لــــە پــــەراوێزی دیمەنی دراماتیکیی دەست ماچکردنی سەرۆک بارزانیدا….

لــــە پــــەراوێزی دیمەنی دراماتیکیی دەست ماچکردنی سەرۆک بارزانیدا….

دەڵێن؛ ئەدەب وەکو بۆن و عەتر وایە؛ مرۆڤ بۆ خۆی بەکاری دەهێنێت، بەڵام کەسانی دیکەش سوود لە بۆنە دڵڕفێن و شیرینییەکەی وەردەگرن. لەڕاستیدا، ئەدەب زۆر لەوە قووڵترە کە تەنها وەک ڕەفتارێکی ڕۆژانە سەیر بکرێت، لەبەر ئەوەی ئەدەب بریتییە لە فەلسەفەیەکی باڵای ژیانکردن کە کەسایەتی تاک دەکاتە نموونەیەکی مرۆڤایەتی بەرز لە ئاستی کۆمەڵایەتی و جڤات.

ئەدەبی دەست ماچکردن تەنها ئاماژەیەک نییە بۆ سڵاوکردن و نیشانەی ڕێزگرتن، بەڵکو دەربڕینی ڕەوشت، سەرسامی، سۆز و خۆشەویستییە. ئەم نەریتە کۆنە لە کولتووری کوردەواریدا، گەلێک واتا و سیمبولی قووڵی لەخۆ گرتووە کە پەیوەندی بە پێشینەی مێژوویی و کۆمەڵایەتی نەتەوەکەمانەوە هەیە.
دەست ماچکردن تەنها ڕەفتارێک نییە، بەڵکو زمانێکی بێدەنگە کە بە وشە نایەتە گۆتن و بە نەخشێک جوانییەکان دەنەخشێنێت کە هەزاران وشە لەخۆ دەگرێت.

یەکێک لە جوانترین شوناسەکانی ڕەسەنایەتی عەقیدە و پەروەردەی تەریقەتی بارزان، بریتییە لە ئەدەب و ئەخلاقی خانەوادە و خانەدانیان. ئەم ڕێبازە مێژوویی و ڕۆحانییە، لە ناوچەی بارزان، پێشەنگی پەروەردەی ئەخلاقی و ڕۆحانی بووە و کاریگەرییەکی فراوانی لەسەر کولتوور و ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی ناوچەکە هەبووە.
ئەم تەریقەتە، هەمیشە لەسەر بنەمای مرۆڤایەتی، خۆشەویستی، بەخشندەیی و خاکی بوون بنیات نراوە و بۆتە سیمبولێک بۆ یەکگرتوویی و هاوکاری لەنێوان خەڵکدا.

دیمەنی دراماتیکی ئەمڕۆی دەست ماچکردنی (سەرۆک بارزانی) لەلایەن بەڕێز (مەسرور بارزانی)یەوە، پێموایە جوانترین نمایشی ساڵە. ئەم دیمەنە، نیشانەی بەردەوامبوونی ئەو ڕەوشتە بەرزە و نەریتە جوانەیە کە لە کەسایەتی ڕابەرێکی گەورەی وەک سەرۆک بارزانیدا بەرچاو دەکەوێت، چونکە شاگردانی ڕێباز و عەقیدەی تەریقەتی بارزان سەرەتا لە زانکۆی ئەدەب و ئەخلاقی مرۆڤدۆستی پەروەردە دەکرێن، پاشان دێنە نێو دنیای سیاسەت و حوکمڕانییەوە. ئەمەش واتە، ڕێبەرایەتی لای ئەوان، سەرەتا لە ڕێگای ئەدەب و ئەخلاقەوە دەست پێدەکات، نەک لە ڕێگای هێز و دەسەڵاتەوە.

لە مێژووی کورددا، خانەدانییەکانی بارزان نموونەیەکی بەرچاون بۆ پابەندبوون بە ئەدەب و ئەخلاقی بەرز، ئەم پابەندبوونە، عەقیدەی بارزانی کردووە بە نموونەیەکی ڕۆحانی و سیاسی کە هەزاران کەس لە دڵەوە ڕێزی لێ دەگرن و پەیڕەوی دەکەن. نەریتی دەست ماچکردنی ئەو کەسانەی شایەنی دەست ماچکردنن، لەم خانەوادەیەدا، بەردەوامبوونی ئەو ڕێبازە ڕەسەنەیە کە چەندین نەوە پارێزگاری لێکراوە.

د. ڕێبوار سیوەیلی، نووسەر و سایکۆلۆجیستی گەورەی کورد، لە بەرنامەی (پۆدکاستی دیوەخان) دەڵێت: "دەست ماچکردن جوانترین ئەدەب و شوناسی ڕەسەنایەتی کوردەوارییە". لە ڕوانگەی زانستی دەروونناسییەوە، ئەم نەریتە دەربڕینی هەستێکی قووڵی ڕێزگرتن و بەهادانە بە نەوەی پێشتر و بەساڵاچووان، کە کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان نەوەکان هەیە.


ئەدەب و ئەخلاق میراتێکن، کە دەبێت بە شانازییەوە بپارێزرێن و بەرگری لێ بکرێن، چونکە بەبێ ئەوان، شارستانیەتی ڕاستەقینە بوونی نییە. هەر کولتوورێک کە گرنگی بە ئەدەب و ئەخلاق دەدات، بەردەوام دەبێت و لە تاریکی ڕۆژگاردا نافەوتێت لە نێو ئەم کولتوورە دەوڵەمەندەدا، تەریقەتی بارزان و خانەدانی بارزان وەک نموونەیەکی بەرچاو دەردەکەون، کە توانیویانە ئەو بەها بەرزانە بپارێزن و بیگەیەننە نەوەکانی داهاتوو.

 

Top