ممدوح سینۆ حاجی جەمال ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان: ئۆجەلان وەكو دامەزرێنەری پەكەكە گەیشتووەتە ئەو قەناعەتە كە بێ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی پڕۆسەی ئاشتی سەركەوتوو نابێت
پەیامەكەی ئۆجەلان بۆ سەرۆك بارزانی وەرچەرخانێكی گەورەیە بەرەو چارەسەركردنی كێشەی كورد لە باكووری كوردستان، چونكە مەرجەعی كورد و كوردستان ڕۆڵێكی كارای لە نێوخۆ و ناوچەكە و جیهاندا هەیە و، بەردەوام جەخت لەسەر ئاشتی و پێكەوەژیانی گەلان دەكاتەوە. بۆ قسەكردن لەسەر پرسی كورد لە باكووری كوردستان و پەیامەكەی ئۆجەلان بۆ چەك دانانی پەكەكە، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ ممدوح سینۆ حاجی جەمال ئەندامی پێشووی پەكەكە ساز دا.
* شاندی دەم پارتی پەیامی ئاشتیی ئۆجەلانیان لە ئیمڕالییەوە بۆ سەرۆك بارزانی هێنا و، سەرۆك بارزانی پشتگیریی ناوەرۆكی پەیامەكەی ئۆجەلانی كرد، كە ئامانج لێی چارەسەری ئاشتییانەیە بۆ كێشەی كورد لە توركیا، ئایا چۆن سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ لای سەرۆك بارزانی دەخوێنیتەوە؟
- مێژوو و بەسەرهاتەكانی ڕۆژگار و چەندین ساڵەی ئەزموونی هەرێمی كوردستان، بۆ هەموو تاكێكی كورد و پارچەكانی كوردستان و دونیاش سەلماندی كە جەنابی سەرۆك بارزانی بەو كار و هەوڵانەی لە ڕووی مرۆڤایەتی و پێكەوەژیان و ئاشتی و ئارامی، نەك تەنیا بۆ گەلی كورد و كوردستان، بەڵكو بۆ ناوچەكە و هەموو ئەو لایەن و وڵاتانەی پرسیان پێ كردووە، سەرۆك بارزانی بووەتە سیمبول و كەسایەتییەكی كاریگەر و میانڕەو و ئاشتیخواز، هاوكات لەو كاتەی كە هەرێمی كوردستان بووەتە خاوەن پەرلەمان و حكومەت و سەروەریی یاسا دەبینین لە زۆر لایەن و بواردا بەتایبەتی لە عێراقی فیدڕاڵدا دژایەتیی ئەم هەرێمە كراوە، بەتایبەتی بە بڕینی مووچە و بوودجە و شایستە داراییەكانی كە مافێكە بە یاسا ڕێك خراوە، هاوكات حكومەتی كوردستان لە شەڕی دژی داعش و پێشتریش بە هۆی كاری تیرۆریستی و شۆڤینی جگە لەوەی بە هەزاران ئاوارەی ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق ئەوە پێكهاتە ئایینی و ئایینزاكانیش پەنایان هێنایە بەر هەرێمی كوردستان بەبێ ئەوەی هیچ لایەن و ڕێكخراوێكی بیانی و نێودەوڵەتی هاوكاریی حكومەتی كوردستان بكات، ئەوە بە بڕیار و دەستپێشخەریی سەرۆك بارزانی هەموو ئاوارە و پەنابەرەكان باوەشیان بۆ كرایەوە، هەموو ئەوانە و حەكیمیی سەرۆك بارزانی بۆ ناوچەكە و هەموو دونیای دەریخست، سەركردە و كەسایەتییەكی لەخۆبردە و مەرجەعی گەورەی گەلی كورد و كوردستانە، بێگومان نابێت ئەوەش لەیاد بكەین، كە سەرۆك بارزانی بوو لە ساڵانی 2012 و دواتریش هەوڵیدا پڕۆسەی ئاشتی لە نێوان پەكەكە و توركیا دروست بكات، لەسەر بنەمای هەموو ئەو ڕووداو و پێشهاتانە سەرۆك هەوڵی داوە بۆ چارەسەری كێشەی كورد و كوردستان لە هەموو پارچەكان، ئەوە لە پڕۆسەی ئاشتی ئەمجارەدا باوەڕ و تێگەیشتنی ڕاستەقینەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانە گەیشتە ئەوەی كە دەبێت ڕۆڵی یەكەم و سەرەكی بۆ سەركەوتنی پڕۆسەی ئاشتی لە نێوان پەكەكە و دەوڵەتی توركیا وەكو مەرجەعی گەلی كورد و كوردستان دەبێت سەرۆك بارزانی ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، هەر بۆیەش شاندی دەم پارتی كە سەردانی ئیمیڕالییان دەكرد بۆ دیتن و گفتوگۆ لەگەڵ ئۆجەلان، ئەوە لە دواجار ئۆجەلان پەیامێكی هەبوو كە سەرەتا و ڕاستەوخۆ پێش ئەوەی بدرێت بە هەر لایەنێك، ئەوە بە جەنابی بارزانی بدرێت تاوەكو بتوانێت بەو كارێزما و قورساییەی كە جەنابیان لە ناوچەكە و توركیا هەیەتی، كار بۆ ئەوە بكات، پڕۆسەی ئاشتی كە بڕیارە لە نێوان پەكەكە و توركیا ئەنجام بدرێت، سەربكەوێت، چەكدارانی پەكەكەش گەیشتوونەتە ئەو قەناعاتە كە بەبێ ڕۆڵی جەنابی سەرۆك بارزانی پڕۆسەكە سەركەوتوو نابێت.
* ئۆجەلان بە فەرمی داوای كردووە كە پەكەكە چەك دابنێت و كۆتایی بە شەڕ بهێنێت. سەركردایەتیی قەندیلی پەكەكە لە كۆنگرەكەیاندا بە زارەكی پێشوازییان لەم پەیامە كردووە. ئایا پەكەكە بە كردەیی ئەم پەیامەی ئۆجەلان جێبەجێ دەكات؟
- لە دامەزراندنی پەكەكە و تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، كە ماوەی زیاتر لە (25) ساڵە ئۆجەلان لە زیندانە، هەر بڕیار و پەیام و قسەیەكی كردبێت، بەتایبەتی ئەو پەیامانەی ڕاستەوخۆ بۆ پەكەكە بووە، سەركردە سیاسی و سەربازی و چەكدارەكانی پەكەكە پابەندی بوون و لە قسەی دەرنەچوون، بەڵێ، لەگەڵ گەیشتنی پەیامەكەی ئۆجەلان بۆ قەندیل بەبێ سێ و دوو پەكەكە ڕایانگەیاند كە ئەو بڕیارەی ئۆجەلان وەك سەركردەیان و دامەزرێنەری پەكەكەیە و پابەندی دەبن و جێبەجێی دەكەن. هاوكات پەكەكە بە هەموو باڵ و گرووپەكانی پابەندی ئەوەش دەبن كە چەك دابنێن، ئەوە بوو لە (5 بۆ7/5/2025) پەكەكە كۆنگرەی خۆی ساز دا و لەوێ بڕیاری دا كە پابەندی پەیامەكەی سەركردەكەیان بن، بە مەرجێ لە ئێستادا یەكلایەنەش بێت، چەكەكانیان بێدەنگ دەكەن و بۆ چەكدانانەكەش یەكجارەكی دەبێت، دەوڵەتی توركیاش هەنگاوی پڕاكتیكیی خۆیان بهاوێن و پێشەكی دەبێت ئەو مەرجانە جێبەجێ بكەن، یەكەم: بڕیار و یاسایەك هەیە بە ناوی هیوا هەڵبوەشێتەوە كە بەو بڕیارە ئۆجەلان و هاوڕی و لایەنگرانیان زیندانین. دووەم: ژمارەیەك زیندانی هەن كە پەكەكە و لایەنگرانیانن كە ژمارەیان دەگاتە (4000) كەس دەبێت ئازاد بكرێن. سێیەم: دەبێت ئەو بڕیارەی كە پەكەكەی پێكراوە بە تیرۆریست هەڵبوەشێتەوە. بێگومان ئەگەر نیازی ئەردۆگان ئەوە بێت كە پڕۆسەی ئاشتی سەر بكەوێت، دەبێت ئەو مەرجە سەرەتاییانە جێبەجێ بكات، لە پاش ئەمە پەكەكە بە چاودێریی نێودەوڵەتی و ئەمریكا چەكەكانی دادەنێت، ئێستاش كە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەیان داوە، ئەوە مانای چەك دانانیش دەگرێتەوە، لە لایەكی دیكەوە ئۆجەلان زۆر بە ڕاستی لەگەڵ ئەوەیە كە كێشەی باكووری كوردستان بە چەك و شەڕ كۆتایی نەهاتووە و دەبێت ڕێگای ئاشتی و مەدەنییانە بگرنەبەر، هەر بۆیە دڵنیایی دەدەم كە پەكەكە لە ماوەیەكی نزیكدا چەكەكانی دادەنێت و بە هەموو جۆرێك ناچێتە ناو چوارچێوەی شەڕ، چونكە لە ئێستاشدا سوپای توركیا بۆ سەر چەكدارانی پەكەكە و قەندیل لە هێرشی سەربازی و ئۆپەراسیۆن بەردەوامە، كە دەبێت بۆ سەركەوتنی پڕۆسەی ئاشتییەكە ئەو پێشێلكارییانە نەمێنێت.
* با بێنە سەر كاریگەریی دەم پارتی لەناو كوردی توركیادا، ئایا كوردی توركیا دەم پارتی بە نوێنەری خۆیان دەزانن؟ ئایا ڕۆڵ و كاریگەریی دەم پارتی و سەڵاحەدین دەمیرتاش بۆ پرۆسەی چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد لە توركیا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
- ئەم پرسیارە زۆر گرنگە و بۆی هەیە هەندێ لایەن و چەكدارانی پەكەكەش تا ئاستێك قبووڵیان نەبێت، چونكە دەم پارتی ئێمە بڵێین و نەڵێین، ڕێكخراوێكی مەدەنیی بەتوانا و بەهێزە لە ئێستادا و لەو كاتەوەش كە دروست بوون، كار و هەوڵیان بۆ جەماوەر و گەلی باكووری كوردستان بووە و توانیویانە لە هەموو ئەو كۆمەڵە و گرووپ و لایەنانەی دیكەی باكووری كوردستان جەماوەری زیاتر بۆ لای خۆیان ڕابكێشن، هەر ئەمەشە وای كردووە بە ژمارەیەكی باش لە پەرلەمانی توركیا كار بكەن و لەسەر ماف و داواكاریی باكووری كوردستانیش بە دەنگ بن و پڕۆژەیان هەیە، بەڵام پێویستە دەم پارتی بۆ زیاتر گەشەكردن و هاتنەدی مافی كوردان لە توركیا لەگەڵ كۆمەڵە و لایەنە كوردییەكانی دیكە ڕێككەوتن بكەن، ئەو كات جەماوەریان زۆر زیاتر دەبێت، سەبارەت بە سەڵاحەدین دەمیرتاش، كەسایەتییەكی سیاسی و ڕۆشنبیری گەلی باكووری كوردستانە و جەماوەر و دەنگ و ڕەنگ و كاریگەریی خۆی هەیە، بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێین كە جەماوەر و سەركەوتنی دەم پارتی بۆ ئەوەش دەگەڕێتەوە ئەگەر بە ئاشكراش نەبێت، بە نهێنی پەیوەندییان لەگەڵ پەكەكە و قەندیل هەیە.
* ڕەجەب تەیب ئەردۆگان لە توركیا پێویستی بە دەنگی كوردە بۆ دووبارە بوونەوەی بە سەرۆك كۆمار و دەبێت دەستووری توركیا هەموار بكاتەوە، لەگەڵ هەرێمی كوردستانیش بەرژەوەندییەكی گەورەی ئابووری و بازرگانی هەیە، ئەمە بێجگە لە شكۆی سەرۆك بارزانی كە لە هەر چوار پارچەی كوردستان لە ئێستادا وەك مەرجەعی هەموو كورد سەیر دەكرێت. ئایا مەرجەعییەتی سەرۆك بارزانی تا چەند دەبێتە زامنی چارەسەركردنی ئاشتییانەی كورد لە رۆژئاوا و باكووری كوردستان؟
- پێشەكی لە سەركەوتنی پڕۆسەی ئاشتی و هەنگاونان بۆ هەمواری دەستووری توركیا بەتایبەتی لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، ئەوە جەنابی سەرۆك بارزانی وەكو دەزانین كاریگەری و قورساییەكی زۆری لەسەر توركیا بەتایبەتی لەسەر ئەردۆگان هەیە، هاوكات ئەو پەیوەندییە دیپلۆماسی و بازرگانییە گەورەیەی لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا هەیە، یەكێكە لەو هۆكارانەی كە دەبێتە هۆی سەركەوتنی پڕۆسەی ئاشتی و كاركردن بۆ هەمواری دەستوورەكە، چونكە لە كاتێكدا ئەردۆگان بیەوێت ببێتەوە بە سەرۆك كۆماری توركیا، ئەوە بە دڵنیاییەوە پێویستی بە دەنگی خەڵكی باكووری كوردستان و كورد هەیە، ئەو دەنگانەش بەدەست نایەن، ئەگەر هەمواری دەستوور نەكرێت و ماف و بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردی تێدا بەرجەستە نەكرێت. هەر چەندە ئەو پڕۆسەیە لە توركیا زەحمەتی و كاتی زۆری دەوێت، بەڵام لە كاتێكدا توركیا بیەوێت پڕۆسەی ئاشتی سەركەوێت، دەنگی كورد بۆ خۆیان ڕاكێشن، دەبێت دەستوورەكە هەموار بكرێت.
* ئەگەر چارەسەری ئاشتیانیەی كێشەی كورد لە توركیا سەركەوتوو بوو، پەیوەندی لەسەر هەموو ئاستەكان لە نێوان هەرێمی كوردستان و شارە كوردییەكانی توركیا دەچێتە قۆناغێكی زۆر پێشكەوتوو، كە ئاسانتر كوردی توركیا دێنە هەرێم و كوردی ئێرەش ئاسانتر دەچێتە شارەكانی توركیا، ئایا ئەمە نابێتە فاكتەرێك بۆ ئەوەی پرسی كورد بگاتە قۆناغێكی پێشكەوتووتر؟
- سەركەوتنی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا وا دەكات سنووری نێوان پارچەكانی كوردستان زۆر كەم ببێتەوە و هاتوچۆی ڕۆژانە لە نێوان خەڵكی باشوور و ڕۆژئاوا و باكوور زیاتر دەبێت، چونكە بەرژەوەندیی هەموو خەڵكی پارچەكانی كوردستان لەوەدایە كە پرۆسەی ئاشتی سەر بكەوێت. ئەو گوندانەی كە لە باشووری كوردستانن زیانیان بەركەوتووە، زیاتر لە (600)گوندن و تەنیا (200) گوندی لە سنووری ئامێدییە كە بە هۆی شەڕ و ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای توركیا چۆڵ كراون، هەموو ئەم گوندانە ئاوەدان دەبنەوە و خەڵك و خاوەن زەوی و باخ و ڕەزەكان دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
