د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان : گفتوگۆ، واتە دروستكردنی زمانی هاوبەش بۆ سەرخستنی پرۆسەی نەتەوەسازی  

د.سالار عوسمان  بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و  ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان : گفتوگۆ، واتە دروستكردنی زمانی هاوبەش  بۆ سەرخستنی پرۆسەی نەتەوەسازی   

 

 

 

لە ئەدەبیاتی سیاسیی هاوچەرخدا چەمكی نەتەوە «Nation» ئاماژەیە بۆ كۆی ئەو پێكهاتانەی لەسەر جوگرافیایەكی دیاریكراو دەژین. بۆیە كاتێك باسی پرۆسەی نەتەوەسازی دەكەین، مەبەستمان كۆی ئەو پێكهاتە جیاوازانەیە كە لەناو جوگرافیای هەرێمی كوردستان بە جیاوازی نەتەوە و ئایینەوە پێكەوە دەژین و ناسنامەی گەلی كوردستان پێكدەهێنن.

گرنگترین فاكتەر بۆ سەرخستنی پرۆسەی نەتەوەسازی، لێكتێگەیشتن و هەماهەنگیی نێوان پێكهاتە جیاوازەكان و تاكەكانی كۆمەڵگەیە لەسەر بەرژەوەندییە باڵاكانی نیشتمان و ئاسایشی كۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانی خەڵكەكەی و، مێژووی نەتەوەكانی جیهانیش ئەمەیان بە بەڵگە سەلماندووە، هەتا زمانێكی هاوبەش لەنێوان پێكهاتە جیاوازەكانی نەتەوە دروست نەبێت، پرۆسەی نەتەوەسازی سەركەوتوو نابێت.

زمانی هاوبەش بەرهەمی گفتوگۆی كراوە و ڕاشكاوانەی نێوان پێكهاتە جیاوازەكانە لەناو فەزای گشتیدا «public sphere»، كە تیایدا وشەكان لەسەر بنەمای ئیتیك گوتاری نموونەیی «Ideal Speech» بەرهەم دەهێنێت، گوتارێك كە هەڵقوڵاوی ناو قووڵایی كێشەكانی كۆمەڵگەیە و چارەسەری «ماقووڵ، مومكین، سەرنجراكێش» بۆ كۆی كێشەكان دەدۆزێتەوە و دەیكاتە ڕاوێژ و ڕاسپاردە و پێشكەشی حكومەت و پەرلەمانی خۆی دەكات.

لەم چوارچێوەیەدا، بازنەی گفتوگۆ كە لەم ژمارەیەی گۆڤاری گوڵاندا بیست و نۆیەمین ڕاپۆرتی خۆی بە ناونیشانی «بەرنامە و پلان بۆ پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان» بڵاو دەكاتەوە، ئەو ڕاستییەی سەلماندووە كە لە ناو قووڵایی كێشەكانی خەڵك و لەناو ئالنگارییەكانی سەر خاك و نەتەوە، زمانی هاوبەش بۆ لێكتێگەیشتن و هاریكاری لەنێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان دروست بكات.

لەناو هۆڵی گفتوگۆكانی بازنەی گفتوگۆدا، بە زمانی جیاواز، لە ڕوانگەی هەمەجۆریی سیاسی و نەتەوەیی و مەزهەبی و ئایینەوە، گفتوگۆ لەسەر چارەسەركردنی كێشەكان دەكرێت. لەناو ئەم فەزا گشتییەدا كە بە كراوەیی و ڕاشكاوانە گفتوگۆی تێدا دەكرێت، جیاوازییەكان یەكتری ناسڕنەوە، بەپێچەوانەوە كاتێك كۆی جیاوازییەكان پێكەوە گرێ دەدرێنەوە و هەموویان لە تەنیشت یەكتری دادەنرێن، دەبینین تابلۆ گەورەكەی نیشتمان پێكدەهێنێت.

 ڕەنگدانەوەی كێشە و خەمەكانی خەڵك و ئالنگارییەكانی سەر خاك و نیشتمان لەناو گفتوگۆكاندا، زەخرەفەیەكی دروست كردووە، كە دەبێتە بناغە بۆ بەرهەمهێنانی ئەو گوتارە نموونەییە نیشتمانییەی كە چارەسەری «ماقووڵ، مومكین، سەرنجڕاكێش»ی بۆ كێشە ڕاستەقینەكانی كۆمەڵگەی كوردستانی دیاری كردووە.

میتودی ئیتیكی و ڕێزگرتنی بازنەی گفتوگۆ لە جیاوازییە سیاسی و نەتەوە و ئایینییەكان، بە ئاستێك متمانەی لەنێوان جیاوازییەكان هێناوەتە ئاراوە، كە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی ڕاشكاوانە دەڵێن: «من لە بەردەم مایكی بازنەی گفتوگۆ زۆر ڕاشكاوانە قسە دەكەم، چونكە دەزانم لەم مایكەوە ڕاستییەكان دەگەنە شوێنی خۆیان و كار بۆ چارەسەركردنیان دەكرێن». بایەخی ئاست بەرزی بازنەی گفتوگۆ بە كێشە جیاوازەكانی كۆمەڵگە، پرسیاری جیاوازی لای بەشداربووانی گفتوگۆكان دروست كردووە و ڕاشكاوانە لێمان دەپرسن: «بۆچی بەشی رۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە قووڵایی ئەم كێشانەدا ڕۆدەچێت و سەرەنجامیش زۆربە ڕەخنە و گلەیی و گازندەكانی خەڵك بە پلەی یەكەم پارتی دیموكراتی كوردستان دەگرێتەوە».

دڵنیام ئەندامانی بازنەی گفتوگۆ بە باشی وەڵامی ئەم پرسیارەی بەشداربووانی گفتوگۆكانیان داوەتەوە و پێیان گوتوون: وەڵامی ئەم پرسیارەی ئێوە لە بڵاوكردنەوەی ڕاپۆرتەكە وەك خۆی و پاشان كۆكردنەوەی هەر شەش گفتوگۆكە لە دوو كتێبدا بە زمانی «كوردی و عەرەبی» لەو مەراسیمە وەردەگرنەوە كە كتێبەكانی تێدا دابەش دەكرێت و خۆشتان ئامادە دەبن. بەڵام لەم چەند دێڕەدا دەخوازم، هەوڵ بدەم ڕاشكاوانەتر وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە.

بازنەی گفتوگۆ، بەرهەمی كۆبوونەوەكانی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنە پێش ئەنجامدانی كۆنگرەی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە نۆڤمبەری 2022 و، دواتر لە سەرەتای ساڵی 2023 وەك ئۆرگانێكی سەربەخۆ «بازنەی گفتوگۆ»مان دامەزراند. لە یەكەم كۆبوونەوە بڕیار درا، ئاستی گوتار فراوان بكەین، هەتا دەیگەیێنینە ئاستی گوتاری تەواوكاری نیشتمانی «National Integration Speech»، ئەمەش بەو مانایەی پێویستە لەناو گوتاری نیشتمانیدا «خەڵك، نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان و كۆی بیروبۆچوونە سیاسییە جیاوازەكان»، هەست بە بوونی خۆیان بكەن و بە گوتاری خۆیانی بزانن، وەك هاوبەشییەك لە چارەسەركردنی كێشەكاندا.

سەرۆك بارزانی چەندین جار لە كۆبوونەوەكاندا جەختی كردووەتەوە و گوتوویەتی: «بۆ من كوردستان لە پارتی گرنگترە». ئەم پەیامەی بەڕێزیان بۆ ئێمە دەبێتە فەرمان و دەبێت پێوەی پابەند بین و جێبەجێی بكەین و، دەبێت بە كردارەكانمان ئەوە پیشان بدەین، پارتی تەنیا ئامرازێكە بۆ سەربەخۆیی كوردستان و ئاسایشی كۆمەڵگە و خۆشگوزەرانیی تەواوی گەلی كوردستان بە جیاوازیی نەتەوە و ئاییینەوە. دەبێت كاری سەرەكیی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، بە زیندووڕاگرتن و پراكتیزەكردنی وتە بەرزەكەی «بارزانیی نەمر» بێت: (شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت). بەڵێ بازنەی گفتوگۆ وا بیر دەكاتەوە و بەم ئاراستەیە كار دەكات و بە دوای ئەو شانازییەدا دەگەڕێت و ماندوو نابێت.

Top