یەڵدا محەمەد بۆ گوڵان:بەشداریكردنم لە ئادیابین خۆی شانازییەكە بۆم

یەڵدا محەمەد بۆ گوڵان:بەشداریكردنم لە ئادیابین خۆی شانازییەكە بۆم

زۆرن ئەو ئەستێرانەی لە ئاسمانی ڕاگەیاندنەوە گەشت دەكەن بۆ دنیای نواندن، بەڵام كەم دەتوانن لە یەكەم هەنگاودا جێ پەنجەی خۆیان دیاری بكەن. «یەڵدا محەمەد» ئەو ناوە نوێیەی دنیای هونەرە كە دوای ئەزموونێكی سەركەوتوو لە بواری ڕاگەیاندندا، بڕیاری دا لە ڕێگەی بەشی سێیەمی زنجیرە درامای «ئادیابین»ـەوە، تاقی كردنەوەیەكی نوێ ئەنجام بدات. ئەو نەك هەر وەك ڕوخسارێكی نوێ، بەڵكو وەك ئەكتەرێكی بەهرەمەند دەركەوت و توانی بە ڕۆڵە جوانەكەی، سەرنجی بینەران بۆ لای خۆی ڕاكێشێت.

یەڵدا محەمەد بۆ گوڵان:بەشداریكردنم لە ئادیابین خۆی شانازییەكە بۆم

لە دەرفەتێكدا چەند پرسیارێكمان ئاراستەی یەڵدا محەمەد كرد.

*چۆن بۆ ڕۆڵی (خونچە) لە زنجیرە درامای «ئادیابین» كاندید كرایت، تەنیا لەسەر بنەمای ناسراویت لە میدیا و وەرزشدا بوو، یان تاقیكردنەوەی ئەدای ئەكتەریت ئەنجام دا؟

-من لە ڕێگەی تاقیكردنەوەی لەلایەن دەرهێنەرەوە هەڵبژێردرام، هەروەها بە ڕێككەوتنم لەگەڵ تیمی بەرهەم‌ هێنانی كارەكە، و خۆشم خەونی بوون بە ئەكتەرم هەبوو.

پرۆژەی ئادیابین چونكە كارێكی مێژوویی و نەتەوەیی بوو، پێم خۆش بوو ئەو تاقیكردنەوەیەی ژیانم لە ئادیابینەوە دەستپێ بكات، چونكە بەڕاستی تیمێكی زەحمەتكێش لەپشت بەرهەمهێنانی ئەو ئیشەوە بوون، وەك‌: دەرهێنەر، كامێرامان، پرۆداكشن و دەنگ‌ و زۆر ئەندام و...هتد، هیوادارم ڕێزی ماندوو بونیان لەبەرچاو بگیرێت.

*وەك خانمێك كە لە بواری وەرزشدا چالاكیت، ئایا ئەو دیسپلین و هێزە جەستەییەی لە وەرزشەوە فێری بوویت، یارمەتیدەرت بوو بۆ بەرگەگرتنی كاتژمێرە درێژەكانی وێنەگرتن و ماندوێتی كارەكە؟

-بێگومان كاریگەریی خۆی هەبووە، بەڵام حەز و ئارەزووی من بۆ كارەكە كاریگەرتر بووە تاكو بتوانم بەرگەی ئەو ماندوبوون و كاتژمێرە زۆرانە بگرم.

یەڵدا محەمەد بۆ گوڵان:بەشداریكردنم لە ئادیابین خۆی شانازییەكە بۆم

*ئادیابین بەرهەمێكی گەورە و مێژووییە، بەشداریكردن لە كارێكی ئاوا قەبارە گەورەدا، چ مانایەكی هەبوو و چۆن وەك وەرچەرخانێك لە ژیانی خۆتدا دەیبینیت؟

-ئادیابین بۆ من دەرگایەك بوو بۆ هاتنە ناو دونیای ڕۆڵگێرانەوە و هەمیشە شانازیی بەم كارەوە دەكەم، ئەوە بۆمن زۆر گرنگ بوو كە بەشداریی درامایەكی كوالێتی بەرزی وەك ئادیابینم كرد، كە باس لە مێژووی گەلی كورد و قارەمانێتی پێشمەرگە دەكات.

*كارەكتەرەكەت لە دراماكەدا چەند لە كەسایەتیی ڕاستەقینەی خۆتەوە نزیك بوو؟

-خونچە خاوەنی دوو كەسایەتیی جیاواز بوو، یەكێكیان كچێكی ئازا و شۆڕشگێڕ بوو، ئەویتر ئاشقێكی سەرشێت بوو، من خۆم لە هەردووك كەسایەتییەكەوە دەبینیەوە بۆیە كارەكە تا ڕادەیەكی زۆر ئاسان بوو بۆم.

*هیچ خاڵێكی هاوبەش لە نێوان خۆت و ئەو ڕۆڵەدا هەبوو كە وات لێ بكات بە ئاسانی بەرجەستەی بكەیت؟

-بەهۆی ئەوەی خۆشم كچە پێشمەرگەم و لە باوكمەوە ئازایەتیی پێشمەرگەم بینیوە، باوكمان لە منداڵیمەوە باسی هەموو ئازایەتی و لە هەمان كاتدا نەهامەتیی گەلی كوردی بۆ كردبووین، بۆیە كاتێك لە دراماكەدا وەكو كچێكی ئەندامی نهێنی ڕێكخستن كارم دەكرد، حەماسەتێكی زۆر جوانم تێدا دروست دەبوو و شانازیم بە ڕۆڵەكەمەوە دەكرد.

*دوای درامای ئەدیابین، چ گۆڕانكارییەك لە دیدگای تۆوە بۆ هونەر و وەرزش و میدیا دروست بوو، ئایا ئێستا خۆت زیاتر وەك ئەكتەر دەبینیت، یان وەك ڕاگەیاندكار و وەرزشوان؟

-ئادیابین ئەزموونێكی نوێ و جیاواز بوو بۆمن، بێگومان گۆڕانكاریی لەسەر دیدگام هەبووە و هاندانێك بوو بۆم تا زیاتر بێمە ناو نواندنەوە، بەڵام لە هەمان كاتدا وەرزشەكەم هەر بە تایبەتی دەمێنێتەوە و وەكو وەرزشوانێك بەردەوام دەبم.

*كاردانەوەی بینەران و ئەو هەوادارانەی كە پێشتر تەنیا لە بواری وەرزش و میدیادا دەیانناسیت، چۆن بوو كاتێك تۆیان وەك ئەكتەر بینی، ئایا چاوەڕێی ئەو هەموو دەستخۆشییەت دەكرد؟

-بینەران بووبوونە دوو بەش، بەشێكیان هەوادارم بوون و بەشێكی دیكەش ڕقیان لێم بوو، چونكە ڕكابەری كارەكتەری ڕەیحان بووم، ڕۆژانە نامە و كۆمێنتی زۆرم بۆ دەهات لەلایەن هەردووك بەشەوە، بەڵام جێگەی دڵخۆشیم بوون، چونكە دڵنیا بوومەوە ڕۆلەكەم بە باشی گێڕاوە و بینەر بە تەواوی چوونەتە قوڵایی دراماكە.

*ڕۆڵی (خونچە) لە دراماكەدا كاریگەریی كردە سەر ژیانی ڕۆژانەت، ئایا لە شوێنە گشتییەكاندا مامەڵەی خەڵك لەگەڵت گۆڕاوە؟

-بێگومان كاریگەریی هەبووە، زۆرجار بە سەیركردنەكانیان تێگەیشتووم دەیانەوێت چی بڵێن، زۆرجاریش لە دەرەوە یان لە سۆشیال میدیا لێیان پرسیوم لە كۆتاییدا نێوانی خونچە و بارزان چی لێ دێت.

*چۆن دەتوانیت هاوسەنگی لە نێوان «وەرزش، ڕاگەیاندن و نواندن»دا ڕابگریت؟ ئایا هیچ كام لەمانە دەبێتە قوربانی بۆ ئەوی دیكە؟

-بەهۆی ئەوەی ئەمە یەكەم ئەزموونم بوو و كاری وێنەگرتنەكەش لە شارێكی دیكە بوو، تۆزێك قورس بوو هاوسەنگیەكە ڕابگرم، بەڵام بە بڕوای من بۆ گەیشتن بە هەر خەونێك پێویستە قوربانیشی بۆ بدەی.

*لە ئادیابین چ شتێك هەیە كە زیاتر شانازیی پێوە دەكەیت؟

-بەشداریكردنم لەو دراما مێژووییەدا هەر خۆی شانازییەكە بۆمن، هەروەها ئەوەی كە وەك ئەندامێكی نهێنیی ڕێكخستن كارم دەكرد و لەگەڵ پێشمەرگەكاندا بووم، جێگەی شانازییە.

Top