هێرشی سەربازی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران: هەڵسەنگاندنی سەرەتایی و ئەگەری سیناریۆیەکان

هێرشی سەربازی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران: هەڵسەنگاندنی سەرەتایی و ئەگەری سیناریۆیەکان

بەرەبەیانی ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکانی کردە ئامانج. هێرشەکە تیرۆرکردنی سەرکردە دیارەکانی سەربازی و زانستی لە بواری ئەتۆمیدا لەخۆگرتبوو. هێرشی ئیسرائیل پشتی بە هێرشێکی پێشەکی بەستبوو کە هێرشی ئاسمانی لەخۆگرتبوو کە نزیکەی ٢٠٠ فڕۆکەی جەنگی تێدابوو کە ١٠٠ ئامانجیان کردبووە ئامانج، ئەمە جگە لە ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەکانی قووڵایی ناوخۆی ئێران کە لەلایەن مۆسادی ئیسرائیلەوە ئەنجامدرابوون. پاشان هێرشە ئاسمانییەکانی ئسرائیل لە سەرانسەری هەموو ناوچەکانی ئێران، لە نێویاندا دامەزراوە گرینگە مەدەنییەکان بەردەوام بوو. لەگەڵ وەڵامدانەوەی ئێران بۆ هێرشی ئیسرائیل بە هێرشی دژە ئاسمانی، هەردوولا چوونە ناو شەڕێکی ئاشکرا کە دەتوانێت لە هەموو ناوچەکە ئاگر بکاتەوە.
ئۆپەراسیۆنی "نەتەوەیەک وەک شێر" دژی ئێران:ڕووداوەکان و ئامانجەکان
ئامانجی سەرەکی سەربازی هێرشی کردنی بەرفراوانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کە ناوی کۆدی " نەتەوە وەک شێر" بوو، لەناوبردنی سیستەمی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵی ئێران بوو بە تیرۆرکردنی سەرکردە سەربازییە سەرەکییەکان، ئەمەش تاکتیکێک بوو کە ئیسرائیل لە کۆتایی ئەیلولی 2024 لە دژی حزبواللە بەکاری هێنا کە ٢٠ سەرکردەی ئیرانی کردە ئامانج، مەیجر جەنەڕاڵ محەمەد باقری، فەرماندەی بارەگای سەربازی خاتەم ئەلئەنبیا، مەیجر جەنەراڵ غولام عەلی ڕەشید، و فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئەمیر عەلی حاجی زادە. هەروەها ئیسرائیل نۆ زانای ناوداری ئەتۆمی کوشت ( دیارترینیان ئەحمەد ڕەزا زۆڵفەغاری و مێهدی تارانی و فێریدوون عەباسی)، جگە لە کوشتن و بریندارکردنی سەدان هاوڵاتی مەدەنی.
جگە لە بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان (لە هەموویان گرنگتر دامەزراوەکانی نەتەنز و فۆردۆ) و شوێنە سەربازییەکان (وەک بارەگای سوپای پاسداران و فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان، هەروەها بنکە سەربازییەکان و فڕۆکەخانەکان)، هەروەها لە هێرشەکەدا کۆگاکانی مووشەکی بالیستیک و شوێنی هەڵدانی مووشەکیشیان کردە ئامانج بە مەبەستی کەمکردنەوەی توانای ئێران بۆ وەڵامدانەوەی ئیسرائیل. تساحی هانێگبی، سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، بە ڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە ئیسرائیل بەنیازی زیانگەیاندن بە سەرکردایەتی سیاسیی ڕژیمی ئێران نییە و تەرکیزی ئۆپەراسیۆنی ئێستا تەنیا لە لایەنە سەربازی و زانستییە گشتییەکانی پڕۆژەی ئەتۆمی ئێراندا سنووردار دەبێت.
ئیسرائیل ئەو ساتەوەختەی لە ڕووی سەربازی و سیاسییەوە بە دەرفەت زانی بۆ ئەنجامدانی هێرشەکە. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەدا کە فەرمانی بە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی ئیسرائیل کردووە، خۆیان بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی دوای تیرۆرکردنی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنان، لە کۆتایی مانگی ئەیلولی ٢٠٢٤ ئامادە بکەن، وادەی هێرشەکە لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوودا دیاریکرابوو، بەڵام بەهۆی هۆکاری کارپێکردن (عملیاتی)، هێرشەکە ئەنجام نەدرا.
بەڕێکەوت نییە کە هێرشکردنە سەر حزبواللە و تیرۆرکردنی ئەمینداری گشتیی ئەو حیزبوڵڵایە لەو هۆکارانە بوون کە ڕێگەیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران خۆشکرد. حزبواللە لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە هێڵی پێشەوەی هێرشی ئێران بوو ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ئێران. دوای بێلایەنکردنی هەڕەشەی حزبواللە، هاوکات لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی سوریا و لاوازبوونی گشتیی میحوەری ئێران، ئێران (“سەری مار” بە پێی لێدوانەکانی ئیسرائیل) بە تەنیا مایەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیلدا. ئیسرائیل لە ڕووی سەربازییەوە خۆی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ئامادە کرد بە لەناوبردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێران لەو هێرشەی کە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، ساتەوەختی سیاسی بۆ هێرشەکە کاتێک بوو کە ئاسۆی دیپلۆماسی بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە مەرجی ئەمریکی لە ماوەی شەست ڕۆژەکەدا داخرابوو کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پێشنیاری کردبوو.
شرۆڤەکاری سەربازی یۆسی مێلمان ئاماژە بەوە دەکات کە دامەزراوە سەربازییەکان دەیانەوێت لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا ئۆپەراسیۆنەکە کۆتایی پێبهێنن، و لەو ماوەیەدا بەشێکی زۆری توانا سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێران لەناو ببرێت، لە کاتێکدا ناتانیاهۆ دەیەوێت شەڕێکی درێژخایەن بکات کە خزمەتی بەرژەوەندییە سیاسییە ناوخۆییەکانیشی بکات. دامەزراوە سەربازییەکان ترسیان هەیە لە شەڕێکی درێژخایەنی لەگەڵ ئێران، کە تێیدا ئامانجەکەی ئێران لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە ماندوو بکات. بەڵام خەمڵاندنەکانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن کە درێژایی شەڕی ئێستا لە لایەن لایەنی ئێرانییەوە دیاری دەکرێت. لە کاتێکدا ڕەنگە ئیسرائیل دەستپێشخەری ئەو شەڕە بووبێت، بەڵام دەرئەنجامەکەی پەیوەستە بە ئێرانەوە، چ لە ڕووی توانای بەردەوامبوونی وەڵامدانەوەی بەردەوام بۆ ئیسرائیل یان ئێران ڕازی دەبێت بە واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەسەر مەرجەکانی ئەمریکا، کە ئەمەش دەبێتە هۆی وەستانی ڕووبەڕووبوونەوەکەی ئێستا.لە ئۆپراسیۆنی سەربازیی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ڕوونە کە ئێمە باس لە شەڕێکی هەمەلایەنە دەکەین کە لە ڕێگەیەوە ئیسرائیل هەوڵی گەیشتن بەم ئامانجە ستراتیژیانەی خوارەوە دەدات:
یەکەم: لەناوبردنی پڕۆژەی ئەتۆمی ئێران، یان بەشە سەرەکییەکانی. هێرشەکەی ئیسرائیل لە یەکەم ڕۆژیدا ڕیاکتۆری ئەتۆمی نەتەنزی کردە ئامانج کە بە دڵی پڕۆژەی ئەتۆمی ئێران دادەنرێت. خەمڵاندنەکانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن کە زیانێکی بەرچاوی پێگەیشتووە. هەروەها فۆردۆ کە لە ڕووی گرنگییەوە لە دوای نەتەنز لە پلەی دووەمدایە، جگە لە تیرۆرکردنی زانایانی دیار لە پڕۆژەی ئەتۆمی ئێراندا، کرایە ئامانج.
دووەم: لەناوبردنی پڕۆژەی مووشەکی ئێران، بەو پێیەی ئیسرائیل سیستەمی مووشەکی ئێرانی وەک دوا هەڕەشەی ئاسایی بۆ سەر ناوخۆی ئیسرائیل دەروانێت.
سێیەم: لاوازکردنی ڕێژیمی ئێران بە ئامانجی روخاندنی. ڕۆن بن یشای شرۆڤەکاری ناسراوی سەربازی ئاماژە بەوە دەکات کە ئامانجی هێرشی سەربازیی ئیسرائیل تەنیا لەناوبردنی پڕۆژەی ئەتۆمی ئێران نییە، بەڵکو ڕووخاندنی ڕێژیمی ئێرانە. ئەو پێی وایە ئیسڕائیل چیتر جیاوازی لە نێوان پرۆژەی ئەتۆمی و بوونی ڕژێم ناکات. لەناوبردنی پرۆژەی ئەتۆمی پێویستی بە رووخانی ڕژێمی ئێران هەیە، کە دەستبەرداری خواستی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی یان گۆڕینی ئێران بۆ دەوڵەتێکی بەربەستی ئەتۆمی نابێت. بیرکردنەوەی ئیسرائیل لەسەر مۆدێلی سوریا دامەزراوە، بەو پێیەی لاوازکردنی ڕژێم لە ژێر ڕۆشنایی قەیرانەکانی ناوخۆ و ناسکی کۆمەڵایەتی و دابڕانی نێودەوڵەتی دەتوانێت دینامیکێک دروست بکات کە ببێتە هۆی ڕووخانی ڕژێمی ئێران لە ماوەی درێژخایەندا، وە ڕەنگە کورت خایەن بێت. لە بەیاننامەیەکدا کە ناتانیاهۆ لە یەکەم ڕۆژی ڕووبەڕووبوونەوەکەدا بڵاوی کردەوە، داوای لە گەلی ئێران کرد کە هەنگاو بنێن بۆ ڕووخاندنی ڕژیم و لاوازیی ڕێژیم ئەو کارە بقۆزنەوە، لە بەیاننامەیەکدا کە هێزەکانی ئاسمانی ئیسرائیل ڕۆژێک دوای هێرشەکانی بۆ سەر پڕۆژەی ئەتۆمی ئێران بڵاوی کردۆتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشی ئێستا نابێتە هۆی لەناوچوونی تەواوەتی پڕۆژەی ئەتۆمی ئێران، بەڵکو دەبێتە هۆی لاوازبوونی ڕژێم، بەمەش کاریگەری لەسەر خواست و توانای پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەبێت.
فاکتەری ئەمریکی لە هێرشکردنە سەر ئێران
هەروەک ئاشکرایە کە ئیسرائیل بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا هێرشەکەی دەستپێکردووە و شرۆڤەکارانی ئیسرائیلیش هەن کە پێیان وایە هێرشەکە نوێنەرایەتی پلانێکی هاوبەشی ئەمریکی و ئیسرائیل دەکات. سەرۆکی ئەمریکا زانیارییەکانی خۆی لە کاتی هێرشی ئیسرائیل پشتڕاست کردەوە و لە هەوڵێکیشدا بۆ پاساوهێنانەوە، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو هێرشە دوای ئەوەی ئەو ماوەی دوو مانگەی دابووی بە ڕژێمی ئێران بۆ ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی کۆتای هات، هێرشەکە لە سەروبەندی خولی شەشەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا ڕوویدا، کە بڕیاربوو لە نێوان چەقبەستوویی گەیشتن بە ڕێککەوتن بەهۆی ڕەتکردنەوەی سەرەتایی ئێران لە بیرۆکەی ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم لەسەر خاکەکەی ئەنجام بدرێت.
ڕاپۆرتە میدیاییەکان باس لەوە دەکەن کە ئیدارەی ئەمریکا بەشداری لە فریودانی ستراتیژی ئێراندا کردووە. ئەو لێدوانانەی سەرۆک ترامپ و مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە گرنگی پرۆسەی دیپلۆماسی و داواکارییەکەیان کە ئیسرائیل خۆی لە هێرشکردنە سەر ئێران بەدوور بگرێت، مەبەست لێی دڵنیاکردنەوەی ڕژێمی ئێران و سەرسوڕمانی بە هێرشی ئیسرائیل بووە، بەمەش زۆرترین زیان بە ڕژێمی ئێران گەیاند و لە هەمان کاتدا خۆی لە بەرپرسیارێتی هێرشی ئیسرائیل دەدزێتەوە. ئەمریکا بۆ بەرزکردنەوەی کاریگەریی هێرشی ئیسرائیل و خزمەتکردنی بەرژەوەندییە دانوستانکارەکانی، زانیاری هەواڵگری بۆ ئیسرائیل دابین کرد.
لێدوانەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە ئامانجی ئەمریکا لە پشت هێرشی ئیسرائیلەوە پاڵنانی ئێرانە بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەسەر مەرجەکانی ئەمریکا. ترامپ ڕایگەیاند کە ئێران بژاردەیەکی هەیە: یان واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە یان درێژەدان بە هێرشەکانی بە هێزێکی زیاترەوە لە ماوەی داهاتوودا، جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا بەرگری لە ئیسرائیل دەکات لە بەرامبەر هێرشەکانی ئێران.
ڕاپۆرتێکی ئینستیتیوتی لێکۆڵینەوەی ئاسایشی نیشتمانی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمریکا هێرشەکەی ئیسرائیل دەقۆزێتەوە بۆ ناچارکردنی ئێران بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە. لەگەڵ ئەوەشدا جەختی لە ئەگەری تێوەگلانی ئەمریکا لە شەڕەکەدا کردەوە، بەتایبەتی ئەگەر وەڵامی ئێران هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، یان تەنانەت هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا بکاتە ئامانج. هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەگەر هێرشی ئیسرائیل نەیتوانی زیانی گەورە بە پڕۆژەی ئەتۆمی ئێران بگەیەنێت، ئەوا ڕەنگە ئەمریکا ناچار بێت خودی خۆی ئەو ئەرکە تەواو بکات، بەتایبەتی ئەگەر ئێران ڕەتی بکاتەوە پابەند بێت بە داواکارییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی. لەڕاستیدا هەواڵەکان دەرکەوتوون کە ئیسرائیل داوای لە ئەمریکا کردووە بەشداری لە هێرشەکانی سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران بکات، بەتایبەتی شوێنی فۆردو کە ٦٠٪ یۆرانیۆمی پیتێنراوی تێدایە و لە قووڵایی چیاکاندا قەڵادار کراوە. ئیسرائیل ئەو بۆمبە تایبەتانەی نییە کە دەچنە ناو قەڵا قووڵەکانەوە، و ناتوانێت بە تەنیا تەواوی پڕۆژە ئەتۆمییەکەی ئێران لەناو ببات.
بەرپەرچدانەوەی ئێران
ئیسرائیل پێشبینی وەڵامدانەوەی بەرفراوانی ئێرانی بۆ هێرشەکانی دەکرد و بەرەی ناوخۆ و میدیاکانی ئیسرائیل دەستیان کرد بە ئاگادارکردنی هاووڵاتیان بۆ وەڵامدانەوەی توند و ئازاربەخشی ئێران. ئیسرائیل کار بۆ کەمکردنەوەی توندی وەڵامدانەوەی ئێران دەکات بە بەردەوامبوون لە لەناوبردنی ژێرخانی مووشەکی و ئاسمانی ئێران و کۆنترۆڵکردنی ئاسمانی ئێران بۆ دەستنیشانکردن و لەناوبردنی ئەو مووشەکانەی لەدژی ئیسرائیل پێش هەڵدانی مووشەکەکانیان. هێزی ئاسمانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئاسمانی ئێرانی بەرەو ڕۆژئاوا کۆنترۆڵ کردووە و هەموو ڕێگاکە تا تاران درێژ بووەتەوە و کردوویەتی بە ناوچەیەکی ئازاد بۆ فڕۆکەوانی ئیسرائیل. هه ڕوه ها ئاماژه ی به وه شداوه که ڕۆژانی داهاتوو کەمبوونەوەی هێرشه کانی ئێران دەبێت بۆ سەڕ ئیسرائیل بەهۆی ئۆپه ڕاسیۆنەکانی هێزی ئاسمانی له ئێران.
سەرەڕای ئەمەش ئێران لە ئێوارەی 13ی حوزەیران تا ئێوارەی 15ی حوزەیران 11 خولی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدا، ئەمەش لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی ڕاستەقینەی 3. لەم خولانەدا ئێران 370 مووشەک و زیاتر لە 100 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەڵدا و شوێنە گرنگە سەربازییەکان و دامەزراوە مەدەنییەکانی کردە ئامانج، بەتایبەتی لە حەیفا، هەروەها زیانی بە ناوچە نیشتەجێبووەکان گەیاند، بەتایبەتی لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون ناوچەی تەلئەبیبی گەورەتر، بەهۆی هێرشەکانی ئێران تا ئێستا ٢٤ هاوڵاتی ئیسرائیلی کوژراون و سەدان کەسیش بریندار بوون.
سیستەمی بەرگری ئیسرائیل، بە پاڵپشتی ئەمریکا، نەیتوانیوە هەموو مووشەکەکانی بالیستیک ڕابگرێت. ئەمەش هۆشداری دەداتە ئیسرائیل لە دەرئەنجامەکانی شەڕ لەگەڵ ئێران ئەگەر بەردەوام بێت لە ئەنجامدانی هێرشی لەو جۆرە دژی ئیسرائیل بە گشتی و ناوچەی تەلئەبیب بەتایبەتی. شرۆڤەکارانی ئیسڕائیلی نزیک لە دامەزراوە ئەمنییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیسرائیل پێشبینی دەکرد وەڵامی ئێران بە ئازار بێت، بەڵام پێشبینی هێرشێکی وەها بەرفراوانی نەدەکرد، بەتایبەت دوای ئەوەی نەتانیاهۆ لەناوبردنی کۆگاکانی مووشەکی بالیستیک لە ئێران ڕاگەیاند.
هێرشی ئێران بە گەورەترین هێرش بۆ سەر خاکی ئیسرائیل لە مێژووی ئیسرائیلدا هەژمار دەکرێت، هەروەها وێرانکەرترین هێرشە لە دوای دامەزراندنیەوە. هێرشی ئێران بە شێوەیەکی کاریگەر ژیانی ئابووری و مەدەنیی لە ئیسرائیل و بەتایبەتی لە دڵی ئەو وڵاتە، ناوچەی تەلئەبیب تێکداوە. هەروەها بووەتە هۆی داخستنی فڕۆکەخانەی بن گوریون و گواستنەوەی سەرجەم فڕۆکە مەدەنییەکانی ئیسرائیل بۆ قوبرس و یۆنان و ئەمریکا.
سیناریۆکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و ئێران
دەتوانرێت چوار سیناریۆ بۆ پەرەسەندنی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی نێوان هەردوولا دەستنیشان بکرێت.
سیناریۆی یەکەم: ڕووبەڕووبوونەوەکە بۆ چەند هەفتەیەک بەردەوام دەبێت و بە بڕیارێکی ئیسرائیل ڕادەگیرێت.
ئەم سیناریۆیە لەسەر ئەو گریمانەیە دامەزراوە کە ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان هەردوو وڵات بۆ چەند هەفتەیەک (ڕەنگە دوو یان سێ هەفتە) بەردەوام دەبێت، ئیسرائیل پێی وایە ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە دەرفەتێکی مێژووییە کە دووبارە نابێتەوە، بۆیە تا دەتوانێت درێژە بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەدات لە پێناو لەناوبردنی زۆرترین توانای سەربازیی تەقلیدی و ئەتۆمی ئێران، هەروەها بۆ لاوازکردنی ڕژێمی ئێران.
ئەم سیناریۆیە ئەگەری هەیە ئەوە پیشان دەدات کە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی درێژخایەن ئیسرائیل ناچار دەکات بە هۆی بەردەوامی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر خاکی ئیسرائیل، دامەزراوە مەدەنی و ژیانییەکانی ڕێژیمی ئێران بکاتە ئامانج. لەژێر ئەم سیناریۆیەدا، بڕیاری کۆتایی هێنان بە ڕووبەڕووبوونەوەکە لە ئەستۆی ئیسرائیل دەبێت، کە ڕایدەگەیەنێت کە سەرکەوتوو بووە لە لەناوبردنی زۆربەی توانا سەربازی و ژیانییەکانی ڕێژیمی ئێران، ئەمەش ئەو پێشکەوتنانەی ئێران لە بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا بۆ چەندین ساڵ پێچەوانە دەکاتەوە. ئەم سیناریۆیە بە ڕەتکردنەوەی گەڕانەوەی ئێران بۆ سەر مێزی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا و واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە مەرجی ئەمریکی بەهێزتر دەبێت و بەمەش گڵۆپی سەوزی ئەمریکا بۆ کردەوەی سەربازی ئیسرائیل دەپارێزێت.
ئەم سیناریۆیە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک تەحەددا دەبێتەوە، گرنگترینیان ئەوەیە کە بەردەوامی بۆردومانی ئێران ئیسرائیل ماندوو دەکات و دەبێتە هۆی ماندوێتی لەناو کۆمەڵگەی ئیسرائیلدا، ئەمە جگە لە کاردانەوەکانی تێکدانی ژیانی ئابووری و بازرگانی و مەدەنی لە ئیسرائیل کە لە ئێستاوە بەهۆی دۆخی شەڕەوە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ەوە گرژ بووە ئاگربەست لەسەر ئیسرائیل پێش ئەوەی ئەرکەکەی تەواو بکات. هەروەها ئەم سیناریۆیە ڕووبەڕووی کاردانەوەی ئابووری نێودەوڵەتی دەبێتەوە، بەتایبەتی لە بوارەکانی وزە، کەشتیوانی دەریایی و فڕۆکەوانی، کە دەتوانێت فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕاگرتنی ڕووبەڕووبوونەوەکە زیاد بکات.


سیناریۆی دووەم: ڕووبەڕووبوونەوەکە بۆ چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت و بە بڕیارێکی ئەمریکی ڕادەگیرێت.
ئەم سیناریۆیە وا گریمانە دەکات کە ئەمریکا داوای وەستاندنی ڕووبەڕووبوونەوە و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل دەکاژ، هەروەها وا گریمانە دەکات کە ئەمریکا ئامانجی خۆی گەیاندووە بە ڕێژیمی ئێران کە هەڕەشەی ئیسرائیل جێگای باوەڕە و پێویستە ئێران لەژێر گوشاری ئەم هەڕەشەیە بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان و ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی واژۆ بکات کە کۆتایی بە ڕووبەڕووبوونەوەکە بهێنێت. ئەم سیناریۆیە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەکە ڕاگەیەندراوی جددییەتی ئەو مەترسییەی کە ڕووبەڕووی ئێران دەبێتەوە، ئەگەر ڕەتی بکاتەوە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی لەسەر ئەو مەرجانەی ئەمریکا پێشنیاری کردووە، دەستپێبکات، هەروەها دەستپێکردنی خولێکی نوێی دانوستان لەسەر بنەمای جددیەتی و متمانەپێکراوی ئەم هەڕەشەیە ئەگەر جارێکی دیکە دانوستانەکان شکستی هێنا. لەم سیناریۆیەدا وەستاندنی ڕووبەڕووبوونەوەکە بڕیارێکی ئەمریکی دەبێت نەک بڕیارێکی ئیسرائیلی.
ئەم سیناریۆیە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک تەحەددا دەبێتەوە، دیارترینیان دژایەتی ئێرانە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان دوای لەدەستدانی متمانە بە ئەمریکا، ئەم بڕیارە کاریگەری لەسەر حکومەتی ئیسرائیلیش دەبێت، کە وا هەست دەکرێت پێش گەیشتن بە ئامانجەکانی ڕووبەڕووبوونەوەکەیان ڕاگرتووە. پێدەچێت ئەمەش وێنەکەی لە ئاستی ناوخۆیی و ناوچەییدا بخاتە مەترسییەوە.
سیناریۆی سێیەم: ئەمریکا بەشداری ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەکات و کۆتایی بە شەڕەکە دەهێنێت.
ئەم سیناریۆیە وا گریمانە دەکات کە ڕەنگە ئەمریکا لە یەک ئەرکدا بەشداری ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئیسرائیل بکات، ئەویش لەناوبردنی پڕۆژەی ئەتۆمی ئێرانە. ئەم سیناریۆیە پشت بە ئامادەنەبوونی ئێران دەبەستێت بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا سەرەڕای بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل، و ماندووبوونی ئاسۆی ئۆپراسیۆنی سەربازی ئیسرائیل بەبێ گەیشتن بەو ئامانجە، لە لایەک، یان زیانێکی گەورە بە پڕۆژەی ئەتۆمی ئێران بگەیەنێت. هەروەها ڕەنگە ئەمریکا بچێتە ناو ئەم شەڕە بۆ کۆتایی هێنان بەو شەڕە بە لەناوبردنی پڕۆژەی ئەتۆمی، کە دەکرێت خاڵی کۆتایی ئەم پرۆسەیە بێت لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە.
ئه م سیناریۆیه له سه ڕ ئه و گریمانه یه دامه زراوه که ڕه نگه ئه مریکا بچێته نێو شه ڕه وه دوای ئه وه ی ئیسرائیل زۆرێک له توانا سه ڕبازییه کانی ئێران به تایبه ت توانا موشه کییه کانی ئێران له ناو ده بات، بۆ ئه وەی ڕێگری بکات له لێدانی ئێران له بنکه کانی ئەمریکا له ناوچەکە ئەگەڕ ئەم دووه میان بڕیار بدات بچێته ناو ئۆپەڕاسیۆنه سەڕبازییەکەوه . ئەم کاتە یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی ڕەخنە ناوخۆییەکانی ئەمریکا بۆ چوونە ناو جەنگەوە، لە ترسی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنی ئەمریکا کورت بێت و دواتر کۆتایی بە ڕووبەڕووبوونەوەکە بهێنرێت.
ئەم سیناریۆیە ڕووبەڕووی چەندین تەحەدا دەبێتەوە، لەوانە فشاری ناوخۆیی لەسەر ترەمپ بۆ ئەوەی بەشداری شەڕەکان نەکات، بەتایبەتی لەلایەن باڵی گۆشەگیری پارتی کۆماری و بنکەی ترەمپەوە کە داوای لێدەکات بەشداری ڕووبەڕووبوونەوە نەکات. هەروەها نیگەرانی ئەوەش هەیە کە ڕژێمی ئێران بە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی دراوسێ و هەروەها کاردانەوەی بەرچاوی ئابووریی وەها پەرەسەندنێک بڕیاری ئاگرتێبەردانی ناوچەکە بدات.
سیناریۆی چوارەم: ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی بە شێوەیەکی پچڕپچڕ بەردەوام دەبێت (دۆخێکی هەمیشەیی شەڕ).
ئەم سیناریۆیە وا گریمانە دەکات کە، دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی تاڕادەیەک درێژخایەن، هەردوو لایەن خێرایی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کەم دەکەنەوە و لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنە پچڕپچڕەکان بەڵام چڕتر لە پێش دەستپێکردنی ڕووبەڕووبوونەوەکە دەچنە قۆناغێکی دیکە. بۆ نموونە، ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیە دەتوانێت پەرەسەندێت بۆ ئەوەی ئیسرائیل بە ڕێژەیەکی زیاتر لە ڕابردوو ئۆپراسیۆنەکان لە ناوخۆی ئێران دەستپێبکات، بە تایبەت بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاپۆرتانەی کە مۆسادی ئیسرائیلی دامەزراوەیەکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی لە ناو ئێراندا دروست کردووە کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێستادا بەکاری هێناوە. ڕووبەڕووبوونەوەکە دەتوانێ دەستپێکی کۆکردنەوەی گرووپە ناوخۆییەکانی ئێرانیش لەخۆ بگرێت کە کار بۆ ڕووخاندنی ڕژێم دەکەن دوای ئەوەی بە هۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیلەوە لاواز بوو.
ئەم سیناریۆیە ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی دەبێتەوە، گرنگترینیان ئەوەیە کە دەتوانێت پاڵ بە تارانەوە بنێت بۆ خێراکردنی پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ٩٠٪ و بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەترسییەی کە ڕژێمەکە لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئیسرائیل ڕووبەڕووی بووەتەوە. پشت بەستن بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە ناوخۆی ئێران و هەوڵدان بۆ ڕووخاندنی لە ناوخۆی ئێران لە ڕابردوودا شکستی هێنا.
دەرەنجامەکان
ڕووبەڕووبوونەوەی ئێستا گەورەترین ڕووبەڕووبوونەوە لە مێژووی ململانێی ئیسرائیل و ئێراندایە و ئیسرائیل هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی گەورەترین زیان بە ڕێژیمی ئێران بگەیەنێت و تا دەتوانێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی دوابخات. بۆیە پێدەچێت ئیسرائیل بۆ ماوەیەکی زۆر درێژە بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بدات و پشت بە لەناوبردنی توانا مووشەکییەکانی ئێران و بەشێکی زۆریان دەبەستێت، ئەمەش ئازادیی کردەوەی سەربازی بە ئیسرائیل دەبەخشێت بەبێ فشاری ناو ئیسرائیل. ئیسرائیل دەزانێت کە ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە لە ڕووی کاتەوە سنووردارە، و ڕەنگە تەنها چەند هەفتەیەک بخایەنێت بەهۆی ماندوێتی ناوخۆیی و کاردانەوە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکانی ئەم ڕووبەڕووبوونەوە، بەتایبەتی لە بوارەکانی وزە و کەشتیوانی دەریایی. بۆیە لەم ماوەیەدا هێزی ئاگرینێکی زۆر بەکاردەهێنێت بۆ گەیشتن بە زۆرێک لە ئامانجەکانی بە سەرکەوتنێکی گەورە.

Top