دوای 29 ساڵ وەسیەتی عایشەشان جێبەجێکرا و تەرمەکەی گەڕێندرایەوە باکوری کوردستان

دوای 29 ساڵ وەسیەتی عایشەشان جێبەجێکرا و تەرمەکەی گەڕێندرایەوە باکوری کوردستان

یەك لەبەناوبانگترین ژنە هونەرمەندی گۆرانیبێژی كوردە. سەرباری كێشەو ئاستەنگ و رێگرییەكانی دابونەریتی كۆمەڵگە، بەو پەڕی بوێرییەوە توانیویەتی لەساڵانی پەنجاكانی سەدەی رابردوودا بچێتە ناو هونەرو توانا دەنگی و بەهرە هونەرییەكانی خۆی لەو بوارەدا بسەلمێنێت. خزمەت و كارە هونەرییەكانی ئەو نموونەی خەبات و بەرخودانێكە. هەست و تێڕوانینێكی زۆر بێخەوش و جوانی بۆ گۆرانی و مۆسیقا هەبوو. وەكو ژنێكی پێشەنگی ئەو بوارە خزمەتێكی زۆری بەهونەری گۆرانی و مۆسیقای كوردی كردووە.

ژیان و پێگەیشتنی:

عایشە محەمەد عوسمان عەلی شان، ناسراو بە «عایشەشان»، ساڵی 1938 لەشاری ئامەدی باكووری كوردستان لەدایك بووە. باوكی و دایكیشی ئەلیف خان لەبنەماڵەیەكی مەزن و ناسراو بوون؛ بنەچەی خێزانەكەی دەگەڕێتەوە بۆ شاری (بینگۆل)ی باكووری كوردستان، لەعەشیرەتی (جبریل)ن، ماڵی مامیشی كە (حاجی موسا)ی پێدەلێن چوونەتە شاری ئەرزڕۆم. ئەمەش لەبەرئەوەی پێشتر لەئەنجامی شەڕەكانی نێوان عوسمانیەكان و روسیا، باپیرانی و خانەوادەكەی پەرتەوازەببوون.

عەیشەشان هێشتا منداڵ دەبێت كە باوكی كۆچی دوایی دەكات. بۆیە تەنها قۆناغی سەرەتایی خوێندنی بۆ تەواو دەكرێت. وەكو منداڵێكی سەرگەردان لەماڵی خوشكە گەورەكەی، كە سێ كچ و كوڕێكی هەبوو دەمێنێتەوە. ئەوانیش خێزانێكی هەژاربوونەو لە گەڕەكی (عربداشە) لەئامەد نیشتەجێ دەبن.

هەر لە منداڵییەوە خولیای هونەری گۆرانی دەبێت، خێزانەكەشی لە سەرەتاوە هەست بە حەزینی دەنگی ئەو دەكەن و پێی سەرسام دەبن، بەهرەی (هونەرمەندی دەنگبێژی) گۆرانی گوتنی تێدا دەبینن. بناغەی هونەری دەنگبێژی ئەو لەژێر كاریگەری باوكی و لەڕێی خوێندنی قورئان و هەڵبەستی ئایینییەوە دەبێت، چونكە باوكی هەم سۆفی و كەسایەتییەكی ئاینی بوو، هەمیش دەنگبێژەكی ناسراوبوو. بەڵام لەبەرئەوەی باوكی گۆرانی تۆماركراوی نابێت، بۆیە حەسرەتی ئەوەدەكات رێچكەی باوكی بگرێتەبەرلە تۆماركردن و بڵاوكردنەوەی گۆرانی.

دوای 29 ساڵ وەسیەتی عایشەشان جێبەجێکرا و تەرمەکەی گەڕێندرایەوە باکوری کوردستان

ناوبانگییەكەی:

عەیشەشان وەكو هونەرمەندێك لەشاری عینتاب ناوبانگی دەركرد. بەشێوازێكی راستەوخۆ بە ئامێری مۆسیقی گۆرانی دەگوت. بەشداری شایی و ئاهەنگەكانی دەكرد، بەهۆیەوە لەڕادیۆ ناوبانگی زۆری دەركرد. سەرەتا بەزمانی توركی گۆرانی دەڵێت، دوای ئەوەی بەزمانی كوردیش گۆرانی گۆت، لەڕادیۆ دەریانكردو پێیانگوت قەدەغەیە بەزمانی كوردی گۆرانی بڵێیت.

دوای نزیكەی دوو ساڵ كاركردن لە رادیۆ، ساڵی 1961 شاری عینتاب جێدەهێلێت و دەچێتە ئەستەنبۆل. لەوێ چالاكی هونەری زیاتر دەبێت و زۆرتر دەناسرێت. بەتایبەت كە لەساڵی 1963 یەكەم بەرهەمی بەناوی (ئەز خەزالم) كە نیوەی بە توركی نیوەشی بەزمانی كوردی(كرمانجی) تۆماردەكات. ئەمەش جورئەت و بوێرییەكی گەورەبوو لەوكاتەدا گۆرانییەك بەمانی كوردی تۆماربكەیت، لەبەرئەوەی لەلایەن حكومەتەوە زمانی كوردی رێگەپێنەدراو و قەدەغەبوو.

لەتۆماركردنی یەكەمین بەرهەمی، تواناو بەهرەی دەنگی ئەو لە توركیا دەنگی دایەوەو گەورە هونەرمەندانی تورك وەك (عارف ساغ، زكی مورن، نوری سیسی گوزەل، ئورهان كنجە بای....هتد) كەوتنە دژایەتی كردن و هەڕەشەكردنی و كەمكردنەوەی كارەكانی، بەوەی كە بەزمانی كوردی گۆرانی دەلێت. دژایەتی كردنی ئەوان بەوازهێنانی لەگوتنی گۆرانی بەزمانی كوردی لە كاتێكدابوو، كە دەرفەتی گۆرانی گوتنی لە ڕادیۆو تەلەفیزیۆنی رەسمی توركیا (TRT) بۆ رەخسا.

عەیشەشان لە ڕادیۆی كوردی لەبەغدا

عەیشەشان لە وڵاتەكەی خۆیەوە گوێداری زۆری رادیۆی كوردی بەغدای دەكرد، بەتایبەت بۆ ئەو گۆرانییە كرمانجییانەی لەڕادیۆكەدا پەخشدەكرا. عەشق و خۆشەویستییەكی زۆریشی بۆ عێراق و خەڵكی عێراق هەبوو، تەمەننای ئەوەی دەكرد رۆژێك بتوانێت سەردانی عێراق بكات و لەڕادیۆی كوردی گۆرانی بڵێت.

ناوبراو ئەو ئاواتەشی هاتەدی كاتێك لەسەر داوای محەمەد عارف جەزیری و عیسا بەرواری، لەپایزی 1978 دێتە عێراق و سەردانی بەغدا دەكات، ئەو كاتەی لە عێراق مایەوە، (12) گۆرانی لەڕادیۆو (5) گۆرانیشی لە تەلەفزیۆن لەبەغدا تۆماركرد.

گەڕانەوەی بۆ توكیاو دەستپێكی قۆناغێكی تازەی هونەری

ساڵی 1979 دەگەڕێتەوە توركیا، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتی سیاسی ئەو كاتەوە سزاو ئەشكەنجەی زۆر دەدرێت. لەسەر داواكاری چەند کەسایەتییەکی كورد بۆماوەیەكی زۆر خۆی لەبەر چاوان ون دەكات، لەو ماوەیەشدا لە بارودۆخێكی دەروونی ناخۆشدا دەبێت. تا ئەوەی دواتر لەسەردەمی تورغوت ئۆزاڵ (1989- 1993)دا لەساڵی 1990 سێ گۆرانی كوردی تۆماردەكات و بڵاوی دەكاتەوە ئەوانیش: (Werin Werin Pesmerge، Newroz، Diyarbekir).

كۆچی دوایی:

دوایین دەركەوتنی هونەرمەند بەرلەوەفاتكردنی ساڵی 1992 بوو لەئاهەنگێكی (مركز الثقافة والفنون الكردیە) لەئیزمیر.

دوای ئەوە بەهۆی نەخۆشییەوە لەچالاكی هونەری دەكەوێت و لەچاوان ون دەبێت.

تاوەكو لە رۆژی 18/12/1996 بەهۆی نەخۆشییەوە لەشاری ئیزمیر كۆچی دوایی دەكات. وەسیەتی كردبوو تەرمەكەی لە شاری ئامەد بەخاك بسپێرن.

دوای تێپەڕبونی 29 ساڵ بەسەر کۆچی دواییدا، بەیانی ڕۆژی ١٨ی حوزیران ٢٠٢٥ تەرمی هونەرمەند عایشەشان لەسەر وەسیەتی خۆی گەڕێنرایەوە ئامەدی باکوری کوردستان و لە مەراسیمێکدا بەخاک سپێدرا.

 بە ئامادەبوونی نوێنەرانی دەمپارتی و موراد کەرسن، کوری هونەرمەند عایشەشان، مەراسیمی گەڕاندنەوەی تەرمی عایشەشان لە ئیزمیری تورکیاوە بۆ ئامەدی باکوری کوردستان بەڕێوەچوو.

لە مەراسیمەکەدا هاوسەرۆکی گەورە شارەوانی ئامەد و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دەمپارتی لە فڕۆکەخانەوە یاوەری تەمری ئەو هونەرمەندەیان کرد و لە گۆڕستانی یەنیکۆی بەخاک سپێردرا.

Top