ئایا زیاد خواردنی میوە هاندەرە بۆ قەڵەوی؟
پسپۆرانی خۆراك و تەندروستی جەخت دەكەنەوە كە خواردنی میوەی جۆراوجۆر بە ڕێژەیەكی مامناوەندی كە 25-30%ی خۆراكی ڕۆژانە پێكبهێنێت، بەشێكی گرنگ و پێویستە لە خۆراكی هاوسەنگ و تەندروستدا و هەرگیز نابێتە ئەگەری زیادبوونی كێشی لەش. میوەكان دەوڵەمەندن بە ماددەی خۆراكیی گرنگ بەتایبەتی ریشاڵ، ڤیتامین، لەگەڵ ماددە دژەئۆكسانەكان كە بایەخێكی تەندروستیی بەرزیان هەیە. وەكو هەموو خۆراكێكی تر، زیاد خواردنی میوەكان بەتایبەتی ئەو جۆرانەی كە كالۆری زیاد لەخۆدەگرن هاندەرە بۆ زیادبوونی كێش و قەڵەوی، چونكە میوەكان بەگشتی ڕێژەیەكی بەرزی شەكرە سادەكان لەخۆدەگرن لە جۆری گلوكۆز، فركتۆز، سوكرۆز. جگە لە زیادبوونی كێشی لەش یان قەڵەوی، زیاد خواردنی میوە لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری چەند گرفتێكی تەندروستی تری وەكو:پەیدابوونی بەرگریی خانەكانی لەش دژ بە هۆرمۆنی ئینسولین و ئەگەری نەخۆشیی شەكرە، زیادبوونی ڕێژەی چەوریی جگەر Fatty liver، كلۆربوونی ددان، هەروەها كەمیی كالسیۆم و ئۆمیگا3 و ڤیتامینەكانی B12 و D.
