خانمە شێوەكاری ڕۆژئاوا نایلە حیكمەت بۆ گوڵان:بەوپێیەی كوردم جەنگ شوێنەواری خۆی لەسەر هونەرەكەم جێ هێشتووە

خانمە شێوەكاری ڕۆژئاوا نایلە حیكمەت بۆ گوڵان:بەوپێیەی كوردم جەنگ شوێنەواری خۆی لەسەر هونەرەكەم جێ هێشتووە

نایلە حیكمەت هونەرمەندێكی شێوەكاری خەڵكی شاری عەفرینی ڕوژئاوای كوردستانە، ئێستا لە دوورە وڵات دەژی و هەر لەوێش خوێندنی بواری هونەری لە ئەكادیمیای هونەری هاوچەرخ لە دانیمارك تەواو كردووە، لە دەرفەتێكدا چەند پرسیارێكمان لێكرد دەربارەی هونەری شێوەكاری و ئەو ئاستەنگانەی وەك ئافرەتێكی شێوەكار ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

*كاروانی هونەریت لەگەڵ شێوەكاریدا كەی و چۆن دەست یپێكرد؟

-گەشتەكەم لەگەڵ هونەردا هەر لە قۆناغەكانی سەرەتای منداڵییەوە دەستی پێكرد، كاتێك خێزانەكەم تێبینیی خولیا و بەهرەمەندیی منیان كرد، بۆیە ئەوان یەكەم پاڵپشتم بوون، ئەمەش دەرفەتی پێدام كە لە ڕێگەی قوتابخانەكانەوە لە شاری حەلەب بەشداری لە چالاكییە هونەرییەكانی منداڵاندا بكەم، هەر لەو شارەش چوومە بەر خوێندن.

خانمە شێوەكاری ڕۆژئاوا نایلە حیكمەت بۆ گوڵان:بەوپێیەی كوردم جەنگ شوێنەواری خۆی لەسەر هونەرەكەم جێ هێشتووە

*یەكەم كاری هونەریت بیر دێتەوە كە ئەنجامت دا و هەستت كرد سەرەتایەكی ڕاستەقینەیە؟

-باوەڕم وانییە تەنیا یەك كاری هونەری هەبێت كە سەرەتایەكی ڕاستەقینە بۆ هونەرمەند پێك بهێنێت، بەڵكو چەند قۆناغێكی گرنگن كە وەك وەرچەرخانێك وان لە گەشەكردن و پێگەیشتنی ئامرازەكانیدا. بۆ من خاڵی وەرچەرخان كاتێك بوو كە لە منداڵییەوە دەستمكرد بە بەشداریكردن لە پێشبڕكێ ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكاندا، ئەو كاتە هەستم كرد كە هونەر ناسنامەی منە كە بە درێژایی ژیانم هەڵیدەگرم.

*ئەو ئاستەنگانە چی بوون كە لە سەرەتای كاروانی هونەریتدا ڕووبەڕووت بوونەوە و چۆن بەسەریاندا زاڵ بوویت؟

-وەك هەر هونەرمەندێكی دیكە ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بوومەتەوە، بەڵام كوردبوونم ئاستەنگەكانی چەند هێندە كردبوو، بەتایبەت لەژێر سێبەری سیستەمێكی سیاسیی داپڵۆسێنەر و دیكتاتۆریدا. بۆ نموونە بیرمە یەكەم پێشانگەی تایبەتیی من بووە هۆی ئەوەی بانگهێشتی لێكۆڵینەوە بكرێم لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە و تۆمەتبار كرام بەوەی لە كارەكانمدا پرسگەلێك دەورووژێنم، كە پەیوەندییان بە دۆزی كوردەوە هەیە، لە ئەنجامی ئەوەشدا ڕێگریم لێ كرا لە كردنەوەی پێشانگەی دیكە، یان وەرگرتنی هەر ڕەزامەندییەكی ئەمنی.

خانمە شێوەكاری ڕۆژئاوا نایلە حیكمەت بۆ گوڵان:بەوپێیەی كوردم جەنگ شوێنەواری خۆی لەسەر هونەرەكەم جێ هێشتووە

*كێن ئەو هونەرمەندە جیهانی و ناوخۆییە دیارانەی كە كاریگەرییان لەسەر ئەزموونی هونەریی تۆ هەبووە؟

-لە سەرەتاكانمدا وەك زۆربەی هونەرمەندان كاریگەریی ئەزموونی هونەرمەندانی دیكەم لەسەر بوو، زۆر سەرسام بووم بە كارەكانی لوئەی كەیالی، كە بە ڕاستگۆییەوە لایەنی مرۆیی دەگرتەبەر، تیشكی دەخستە سەر توێژە پەراوێزخراوەكانی كۆمەڵگە. لەسەر ئاستی جیهانیش، بە سەرسامییەوە لەبەردەم كارەكانی ئامادیۆ مۆدیلیانی و ڤالەنتین سێرۆڤدا دەوەستام.

*قوتابخانەی هونەریی دیاریكراو هەن كە هەست بكەیت لێیانەوە نزیكیت؟

-من زیاتر لە قوتابخانەی واقیعی (ڕیالیزم) یەوە نزیكم، بەڵام گرنگی بەوە دەدەم كە بە ڕۆحێكی هاوچەرخەوە هاوشانی بم، چونكە هونەر لە كۆتاییدا بیرۆكە و پەیامێك هەڵدەگرێت كە ستایل و قوتابخانە تێدەپەڕێنێت، بەتایبەت لەژێر كاریگەریی فرەچەشنیی زۆری ناوەندەكانی دەربڕینی هاوچەرخدا، ئەمەش لەم ڕۆژگارەدا ئەركی هونەرمەندی شێوەكار ئاڵۆزتر دەكات.

*جگە لە هونەرمەندان، سەرچاوەكانی دیكەی ئیلهام كە هونەرەكەت پێت دەدەن چین، بۆنموونە سرووشت، مۆسیقا، ئەدەب، ڕووداوەكان؟

-كارەكانم بە شێوەیەكی سرووشتی ڕەنگدانەوەی نیگەرانی و پرسەكانی منن، بەو پێیەی كوردێكی خەڵكی عەفرین و سووریام، ناكرێت جەنگ شوێنەواری خۆی لەسەر هونەرەكەم جێ نەهێڵێت. مرۆڤ – ئامادەنەبوو یان ونبوو – تەوەرەی كارەكانم بووە، لە ڕێگەی هێماكانی وەك جلوبەرگ یان ئەو شتانەی خەڵك لە دوای خۆیان جێیان هێشتووە و چارەنووسیان نادیارە.

*پەیامی سەرەكی چییە كە هەوڵ دەدەیت لە ڕێگەی تابلۆ و كارە هونەرییەكانتەوە بیگەیەنیت؟

-هونەر كارێكی بینراوە كە توانای تێپەڕاندنی كلتوور و ناسنامەكانی هەیە، هەرچەندە كاری هونەری یەك ناسنامەی نییە، بەڵام وشە و بابەتەكانی جێپەنجەی خودی هونەرمەند هەڵدەگرن. هونەرمەند وەك هەر بوونەوەرێكی ئازاد مافی خۆیەتی گوزارشت لە پرسە مرۆییەكانی یان پرسە تایبەتییەكانی خۆی بكات، بەتایبەتی مرۆڤێكی كورد كە بە هەموو شێوەكانییەوە چەوسانەوەی بینیوە.

*ئافرەت چۆن لە تابلۆكانتدا وێنادەكرێت، زیاتر سەرنجت لەسەر كام ڕۆڵ یان بارودۆخی ئافرەتانە؟

-ئافرەت پانتاییەكی گرنگی لە بابەتەكانمدا داگیر كردووە، بەتایبەتی كە یەكێك بووە لە قوربانییە هەرە سەرەكییەكانی جەنگ و كراوەتە ئامانج لەلایەن گرووپە

تیرۆریستییەكانەوە، لە سەرووی هەمووشیانەوە ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش، كە بە شێوەیەكی دڕندانە و بە كۆیلەكردن مامەڵەی لەگەڵ ئافرەتدا دەكرد، هەروەها یەكێك لە پڕۆژەكانمم تەرخان كرد بۆ یارییەكانی منداڵان و تیشكم خستە سەر شێواویی یادەوەری لای نەوەیەكی تەواو، وەك گۆڕانی فڕۆكە كاغەزییەكان بۆ فڕۆكەی ڕاستەقینە، كە بۆردومانی كردن و خەون و بێگەردیی لێ زەوت كردن.

*ئەو ئاستەنگانە چین كەڕووبەڕووی هونەرمەند دەبنەوە كاتێك هەوڵ دەدات گوزارشت لە پرسە سیاسی، یان نەتەوەییە هەستیارەكانی وەك پرسی كورد بكات؟

-ئاستەنگیی زۆرهەن، بەتایبەتی لە ئەوروپا كە تێیدا گرنگیدانی دامەزراوە هونەرییەكان لەسەرئەو پرسانە چڕ بووەتەوە كە تایبەتن بە كۆمەڵگەی ئەوروپی، بۆیە من پێم باشترە لە ڕێگەی ئەو دامەزراوانەوە كە گرنگی بە گەیاندنی ئەم پەیامانە دەدەن بە توێژێكی فراوانتری كۆمەڵگە، كارەكانم لە چوارچێوەی پڕۆژەی هونەریی مرۆیی جیهانیدا پێشكەش بكرێن.

*ئامادەیی ئافرەتی كورد لە بواری هونەری شێوەكاریدا چۆن دەبینیت؟

-ئەمڕۆ ئافرەتی كورد ئامادەییەكی دیار و بەرچاوی لە بواری هونەری شێوەكاریدا هەیە، چ لە كوردستان بێت یان لە ئەوروپا، ئافرەتی كورد شایستەیی خۆی لە هەموو بوارەكاندا سەلماندووە، ئەو خاوەن هیوا و ئاواتی بەرزە، بە خێرایی ئامرازەكانی خۆی پەرە پێ دەدات و هەوڵ دەدات ببێتە بەشێكی كاریگەر لە دیمەنی هونەری و ڕۆشنبیریدا.

Top