جووتیار خالید قادر جێگری بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی: دروستكردنی ساركەرەوە لە ڕیزبەندی پێشەوەی كارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵە
هەرێمی كوردستان بەشێكی گشتی وابەستەی كاری كشتوكاڵە و لە دێرزەمانەوە خەڵكانێكی زۆر لە هاووڵاتیانی ئەم هەرێمە سەرقاڵی كاری كشتوكاڵیین و مێژوویەكی دێرینیان هەیە، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هەرێمی كوردستان هەم لە ڕووی خاكەكەیەوە و هەم لە ڕووی ئاو و هەواكەیەوە و هەم لە ڕووی ئەو پێداویستییانەی كە بۆ كەرتی كشتوكاڵ گونجاون، وای كردووە، كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستاندا شوێنی خۆی گرتبێتەوە و توانیبێتی كە بەپێی پێویست هەم بەرهەمی كشتوكاڵیمان هەبێت و هەم بتوانێت هەلی كار دروست بكات. لەبەرئەوەی ئێمە وەك گوتم ئێمە خاكێكی بەپیتمان هەیە كە دەتوانم بڵێم لە زۆربەی زۆری وڵاتان ئەم جۆرە خاكە بەپیتە نییە، هەروەها ئاوێكی سازگارمان هەیە، خۆشبەختانەش تا ئەم ساڵانەی دوایی توانیومانە بەرهەمی كشتوكاڵی بگەیەنینە ئاستێك كە هەم لە ڕووی تەندروستیی بەرهەمەكەوە و هەم لە ڕووی كوالێتییەكەیەوە لە ئاستێكی زۆر زۆر باشدا بێت.
بۆ وەبەرهێنان لە كەرتی كشتوكاڵدا ئێمە یاسای وەبەرهێنانمان هەیە، كە تایبەتە بە وەبەرهێنانی ناوخۆیی، بەڵام هەوڵێكی زۆر دراوە، كە تەنیا یاسایەك هەبێت، كە یاساكە تایبەت بێت بە كەرتی كشتوكاڵەوە و یاساكە و ڕێنماییشی پێ دەربچێت. تاكو ئێستاكە نەمانتوانیوە ئەو كارە بكەین، بەڵام لە قسە و باسدایە و هەروەها لەوەدایە كە یاسایەكی وا لە وەزارەتی كشتوكاڵەوە كاری لەسەر كراوە، بۆ ئەوەی بتوانێت دەربچێت، بۆ ئەوەی ئێمە پاڵپشت بە یاسای وەبەرهێنان لە كەرتی كشتوكاڵدا بتوانین زۆرترین ئاسانكاریی بكەین بۆ هاووڵاتیانەی كە دەیانەوێت سەرمایەكانیان لە كەرتی كشتوكاڵدا وەبەربهێنن و وەبەرهێنان بكەن. دواتر لە ڕێگەی ئەو وەبەرهێنانە كشتوكاڵییانەوە بتوانین ئاسایشی خۆراك دابین بكەین و، بەرهەمی كشتوكاڵەكان فراوانتر بكەین و پڕۆژەكانمان فراوانتر بێت و بچێتە دەرەوەی وڵات. هەموو ئەو ماندووبوونەی كە وەزارەتی كشتوكاڵ بە شێوەیەكی گشتی هەیەتی، بۆ ئەوەیە كە ئێمە بەرهەمی كشتوكاڵیمان زۆر ببێت و دواتر هەناردەی دەرەوەی وڵاتی بكەین. لەگەڵ زۆربوونی بەرهەمی كشتوكاڵی و زیاتر لە پێداویستیی ناوخۆیی تەنیا ئێمە دوو ڕێگەمان هەیە، بۆ ئەوەی بتوانین بەرهەمی ناوخۆ لەناو نەچێ، ئەویش هەناردەی دەرەوەی بكەین، یان بتوانین لەناو ساردكەرەوەكان بیانپارێزین و لە كاتی پێویستی، یان لە كاتی كەمبوونەوەی بەرهەمەكەدا بتوانین جارێكی دی بەكاری بهێنینەوە.
لە ئێستادا بۆ دروستكردنی ساردكەرەوە سەرجەم بەڕێوەبەر و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی سنووری پارێزگاكانی هەرێم داواكاریان بەرز كردووەتەوە بۆ وەزارەتی كشتوكاڵ، بەو ئامانجەی كە ڕێنماییەك دەربكەن بۆ دروستكردنی ساردكەرەوە بۆ بەرهەمە كشتوكاڵییەكان و بۆ ئەو بەرهەمانەی كە زۆرن، هەروەها برا جووتیارەكان بەتایبەتی ئەوانەی كە بەرهەمێكی زۆر زۆریان هەیە، بتوانن گەنجینەی بكەن لە ساردكەرەوەكاندا و لە كاتی پێویستدا بەكاری بهێنن.
