یەکبوون:مەرج نییە ساڵانە هونەرمەند بەرهەمی هەبێت

یەکبوون:مەرج نییە ساڵانە هونەرمەند بەرهەمی هەبێت

(یەکبوون) خانمە گۆرانیبێژێکی باکووری کوردستانە، لە ساڵی 1989 بۆ یەکەمجار هاتووەتە ناو جیهانی هونەرەوە. لە بەرهەمەکانیدا ڕەسەنایەتی بەدی دەکرێت و سەرەڕای گۆرانیگوتن، شارەزایی لە ئامێرە موزیکییەکانیشدا هەیە، لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا لە شارەکانی کوردستانی باشوور ناوبانگێکی زۆری پەیداکرد، لە دەرفەتێکدا وەڵامی چەند پرسیارێکی گوڵانی دایەوە.

*دۆخی هونەری کوردی لە باکوور و باشووری کوردستان چۆنە؟

-بێگومان ئاستەنگی زۆرمان دێتە پێش لە هەموو ڕوویەکەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، پێشەنگترین و زیندووترین شت لە هونەری کوردیدا مۆسیقایە. ئەوەیە کە هەمیشە خۆی پەرە پێدەدات و نوێ دەبێتەوە. دوای هەموو ئەو ستەم و ئازار و تواندنەوە و قڕکردنەی کە بەرامبەر گەلی کورد کرا، مۆسیقای کوردی وەک قەڵایەکی بەرگری ڕووبەڕووی ئەوە بووەوە، ڕەگوڕیشەی کۆمەڵگە و  کەلتووری کوردی بە پێوە هێشتەوە، و گەیاندییە ئەمڕۆ. بەڕای من، ئەگەر مۆسیقا لە هونەری کوردی دەربهێنین، ئەو قەڵایە دەڕووخێت، هەمیشە ئەمە لە خۆم دەپرسم ئەگەر مۆسیقای کوردی نەبوایە ئاخۆ هەستم بە چی دەکرد؟ واتە مۆسیقا ئەوەندە کاریگەرە کە بەڕای من دەتوانێت گەلی کورد پێکەوەگرێ بدات و ڕەگوڕیشەی ئەم گەلە بەپێوە بهێڵێتەوە.

یەکبوون:مەرج نییە ساڵانە هونەرمەند بەرهەمی هەبێت

*ئەو ئاستەنگانە چین کە وەک هونەرمەندێکی ژن ڕووبەڕووت دەبنەوە؟

-ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی من دەبنەوە هەمان ئەوانەن کە ڕووبەڕووی هەموو هونەرمەندە ژنە کوردەکانی دیکەش دەبنەوە. ئەوە کێشەیەکی کۆمەڵایەتییە. چۆن ژنێک دەتوانێت لەسەر شانۆ دەربکەوێت و لە بەردەم هەموو ئەو خەڵکەدا گۆرانی بڵێت هیوادارم هەموو خێزانەکانمان ڕێگە بۆ کچەکانیان بکەنەوە، ئەوکاتە ئاستەنگەکانی بەردەم هونەرمەندە ژنە کوردەکان زۆر کەم دەبنەوە، و دەتوانن هونەرەکەیان باشتر پەرە پێ بدەن و کەلتووری کوردییش ئەوکاتە دەگاتە ئاستێکی بەرزتر.

*مەرجە هەموو ساڵێک بەرهەمێکت هەبێت؟

-نەخێر، مەرج نییە هەموو ساڵێک گۆرانیبێژ ئەلبوومی گۆرانیی هەبێت، من لەگەڵ ئەوە دام کەی گۆرانیبێژ دەرفەتی بۆ گونجاو خۆی ئامادەکرد، ئەو کاتە ئەلبوومی گۆرانی تۆمار بکات، نەک پەلە بکات.

*مۆدێرنیتە (نوێگەری) لە هونەری کوردیدا چۆن دەبینن؟

-بەداخەوە زۆربەی هونەرمەندانی کورد ئاگاداری هونەری میللی و کلاسیکیی میللەتەکەی خۆیان نین، ئەو کەسانەی کە لەسەر مۆسیقای کوردی کار دەکەن، بنکەیەکی هونەریی بەهێزیان نییە، هەر لەبەر ئەمەشە کاتێک دەیانەوێت شتێکی مۆدێرن بخەنەڕوو، ئەو ڕەنگ و نەخشە تایبەتمەندییە کوردییانە بە ڕوونی تێیدا دەرناکەوێت. ئەگەر بتەوێت شتێکی مۆدێرن یان نوێ دابهێنیت بەڵام کەلتووری خۆتی تێدا جێ نەکەیتەوە، ڕەنگە دوای ماوەیەک لە مۆسیقاکەت، لە کەلەپوورەکەت، لە کەلتوورەکەت دوور بکەویتەوە. لەم ڕووەوە، مۆدێرنیتە کاریگەرییەکی نەرێنی نیشان دەدات، بەڵام ئەمەش لەبەر خودی مۆدێرنیتە نییە، بەڵکو ئەو کەسانەی گرنگی بە مۆسیقای کوردی دەدەن، دەبێت بەباشی لە ڕەسەنایەتیی مۆسیقای کوردی تێبگەن، لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن، جەختی لەسەر بکەنەوە و بیکەنە بنکە و بنەما بۆ خۆیان، ئەگەر ئەو بنکەیە هەبێت، مۆدێرنیتە هێز و توانایەکی گەورەیە، ڕێگە لە بەردەم مۆسیقادا دەکاتەوە و مۆسیقا هەمیشە بە زیندوویی دەهێڵێتەوە و زیاتر بەرەوپێشی دەبات.

*بێجگە لە زمانی کوردی بە زمانی بیانی سترانت هەیە؟

-من توانام هەیە بە زمانیکی دیکە ستران بڵێم، بەڵام تاوەکو ئیستا تەنیا بە زمانی کوردی گۆرانیم گوتووە، هەروەها جارجارە گۆرانیی ئینگلیزی دەڵێم، بەڵام لە ئەلبوومەکانمدا تۆمارم نەکردوون، تەنیا لە هەندێک ماڵپەری وەکو فەیسبووک یان یووتووب بڵاوم کردوونەتەوە، حەز لە ستایلی جۆراجۆر دەکەم، بەردەوام گوێبیستی ستایلی جۆراجۆر دەبم، هەرکە بزانم ستایلکیش گۆرانییەکانم بەرەوپیشەوە دەبات، ئەوا هەوڵ دەدەم کە کاری لەسەر بکەم.

*ئایا هونەرمەندانی کورد توانیویانە فۆلکلۆر بپارێزن؟

-کۆمەڵگەی کوردی هەمیشە لەڕووی ئابووری و کەلتووری و هونەرەوە سەرکوت کراوە و نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەستانە خۆی لە ناو ژیاندا دەربخات. هەمیشە لەژێر کاریگەریی کەلتوورە باڵادەستەکاندا ماوەتەوە. لەبەر ئەم هۆکارە، کەلتووری کوردی، فۆلکلۆری کوردی، تا هاتووە زیاتر ون بووە و لەدەست چووە.

لە بواری کەلتوور و هونەریشدا، پرۆسەیەکی گەورەی تواندنەوەی کەلتووری ئەنجام دراوە. ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی فۆلکلۆری کوردی لاواز بمێنێتەوە، یان کز بووە و لە گەشە وەستاو. ئێستا، زۆرێک لەو کەسانەی کە لەسەر هونەر و فۆلکلۆری کوردی کار دەکەن،  مۆسیقاژەن، گۆرانیبێژ، دەچنە سەر شانۆ، و هونەرەکەیان پێشکەشی گەل دەکەن.، کاتێک مرۆڤ قسەیان لەگەڵ دەکات، ئەو کەموکوڕییەیان بە ئاسانی تێدا دەبینێت، لەبەر ئەوە مرۆڤ دەتوانێت بڵێت کە فۆلکلۆری کوردی لەژێر مەترسییەکی گەورەدایە. کەلتوور و فۆلکلۆر، زمان و ژیان، هەمووی پێکەوە بەستراونەتەوە و تێکەڵاوی یەکترن. تواندنەوەی کەلتووری (ئاسیمیلاسیۆن) شتێک دروست دەکات کە فۆلکلۆری کوردی پاشەکشە دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی فۆلکلۆری کوردی لە ناو کۆمەڵگەدا وردە وردە بچووک ببێتەوە تاکوو ون دەبێت و لەناودەچێت.

Top