كانیوار جیرائیل بەڕێوەبەری پڕۆژەكانی كاڤین گرووپ: یەكەمین كۆمپانیای كوردستانی بووین، كەلتووری كاركردنی دوو شیفتمان لە كوردستان بۆ دروستكردنی ڕێگاوبان پەیڕەو كرد
كانیوار جبرائیل، ئەندازیارە و بەڕێوەبەری پڕۆژەكانی «كاڤین گرووپ»ـە. كۆمپانیای كاڤین گرووپ، یەكێكە لە كۆمپانیا گەورەكانی بواری دروستكردنی پرد و ڕێگاوبانەكان لە كوردستان و چەندین پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی لە هەرێمی كوردستان بەسەركەوتوویی جێبەجێ كردووە. لە گفتوگۆی ئەمجارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (پەرەپێدانی پڕۆژەكانی ڕێگاوبان و چارەسەركردنی گرفتەكانی هاتوچۆ)، بەڕێوەبەری پڕۆژەكانی كۆمپانیای كاڤین گرووپ، لەسەر باكگراوندی ئەزموونێكی گەورەی مەیدانی، بەمجۆرە سەبارەت بە پەرەپێدانی پڕۆژەكانی ڕێگاوبان، دید و بۆچوون و پێشنیارەكانی خۆی خستەڕوو.
زۆر سوپاس بۆ بازنەی گفتوگۆ و بۆ ڕێكخستنی ئەم گفتوگۆیە سەبارەت بە پرسێكی گرنگ كە ئەویش پەرەپێدانی پڕۆژەكانی پەرەپێدان و چارەسەركردنی گرفتەكانی هاتۆچۆیە. بێگومان هەر لە دێرزەمانەوە ڕێگاوبان لە هەموو ولاتێكدا شادەماری پرۆسەی ئاوەدانی و شارستانیەت بووە، كە سەرەڕای هەمەجۆربوونی ئامێری گواستنەوە لە دونیای ئێستا وەكو ڕێگای ئاسمانی و دەریایی، هێشتا گرنگترین ئامرازی پێشكەوتن و ئاوەدانی ڕێگاوبانە بە هەموو جۆرەكانیەوە. بەپێی ناونانی تەوەری گفتوگۆ، ئێمەش بیروبۆچونمان بو دوو بڕگەی سەرەكی بەش دەكەین:
1- چۆنیەتی (پەرەپێدانی پڕۆژەكانی ڕێگاوبان).
هەر چەند پسپوڕ و شارەزایانی بواری ڕێگاوبان هەزاران خوێندنەوە و لێكۆڵینەوەیان لەسەر بابەتی چۆنیەتی (پەرەپێدانی پڕۆژەكانی ڕێگاوبان) پێشكەش كردوون، ئێمەش بەپێی شارەزایی خۆمان لەم كەرتە و هەلومەرج و تایبەتمەندییەكانی هەرێمی كوردستان ئەم بابەتە بو چەند خاڵ بەش دەكەین:
• پرۆسەی دیزاین و دەرخستە و تایبەتمەندیەكانی (مواصفات) بەكارهاتوو.
هەر چەند، خوشبەختانە لە كوردستان دوای كۆكردنەوەی داتا و زانیارییەكان بۆ دیزاینكردنی زۆربەی پڕۆژەكان، تایبەتمەندیی بەرزی نێودەوڵەتی بەكار دێن، بەڵام پێویستە هەندێك لەو تایبەتمەندییە نێودەوڵەتییانە بەپێی كەشوهەوا و كەلتووری كوردستان نوێ بكرێنەوە، ئەمەش ئەركی پسپۆڕان و بەشەكانی (دیزاین و دیراسات) لە وەزارەتەكانە، بە هاوكاریی زانكۆ و پەیمانگاكان. هەروەها پێویستە پێش دیزاین، لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ڕێرەوی ڕێگاوبانی دەرەوەی شار، پرس و ڕا لە پسپۆڕان و لایەنە پەیوەندیدارەكان (بەڕێوەبەرایەتییەكانی خوجێی) وەربگیرێت و لە دیزاین و دەرخستەكان بایەخێكی زۆر بە بڕگەكانی سەلامەتی (Safety) و هێماكانی هاتوچۆ (Traffic signs) بدرێت.
• بەرز ڕاگرتنی كوالێتیی جێبەجێكردن و پێگری بە كات:
هەڵبژاردنی بەڵێندەری جێبەجێكار بۆ پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەكان، دەبێت لەسەر بناغەی بەرز ڕاگرتنی كوالێتی و پێگری بە كاتی دیاریكراو بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكان بێت. ڕەنگە پێشتر یەكێك لە كێشەكان لە كوردستان نەبوونی ئەم جورە كۆمپانییانە بووبێت، بەڵام لە ئێستادا ژمارەیەك كۆمپانیای خۆماڵی پەرەیان بە تواناكانی خۆیان داوە و دەتوانن لە ئاستی ئەم داواكارییانە بن، بۆ نموونە بەش بە حاڵی خۆمان ئێمە وەك (كاڤین گرووپ) لە سالی 2011وە تا ئێستا یەكێك لە چالاكترین كۆمپانیاكانی كوردستان بووین لە بواری جێبەجێكردنی پڕۆژە ستراتیژییەكانی كەرتی ڕێگاوبان (بە ڕێگا، پرد و تونێلەوە) كە دەتوانم بڵێم یەكەمین كۆمپانیای كوردستانی بووین، كەلتووری كاركردنی دوو شیفت (بە شەو و ڕوژ)مان لە كوردستان پەیڕەو كرد، پێگری بە كاتی دیاریكراو بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكانمان كردە بەرنامەی كارەكانمان، كە پێشتر لە كوردستان جێبەجێكردنی پڕۆژەكان زور دوا دەخران، ئەمە بێجگە لە بەرزیی كوالێتیی كارەكانمان.
• پێگەیاندنی ستافی تایبەت بۆ جێبەجێكردن و سەرپەرشتیاری و چاودێری:
زۆر گرنگە لایەنی سەرپەرشتی كار، توانا و شارەزایی هەبێت بۆ كۆنتڕۆڵی كوالێتی و چەندایەتی لە پڕۆژەكان كە بە بۆچوونی ئێمە لە كوردستان ئەندازیار و پسپوڕی باشمان هەیە، بەڵام دەبێت بە دانانی میكانیزمی سەردەمیانە و هەماهەنگیی حكومەت و زانكۆكان، بە كردنەوەی خولی ڕاهێنان و سیمینار، پەرە بە تواناكانیان بدرێت، بەڵام بەداخەوە كوردستان لە ڕووی كادر و پسپۆڕی مامناوەندەوە (وەك كادری دارتاش و ئوپریتەری ئامێرەكان و كارگەكان) زۆر لاوازە، كە هۆكاری سەرەكیی دابەزینی كوالێتیی پڕۆژەكانە. بۆیە دەبێت لە پەیمانگاكان و زانكۆ پولیتەكنیكییەكان بەشی تایبەت بو كادری مامناوەند بكرێتەوە.
• سەخبێری (الصیانة) و چاككردن:
دیارە هەموو بڕگەكانی پڕۆژەكان تەمەنی كارای دیاریكراوی خویان هەیە، كە دەتوانرێت بە چاودێری و چاككردنەوەی بەردەوام تەمەنیان زیاد بكرێت. بۆ نموونە، تەمەنی كارای هێڵكاری ڕێگاكان 18 بۆ 24 مانگە، یان تەمەنی كارای چینی سەرەوەی ئەسفەلت لە 8 بو 10 ساڵە. بۆیە دەبێت بوودجە، یان داهاتێك بۆ كاری سەخبێری و چاككردنەوە تەرخان بكرێت، بەتایبەت بۆ هێماكانی هاتوچۆ كە لەبەر گۆڕانی كەشوهەوا و خۆڵبارین زوو بە زوو پێویستی بە خاوێنكردن و چاككردنەوە دەبێت، كە ئەمە ڕاستەوخۆ كاریگەری لە سەر سەلامەتیی بەكاربەرانی ڕێگاوبان دەبێت.
2- چارەسەری گرفتەكانی هاتوچۆ.
چارەسەركردنی گرفتەكانی هاتوچۆ، ئالنگارییەكی زور گەورەیە كە لە وڵاتە هەرە پێشكەوتووەكانی جیهانیش بە ڕەهایی چارەسەر نەكراوە و، بە بەردەوامی لە هەموو وڵاتانی جیهان لەگەڵ زیادبوونی دانیشتووان هەوڵی چارەسەری بۆ دەدرێت، ئێمەش بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە لە كوردستان ئەم خاڵانەی خوارەوە بە گرنگ دەزانین:
• گرنگیدان بە ئامێری گواستنەوەی گشتی (PUBLIC TRANSPORTATION):
لە كوردستان لەگەڵ زیادبوونی دانیشتووان و باشبوونی داهاتی تاكەكەسی و خێزانەكان، ژمارەی ئۆتۆمبێلە تایبەتەكان لە زیادبووندایە. بۆیە دروستكردنی ڕێگای نوێ و بەرزە پرد و توونێل و بەرینكردنی ڕێگاكان بە تەنیا نابێتە هۆی چارەسەركردنی گرفتەكان، بەتایبەتی لەناو شارەكان. بویە پێویستە حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بە جددی بیر لە ئامێری گواستنەوەی گشتی وەك ئۆتوبووس و تراموا و شەمەندەفڕ بكەنەوە، بۆ كەمكردنی قەرەباڵغی كە لە هەمان كاتدا دەبێتەی هۆی پاراستنی ژینگە و كەمكردنی بەكارهێنانی سووتەمەنی.
• ڕۆشنبیریی بەكارهێنانی ئۆتۆمبێل و پەرەپێدان بە كەلتووری بەكارهێنانی ئامێری گواستنەوەی گشتی:
بەداخەوە لە كوردستان چۆنیەتیی بەكارهێنانی ئۆتۆمبێل و پابەندبوون بە ڕێنماییەكانی هاتوچۆ لە ئاستێكی نزمدایە. بۆ نموونە هەتا ئێستا هاووڵاتیان لە كوردستان بە باشی نازانن فلكەی سووڕانەوە (كە لە دونیادا یەكێك لە كلاسیكترین و شارستانیترین چارەسەری یەكتربڕەكانە) بەكار بێنن، یان لەوانەیە بەكارهێنانی ئامێری گواستنەوەی گشتی بە كەم بزانن بۆ كەسایەتیی خۆیان. بۆیە پێویستە ئاستی ڕۆشنبیریی خەڵك بۆ ئەم بابەتانە لە ڕێگای پەروەردە و قوتابخانە و زانكۆ و Tv و ڕادیۆ و ڕاگەیاندنەوە كاری جددی لەسەر بكرێت، هەتا وەك هەندێك وڵاتی دەوروبەر لە مەنهەجی خوێندن جێگای بۆ بكرێتەوە.
بەگشتی ئەو خاڵانەی لە سەرەوە بە كورتی باس كران، پێویستی بە هاوكاری، هەماهەنگی و خەمخوریی هەموو دامودەزگا حكوومییەكان و كەرتی تایبەت و هاووڵاتیان هەیە و دەتوانرێت بە باشی لە هەلومەرجی ئاسایی و نموونەییدا جێبەجێ بكرێن. بەڵام گرنگترین پێكهاتەی (عنصر) چارەسەری، دابینكردنی بوودجەی تایبەتە بو ئەم كەرتە كە لە ڕاستیدا بۆ ئێستای كوردستان گرنگترین و قورسترین ئالنگارییە.
