وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەڵمانیا وەک سەرۆکی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵبژێردرا
ئانالینا بایربۆک وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەڵمانیا بە سەرۆکی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵبژێردرا و بووە یەکەم ژنی ئەوروپی و پێنجەمین ژن لە مێژووی نزیکەی ٨٠ ساڵەی دامەزراوەکەدا کە ئەو پۆستە بەدەستبهێنێت.
ڕۆژی دووشەممە ئانالینا بایربۆک، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەڵمانیا، وەک سەرۆکی نوێی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵبژێردرا.
بایربۆک تەمەن 44 ساڵ، ئەندامی پارتی سەوزی ئەڵمانییە، لە دەنگدانێکی نهێنیدا بە 167 دەنگی 193 وڵاتی ئەندام بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردرا. ئەو تاکە کاندید بوو بۆ ئەو پۆستە. پێش کۆبوونەوەی ساڵانەی سەرۆکەکانی دەوڵەت لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ٩ی ئەیلول دەست بە سەرۆکایەتی یەک ساڵەی خۆی دەکات.
دوای هەڵبژاردنی، بایربۆک جەختی لە گفتوگۆ لەسەر بنەمای متمانە لەگەڵ هەموو ئەندامەكان کردەوە و گوتی: دەرگای ئۆفیسەکەم هەمیشە بەڕووی هەموواندا کراوەیە، باشترە پێکەوە کاربکەین.
بەڵێنیدا شەفافیەت بۆ چاکسازییە پێکهاتەییەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا زیاد بکات و دوور بکەوێتەوە لە گرنگیدان بە تەنها فۆرماڵیزمەکان و ڕۆڵی کۆمەڵەی گشتی لە هەڵبژاردنی سکرتێری گشتی داهاتووی نەتەوە یەکگرتووەکان بەهێز بکات.
هەروەها داوای بوودجەیەکی بەردەوام بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و زیادکردنی کارایی سیستەمەکەی کرد، جەختیشی کردەوە کە دەبێت بەشداری هەموو هەرێم و گروپەکان لە پرۆسەی چاکسازیدا بخرێتە ڕوو.
لەلایەکی دیکەوە، ماوەی بایربۆک وەک وەزیری دەرەوە ڕەخنەی زۆری لێگیرا، بەتایبەتی بەهۆی هەڵوێستی ڕاشکاوانە لە پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل لە کاتی شەڕی غەززەدا.
سەرۆکایەتی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆڵی ڕێکخستن و هەماهەنگی لە نێوان 193 وڵاتی ئەندامدا ئەنجام دەدرێت.
گوڵان: سەردار خەلیل
