بوشرا سەعید بۆ گوڵان:بەپێی پێویستی سۆشیال میدیا بەكاردەهێنم
بوشرا سەعید، خانمە هونەرمەندێكی وڵاتی تونسە و ماوەیەكی زۆرە لە بواری گۆرانی و مۆسیقادا كار دەكات. لە ڕووی ئەكادیمییشەوەدەرچووی كۆلێژی هونەرە جوانەكانە. تا ئێستا جگە لە شێوەزاری تونسی، بە چەندین شێوەزاری دیكەی عەرەبی گۆرانیی تایبەت و فۆلكلۆریی گوتووە. ئەمەش وای كردووە ببێتەخاوەن جەماوەرێكی زۆر لە وڵاتانی عەرەبیدا.
*سەرەتای دەستپێكردنت بە كاری هونەری چۆن بوو؟
-دەستپێكی كاری هونەریم لە خانە و پێشبڕكێ ڕۆشنبیری و كولتوورییەكانەوە بوو لەسەر ئاستی تونس و وڵاتانی دەوروبەر، زۆر كەس هەبوون یارمەتییان دام و بڕوای تەواویان بە تواناكانم هەبوو. سەرەتا، مامۆستایەكی قۆناغی سەرەتایی منی بردەبەرنامەیەكی منداڵان، هەروەها كەسوكارەكەشم زۆر هاوكارییان كردم و دواتریش مامۆستاكانی پەیمانگە و كۆلێژ هاوكارم بوون.
*لە نێو هونەرمەنداندا كێ زیاتر كاریگەریی لەسەر كارەكانت هەبووە؟
-ئەوهونەرمەندەی كە وەك نموونەی باڵا زۆرترین كاریگەریی لەسەر كارەكانم هەبووە، خانمەهونەرمەندی كۆچكردووی تونسی زیكرا بوو، هەروەها زۆر سەرسامی ئەسمەهانیش بووم.
*وەك هونەرمەندێك، پێت وایە تەكنۆلۆژیای گەیاندن و سۆشیال میدیا سوودی بۆ هونەر هەبووە یان زیانی پێ گەیاندووە؟
-پێموایە ئەمە چەكێكی دووسەرەیە، لەلایەك دەبێتە هۆی ئەوەی هونەرمەند لە پەیوەندییەكی بەردەوامدا بێت لەگەڵ جەماوەرەكەی و لێیان دانەبڕێت و بەرهەمە كۆن و نوێیەكانیان پێشكەش بكات، لەلایەكی دیكەشەوە كەسانێك هەن كە هیچ بەهرەیەكیان نییە و دوور و نزیك پەیوەندییان بە هونەری ڕەسەنەوە نییە، تەنیا بۆ ئەوەی چەند لایكییەكیان بۆ زیادبێت و خەڵكێكی زیاتر بیانبینێت، كارێك دەكەن كە زیان بە هونەر دەگەیەنێت.
*چەند كاتت بۆ سۆشیال میدیا تەرخان كردووە؟
-من یەكێكم لەو كەسانەی گرنگییەكی زۆر بە سۆشیال میدیا دەدەم و بەردەوام چاودێریی دەكەم بۆ ئەوەی لە نزیكەوە لەگەڵ جەماوەر لە پەیوەندیدا بم، بەتایبەتی دوای بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، سۆشیال میدیا ڕۆڵێكی سەرەكیی گێڕا لە بەردەوامیی پەیوەندیی نێوان هونەرمەند و جەماوەر، بەڵام لەو كەسانەش نیم كە كاتێكی دیاریكراوی بۆ تەرخان بكەم یان بەشی زۆری كاتمی پێوە بەسەر بەرم، هەروەها هەموو ڕووداوێك باس ناكەم و شیكاریی بۆ ناكەم، بەڵكو بەپێی پێویستی و لە كاتی گونجاودا چالاكم.
*لە وڵاتانی عەرەبیدا شێوەزاری زۆر هەیە، كامیان لە تۆوە نزیكترن و تیایدا سەركەوتوو بوویت؟
-شێوەزاری تونسی لە هەموویان زیاتر لە دڵمەوە نزیكە، هەر شێوەزار و بەرهەمێكی جوانم بە دڵە، بەڵام تا ئێستا زۆربەی كارەكانم بە شێوەزاری تونسی پێشكەش كردووە.
*ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە سەركەوتنی هونەرمەندان لە تونس چۆن دەبینیت؟
-بێگومان ڕۆڵی ڕاگەیاندن نكۆڵیی لێ ناكرێت لە سەركەوتن و ناوبانگ دەركردنی هونەرمەند لە هەر شوێنێك بێت، بۆیە كاریگەریی ئەرێنیی لەسەر سەرخستنی هونەرمەند هەیە، بەڵام لەهەمان كاتدا دەبینین بەشێك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن ڕۆڵی پێچەوانە دەگێڕن، بەتایبەتی كاتێك گرنگی بە كەسانێك دەدەن كە هیچ پەیوەندییەكیان بە هونەرەوە نییە، كەچی وەك هونەرمەند ناویان دەهێنن.
*پەیوەندیت لەگەڵ هونەرمەندان و جەماوەری كورد چۆنە؟
-پێشتر زانیاریم دەربارەی گەلی كورد هەبوو، بەڵام دوای ئەنجامدانی چەند ئاهەنگێك لەئەوروپا، ژمارەیەكی زۆر كوردم ناسی، لەوێوە بۆم دەركەوت كە گەلێكی ئاشتیخوازن. لەڕووی هونەرییشەوە، زۆر حەزیان لە هونەری ڕەسەنە. هیوادارم بتوانم فێری زمانی كوردیبم و لە داهاتوودا بەرهەمێكم بۆیان هەبێت.
