شەیما مەولایی بۆ گوڵان:باشووری كوردستان ڕۆڵێكی كاریگەری هەبووە لە یەكگرتوویی هونەرمەندانی هەموو پارچەكانی كوردستان
ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە بواری نواندندا هەنگاوی باشی ناوە و ئەكتەر و دەرهێنەری بە توانای تێدا هەڵكەوتووە، لەم نێوەندەشدا خانمان شوێنپەنجەیان دیار و بەرچاو بووە، شەیما مەولایی یەكێكە لەو خانمە ئەكتەرانەی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، كە لە باشوور و ڕۆژهەڵات بەشداریی لە چەندین كاردا كردووە، یەكێك لەو كارانە زنجیرە درامای «ئادیابین» بوو، كە وەرزی دووەمی لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز لە شاشەی كوردستان تیڤی نمایش كرا و جەماوەرێكی زۆری هەبوو.
شەیما وەك خۆی دەڵێت هەر لە تەمەنێكی زووەوە حەزی لە بواری هونەر بووە، بەتایبەت سینەما و ئەكتەری، هەر بەم بۆنەیەوە لە كۆرسێكی فوتوگرافی و دواجار فیلمسازی لە ئەنجومەنی سینەما جوانی سنە بەشداریی كردووە و، دوایی بە كورتە فیلمێك دەستی بە كاری نواندن كرد، ئەو كارە بوو بە دەستپێكی نواندنی، سەبارەت بە بەشداریكردنی لەم درامایەدا و كارەكانی پێشووی و ڕۆڵی ئافرەتانی كورد لە بواری نواندن لە هەر چوار پارچەی كوردستان، چەند پرسیارێكمان ئاراستە كرد.
*بەرجەستەكردنی ڕۆڵەكەت لە زنجیرەی ئادیابین چۆن بوو؟
-هەوڵی خۆمم دا بیری ئەو جیهانە بكەم كە كاراكتەرەكە تێدا دەژی و بە ڕێنمایی دەقەكە و كومەكی دەرهێنەر، ئەو بەشە نهێنییانە كە لە ناو كاراكتەرەكەدا هەیە بیدۆزمەوە. كاراكتەری ڕێحان بەشێك لە ناسنامەی ژنان و كچانی بەهێزی كوردە. ئادیابین بەشێك لە مێژووی كورد لە ساڵانی ڕابردوو دەگێڕێتەوە، كە پڕە لە ڕووداوی ناخۆش و ناخهەژێن. من خوم وەك كوردێك كە هەستم بەم ئازار و ناخۆشییانە كردووە، ئەمە یارمەتیدەر بوو كە لە كەسایەتییەكە باشتر تێبگەم و وەك بەشێك لە خۆم بیبینمەوە.
*چ ڕەخنەو تێبینیت لە سەر ڕۆڵی خۆت هەیە لە دراماكەدا؟
-بێگومان هیچ كارێك نییە بێ كەموكووڕی بێت، من خوم وەك ئەكتەرێك تەواوی هەوڵی خومم دا ڕۆڵی ڕێحان بە باشترین شێوە بگێڕمەوە و سەداقەتم هەبێت هەم لە گەڵ خوم و هەم لە گەڵ بینەریش.وەكو ئەزموون، ئەزموونێكی بێوێنە بوو بۆ من.بە ڕاستی هونەری نواندن ڕێگەیەكی درێژخایەنە بۆ فێربوون و گەشە كردن، هەوڵ ئەدەم بەپەرۆشەوە بەردەوامبم لەم ڕێگەیە.
*چۆن وا بكەین جەماوەر دووبارە ڕوو لە درامای كوردی بكاتەوە؟
-باوەڕم وایە بۆ ئەوەی جەماوەر ڕوو لە درامای كوردی بكات، پێویستە دراماكان وا درووست بكرێن كە لە دڵی خەڵكەوە بۆ خەڵك بێت. درامایەك كە كێشە كۆمەڵایەتییە ڕاستەقینەكان پیشان بدات و لە هەمان كاتدا چیرۆكێكی بەهێز و سەرنجڕاكێشی هەبێت، كاتێ چیرۆك باش بێت بینەر دەبێتە بەشێك لە چیرۆكەكە و خوی لە ناو ئەو جیهانەدا دەبینێتەوە.
*ڕۆڵبینین بە شێوەزارێكی جیاواز لەوەی كە قسەی پێ دەكەیت، ئاسان بوو؟
-بە هۆی ئەو تەجرووبە و ئەزموونانەی كە لە چەن كارێكی دیكە لە باشووری كوردستاندا هەمبووە، قورس نەبوو، بەڵام زۆریش ئاسان نەبوو.
*دوور لە ئادیابین پێت وایە ئێستا كورد خاوەنی بنەمای تیۆرییە لە شانۆگەریدا؟
-لەم ساڵانەی دواییدا شانۆی كوردی پێشكەوتنی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە و چەندین نووسەر و شانۆكار كاریان كردووە لە بواری تیۆری شانۆدا، كە خاوەنی تایبەتمەندی و لە سەر بنەمای كەلتووری كوردین، بەڵام هێشتا پێویستە كاری زیاتر بكرێت بۆ پتەوكردنی بنەمای تیۆریی تایبەت بە شانۆی كوردی و ناساندنی زیاتری لە ئاستی جیهاندا.
*لەو كارانەی تا ئێستا بەشداریت تێدا كردوون، لە كامیان زیاتر ڕازیت و لە كامیان ڕەخنەت لە خۆت گرتووە؟
-هەمیشە ڕەخنەم هەبووە لە خۆم و بەتەواوی لە كارەكانم ڕازی نەبووم، وەكو هەر ئەكتەرێك لەگەڵ هەر یەكێك لە كاراكتەرەكانمدا بەڕاستی ژیاوم و هەركامیان بە بەشێك لە خۆم دەزانم، ئەو ڕەخنە و كەموكووڕییانەش كە لە كارەكانمدا هەبووە، وەكو پەڕەیەكی نوێ بوون و لێیانەوە فێر بووم .
*باشووری كوردستان بۆ هونەرمەندانی ڕۆژهەڵات چی دەگەیەنێت؟
-باشووری كوردستان وەك پەناگەیەكی ئازاد هەمووكات میواندارێكی باش و ڕۆڵێكی كاریگەری هەبووە بۆ یەكگرتوویی هونەر و هونەرمەندانی پارچەكانی دیكەی كوردستان، هەر چوار پارچەی كوردستان پڕە لە هونەرمەندی گەورە كە پێویستە پەیوەندییە هونەرییەكانیان بەهێزتر بكەن و یارمەتی یەكتر بدەن و كاری گەورەتر بكەن بۆ هونەری كوردی. هونەر بە هێزترین هۆكاری یەكگرتنی ئێمەی كوردە.
*كاركردن لە سینەما و شانۆ و درامادا چ جیاوازییەكی هەیە؟
-سینەما و شانۆ و دراما هەر یەكەیان جیهانێكی جیاوازیان هەیە. سینەما و دراما هونەری وردبینی و دووبارەكردنەوەیە و، ئەگەر هەڵەیەك بكەیت ئەتوانیت هەڵەكانت چارەسەر كەیت، بەڵام لە شانۆدا چونكە ڕاستەوخۆ پەیوەندیت لەگەڵ بینەر هەیە، ناتوانیت هەڵە بكەیت، ئەگەر هەڵەیەكیش هەبێت، ئەبێ بیكەیت بە بەشێك لە نواندنەكەت، من خۆم زیاتر چێژ لە شانۆ ئەبینم چونكە دانابڕێت لە ئیحساسەكانت و ئەو پەیوەندییە ڕاستەوخۆیە لەگەڵ بینەر هێزێكی تایبەتت پێ دەبەخشێت.
