خەیری بۆزانی ڕاوێژكار بۆ كاروباری كوردانی ئێزدی لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:   جەژنی نزای نیشتمانیی جیهانی لەسەر بنەمای پێكەوەژیانی ئایینی و ئاشتی و لێبووردەیی لە هەولێر بەڕێوەچوو

خەیری بۆزانی  ڕاوێژكار بۆ كاروباری كوردانی ئێزدی لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:     جەژنی نزای نیشتمانیی جیهانی لەسەر بنەمای پێكەوەژیانی ئایینی و ئاشتی و لێبووردەیی لە هەولێر بەڕێوەچوو

 

 

هەرێمی كوردستان شوێنی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی هەموو ئایین و ئایینزا و نەتەوە جۆراوجۆرەكانە، ئەم كەلتوورە جوانە لەسەر بیڕوباوەڕ و عەقیدەی بارزان لەلایەن «سەرۆك بارزانی»یەوە گرنگیی پێ دراوە و گەلی كوردی پێ ناسراوە، بە شێوەیەك لە بۆنەیەكی جیهانیدا هەموو ئایین و ئایینزاكانی كوردستان جەژنی نزای نیشتمانییان لە هەولێر بەڕێوە برد. گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەسەر ئەم پرسە لەگەڵ خەیری بۆزانی، ڕاوێژكار بۆ كاروباری كوردانی ئێزدی لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئەنجام دا.

 

* ئەمساڵ جەژنی نزای نیشتمانی لە هەولێر بەڕێوە چوو و هەموو ئایینە جیاوازەكانی كوردستان بەشدارییان تێدا كرد. ئایا گرنگیی جەژنی نزا چییە و بۆچی ئەمساڵ لە هەولێر بەڕێوە چوو؟

- هەرێمی كوردستان لە كۆنەوە لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلام بارزانی و شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان بە ڕابەرایەتیی مەلا مستەفا بارزانی، پێكەوەژیان لە نێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكانیدا هەبووە، كار بۆ بەردەوامیی زیاتر گەشەكردنی دەكرا، بەڵام لە دوای ساڵی 1991 بەتایبەتی لە ساڵی 1992 كە حكومەت و پەرلەمانی كوردستان دامەزرا، تا ئێستا بە سەركردایەتی و هەوڵ و كۆششی جەنابی سەرۆك بارزانی، هەرێمی كوردستان بووەتە لانكە و شوێنی پێكەوەژیانی هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی، نەك تەنیا هەرێمی كوردستان، بەڵكو بۆ هەموو عێراقیش، چونكە لەو هەرێمەدا پێكەوە كورد و توركمان و كلد و ئاشووری و عەرەب و ئەرمەنی و كریستیان و كاكەیی و ئێزدی و شەبەك و سابیئەی مەندائی و...هتد، ئەوانەی بە هۆی تیرۆر و شەڕی داعشە ئاوارە بوون، تێیدا بە ئاشتی و لێبووردەیی لە سایەی سەروەریی یاسا و سەقامگیری و هێمنی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان بە ئازادی دەژین. هەموو پێكهاتە و ئایین و ئایینزاكان بە شێوەیەكی ئاسایی عیبادات و مەراسیمی نەتەوەیی و ئایینی خۆیان تێدا جێبەجێ دەكەن. جەژنی نزای نیشتمانی لەو كاتەوەی كە هاتووەتەدی، هەر ساڵێك لە شوێن و وڵات و هەرێمێك دەبەسترێت كە جێگەی سەرنجی هەموو وڵاتانی جیهانە لە گەشەكردن و جێگیربوونی پێكەوەژیاندا. ئەو شوێن و وڵاتەی بۆ ئەو بۆنەیە هەڵدەبژێردرێت، ساڵانە لە لایەن ئەو دەزگا و وڵاتانەوە دیاری دەكرێت كە گرنگی بەو جەژنە دەدەن، بێگومان ئەوەی ئەمساڵ كە لە هەرێمی كوردستان و لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو، پێش هەموو شتێك دەستپێشخەریی جەنابی سەرۆك بارزانی بوو، هەروەها ئەو پێكەوەژیانە ئایین و ئایینزا و نەتەوەیەیە كە لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە ئاستێكی ئاوا كە سەرنجی جوانی و پێشكەوتنی هەموو وڵاتانی بۆ لای خۆی ڕاكێشاوە. لەلایەكی دیكەوە گرنگیی ئەو جەژنە لەوەدایە كە ژمارەیەكی زۆر لە سەركردە و كەسایەتیی وڵاتان و ئایین و ئایینزاكانی هەموو دونیا تێیدا كۆ دەبنەوە. ئەوەی لە هەرێمی كوردستان ئەمساڵ بەڕێوە چوو (600) كەسایەتی تێیدا بەشدار بوون، كە بەو پەڕی ئاسوودەیی و هێمنییەوە مەراسیمەكە بەڕێوە چوو و بە چاوی خۆیان دیتیان كە هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی هەولێری پایتەخت لەو پەڕی گەشەكردنی پێكەوەژیان و ئاوەدانیدایە، ئەمەشیان بۆ كار و هەوڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان و جەنابی سەرۆك بارزانی گێڕایەوە، هاوكات ئەو بۆنە گرنگە جیهانییە ناساندنی هەرێمی كوردستان بوو كە جگە لەوەی لانكەی پێكەوەژیان و ئاشتی و لێبووردەیی نێوان پێكهاتەكانیەتی، هاوكات نیشاندانی ئەو دیپلۆماسیەت و پەیوەندییە بەهێز و گەورە و هاوچەرخەیە كە هەرێمی كوردستان بەخۆیەوە دیتووە. 

* بەداخەوە قەداسەتی پاپای فاتیكان كۆچی دوایی كرد، هەولێر یادگارییەكی گەورەی لەگەڵ قەداسەتی پاپا هەیە، بەتایبەتی كە جەنابیان نوێژی قەداسەتی لە یاریگەی شەهید فرانسۆ هەریری لە هەولێر بەڕێوە برد. ئایا تاچەند سەردانی قەداسەتی پاپا بۆ هەولێر گرنگ بوو؟

- ئەوە ئاشكرایە كە سەردانەكانی قەداسەتی پاپا بۆ وڵاتان و دەرەوەی ڤاتیكان زۆر كەمن و پێش ئەوەی سەردانی هەر شوێن و وڵاتێك بكات، ڕاوێژكارەكانی و دامودەزگاكانی پاپا و ڤاتیكان لە ڕووی هێمنی و سەقامگیری و ئاسایش و پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكانەوە دیراسەتێكی زۆر ورد و گشتگیری ئەو شوێنە دەكەن، بۆ ئەوەی دڵنیا بن ئەو شوێنە گونجاوە و پێكەوەژیان تێدا هەیە و ژیانی پاپاش تێدا سەلامەت دەبێت، لەم ڕوانگەیەوە گەیشتنە ئەو قەناعاتە كە هەرێمی كوردستان زۆر گونجاوە و پێكەوەژیان تێیدا بەرجەستە بووە و هاتنی قەداسەتی پاپا بۆ هەرێم و بەڕێوەچوونی نوێژی قەداسە لە یاریگەی فەرنسۆ هەریری، بەو جەماوەرە زۆرەی كە ئامادە بوون، ئەوە دداننانی پاپا بوو بەو پێكەوەژیانە سەركەوتووە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاكانی هەرێمی كوردستان، هەر بۆیەش قەداسەتی پاپا، كاتێك گەڕایەوە ڤاتیكان لە دوو نامەی جیاوازدا سوپاسی جەنابی سەرۆك بارزانی و سەرۆكایەتیی هەرێم و حكومەتی كوردستانی كرد، بۆ ئەو پێكەوەژیانەی تێیدا بەرجەستە بووە و بۆ ئەو پێشوازە نموونەییەشی لە هەولێری پایەتەختی كوردستان لێی كراوە.

* لە هەرێمی كوردستان سەرۆك بارزانی و سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیران هاوخەمییان بۆ كۆچی دوایی قەداسەتی پاپا دەربڕی. سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ڕێوڕەسمی بەخاكسپاردنیدا ئامادە بوو. ئایا چۆن سەیری بەشداریی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەو ڕێوڕەسمەدا دەكەن؟

- ئەم پەیامە هاوخەمییانەی جەنابی سەرۆك بارزانی و سەرۆكایەتیی هەرێم و حكومەتی كوردستان لە دوو لایەنەوە دەتوانین گرنگییەكەی بخەینە ڕوو، یەكەم: ئەو هاوخەمییانە بۆ كۆچی دوایی پاپا ئەوە دەردەخات كە هەرێمی كوردستان وەكو هەرێمكی ئازاد و فیدڕاڵ ڕۆڵیشی لە ناوچەكە و جیهاندا دیارە و بەرچاوە و حیساب بۆ دەربڕینەكانیان لە ئاستێكی لەو جۆرەدا دەكرێت.

دووەم: ئەوە دەسەلمێنێت كە پەیوەندییەكی دیپلۆماسی و بەهێز لە نێوان جەنابی سەرۆك بارزانی و ڕێزداران سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و قەداسەتی پاپا هەبووە. هاوكات نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە سەردانی ڤاتیكانی كرد و لە مەراسیمی بەخاكسپاردنی قەداسەتی پاپادا ئامادە بوو، نەك تەنیا بە نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان بوو، بەڵكو بە نوێنەرایەتیی عێراقی فیدڕاڵیش بوو و لەلایەن دامودەزگا و لێژنە تایبەتەكانی بەخاكسپاردنی پاپادا سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ئاستی سەركردە و سەرۆكی وڵاتانی دونیادا پێشوازیی لێ كرا، كە ئەمەش ڕۆڵی گرنگی هەرێمی كوردستانی بە دونیا نیشان دا. لەلایەكی دیكەوە دیپلۆماسیەت و كارێزمای بەڕێز نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بۆنە و مەراسیمە نێودەوڵەتییەكاندا، خۆی لە خۆیدا ڕۆڵی گرنگ و بەتوانایی و گەورەیی و بەهێزی و كاریگەریی خۆی دەنوێنێت. 

* ئێستا ڕێژەی بەرزی كریستیانەكانی عێراق هاتوونەتە كوردستان و لە كوردستان دەژین، هەروەها ئایینەكانی دیكەش وەك سابیئەی مەندائی ئێستا هاتوونە كوردستان و بە فەرمی پەرستگای خۆیان هەیە، ئایا چۆن سەیری پێكەوەژیانی ئاشتییانەی ئایینە جیاوازەكانی كوردستان دەكەیت و تاچەند ئەم وێنە جوانەتان بۆ جیهانیش گواستووەتەوە؟

- هەرێمی كوردستان لە دوای هیندستان دووەم وڵات و شوێنە لە ڕووی ژمارەی ئایین و ئایینزاكانەوە كە تێیدا دەژین، بەڵام ئەو پێكەوەژیانەی لە هەرێمی كوردستان لە نێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكاندا هەیە، زۆر پێشكەوتووتر و جێگیرترە و لە مێژووی كۆنەوە تا ئێستا، پێكەوەژیان بەتایبەتی لە نێوان ئایین و ئایینزاكان لە كوردستاندا زۆر پێشكەوتوو و بەهێز بووە و لە گەشەكردنی بەردەوامیشدایە. لەو سی ساڵەی دواییدا حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كارنامە و پلانیدا زۆر تەئكیدی لەسەر كاركردن بۆ بەهێزبوون و زیادبوونی پەیوەندیی توندوتۆڵ لە نێوان ئایین و پێكهاتەكاندا كردووە، كە ئەمەش وای كردووە، هەموو پێكهاتەكان خەمخۆر و هاوبەشی یەكتر بن لە هەموو بۆنە و مەراسیمەكاندا، بەتایبەتی مەراسیمی ئایینی. حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كارنامەیدا وای كرد لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیدا هەموو پێكهاتە و ئایین و ئایینزاكان جومگە و ئیدارەی تایبەت بە خۆیان هەبێت، تاوەكو زیاتر بتوانن لە خزمەتی ئایینەكانیاندا بن و هەموو ئایین و ئایینزاكان لە هەرێمی كوردستان، بە ژمارە زۆر، یان كەم بن، پەرستگە و شوێنی تایبەت بە عیبادات و دابونەریتی خۆیان هەیە و هەموو ئایین و ئایینزاكان لە هەرێمی كوردستان ئازادن كە شوێن و پەرستگەی عیباداتی خۆیان دابمەزرێنن و بە ئازادی مومارەسەی ئایین و ئایینزاكانی خۆیان بكەن. تەنیا لە كابینەی نۆیەمدا ژمارەی كەنیسە و پەرستگەكانی ئێزدی و ئایین و ئایینزاكانی دیكە چەند بەرانبەر زیادی كردووە، جگە لە نۆژەنكردنەوەی پەرستگاكانیان، هاوكات بەبێ جیاوازیی ئایینی خزمەتگوزاری پێشكەش بە پیاوانی ئایینی هەموو لایەك كراوە. ئەو پێكەوەژیانەی لە هەرێمی كوردستان ساڵ لە دوای ساڵ زیاتر گەشە و بەرجەستە دەبێت نموونەیەكی زۆر جوانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئێمە نەك وەكو ئێزدی، بەڵكو كریستیان و هەموو پێكهاتەكانی دیكەش لە سەردان و بەشداریكردنمان لە بۆنە و مەراسیمە جیهانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستاندا ئەو پێكەوەژیانە نەتەوەیی و ئایینییەی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبووانی گەیاندەوە.

* ئایا ڕۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان چۆن دەبینیت لە بەدەنگەوەهاتنی كوردانی ئێزدی لەو كارەساتەی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە بەسەریاندا هات؟

- لەو كارەساتە كۆمەڵكوژییەی كە لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش بەسەر كوردانی ئیزیدیدا هات، لە دەستپێكەوە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە سەركردایەتی و ڕابەرایەتیی جەنابی سەرۆك بارزانی، خۆیان كردە قوربانی و پێشیان لە تیرۆریستان گرت، ئەگینا كارەساتی جینۆسایدەكە زۆر گەورەتر و بەربڵاوتر دەبوو. هاوكات هەر بە ڕابەرایەتی جەنابی سەرۆك و هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانرا شنگال و ناوچەكە لە داعش ڕزگار بكرێت، بەڵام ئێستاكەش بارودۆخی ناوچەكە بە هۆی هێزی دەرەكی و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی ئاسایی و سەقامگیر نەبووەتەوە و ئاوارەكانی ئەو ناوچانە كە پەنایان بۆ شارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان هێنابوو، تاوەكو ئێستاكەش زۆربەیان لە كەمپەكانی دهۆك و شوێنەكانی دیكە ماون، بەڵام حكومەتی هەرێم جگە لە حەوانەوەی ئەو ژمارە زۆرەی خزمەتگوزارییەی پێشكەش بە ئاوارەكانی كوردی ئێزدی كردووە. ڕێزدار نێچیرڤان بارازنی نووسینگەیەكی تایبەتی دامەزراند بۆ ڕزگاركردنی ئەو ئافرەت و كچ و كەسانەی كوردی ئێزدی كە لەلایەن داعشەوە ڕفێندراون، كە ژمارەیان زیاتر لە (6400) كەس بوو، تا ئێستاكە (3585) كەسیان ڕزگار كراون، لە مبارەوە تاكە یەك وڵات و ڕێكخراوی جیهانی هاوكار و یارمەتیدەر نەبووە. 

 

Top