نادین نەجیم:جوانی بەلای منەوە تێكەڵەیەكە لە متمانە و ناسنامە

نادین نەجیم:جوانی بەلای منەوە تێكەڵەیەكە لە متمانە و ناسنامە

لە شاجوانەوە بۆ ئەكتەرێكی دیار، پاشان بۆ خانمێكی كاری پێشەنگ. نادین نەجیم زیاترە لە ناوێكی درەوشاوە لە بوارێكی دیاریكراودا، ئەو ئافرەتێكی سەركەوتووە لە هەموو ئەو بوارانەی كە كاریان تێدا دەكات، خاوەن كەسایەتییەكی بێوێنە، زیرەك و خاوەن ئاواتە، لە دڵیدا حەز و خولیایەك هەڵدەگرێت كە لە چاوەكانی و لە هەڵسوكەوتەكانیدا دەردەكەوێت. بە لای ئەوەوە، سەركەوتن ئامانج نییە، بەڵكو گەشتێكی بەردەوامی ئاوات و پێشكەوتنە، و جوانیش دەربڕینێكە لە متمانەبەخۆبوون و گرنگیدان بە خود، بەڵام ئەو ئەزموونانەی ژیان كە پێیاندا تێپەڕیوە، هاندەری بوون بۆ ئەوەی گەشە بكات و پێش بكەوێت.

*ڕۆژانە چەند جار ستایشی جوانییەكەت دەبیستیت؟

-ڕاستییەكەی ڕۆژانە دەیبیستم و یەكێك لە جوانترین ستایشەكان كە پێم دەگات ئەمەیە: «تۆ لە تەلەفزیۆن جوانتریت، زۆر ناسكتر و گەنجتری» بەڵام لە هەموو ئەمانە جوانتر، ستایشكردنی كەسایەتییەكەمە.

*كەواتە ستایشی زیرەكی و لێهاتوویی زیاتر لە ستایشی ڕوخسار بەلاوە پەسەند دەكەیت؟

-بێگومان، ستایشی زیرەكی و لێهاتوویی واتایەكی زیاتری هەیە بۆ من، چونكە جوانی چارەنووسی ئەوەیە ڕۆژێك لە ڕۆژان نامێنێت.

*لە شاجوانێكی هەڵبژێردراوی خەڵكەوە نەك تەنیا لیژنەی دادوەری، گەشەت كرد بۆ ئەكتەرێكی پلە یەك، پاشان بۆ خانمێكی كار، كام لایەنەی نادین هێشتا نازانین؟

-زۆر شت هەن كە خەڵك دەربارەی من نایزانن، ئەوان تەنیا ئەوە دەبینن كە بڵاودەكرێتەوە یان دەگوترێت، جا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بێت یان لە میدیاكاندا، بەڵام چەندین لایەنی كەسایەتیم، پاشخانی ژیانم، و ئەو ڕێگەیەی كە گرتمەبەر بۆ دروستكردنی خۆم و گەیشتن بەوەی ئەمڕۆ لەسەریم، بە هەموو ئەو ئەزموونە ئەرێنی و نەرێنیانەی كە پێیدا تێپەڕیوم، هێشتا نەزانراون. پێم وانییە بیرۆكەیەكی هەڵەیان لەسەر من دروست كردبێت، بەڵكو بە پێچەوانەوە، دیدێكی جوانیان هەیە، بەتایبەتی ئەوانەی ماوەیەكی درێژە بەدوامدا دێن و گوێم لێ دەگرن لە چاوپێكەوتنەكان یان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بەڵام هێشتا چەندین لایەنی كەسایەتییم هەن كە دەرنەكەوتوون، چونكە دەرفەتی گونجاویان بۆ نەڕەخساوە. باوەڕم وایە كە ئەم لایەنانە كاتێك ئاشكرا دەبن، وا لە هەندێك كەس دەكەن پێداچوونەوە بە حوكمەكانیاندا بكەن، ڕەنگە پەلەیان كردبێت لە حوكمدان لەسەرم، یان باوەڕیان بە دەنگۆ و زانیاریی هەڵە كردبێت دەربارەی من.

*لە قۆناغی ئەمڕۆی ژیانتدا سەركەوتن چ واتایەكی هەیە بۆت؟

-سەركەوتن لە منداڵییەوە ئامانجم بووە، و هەر لەو كاتەوە دەمزانی كە هیچ شتێك بۆم نامێنێتەوە جگە لە دەستكەوتەكانم، هەر بۆیە زۆر دەستم پێوە گرتووە.

*پێناسەی تۆ بۆ جوانی چییە؟

-جوانی بەلای من وەك كەسێك و هەروەها لە ڕێگەی بەرهەمەكانمەوە، تێكەڵەیەكە لە متمانە، ناسنامە، فرەڕەنگی، لەگەڵ جەختكردنەوە لەسەر گرنگیی گرنگیدان بە خود و خۆشگوزەرانی.

*كامیان قورسترە، بەردەوامیی سەركەوتن یان بەردەوامیی خۆشەویستی؟

-هیچ پەیوەندییەكیان پێكەوە نییە، خۆشەویستی شتێكە و سەركەوتن شتێكی دی، سەركەوتن لە خۆشەویستیدا مانای شكست لە كاردا نییە، و بە پێچەوانەشەوە. دەكرێت هاوسەنگی و سەركەوتن لە هەردوو لایەندا بەدی بهێنرێت، هەروەها دەشكرێت ئاستەنگ لە هەردووكیاندا ئامادە بێت.

*ئەو وانانە چین كە دەربارەی خۆشویستنی خود و گەشەی كەسی فێری بوویت و خۆزگەت دەخواست زووتر بزانیایە؟

-فێری زۆر شت بووم و ڕەنگە لە هەندێك بارودۆخدا پێویست بووایە زیاتر كارم لەسەر پەرەپێدانی خۆم بكردایە و زیاتر خۆم دوورەپەرێز بگرم. من كەسێكی زۆر كۆمەڵایەتیم و خەڵكم خۆش دەوێت، ئەمەش وای لێكردووم هەندێك جار تووشی شۆك و نائومێدی ببم، لەگەڵ ئەوەشدا تێگەیشتم كە ئاساییە مرۆڤ هەڵە بكات، فێر بێت و گەشە بكات. گرنگە هەمیشە ئارامیی دەروونی خۆت بپارێزیت و بەردەوام بیت، هەروەها فێر بووم كە مرۆڤ دەبێت لە خۆی ببوورێت و پەشیمان نەبێتەوە لە هەڵەكانی، بەڵكو وەك وانەیەك سەیریان بكات كە یارمەتی گەشەی خودی و پەرەسەندنی بەردەوامی دەدەن.

*ئایا پیاو پێویستییە لە ژیانی ئافرەتدا، یان بەهایەكی زیادەیە؟

-پیاو دەبێت بەهایەكی زیادە بێت بۆ ئافرەت.

*لە قۆناغی ئەمڕۆی ژیانتدا، دەڵێیت من ئافرەتێكی زیرەكم یان بەهێزم یان جوانم؟

-دەڵێم من ئافرەتێكی بەهێزم!

*ئەو بیرۆكەیە چییە كە زۆرترین ترس لای تۆ دروست دەكات؟

-دەترسم یەكێك لە منداڵەكانم تووشی ڕووداوێك ببێت.

*چی بەو كچانە دەڵێیت كە وەك نموونەیەكی باڵا سەیرت دەكەن؟

-میدیا ئیلهامم پێ دەبەخشێت و بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ وەزم پێدەدەن بۆ بەردەوامبوون و سەركەوتن لە ڕێگەی خۆشەویستی و پشتگیریتانەوە بۆ من، هەروەك چۆن من هێزی ئێوەم، ئێوەش هێزم پێدەبەخشن. ئەگەر من توانیم بگەمە ئەوەی ئەمڕۆ لەسەریم، ئێوەش دەتوانن هەموو ئەو شتانە بەدی بهێنن كە خەونیان پێوە دەبینن. پێتان دەڵێم: ڕێگە مەدەن هیچ شتێك بتانشكێنێت و هەر كاتێك سەركەوتوو بوون، لەبیرتان بێت كە ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبنەوە. كێشە نییە ئەگەر هەڵەتان كرد و كەوتن، گرنگ ئەوەیە دووبارە هەستنەوە و بەرەو پێشەوە بەردەوام بن.

سەرچاوە: (هي)

Top