لێدوانی کۆتایی سەرکردەکانی گروپی حەوت وڵات
سەرکردەکانی گروپی حەوت وڵات لە کۆتایی کۆبوونەوەکەیاندا بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و ئێرانیان بە سەرچاوەی سەرەکی ناسەقامگیری و تیرۆر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوبرد و جەختیان لەوە کردەوە کە تاران هەرگیز نابێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.
سەرکردەکانی گروپی حەوت بە ئاماژەدان بە هەڵکشانی ئاڵۆزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایانگەیاند: ئێران سەرچاوەی سەرەکی ناسەقامگیری و چالاکیی تیرۆریستییە لە ناوچەکەدا و هەمیشە بە ڕوونی ئەوەمان ڕاگەیاندووە کە ئێران هەرگیز نابێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.
سەرکردەکانی ئەم گرووپە کە ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، کەنەدا و ژاپۆن لەخۆدەگرێت، جەختیان لە پشتیوانی خۆیان بۆ ئاسایشی ئیسرائیل و مافی بەرگریکردن لە خۆی کردووەتەوە.
هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە "چارەسەرکردنی قەیرانی ئێران لە کۆتاییدا دەبێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی گرژییەکانی سەرتاسەری ناوچەکە، لەوانەش ئاگربەست لە غەززە".
گوڵان: سەردار خەلیل
