تەها قادر:دەیان گۆرانیبێژ بێ ئەوەی خاوەن بەرهەمێكی خۆیان بن بەرهەمی هونەرمەندانی دیكە دەڵێنەوە

تەها قادر:دەیان گۆرانیبێژ بێ ئەوەی خاوەن بەرهەمێكی خۆیان بن بەرهەمی هونەرمەندانی دیكە دەڵێنەوە

هونەرمەند تەها قادر گۆرانیبێژێكی بەناوبانگ و خاوەن جەماوەرێكی تایبەتە و تا ئێستە خاوەن چەندان بەرهەمی تایبەت بە خۆیەتی و گۆرانییەكانی دەنگدانەوەیەكی باشیان هەبووە، تەها قادر خەڵكی شاری سۆرانە، دەرچووی كۆلێژی ئەندازیارییە، خاوەنی چەندین گۆرانی و ڤیدیۆكلیپە و ماوەی ساڵانێكە خەریكی كاری هونەرییە .

*زۆربەی هونەرمەندان لە لایڤ موزیكدا دەردەكەون، هەندێك لە هونەرمەندە كۆنەكانیش دەڵێن هونەرمەند ئەو هونەرمەندەیە كە لە لایڤ موزیكدا دەربكەوێت، تۆ چی دەڵێیت؟

-بەخۆشحاڵییەوە ئێستە لە زۆربەی شوێن و شار و شارۆچكەكان لایڤ موزیك دەكرێـت، پڕۆڤەیەكی باشیشە بۆ هونەرمەندەكە، ئێستەیش سەردەمی پێشان نییە ساڵی جارێك كۆنسێرتێك بكەیت، ڕۆژانە دەكەویتە بەر دیدی خەڵك و لە جەماوەرەكەت نزیك دەبیتەوە، ئێستەیش ئەوسەردەمە نییە لە جەماوەرەكەت دوور بكەو‌یتەوە، دەبێت لێیان نزیك بیت، هەروەها سوودێكی بزنسی باشی هەیە بۆ ئەوەی بتوانی كارەكانت زۆر باشتر بكەیت و چیتر بە دوای سپۆنسەردا نەگەڕێیت .

*لە هەندێك وڵاتدا كۆنسێرتی كوردی قەدەغە دەكرێت، بەڵام ئێوە لە لایڤ موزیكەكانتاندا گۆرانیی وڵاتانی دراوسێ دەڵێنەوە،‌ بۆچی تەنیا گرنگی بە گۆرانیی كوردی نادەن؟

-بڵێیت و نەڵێت ئێمە تێكەڵین بە كەلتووری ئەوان، ئەوانیش تێكەڵن بە كەلتووری ئێمە،‌ بەدەیان گۆرانیمان هەیە كراونەتە توركی و عەرەبی و كوردستان شوێنێكی گەشتیارییە،‌ بۆیە لە لایڤ موزیكەكان تەنیا میوانی كوردمان نییە، میوانی عەرەب و تورك و فارسمان هەیەو كوردیش بە میواندۆست ناسراوە، ئێمەش وەك ڕێزێك بۆ ئەو میوانە كە جەماوەرمانە، جاروبار گۆرانی توركی و عەرەبی و فارسییش دەڵێین.

*خەڵك زۆر ڕوو لە هونەری گۆرانی دەكات، ئایا دروستە بە هەموویان بڵێین هونەرمەند‌؟

-هونەر وشەیەكی زۆرگەورەیە،‌ گۆرانیگوتن بەشێكە لە هونەر، كابرا ئەكتەرە سینەماكارە ئارتیستێكە ‌شێوەكارێكە، بەهەمان شێوە كاری هونەری دەكات . ئێستە بە دەیان گۆرانیبێژمان هەن بەبێ ئەوەی خاوەن بەرهەمێكی خۆیان بن هەر لەسەر بەرهەمی هونەرمەندەكانی دیكەن، من خۆم گۆرانیی هونەرمەندەكانی تر دەڵێمەوە، بەڵام دەبێت ئەرشیڤێكی خۆشمم هەبێت، دەنگخۆشی بەشێكی گرنگە، بەڵام گۆرانیبێژ هەیە ئێستە لەوانەیە ڕەقەمیش بێت شەش مانگ سەر دەكەون و لایڤ موزیكیان قەرەباڵغ دەبێت، كەچی دواتر دێنە خوار، چونكە هەر گۆرانیی كەسانی دیكە دەڵێتەوە.

*دەڵێن هونەرمەندان بۆیە لە لایڤ موزیكدا گۆرانییە كۆنەكان دەڵێنەوە، چونكە ئەوان هونەرێكی پتەو و بەهێزیان پێشكەش كردووە؟

-لە هەموو دنیادا وایە، گوێ بدەرە ئاهەنگێكی عەرەبی ئەوەندە گۆرانیی كۆنەكان دەڵێنەوە،‌ گۆرانیی نوێ ناگوترێتەوە، چونكە چێژەكەی جیاوازیی هەیە، بۆ نموونە ئێستە كازم ساهیر دوا ئەلبوومی ڕەوحەیە و شتێكی زۆر جوان و تایبەتی پێشكەش كردووە، بەڵام خەڵك لە كۆنسێرت داوای گۆرانییە كۆنەكانی لێ دەكاتەوە، بۆیە بۆ ئەوانیش وایە تەنیا بۆ گەنجەكان وانییە.

*ئەو هونەرەی پێشكەشی دەكەیت تاچەند لە ئاستی حەزەكانتدایە؟

-هەمیشە كەسێكی بەتەماح بووم و هەوڵم داوە باشتر و نایا‌بتر پێشكەش بكەم، بەڵام خۆشت دەزانیت توانا دەور دەبینێت و لە بارودۆخێكی باشدا نین بەگشتی، بەڵام هەر لە هەوڵی خۆمان نەوەستاوین، هەوڵمان داوە باشتر پێشكەش بكەین.

*بۆچی هونەرمەندان دوای ماندووبوونێكی زۆر و بەدەستهێنانی جەماوەرێكی باش و هونەرێكی جوان، لەناكاو دەڵێن واز لە هونەر دێنین، تۆش یەكێكی لەوان؟

-تەنیا دڵشكانێك بوولەسەر چەند لایەنێك،هەندێك پەیج بێڕەحمانە سۆشیال میدیا بەكار دێنن لەپێناو ئەكتیڤ بوونیان و ئامادەن هەزار بوختانت پێ بكەن، ئێمە دەبێت فێر بین كە هونەرمەندی خۆمان خۆش بوێت، ژیانی تایبەتی هونەرمەندیش پەیوەندیی بە هیچ كەسێكەوە نییە.

*بۆچی ئەوەندە لە سۆشیال میدیا هێرش دەكرێتە سەر تۆ و هونەرەكەت، ئایا ناحەزت هەیە؟

-خەڵك كۆمێنتی ناشیرین بۆ هەموو شتێك دەنووسن، باوەڕ بكە وەرە تەنانەت ئەگەر كارێكی خێرخوازییش بكەیت و پۆستی بكەیت، خەڵك هەر كۆمێنتی ناشیرینت بۆ دەنووسێت، من لەگەڵ كۆمێنتی خەڵكدام وەك ڕەخنە، بەڵام هەركەسێك بێڕێزی بكات ئەوا خۆی بێڕێزە، من یەكێكم لەو هونەرمەندانەی هەمیشە هێرش دەكەنە سەرم و وەڵامدانەوەی منیش تەنیا بەكارەكانم ئەو لایڤ موزیكانەیە كە دەیكەم، ئەو جەماوەرە زۆرەی كە لەلایڤەكانمدا ئامادەن، ‌هەروەها بەو كلیپانە كە بەخێرایی دەچنە ناو خەڵك وەڵامیان دەدەمەوە.

Top