ئەندازیار ئیحسان ئەحمەد: دانانی كامێرای خاڵ بۆ خاڵ (پۆینت توو پۆینت) شتێكی زۆر باشە و كۆنتڕۆڵی كەمكردنەوەی ڕووداوەكانی هاتوچۆ دەكات

ئەندازیار ئیحسان ئەحمەد:  دانانی كامێرای خاڵ بۆ خاڵ (پۆینت توو پۆینت) شتێكی زۆر باشە و كۆنتڕۆڵی كەمكردنەوەی ڕووداوەكانی هاتوچۆ دەكات

 

 

 ڕێگاوبانەكان بە شادەمار و دەمارە خوێنبەرەكانی دەوڵەت دادەنرێن و هەموو وڵاتەكە و هەرێمەكە پێكەوە دەبەستنەوە. لەم سەردەمەشدا ڕێگاوبانەكان لەبەر گرنگی و پێداویستییەكی ستراتیژیی لە ڕیزبەندی پێشەوەی بەرنامە و كاری دەوڵەتەكان دادەنرێت، لەبەر ئەمەشە لەم دواییانەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگییەكی زۆری بە ڕێگاوبانەكان داوە و بەپێی ستاندارە جیهانییەكان دروست دەكرێن، ئەمەش جێگای دەستخۆشییە، خۆ ئەگەر هەندێك پێشنیار و ڕەخنەش لەم بارەیەوە هەبێت، ئەوا لەو ڕوانگەیەوە دێت، كە تادێت ستاندار و كوالێتی و مواسەفاتی ڕێگاوبانەكان لە گۆڕانكاریی و پێشكەوتنی بەردەوامدا بن، بۆ نموونە ئەگەر باسێكی ڕێگەی دهۆك – زاخۆ بكەین، لە جیاتی یو-تێرن دەكرا، پردی پەڕینەوە (ئۆڤەرپاس) هەبووایە، بەمەش پاراستنی دەوروبەری ڕێگاكە و تەلبەندكردنی دەبووە ڕێگاگرتن لە هاتنی ئاژەڵان بۆ سەر ڕێگاكە و ڕووداوی كوشتنیان، تەنانەت سەرپێچیكردنی ڕێبواران و ئۆتۆمبێلەكانیش كە زۆر جار بەسەر ئەم ڕێگا خێرایەدا دەپەڕنەوە، زۆر كەم دەبوونەوە، لە هەندێك شوێن بەربەستی ‹نیو جێرسی› لەسەر شەقامەكان دانراوە. ئەگەر ڕێگەیەكی تایبەت هەبووایە كە خەڵك بتوانێت، بەكاری بهێنێت.

سەبارەت بە ڕووداوەكانی هاتوچۆ كە تا دێت ڕوو لە زیادبوون دەكات، هەندێك جار شوفێر هۆكارە و هەندێك جاریش ڕێگەوبانەكە هۆكارە، یەكێك لەو شتانەی كە پێویستە ئەوەیە كە هێماكانی هاتوچۆ ڕوون بن، بەتایبەت كاتێك ئاراستەی ڕێگەیەك دەگۆڕدرێت، پێویستە زۆر پێشوەختە شوفێران ئاگادار بكرێنەوە، كە لەم ڕێگەیەدا پێچێكی زۆر هەیە، با بڵێین هێمای ئاگاداركردنەوەی هاتوچۆ دابنرێن، یان دانانی كامێرای خاڵ بۆ خاڵ (پۆینت توو پۆینت) شتێكی زۆر باشە، ئەویش كۆنتڕۆڵی كەمكردنەوەی ڕووداوەكانی هاتوچۆ دەكات، خۆ ئەگەر لەسەر ڕێگاكان زیاد بكرێن، ئەوا بارودۆخەكە باشتر دەبێت. لەلایەكی دیكەوە زۆربەی ئەو ڕێگەیانەی ئێستا دروست دەكرێن، هێمایان بۆ دادەنرێت. لە هەندێك شوێنیشدا ‹گارد ڕەیڵ› (پەنجەرەی ئاسنی پارێزەر) كەمە. بۆ نموونە باسی ڕێگەی دهۆك-زاخۆ بكەم، هەر لە لادانەكە كە دەڕۆین، ‹گارد ڕەیڵ› نییە و لەتەنیشتیەوە دۆڵ هەیە. واتە ‹گارد ڕەیڵ›، با بە كوردی بڵێین ئەو پەنجەرە ئاسنینەی پارێزگاری لە شوفێر دەكات، ئەگەر شوفێر لە شەقامەكە لابدات و خۆی پێدا بكێشێت، ناكەوێتە ناو دۆڵەكەوە و ڕووداوەكە گەورە نابێت. ئەمانە لە هەندێك شوێن كەمن. ئەگەر دابنرێن زۆر باشتر دەبێت، چونكە شوفێر هەندێك جار خەوی لێدەكەوێت، یان كێشەیەكی ئۆتۆمبێلەكەی ڕوودەدات، با خۆی لەمە بدات و نەكەوێتە خوارەوە تا ڕووداوی گەورەتری لێنەكەوێتەوە.

 

Top