چۆن مامەڵە لەگەڵ تووڕەبووندا دەكەیت؟
تووڕەبوون Anger هەستێكی ئاساییە، بەڵام هەندێك جار و لە هەندێك كەسدا بە ئاسانی كۆنتڕۆڵ ناكرێت و كاریگەریی نێگەتیڤی دەبێت. تووڕەبوون هۆكارە بۆ زیاد دەردانی هۆرمۆنەكانی سترێس وەكو كۆرتیزۆل و ئەدرینالین، لەگەڵ زیادبوونی لێدانەكانی دڵ، خێرابوونی هەناسە، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش، هەروەها ئارەقەكردن. گرفتە تەندروستییەكانی پەیوەست بە تووڕەبوونی ماوە كورت و درێژ مەودا: سەرئێشە، سك ئێشە و گرفت لە هەرسكردندا، خەوزڕان، پەستی، خەمۆكی، ئەكزیمای پێست، هەروەها زیادبوونی ئەگەری نۆرەی دڵ و جەڵتەی مێشك. ڕێگەی دروست بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ تووڕەبووندا: دووركەوتنەوەیەكی كاتی لە دۆخ و شوێنەكە تا كاتی هێوربوونەوە، قبووڵكردنی حاڵەتی تووڕەبوون وەكو بەشێكی ئاسایی ژیان، دیاركردنی هۆكار یان وروژێنەری سەرەكیی تووڕەبوونەكە و دۆزینەوەی ڕێگەیەكی گونجاو بۆ كۆنتڕۆڵ و چارەسەكردنی، هەروەها باسكردنی مەسەلەی تووڕەبوونەكە بۆ كەسێكی نزیك و جێی متانە.
