرا و نوواندنی ئەكتەرەكانەوە من ستایلی خۆمم هەیە لە فیلمەكاندا، بە جۆرێك كە خزمەت بەو پەیامە بكات كە دەمەوێت بیگەینم.

*چۆن وزە دەدەیتە بەر خۆت بۆ ئەوەی بەردەوام بیت؟

-بە خۆم دەڵێم كە تاك نابێت نائومێد بێت و دەبێت بەردەوام بێت. سەركەوتن سەختە، بەڵام سەختتر لێی بەردەوامبوونە، ئەمە ئامۆژگارییەكە بۆ هەمووان و هیوادارم سینەما ببێتە بوارێكی زیندوو بۆ ئافرەتان و یەكێك لە بوارە ئابوورییەكانی دەوڵەت.

*ئایا وەك ئافرەتە سینەماكارێك كاریگەریی خۆت هەیە؟

-ناساندنم وەك بەشێك لە 50 بەهێزترین ئافرەتە عەرەبەكان لە ساڵی 2012 دیارە زۆر هاندەرە، ئەوە وزەیەكی گەورەی پێ بەخشیم، بەڵام بەرپرسیارێتییەكی گەورەش دەخاتە سەر شانم، واتە دەبێت بەردەوام بم لە پاڵنانی توندتر و بگەمە ئاستی بەرزتر، دڵنیا دەبمەوە لەوەی كە ڕێز لە كارەكانم دەگرم و كوالیتیترین كار بەرهەم دەهێنم. خۆشە بزانم كەمێك گۆڕانكاری لە ژیانی هەندێك كەسدا دروست دەكەم و هیوادارم وەك تیمێك جیاوازی دروست بكەین لەسەر ئاستێكی گەورەتر.

*چ ئامۆژگارییەكت هەیە بۆ ئەو كەسانەی كە تازە دەستیان بە فیلمسازی كردووە؟

-پێیان دەڵێم بێگومان كەسانێك دەبن كە شەڕت لەگەڵدا بكەن، یان دژایەتیت دەكەن، هەروەها كەسانێك ژیانت قورستر دەكەن، بەڵام ئەوە تەحەددایە كە دەهێڵێتەوە و هەمیشە دەتپارێزێت لە داهێنان و تاقیكردنەوەی شتی نوێ لە ژیاندا.

*چ زانیارییەكت هەیە دەربارەی سینەمای كوردی؟

-سینەمای كوردی وەك تەنیا كۆمەڵێك فیلم سەیری ناكەم، هەست دەكەم لە هەناوی پێویستیدا لەدایك بووە، هەر ئەمەش ڕاستگۆییەكی برینداركەر و كاریگەری پێ دەبەخشێت. بەپێی زانیارییەكانم لە سینەمای كوردیدا چیرۆكەكان زۆریان ڕاستەقینەن، زۆرجار ئەكتەرەكان خۆیان خاوەنی چیرۆكەكەن، ئەمەش هەستێكی وات پێ دەبەخشێت كە سەیری فیلم ناكەیت، بەڵكو چاوت بڕیوەتە پارچەیەك لە واقیع. بەڵام بێگومان، ڕێگەكە ئاسان نییە. گەورەترین كێشە هەمیشە پاڵپشتییە، بەڵام حەز دەكەم چیرۆكی زیاتر ببینم دەربارەی ژیانی ڕۆژانە، دەربارەی خۆشەویستی، كۆمیدیا و كێشە ئاساییەكان، تا لە نزیكەوە زیاتر ئاگادار بم.

Top