فەرهاد محەمەد ئەندامی بازنەی گفتوگۆ: سەركەوتنی پرۆسەی بونیادنانی نەتەوە بەندە بە بونیادنانی ژێرخانی پتەوی ڕێگەوبانەكانەوە
فەرهاد محەمەد، ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرنووسەری گۆڤاری گوڵانە، لە گفتوگۆی ئەم جارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (پەرەپێدانی پڕۆژەكانی ڕێگەوبان و چارەسەركردنی گرفتەكانی هاتوچۆ، بەم جۆرە دید و تێڕوانین و پێشنیارەكانی خۆی خستە ڕوو.
لە پرۆسەی بونیادنانەوەی نەتەوەدا، كۆمەڵگەكان دابەش كراون بۆ كۆمەڵگەی تازەپێگەیشتوو، یان كۆمەڵگەی دوای شەڕ، بۆ هەر یەكێك لەم كۆمەڵگەیانەش چەندین توێژینەوەی زانستی و مەیدانی هەن، بۆ ئەوەی حكومەت لە بونیادنانەوەی نەتەوە و دەوڵەت سوودی لێ ببینێت، بەڵام كوردستانی دوای ڕاپەڕین و دوای دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەتی لە ساڵی 1992، تەنیا كۆمەڵگەیەكی تازە پێگەیشتوو، یان دوای شەڕ نەبوو، بەڵكو كۆمەڵگەیەكی كاولكراو و پەراوێزخراو بوو، بەتایبەتی لە بواری سێكتەری ڕێگەوباندا هیچ ژێرخانێكمان نەبوو كە ناوچە جیاوازەكانی كوردستان پێكەوە گرێ بداتەوە، بۆیە لە سفرەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستی بە بونیادنانەوەی ژێرخانی ڕێگەوبانەكان كرد.
بەپێی ئەزموونی پرۆسەی بونیادنانەوەی نەتەوە لای نەتەوە جیاوازەكانی ئەم جیهانە، خاڵی دەستپێك لە دووبارە بونیادنانەوەی دەوڵەت، لە دروستكردنی ژێرخانێكی پتەوی ڕێگەوبانەكانەوە دەست پێدەكات و، ئەگەر ئەم ژێرخانە سەركەوتوو نەبوو، پرۆسەی بونیادنانەوەی نەتەوەش شكست دەهێنێت، هەر بۆیە كاتێك حكومەتی هەرێمی كوردستان دەست بەكار بوو، ناچار بوو وەزارەتێك دروست بكات بەناوی «وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان»، ئەولەوییەتی ئەم وەزارەتە بووە دووبارە دروستكردنەوەی گوندە كاولەكانی دوای شاڵاوە بەدناوەكانی ئەنفال و كیمیابارانی دەستی ڕژێمی بەعسی پێشوو، بەڵام نەدەتوانرا ئەم پرۆسەیە دەستی پێ بكرێت، ئەگەر دەست بە دروستكردنی ڕێگەوبانی گوندەكان نەكرایە، بەڵام لەبەر ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ئەوكات گەمارۆی نێودەوڵەتی و گەمارۆی حكومەتی عێراقی لەسەر بوو، نەیدەتوانی ئیمكانیەتێك بخاتە بەردەست بۆ ئەوەی ژێرخانێكی پتەوی ڕێگەوبانەكان دروست بكات، بۆیە بە ناچاری پشت بەو یارمەتییە مرۆییانە بەسترا كە ڕێكخراوە ناحكوومییە نێودەوڵەتییەكان و ڕێكخراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان وەك یارمەتیی مرۆیی دەیانهێنایە كوردستان، بەمەش چەندین ڕێگەی سادە و ناستاندەر بۆ گوندەكان دروست كران و پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان دەستیان پێ كرد.
ئاماژەكردنم بۆ ئەم باكگراوەندە مێژووییەی پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی كوردستان لە دوای شاڵاوەكانی ئەنفال و كیمیابارانی ڕژێمی پێشووی بەعس، بۆ ئەوە بوو جەخت لەسەر ئەوە بكەمەوە كە پرۆسەی بونیادنانی نەتەوە و دەوڵەت لە دروستكردنی ژێرخانی پتەوی ڕێگەوبانەكان و دواتریش لە ئامرازەكانی دیكەی هاتوچۆ، وەك «هێڵی ئاسمانی و هیڵی ئاسن و ڕێگەی ئاوییەوە» سەرچاوە دەگرێت، هەركاتێك ئەم ژێرخانە بە تەواوەتی و پتەوی كۆتایی هات، ئەوا پرۆسەی بونیادنانەوەی نەتەوە هەنگاو هەڵدەگرێت بۆ پرۆسەی پەرەپێدانی بەردەوام و سەقامگیریی سیاسی و ئابووری لە وڵاتدا.
بۆ ئێستای هەرێمی كوردستان كە جیا لە كۆمەڵێك پڕۆژەی سەركەوتووی ڕێگەوبانی دووساید، هەنگاو بۆ ئامرازەكانی دیكەی هاتووچۆ هەڵگیراوە و ئێستا لە كوردستان دوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیمان هەیە و ماستەرپلانی هێڵی ئاسن بۆ بەستنەوەی كوردستان بە یەكەوە ئامادە كراوە و، ئەمەش ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئاراستەی فراوانكردنی پرۆسەی پەرەپێدان هەنگاو هەڵدەگرێت، بەڵام كێشە و گرفتی زۆری لە بەردەم ماوە، بەتایبەتیش لە بواری بونیادنانی ژێرخانێكی پتەوی ڕێگەوبانەكان و دروستكردنی ڕێگەی ستاندەری نێودەوڵەتی لە نێوان شارە گەورەكانی هەرێمی كوردستان.
كێشە و گرفتی سەرەكی لە بەردەم بونیادنانەوەی هەموو ژێرخانەكانی كوردستان بەگشتی و ژێرخانی ڕێگەوبانەكان بەتایبەت، بە پلەی یەكەم ئەو گێچەڵانەیە كە حكومەتی ناوەندی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دروستی دەكات، بە تایبەتیش لە بواری ئابووری و بڕینی پشكی هەرێم لە بوودجەی حكومەتی فیدڕاڵی و بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان، ئەم سیاسەتەی حكومەتی عێراق بەرانبەر حكومەتی هەرێم، قەیرانێكی گەورەی ئابووریی دروست كرد، كە خەمی سەرەكیی حكومەتی هەرێم ببێتە دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و نەتوانرێت كاری زۆر باش لەسەر بونیادنانەوەی ژێرخانەكان بكرێت، بە ژێرخانی ڕێگەوبانەكانیشەوە.
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە پلان و بەرنامەی بەو جۆرە داڕشتووە، پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی كوردستان و بونیادنانەوەی ژێرخانەكان بەردەوامیی هەبێت، پشتی بە هەوڵی كۆمپانیا گەورەكانی ناوخۆیی لە سێكتەری ڕێگەوبان بەست، كە چەندین پڕۆژەی ستراتیژیی دووساید لە نیو شارە گەورەكانی كوردستان دروست كراون و هەروەها چەندین پرد و تونێلی سەردەمییانە دروست كراون، ئەمەش ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان مەبەستێتی ژێرخانێكی پتە و بۆ ڕێگەوبانەكانی هەرێمی كوردستان تەواو بكات، كە ئەم ژێرخانە جیا لەوەی هەموو كوردستان پێكەوە گرێ دەداتەوە، لە هەمان كاتدا دەبێتە فاكتەرێكی گرنگ بۆ بووژانەوەی سێكتەرەكانی بارزگانی و گەشتوگوزار و كشتوكاڵیش.
