پەریا ئەسەدی بۆ گوڵان:خۆم سپۆنسەری بەرهەمەكانم دەكەم
دوای ١٩ ساڵ ژیان لە غوربەت، دەنگی كچێكی مەریوانی لە غەریبییەوە دەگەڕێتەوە نێو دڵی هونەری كوردی. پەریا ئەسەدی ئەو خانمە گۆرانیبێژەی كە خەونی منداڵیی لەگەڵ خۆیدا بۆ هەندەران برد، ئێستا بڕیاری داوە ئەو خەونە بكات بە ڕاستی و هەنگاو بۆ دنیای گۆرانیگوتن بنێت. بۆ زیاتر ئاشنابوون بە چیرۆكی ئەو و پاڵنەرەكانی، ئەم چاوپێكەوتنەمان لەگەڵیدا ساز كرد.
*چی وای كرد ڕوو لە گۆرانیگوتن بكەیت؟
-گۆرانیگوتن تا ڕاددەیەك جیاوازە لە ژانرەكانی دیكە، چونكە دەبێ بەهرەی دەنگخۆشیت هەبێت، هەروەها حەز و ئارەزووشت بۆ هونەر هەبێت، من هەر لە منداڵییەوە عاشقی هونەر بووم، زۆر گوێم لە دەنگی هونەرمەندە نەمرەكان دەگرت، بۆ ئەوەی بتوانم سوودیان لێ وەربگرم و لەسەر ئەم ڕێچكەیە بەردەوام بووم، تا گەیشتم بەم ڕۆژە و خۆم لە ناو هونەری گۆرانیدا دۆزییەوە.
*كاركردن لە بواری هونەریدا سەختە یان ئاسانە؟
-وەك پێشتر ئاماژەم پێ كرد، من خۆم حەزێكی زۆرم بۆ هونەر هەیە، ئەگەر نا بێگومان كاركردن لە بواری هونەریدا سەختە، بەتایبەتی لە كۆمەڵگەیەكی هاوشێوەی خۆماندا.
*جگە لە حەز و ئارەزوو چ شتێكی دی وایكرد گۆرانی بڵێیت؟
-یەكێك لە ئاواتەكانم ئەوە بوو ببم بە گۆرانیبێژ، چونكە خۆیشم لە دەرەوەی وڵاتم، بۆیە بەشێكیش غەریبی وای لێكردم ببم بە گۆرانیبێژ .
*ئامادەی بۆ قوربانیدان لە پێناو هونەردا؟
-ئەوەی بێتە نێو بواری هونەر پێشتر دەبێ ئەوە بزانێت كە ئەم بوارە قوربانیدانی زۆری دەوێ، بەتایبەتی بۆ ئافرەتان لە كۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەكاندا بە گشتی، بۆیە دەڵێم بەڵێ خۆم داناوە بۆ لەدەستدانی كۆمەڵێك شت.
*پێت وایە بتوانی لە ڕێگەی هونەرەوە بژێوی ژیانت پەیدا بكەیت یان ببیت بە خاوەن سەروەت و سامانێكی زۆر؟
-من عاشقی هونەر و گۆرانیگوتنم، كاتێكیش دەستم بە كاری هونەری كرد، بیرم لەوە نەدەكردەوە بتوانم لە ڕێگەی هونەرەوە دەوڵەمەند بم، وەك زۆربەی ئەو كەسانەی ئاوارە بوون و لە غەریبیدا دەژین، من قۆناغە جۆراوجۆرەكانی ژیانم بینیوە، هەژاری و دەوڵەمەندی و ژیانی مامناوەندیم بینیوە، ئێستاش كەسێكی دەوڵەمەند نیم، بەڵام چاوم لە پارەی هونەر نییە و خۆم سپۆنسەری بەرهەمەكانی خۆم دەكەم، تەنیا حەز دەكەم كاتێك مردم ناوبانگم هەبێت.
*كە دەستت بە كاری هونەری گۆرانیگوتن كرد كەسێك هەبوو كە ئامۆژگارییەكی دیاریكراوی كردبیت؟
-بێگومان زۆر كەس هەبوون كە باسی مەترسییەكانی ژیانی هونەرییان بۆ كردم، بەتایبەتی هاوڕێكانم پێیان گوتم تێكەڵی هونەر مەبە، هونەر سەختە و ناتگەیەنێت بەهیچ، بەڵام من مكوڕ بووم لەسەر هێنانەدیی ئاواتەكەم كە ئەویش هاتنە نێو بواری هونەرە بە هەموو سەختییەكانیەوە، بۆیە گوێم بە هیچێك لەو قسانە نەدا، ئەوەی لای من گرنگ بوو ڕەزامەندیی خانەوادەكەم بوو، كاتێك ئەوان ڕێگرییان نەكرد ئینجا دەستم بە كاری هونەری كرد و هاتمە نێو دنیای هونەر، هەوڵ دەدەم لەو بوارەدا سەركەوتوو بم و ئاواتەكانم بهێنمە دی.
*غوربەت چ كاریگەرییەكی لەسەر ژیانت هەبووە وەك هونەرمەندێك؟
-غوربەت بۆ هونەرمەند وەك ئەوە وایە ڕەگ و ڕیشەی لە خاك هەڵبكێشرێت و لە شوێنێكی دیكە و لە ژینگەیەكی نامۆدا بچێندرێتەوە.
ئەم تەنیایی و نامۆبوونە دەتوانێت هونەرمەند بخاتە ناو قەفەسێكی زێڕینی یادگارییەوە، بەردەوام لە ڕابردوودا دەژی و حەسرەتی ئەو شتانە دەكێشێت كە لەدەستی داون، ئەمەش مەترسیدارترین شتە، چونكە دەتوانێت چرای داهێنانی تێدا بكوژێنێتەوە.
غوربەت تاقیكردنەوەیەكی سەختە، بەڵام هونەرمەندی ڕاستەقینە ئەو كەسەیە كە دەزانێت چۆن لە تاریكیی برینەكەیەوە، ڕووناكییەك بۆ خۆی و بۆ دنیا دروست بكات. ئەزموونی نامۆیی خۆی دەكات بە چیرۆكێك كە هەموو مرۆڤێكی سەر ئەم زەوییە لێی تێبگات.
