خەڵاتەکانی تۆنی ٢٠٢٥,,ڕێزلێنان لە داهێنانەکانی شانۆ
ئێوارەی ڕۆژی 9ی حوزەیرانی هۆڵی شانۆی «Radio City Music Hall» میوانداریی ئاهەنگی «خەڵاتەکانی تۆنی» بۆ ساڵی ٢٠٢٥ی کرد، کە تێیدا ڕێز لە دیارترین بەرهەمە شانۆیی و مۆسیقییەکان گیرا. ئاهەنگەکە، کە لەلایەن «کۆمەڵەی بڕۆدوەی» و «باڵی شانۆی ئەمریکی»یەوە ئامادە دەکرێت، دیارترین ئاهەنگی ساڵانەیە لە جیهانی شانۆدا، کە تێیدا باشترین شانۆگەری و شانۆگەرییە مۆسیقییەکان خەڵات دەکرێن کە لە ٤١ شانۆدا لە ناوچەی «تایمز سکوێڕ» و دەوروبەری نمایش دەکرێن، و مەرجە هەر شانۆیەک جێگەی لانیکەم ٥٠٠ کورسیی تێدا ببێتەوە. بەرهەمەکان لە ٢٦ پۆلێنی سەرەکیدا کێبڕکێیان کرد، سەرباری خەڵاتە تایبەتەکانی وەک «خەڵاتی دەستکەوتی تەمەن».
شانۆگەریی «Maybe Happy Ending» بە بردنەوەی شەش خەڵات درەوشایەوە، لەوانە «باشترین شانۆگەریی مۆسیقیی نوێ»، «نووسین»، «مۆسیقا»، و «دەرهێنان». شانۆگەرییەکە چیرۆکێکی ڕۆمانسیی مرۆیی لەنێوان دوو ڕۆبۆتدا پێشکەش دەکات، کە لە پاڵەوانێتیی دارێن کریس و هێلین جی شینە.
شانۆگەریی «Purpose» سەرکەوتنێکی مێژوویی بەدەستهێنا بە وەرگرتنی خەڵاتی «باشترین شانۆگەریی نوێ»، هاوکات کارا یۆنگ بۆ یەکەمجار لە مێژووی خەڵاتەکاندا وەک کەسێکی پێستڕەش، دوو خەڵاتی لەسەریەکی بردەوە. شانۆگەرییەکە تیشک دەخاتە سەر ململانێ خێزانییەکان لە کاتی کۆبوونەوەیەکدا لەناو زریانێکی بەفردا، و لە نووسینی براندن جاکۆبس-جینکینزە، کە هەروەها خەڵاتی «پولیتزەر»ی بۆ هەمان کار وەرگرتووە.
لە پۆلێنی نمایشە دووبارەکراوەکاندا، شانۆگەریی «Sunset Blvd» خەڵاتی باشترین دووبارە نمایشکردنەوەی شانۆگەریی مۆسیقیی بردەوە، و ڕۆڵگێڕانی نیکۆڵ شێرزینگەر ئامادەییەکی دیاری هەبوو بە بردنەوەی خەڵاتی «باشترین ئەکتەری سەرەکیی ژن لە شانۆگەرییەکی مۆسیقیدا»، و بەسەر ڕکابەرییەکی بەهێزی ئەستێرە دێرینەکاندا سەرکەوت.
دارێن کریس یەکەم «خەڵاتی تۆنی» خۆی بۆ ڕۆڵەکەی لە «Maybe Happy Ending» بەدەستهێنا، لە کاتێکدا سارا سنوک خەڵاتی «باشترین ئەکتەری ژن لە شانۆگەرییەکدا»ی بۆ ڕۆڵگێڕانە سەرسوڕهێنەرەکەی بردەوە کە ٢٦ ڕۆڵی جیاوازی لەخۆگرتبوو لە شانۆگەریی «The Picture of Dorian Gray»دا.
کۆڵ ئێسکۆلاش خەڵاتی «باشترین ئەکتەری پیاو لە شانۆگەرییەکدا»ی بۆ ڕۆڵە بێوێنەکەی لە «!Oh Mary» بەدەستهێنا، کە هەروەها سام پینکلتۆن خەڵاتی «باشترین دەرھێنەر»ی بۆ هەمان شانۆگەریی بردەوە.
فرانسیس جو خەڵاتی «باشترین ئەکتەری یاریدەدەری پیاو»ی لە شانۆگەریی «Yellow Face»دا وەرگرت، لە کاتێکدا جاک مالۆن خەڵاتی «باشترین ئەکتەری یاریدەدەری پیاو»ی لە شانۆگەرییەکی مۆسیقیدا بۆ ڕۆڵەکەی لە «Operation Mincemeat» بەدەستهێنا، و هیوای خواست کە بردنەوەکەی ببێتە پاڵپشتییەک بۆ دۆزی مافی ترانسجێندەرەکان.
شانۆگەریی «Eureka Day» خەڵاتی باشترین دووبارە نمایشکردنەوەی شانۆگەریی بردەوە، ئاهەنگەکە یادی دەیەمین ساڵیادی شانۆگەریی «Hamilton»ی کردەوە لە ڕێگەی نمایشێکی میدلیی تایبەتەوە کە نووسەرەکەی، لین-مانوێل میراندا و ستافە ڕەسەنەکەی بەشدارییان تێدا کرد.
لەلایەن سینسیا ئێریڤۆوە بە نمایشێکی کاریگەر ئاهەنگەکە کرایەوە بە بەشداریی تیپی «Broadway Inspirational Voices»، و گیانی خۆش و گاڵتەجاڕی خۆی لە مامەڵەکردن لەگەڵ میواناندا دەرخست، وەک ئۆپرا وینفری، و جەختی لە گەڕانەوەی بەهێزی «بڕۆدوەی» کردەوە دوای ئەو ماوەی سستییەی کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە دروست ببوو.
ئاهەنگەکە ساتێکی کاریگەری بۆ ڕێزلێنان لە کۆچکردووان لەخۆگرتبوو، لە ڕێگەی دوانەیەکی گۆرانی لە نێوان ئێریڤۆ و سارا باریلێس، و پێشکەشکردنی گۆرانییەک لە شانۆگەریی «Annie»، لەگەڵ سڵاوێک بۆ ژمارەیەک لە هێماکانی شانۆ کە لە ماوەی ساڵدا کۆچی دواییان کردبوو.
پێش ئاهەنگەکە، خەڵاتەکانی باشترین نووسەر، ئاوازدانەر، و دەرهێنەر بۆ شانۆگەریی «Maybe Happy Ending» ڕاگەیەندرابوون، و «Buena Vista Social Club» چەندین خەڵاتی بۆ دیزاینی سەما بردەوە، سەرباری خەڵاتەکانی دیزاینی جلوبەرگ بۆ شانۆگەرییەکانی «The Picture of Dorian Gray» و «Death Becomes Her».
لە ساتێکی ڕێزلێنانی تایبەتدا، هارڤی فێرشتاین خەڵاتی «دەستکەوتی تەمەن»ی وەرگرت، و وتارێکی کاریگەری پێشکەش کرد کە تێیدا سوپاسگوزاریی خۆی بۆ ئامادەبووان دەربڕی و بە ڕۆحی ڕاستەقینەی شانۆی وەسف کردن.
بەم شێوەیە، «خەڵاتەکانی تۆنی ٢٠٢٥» لاپەڕەیەکی نوێی لە مێژووی شانۆدا هەڵدایەوە، و پێگەی «بڕۆدوەی»ی وەک سەکۆیەک بۆ تاقیکردنەوەی داهێنان، فرەڕەنگی، و نایابیی هونەری دووپات کردەوە.
