ئەندازیار یوسف بازیانی سەرۆكی ڕێكخراوی ڕۆشنبیری بۆ سەلامەتیی ڕێگاوبانی كوردستان: ساڵانە نزیكەی هەزار كەس لە هەرێمی كوردستان بە هۆی ڕووداوەكانی هاتوچۆ گیان لەدەست دەدەن

ئەندازیار یوسف بازیانی  سەرۆكی ڕێكخراوی ڕۆشنبیری بۆ سەلامەتیی ڕێگاوبانی كوردستان:  ساڵانە نزیكەی هەزار كەس لە هەرێمی كوردستان بە هۆی ڕووداوەكانی هاتوچۆ گیان لەدەست دەدەن

 

 

 ڕێگاوبان، ڕۆڵێكی سەرەكی و گرنگی هەیە لە بەستنەوەی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بە یەكترەوە. دەتوانم بڵێم ئێستا ڕێگاوبانەكانی هەرێمی كوردستان و بەستنەوەی شار و شارۆچكەكان بە یەكترەوە لە چاو ساڵانی پێشوو جیاوازییەكی بەرچاوی هەیە، بەتایبەتی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كە بایەخ و گرنگییەكی ئەوتۆی پێدراوە، بە ڕاكێشانی ڕێگای نوێ و بە بەستنەوەی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بە یەكترەوە، لەگەڵ ئەوەشدا تادێت ژمارەی ئۆتۆمبێلەكان ڕووی لە هەڵكشانە، لەگەڵیشیدا ڕووداوەكانی هاتوچۆش ڕووی لە زیادبوون كردووە، بۆیە خواستەكانیشمان بۆ باشتركردنی ڕێگاوبانەكان ڕووی لە هەڵكشان كردووە، پێویستە ئێمەش بەردەوام لەسەر نوێبوونەوەی دیزاین و كوالێتیی ڕێگاوبانەكان بەردەوام بین، تاوەكو لە سێكتەری ڕێگاوبانەكاندا لە گۆڕانكاری و پێشكەوتنەكانی سەردەم دانەبڕێین و بەردەوام لە نوێبوونەوەدا بین. بەواتا ئێمە خواست و داواكاریمان زیاترە لەسەر باشكردنی ڕێگاوبانەكان، بەتایبەتی كە لە هەرێمی كوردستان تەنیا ڕێگای وشكانیمان هەیە، واتا ڕێگای ئاویمان نییە، ڕێگای وشكانییەكەشمان دەبێ لە ڕیزبەندی پێشەوەی كار و بەرنامەكانمان بێت، لەبەرئەوەی ئێستا شار و شارۆچكەكان پێكەوە بەستراوەتەوە، لە هەمان كاتیشدا لە هەندێ شارەوە ڕێگاوبانەكانمان بە شادەماری ڕێگا نێودەوڵەتییەكان دەبەسترێتەوە، بۆ نموونە ئێستا ڕێگای دهۆك - هەولێر، ئەوەتا ڕێگای دهۆك لەگەڵ توركیا بەستراوەتەوە و ئەمانە دەبنە ڕێگایەكی نێودەوڵەتی، یان ڕێگای نێوان هەولێر و حاجی ئۆمەران لەگەڵ شار و شارۆچكەكانی ئێران بەستراوەتەوە، یان ئێرە و سلێمانی و شارەكانی دیكەی ئێران. واتا تا چەند گرنگی بە ڕێگاوبانەكان بدرێت، ئەوەندە كاریگەریی خۆی لەسەر پێشكەوتنی هەرێمەكەمان دەبێت، لەبەر ئەوەی ئەگەر ڕێگاوبانێكی باشمان هەبێت، بێگومان ڕووداوەكانی هاتوچۆش بەرەو كەمبوونەوە دەچن.

 بەداخەوە ڕووداوەكانی هاتوچۆ لەهەرێمی كوردستاندا بەپێی ئامارەكان بێت، هیچ ساڵێك جێگای دڵخۆشی ئەوە نەبووە؛ تاوەكو بڵێین ئەمساڵمان ڕێژەی ڕووداوی هاتوچۆمان لە پار كەمتر بووە. چونكە ساڵ بە ساڵ ڕووداوەكانی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستاندا زیادی كردووە. ئێمە ساڵانە نزیكەی هەزار كەسمان لە هەرێمی كوردستان بە ڕووداوەكانی هاتوچۆ گیان لەدەست دەدەن. بێگومان هۆكاری ئەمە بۆ كۆمەڵێ گیروگرفت دەگەڕێتەوە، كە ڕێخۆشكەرن بۆ دروستبوونی ڕووداوەكانی هاتوچۆ، ڕەنگە یەكێك لە هۆكارەكان، ڕێگاوبانی خراپ بێ، خۆ ئەگەر لە پلانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كابینەی داهاتوودا زیاتر گرنگی پێبدرێت و، شار و شارۆچكەكان زیاتر پێكەوە ببەسترێتەوە و بەتایبەتیش ڕێگای گوندەكان بەڕاستی چاك بكرێتەوە، یان ڕێگای نێوان شارۆچكەكان بە ڕێگای دووسایت دروست بكرێت و بە ڕێگا سەرەكییەكان ببەسترێتەوە و گرنگیەكی زیاتری پێبدرێت، دەتوانم بڵێم ڕەنگە ڕێژەیەكی زۆر لە ڕێژەی ڕووداوەكان و ڕێژەی سەرپێچییەكان و ڕێژەی مردنیش لە ساڵی داهاتوودا لە هاتوچۆكان كەم بكاتەوە.

لەلایەكی دیكەوە ئەگەر هێماكانی هاتوچۆ لەسەر ڕێگاوبانەكان گرنگی زیاتریان پێبدرێت، ئەمەش ڕۆڵی دەبێت لە كەمكردنەوەی ڕووداوەكانی هاتوچۆ، چونكە ئەم هێمایانە ڕێنیشاندەری شوفێرن، هۆكاریشن بۆ كەمكردنەوەی سەرپێچی و ڕووداوەكانی هاتوچۆ. بەڕاستی كاتێ كە تۆ دەچیتە دەرەوەی وڵات و ڕێگاوبانەكانی ئەو وڵاتانە دەبینی، ئەو هێمایانەی كە دانراون، هێمایەكی نێودەوڵەتین و  ئەو هێمایانەیە ئاماژەت پێدەدەن كە تۆ چی بكەی و چی نەكەیت. بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی كوردستاندا ڕەنگە گرنگییەكی زۆر بە هێماكان نەدرابێت و ئەگەر هێماكانیش دانرابێت، ڕەنگە شوفێران زیاتر پێوەی پابەند نەبن. من دەتوانم بڵێم تەنیا لەم ساڵانەی دوایی نزیكەی ١٥ هەزار هێما دانراون لە بەشی شار و شارۆچكەكانی كوردستان. بەڵام چەندە گرنگیی زیاتر بە هێماكانی هاتوچۆ بدرێت، ئەوەندە دەبێتە ڕێنیشاندەر بۆ شوفێرەكان و كاتێكیش كە شوفێر ئاگایی هەبوو لە چۆنێتیی بەكارهێنانی شەقامەكە، ئەو كاتە دەتوانم بڵێم هەم ڕووداو و هەم سەرپێچیش كەم دەكاتەوە.

 

Top