ئەندازیار نەجمەددین عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری كشتوكاڵی شێخان: كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم گرنگییەكی زۆری بە كەرتی چاندن و پڕۆژەكانی كشتوكاڵ داوە

ئەندازیار نەجمەددین عەبدوڵڵا  بەڕێوەبەری كشتوكاڵی شێخان:  كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم  گرنگییەكی زۆری بە كەرتی چاندن و  پڕۆژەكانی كشتوكاڵ داوە

 

ئەگەر ئێمە لە ڕوانگەی قەزای شێخانەوە باسی كەرتی كشتوكاڵ بكەین، ئەوا شێخانیش وەك هەر دەڤەرێكی دیكەی كوردستان خاكێكی بەپیتی هەیە، كە جووتیارەكانمان دەتوانن زۆربەی هەرە زۆری جۆرەكانی بەرهەمی چاندن لە سنووری قەزای شێخان كاری لەسەر بكەن. ئێستا لە سنووری قەزای شێخان هەرچی بەرهەمی چاندن هەیە لە هەرێمی كوردستان لە شێخانیش دەچێنرێت، وەكو گەنم، پەتاتە، برنج، گەنمەشامی، تەماتە، باینجان، هەتا سەوزەوات بەگشتی هەموو شتێك دەچێنرێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە سەر ئەو هاندانەی كە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم لەم چەند ساڵەی دواییدا گرنگییەكی باشیان داوە بە كەرتی چاندن تاوەكو بەرهەمی كوردستان زیاد بێت و قەدری بگیرێت، بۆ ئەمەش هەنگاوی گەورەی ناوە بۆ داخستنی دەروازە سنوورییەكان لە بەردەم هێنانی ئەو بەروبوومانەی لە وەزرێكی ساڵدا لە هەرێمی كوردستان دەچێنرێت.

سەبارەت بە قەدرگرتنی بەرهەمی چاندن، حكومەتی هەرێمی كوردستان و كابینەی نویەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كاریان لەسەر ئەوە كردووە كە جووتیارەكانمان ئەو بەرهەمەی لەبەردەستیاندایە، كە پێشتر لە چەند ساڵێكی ڕابردوو دەمانبینی لەبەر دەستیاندا دەمایەوە و دەیانڕشتە سەر شەقامەكان، بەڵام ئێستا پێچەوانەیە بازرگانەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و دەرەوەی وڵاتیش چاویان خستووەتە سەر ئەوەی كە بەرهەمی كوردستان بكڕن. ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان و كابینەی نویەم ئاسانكارییان كردووە بۆ بازرگانان و بۆ خاوەنكاران، كە بێن بەرهەمەكانی جووتیارەكانمان بكڕن لەناو هەرێمدا. هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق كراوە، تاوەكو بازاڕەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق لە بەردەم بەرهەمی جووتیاران دانەخرێن، بۆ ئەوەی جووتیارەكانمان بەرهەمی خۆیانی تێدا ساغ بكەنەوە. ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتی چاندنی قەزای شێخان و بە هاوكاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاندنی دهۆك، ڕۆژانە هاوكاری جووتیارەكانمانین بۆ دابینكردنی مۆڵەت و ڕێپێدان و پشتگیریكردنی جووتیارەكانمان بۆ ڕێكخستنی بەرهەمەكانیان بۆ بازاڕەكانی ناوخۆی عێراق.

لە سنووری قەزای شێخان زۆر پڕۆژەی گرنگی چاندن هەن، بۆ نموونە ٢١ كۆگای ساردكەرەوە بۆ هەڵگرتنی بەرهەم هەن كە توانای هەڵگرتنی ١٠٠ هەزار تۆن پەتاتەیان هەیە. زۆر پڕۆژەی پەلەوەر و بەرهەمهێنانی هەنگوین و پڕۆژەی هێلكە و مریشك و بەخێوكردنی مانگا و گوێرەكە هەن، ئەمەش بە هاوكاری و پشتیوانیی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئاسانكاری بۆ ئەو وەبەرهێنەرانە و ئەو خاوەنكارانە (خاوەن پڕۆژانە) بووە، كە بتوانن ئەو پڕۆژانە لێرە دابمەزرێنن.

 

Top