دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری هۆکارەکان و ئەنجامەکان لە دوای ساڵی ١٩٧٥.

دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری هۆکارەکان و ئەنجامەکان لە دوای ساڵی ١٩٧٥.

 

دوای ڕێککەوتننامەی جەزائیر لە ساڵی ١٩٧٥، حکومەتی عێراق بە پشتگیری ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان، خەباتی چەکداریی کوردی بە شکست هێنا. ئەحمەد حەسەن بەکر ڕایگەیاند کە "خەباتی چەکداریی کورد بۆ هەتا هەتایە کۆتایی هاتووە". بەڵام لە ماوەی کورتدا، خەباتی چەکداری دەستیپێکردەوە. بۆیە لێرەدا باس لە هۆکارە سەرەکییەکانی دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری لە لە دوای ڕێککەوتننامەی جەزائیر دەکەین

١. سیاسەتی بەعەرەبکردن و ڕاگواستنی دانیشتوان:

حکومەتی عێراق بە چەند هۆکارێکەوە هەوڵی دا کورد لە خاکی خۆیان بکاتە کەمینە. یەکێک لەو هۆکارانە ڕاگواستنی دانیشتوانی کورد بوو لە ناوچە گرنگەکانی وەک کەرکووک، شنگال، خانەقین، و شێخان بۆ باشووری عێراق. لە ماوەی ساڵانی (١٩٧٤-١٩٧٦)دا، نزیکەی (١٢٢٦)، گوندی چۆڵکران و تەختکران بە بلدۆزەر، حکومەت ئەم کارەی بە ناوی "پاراستنی ناوچە ئەمنییەکان" ڕێکخست، بەڵام ئامانجی ڕاستەقینە لەناوبردنی پشتگیری خەڵک لە پێشمەرگە بوو. هەروەها، حکومەت گۆڕینی ناوە کوردییەکانی شوێنەکانبۆ ناوە عەرەبییەکان و جیاکردنەوەی ناوچە کوردییەکانی وەک کەلار و چەمچەماڵ لە کەرکووک و لکاندنیان بە سلێمانی یان دیالە کرد، ئەم سیاسەتانە کاریگەری خراپی لەسەر دیمۆگرافیای کوردستان هەبوو.

٢. بەعسیکردن و چەوساندنەوەی سیاسی:

حیزبی بەعس هەوڵیدا ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزمی عەرەبی بەسەر کورددا بسەپێنێت. هەر کەسێک ڕەتی دەکردەوە بە ئەندامێتی حیزبی بەعس، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. لە هەمان کاتدا، تۆڕی سیخوڕی عێراق لە کوردستان فراوانکر دبوو، هەزاران پۆلیسی نهێنی لە ناوچە کوردییەکان جێگیرکران بۆ کۆنترۆڵکردنی هەموو جووڵەی سیاسی.

٣. قەدەخەکردنی چەک و کۆنتڕۆڵی سەربازی:

حکومەتی عێراق دوای ساڵی ١٩٧٥ بە بڕیاری ژمارە (٨٠٧) لە ساڵی ١٩٧٥، هەموو چەک و تەقەمەنییەک لە کوردستان قەدەخەکرا. هەر کەسێک چەکی هەبوایە و نەیدەگەڕاندەوە، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا دەدرا.

٤. ڕێگریکردن لە چالاکی سیاسی لە سوپا:

لە ساڵی ١٩٧٦، حکومەت بڕیاریدا هەموو چالاکییە سیاسییەکان لە ناو سوپا قەدەغە بکرێن، تەنها ئەندامانی حیزبی بەعس مافی چالاکی سیاسییان هەبوو. ئەمەش وای کرد سوپا ببێتە ئامرازێک بۆ چەوساندنەوەی کورد.

٥. کۆمەڵایەتی و ئابووری: فشار و بێچارەیی

خەڵکی کوردستان لە دوای ١٩٧٥ لە دۆخێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری خراپ دا ژیا. حکومەت خێزانەکانی پێشمەرگە ڕاگواست بۆ باشووری عێراق و ماڵ و سامانیان تەختبوو. هەروەها خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان لە کوردستان کەمکرانەوە، کە بووە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی. لە بوارە ئابوورییەکانیشدا، حکومەت کرێکارانی کوردی لە کەرکووک دەرکرد و لە جێیان عەرەبی نیشتەجێکرد. هەروەها زەوی کشتوکاڵی کورد تاپۆکرا و بەخشرایە عەرەبەکان.

سەرهەڵدانەوەی خەباتی چەکداری و شۆڕشی گوڵان:

لە ئەنجامی ئەم فشار و چەوساندنەوانە، کورد نەیتوانی بێدەنگ بمێنێتەوە. لە شەوی (٢٥-٢٦ی ئایاری ١٩٧٦)، دا، یەکەم ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری لە نێوان (٢٢ )پێشمەرگە و سوپای عێراق ڕوویدا لە ناوچەی (دۆڵە زەوی) (نزیک سنووری ئێران). لەم ڕووبەڕووبوونەوەیەدا (٨). سەربازی عێراقی کوژران و (١ )، پێشمەرگە شەهید بوو ئەمە یەکەم تەقەی خەباتی نوێی چەکداری بوو، کە دواتر بڵێسەی خەباتی چەکداری بە ناوی شۆڕشی گوڵان کە درێژە پێدەری شۆڕشی ئەیلول بوو بەردەوام بوو. ئەم شۆڕشە بەردەوام بوو تا ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١.

Top