ئەحلام حەجی بۆ گوڵان:ناوبانگ گەشت و سەیران نییە، بەڵكو بارگرانییەكی گەورەیە دەكەوێتە سەر شانت

ئەحلام حەجی بۆ گوڵان:ناوبانگ گەشت و سەیران نییە، بەڵكو بارگرانییەكی گەورەیە دەكەوێتە سەر شانت

ئەحلام حەجی هونەرمەندێكە كە ناوبانگی بە هەوڵ و كۆششی خۆی بەدەست هێناوە، ئەو پێشتر نازناوی شاجوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەست هێنابوو. دامەزراوەیەكی مرۆییشی بە ناوی «احلام الطفولة» دامەزراندووە، كە گرنگی بە یارمەتیدانی منداڵانی بێدایك و باوك دەدات، سەبارەت بەكارەهونەرییەكانی و چەند بابەتێكی تایبەت گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ سازكرد.

*سینەمای مەغریبی توانیویەتی پەیامەكەی بە جەماوەر بگەیەنێت؟

-سینەمای مەغریبی هەوڵ دەدات بەرهەمەكانی هەمەچەشن بكات بەگوێرەی ئەو پاڵپشتییەی لێی دەكرێت، ئەمەش وای لێ دەكات هەوڵ بدات بگاتە ئاستی سینەمای جیهانی، بەڵام پرسی پێشوازیی جەماوەر، وەك پێشتریش ئاماژەم پێ دا، پەیوەستە بە زۆریی بەرهەم (چەندایەتی) بۆ ئەوەی بگەین بە چۆنایەتی، چونكە ناتوانین بەرهەمی چۆنایەتی بەدەست بهێنین ئەگەر چەندایەتی نەبێت. لە نەبوونی چەندایەتیدا كێبڕكێ و پاڵنەر و فرەچەشنی نامێنێت و دەرفەت بە توانا هونەرییەكان و بەهرەدارە ڕاستەقینەكان نادرێت كە چاوەڕێی دەرفەتی خۆیان دەكەن. سەبارەت بە كەمیی ئەو جەماوەرەی ڕوو لە سینەما دەكەن، ئەوە پەیوەستە بە دەوڵەتەوە، كە هۆڵەكانی سینەمای پشتگوێ خستووە و زۆربەیان داخراون. سینەما پەیوەستە بە هۆڵەكانەوە، هونەریش پەیوەستە بە چۆنایەتی و فرەچەشنی و كێبڕكێوە. جەماوەریش چاوەڕوانی بەرهەمی باشە، و خواست هەمیشە لە خستنەڕوو زیاترە.

*چۆن هونەرمەند دەتوانێت ببێتە ئاوێنەی جەماوەر؟

-هونەرمەند ئاوێنەی كۆمەڵگەیە. ئەمە وتەیەكی باوە، بەڵام ئەمە تەنیا لەو واقیعەدا دێتەدی كە ڕێز لە پێوەرە پیشەییەكان بگیرێت و دەوڵەت بە شێوەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو بەشداربێت لە دانانی هونەر، لەو پێگە وپایەیەی كە شایستەیەتی، چونكە هونەر بە هەموو شێوازەكانییەوە كاردەكات بۆ چاندنی بەهاكانی لێبووردەیی و گواستنەوەی واقیع و گفتوگۆكردنی پرسەكان. بەم شێوەیەش دەبێتە ئەو ئاوێنەیەی كە بە شێوازی جیاواز واقیع دەگوازێتەوە و كەموكووڕی و كێشەكان دەردەخات، تاوەكو دەوڵەت كار بۆ چارەسەركردنیان بكات، چونكە هونەرمەند دەرهاویشتەی ڕاستەقینەی واقیعەكەیەتی، باوەڕی وایە كە موڵكی جەماوەر و ئازیزانیەتی و دەبێتە زمانی حاڵی ئەوان كاتێك ڕێگەكانی دیكەی دەربڕین و سكاڵا نامێنن. هونەرمەند هەڵگری دۆز و پرسەكانە، چونكە مرۆڤێكە تەنیا هی خۆی نییە، بەڵكو موڵكی جەماوەرەكەیەتی.

*دەركەوتنت لە كارە درامی و سینەماییەكاندا لە ئاستی پێویست نییە، هۆكاری ئەمە چییە؟

-وەڵامێكی ڕوون و قایلكەرم پێ نییە، بەڵام لە هەمان كاتدا من داواكاریی زۆرم نییە و مەرجی قورسم نییە بۆ ئەو ڕۆڵانەی پێم پێشكەشم دەكرێن. سوورم لەسەر كاركردن بە هەنگاوی جێگیر، بە باوەڕبەخۆبوون و بە ئاسوودەییەوە. كاتێك ئەكتەر ڕۆڵێكی دیاریكراو بەرجەستە دەكات، لە بەرامبەردا دەبێت ئەو كرێیە وەربگرێت كە شایستەیەتی.

سەبارەت بەوەی كە ئایا داواكاریی زۆرم هەیە بۆ ڕۆڵەكان، باوەڕم وایە هێشتا لەم بوارەدا نەگەیشتووینەتە ئەو ئاستە لە وردبوونەوە و پیشەییبوون.

*ئەو پرسانە چین كە لە كارە هونەرییەكانتدا گرنگییان پێدەدەیت؟

-دەمەوێت تیشك بخەمە سەر ئازار و مەینەتییەكانی منداڵان و كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، هەروەها شێوازی ژیانی ڕۆژانەیان و ئەو سەختی و كێشانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. ڕاستە ئازار و كێشەكان بوارەكانی دیكەی وەك پزیشكی، پەروەردە، ئەندازیاری و هی تریش دەگرێتەوە، بەڵام جیاوازییەكە لەوەدایە كە هونەرمەند وەك كەسایەتییەكی ناسراو لای جەماوەر زیاتر لەبەرچاوانە و تیشكی میدیای لەسەرە، بۆیە ئازار و كێشەكانی ئەگەر خۆی ڕووبەڕووی ببێتەوە یان باسی بكاتزیاتر دەبینرێن و جێی سەرنجن.دڵنیام پێویستم بە كاتە تا بەدییان بهێنم.

*خەونەكانت چین لە بواری هونەردا؟

-كاتێك ناوبانگم پەیدا كرد، هەستم بە گەورەیی بەرپرسیارێتییەكە كرد، چونكە ناوبانگ گەشت و سەیران نییە، بەڵكو بارگرانییەكە دەكەوێتە سەر شانت و وات لێ دەكات هەمیشە لە ڕیزی پێشەوە بیت، ماندوو بیت و تێبكۆشیت لەپێناو پێشكەشكردنی وێنەیەك كە ڕەنگدانەوەی ئاوات و هیواكانت بێت.

Top