لە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیا بۆ سەر بێلگۆرۆد ١٦ کەس بریندار بوون
ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی ئایار لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیا بۆ سەر ناوچەی سنووری بێلگۆرۆد لە ڕووسیا، لانیکەم ١٦ کەس برینداربوون کە پزیشکێک و کارمەندێکی فریاگوزارییان تێدایە.
پارێزگاری بێلگۆرۆد ڕایگەیاند: کە هەشت کەس لە بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا هەروەها ڕایگەیاندووە، 12 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی ڕێگرییان لێکراوە و كە سێ لەو فڕۆکانە لە سەرئاسمانی بەلگۆرۆد خراونەتە خوارەوە.
تا ئێستا کیێڤ بە فەرمی وەڵامی هێرشەکانی نەداوەتەوە و سەرچاوە سەربەخۆکانیش نەیانتوانیوە ئەو هەواڵانە پشتڕاست بکەنەوە.
هاوکات سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتین پێنجشەممەی رابردوو داوای گفتوگۆی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئۆکرانیا کرد.
هەروەها ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ئامادەیی خۆی بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکاندا ڕاگەیاند ئەگەر پوتین ئامادەبێت، داوای لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا كرد کە بەشداری لە وتووێژەکاندا بکات.
گوڵان: سەردار خەلیل
