ژیار جەلال بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگە پارێزی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر: لە شاری هەولێر ڕۆژانە 2000 تەن خۆڵ و خاشاكمان هەیە
ژیار جەلال بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگە پارێزییە لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی شاری هەولێر، كە یەكێكە لە گرنگترینی ئەو فەرمانگەیانەی كە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە پاراستنی ژینگە و پاك و خاوێنیی شاری هەوڵیر و دەوروبەری و ژیانی ڕۆژانەی خەڵكەوە هەیە. لە گفتوگۆی ئەمجارەی بازنەی گفتوگۆدا (گرنگی بایەخدان بە پاراستنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان) بە شێوەیەكی زانستییانە و بە ئامار و داتا باسی لە شێوازی چارەسەركردنی زبڵ و خاشاك لە سنووری شاری هەولێر كرد و بەمجۆرە دید و تێڕوانین و پێشنیار و ڕاسپاردەكانی خستەڕوو.
چونكە ئێمە لە بواری كاری ژینگەپارێزی تایبەتمەندیمان هەیە، تایبەتمەندیی ئێمە كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاكی «solid waste management» شارەوانییە، ئەو بابەتەی من تایبەتە بەوە، بۆیە باسی بابەتەكانی دیكە ناكەم، تەنیا و تەنیا باسی خۆڵ و خاشاكی شارەوانی دەكەم.
سەبارەت بە داتاكان، ماوەی سێ چوار ساڵە هەوڵمان داوە، بڕێك پارە بۆ دەستخستنی داتاكان سەرف بكەین. ڕاستە ئێمە تووشی قەیرانی دارایی بووین، بەڵام هەوڵماندا، چەند داتایەك وەربگرین، لەبەر ئەوەی یەكێك لە كێشە گرنگەكانمان نەبوونی داتایە. هەوڵمان دا، چەند داتایەك لەسەر قەبارەی خۆڵ و خاشاكی شاری هەولێر وەربگرین، بۆ نموونە باسیان دەكرد لە شاری هەولێر 2500 تەن خۆڵ و خاشاك هەیە، ئایا ئەو ژمارەیە ڕاستە، یان ڕاست نییە؟ ئێستا من بە دروستی دەتوانم بڵێم ماوەی ساڵێكە بە شێوەی وەرزی، حەوت ڕۆژ لەسەر یەك بۆ ماوەی 24 سەعات داتاكانی قەوارەی خۆڵ و خاشاكمان كۆكردەوە، كە سێ چوار جار ژمارەكان یەكیان گرتەوە، من ئێستا دەتوانم بڵێم لە شاری هەولێر ڕۆژانە 2000 تەن خۆڵ و خاشاكمان هەیە.
بابەتێكی دیكە لە بابەتەكان جیاكردنەوەی پاشماوەكانە، ئایا ڕێژەی پاشماوەكان چەندن؟ كە ئەوەش ژمارەیەكی زۆر سەرنجڕاكێشە، 31%ی پاشماوەكان خۆراكە. یانی ئەگەر لەسەر 2000 تەنەكە لێكی بدەیتەوە، تەنیا لە سەنتەری شاری هەولێر لەگەڵ 20 قەزا و ناحیەی دەوروبەری، ڕۆژانە 600 تەن پاشماوەی خۆراكمان هەیە. كە ئەوەش بەڕاستی ژمارەیێكی زۆر زۆرە، دووەم بابەت كە هەوڵ دەدرێ كەم بكرێتەوە، پاشماوە پلاستیكییەكانە كە 27%ـە، یانی 540 تەن پلاستیكی تێدایە. ئەوە هەمووی بە داتایە، بۆ دیاریكردنی ئەم داتایانە بڕی 33 ملیۆن دینار سەرف كراوە.
لە كۆی پرۆسەی پاككردنەوەی خۆڵ و خاشاك، ملیارێك و 450 ملیۆن دینار خەرج دەكەین، تەنیا لە پرۆسەی كۆكردنەوە و گواستنەوە. 100 ملیۆن دینار خەرج دەكەین بۆ داپۆشینی خۆڵ و خاشاكەكە.
بابەتێكی دی كە لەگەڵ مامۆستایانی زانكۆ توێژینەوەمان لەسەر كرد، ئەوە بوو كە ڕێژەی دەردانی تاك بۆ خۆڵ و خاشاك چەندە؟ 1.01 دەرچوو، واتە كیلۆگرامێك و نزیكەی 10 گرام، 20 گرام، 30 گرام، ئەوە تەنیا لە شاری هەولێر، لێرە لە چوارچێوەی شاری هەولێر ئەنجاممان داوە.
دێینە سەر خاڵێكی دیكە كە ئێمە كێشەمان لێی هەیە، ئەویش نەبوونی هۆشیاریی ژینگەییە. بەڕاستی بابەتی هۆشیاری ژینگەیی زۆر زۆر خراپە، هۆشیاری ژینگەیی بابەتێكی زۆر گشتییە و ناكرێت چاوەڕوان بیت، تەنیا حكومەت بێت و بابەتی هۆشیاری ژینگەیی بڵاو بكاتەوە، بەڵكو پێویستە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، یان هەر لەم هۆڵەدا كە بازنەی گفتوگۆی تێدا بەڕێوە دەچێت، نووسراوە بیست و هەشتەمین گفتوگۆ، ئەمە واتە دوای بیست و هەشت بازنەی گفتوگۆ ئەوجا سەرەی ژینگە هاتووە، ئەگەر وابێ ئەمەش جێگەی ڕەخنەلێگرتنە. ئەم ڕەخنەیەم بۆ هەموو هۆیەكانی ڕاگەیاندنە، بەڕاستی هیچ گرنگییەك بە ژینگە نادەن، ئەگەر بایەخیشی پێ بدەن، زۆر كەم بایەخی پێ دەدەن.
سێیەم بابەت، باسی زبڵخانەی كانی قرژاڵە كرا. مەزندەیەك لای خەڵك هەیە و پێیان وایە ئێمە زبڵ و خاشاك دەسووتێنین، ئێمە زبڵ و خاشاك ناسووتێنین، من زۆر گوتوومە «6000 ساڵ پێش ئێستا مرۆڤ چی لە زبڵ و خاشاك كردووە، ئێمە ئێستاش هەروای لێدەكەین. چاڵێكمان لێداوە، دەیخەینە ناوی و دایدەپۆشین. لەوە زیاتر چیمان هەیە؟ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵمان داوە چارەسەری باش بكەین بۆ ڕێگریكردن لە ئاگرگرتنی ئەو زبڵە، چونكە ئەوەی لێرەیە هەمووی شارەزایە، دەزانێ چ كارلێكێكی كیمیایی، چ گازێك لەژێر ئەو زبڵە هەیە. چ مەترسییەكە كە ئەو هەموو زبڵ و خاشاكە ڕۆژانە دانەپۆشن. بۆیە لە ڕێگەی لێدانی چاڵەكانەوە بێ، لە ڕێگەی داپۆشینی ڕۆژانەوە بێ، هەوڵمان داوە ئەگەری كەوتنەوەی ئاگر لەو زبڵخانەیە دوور بخەینەوە، لەبەر ئەوەی پێنج شەش ساڵ پێش ئێستا و پێش دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم، یەكێك لە كێشەكانی شاری هەولێر زبڵخانەی كانی قرژاڵە بوو. كەم ڕۆژ هەبوو پۆستێك لە فەیسبووك نەكرێت، یان یەكێك نەیەتە سەر تەلەفزیۆن بڵێ ئێمە ژیانمان نەماوە بە هۆی دووكەڵ و بۆنی زبڵخانەی كانی قرژاڵە. ئێستا ئەو شتە نەماوە، بە شانازییەوە دەڵێم ئێستا با بچینە زبڵخانەی كانی قرژاڵە، لەناو زبڵخانەی كانی قرژاڵە ناڵێم هەوایەكە شتێكی دروستە، بەڵام بۆنەكەمان بڕیوە، ئاگرمان بڕیوە، دووكەڵمان بڕیوە. ئەوە یەكێكە لەو كارانەی كە ئێمە كردوومانە و بەڕاستی شانازی پێوە دەكەین كە كارێكی باشمان كردووە.
دێینە سەر بابەتی بەدیلی زبڵخانەی كانی قرژاڵە. یانی ڕەخنەیەكی زۆر دەگیرێ كە بۆچی بەدیلی زبڵخانەی كانی قرژاڵە نییە؟ بەڕاستی غەدر لە شاری هەولێر دەكەین، ئێمە گەورەترین پاركمان هەیە لەسەر ئاستی عێراق، بەرزترین ئاپارتمان هەیە لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە زانیاری تاوەرە، بەڵام كارگەیەكی «ڕیسایكلینگ»مان نییە، یان كارگەی ڕیسایكل نا، كارگەیەكی چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاكمان نییە، چونكە بەس ڕیسایكل نییە، خۆتان باشتر دەزانن، چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاك تەنیا لە ڕێگەی ڕیسایكلەوە نییە، بە چەند ڕێگایەكی دیكە هەیە. بۆیە یەكێك لە غەدرەكان كە لە هەولێر كراوە، نەبوونی كارگەیەكی ڕیسایكلینگە. بۆیە دەپرسین بۆچی لە ساڵی 91ـەوە كە خاوەنی حكومەتی خۆمانین، كارگەیەكی ڕیسایكلینمان لە هەولێر نیە، ئێستا ئەو كارگەیە لە دهۆك هەیە، من وا هەست دەكەم، خۆم هەمە. هەرچەند كوالێتییەكەی باشە و باش نییە و لە 70%ـی زبڵەكەی ئێستاش ژێر خاك دەكاتەوە، بەڵام 30%ـی دێتەوە بۆ كارگەكە و لە 30%ـیش 10%ـی ڕیسایكل دەكاتەوە، 90%ـی دەگەڕێتەوە. بەڵام هەرچۆنێك بێت كارگەی ڕیسایكلینی هەیە، كە لە هەولێر نییە، ئەوەش جێگەی پرسیارە و دەبێت بپرسین بۆ نییە؟
بۆیە بە نەبوونی كارگەی ڕیسایكلینگ بەڕاستی غەدرێكی زۆر لە هەولێر كراوە، ئەو لایەنانە بەرپرسن بەداخەوە ئەندامەكانیان نەهاتوون بۆ ئەم گفتوگۆیە، ئەوە وەفا خان نوێنەری بەڕێز بەیان خانە، دەتوانێت ئەو بابەتە بگەیەنێت، هەرچەند بابەتەكە شتێكی شاراوە نییە و بەڕاستی گوناهە لە شاری هەولێر كارگەیەكی ڕیسایكلین، یان كارگەیەكی چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاكمان نییە.
كێشەكەش ئەوەیە ئێستا یەكێك لە ئاڕەكان كە زیاد كراوە، ئێستا Rethinkـە. یانی لە Remove و Recycle و Reuse تێپەڕیوە، گەیشتووەتە دووبارە بیركردنەوە كە بگۆڕێت. ئێستاش خەڵكێكی زۆر و یەكێك لە بەرپرسە باڵاكان كە باسی چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاك دەكا، وا دەزانێ ئەو زبڵەی كە هەیەتی سامانێكە، ئەگەر دایە كۆمپانیایەك دەبێ مانگانە پارەی لێ وەربگرێ. كاكە وا نییە، هەموو وڵاتانی جیهان پارەیەكی زۆر لە زبڵ و خاشاك سەرف دەكەن، تەنیا بۆ ئەوەی چارەسەری بكەن، قازانجەكەت لە سەرفكردنی ئەم پارەیە پاراستنی ژینگەیە لە 20 ساڵی داهاتوو، پارە كەمتر لە كەرتی تەندروستی سەرف دەكەیت، پارە كەمتر لە كەرتی پەروەردە سەرف دەكەیت، منداڵی ئۆتیزمت كەم دەبێتەوە، منداڵی ئەم كۆمەڵگەیە پێویستی بە چارەسەری دەروونی نامێنێ، سەنتەرە دەروونییەكانت كەم دەبێتەوە. بەڵام بەداخەوە لای ئێمە كە پێی دەڵێی كارگەیەكی ڕیسایكلین دادەنێم، یەكسەر شۆك دەیگرێت و دەڵێت: من ڕۆژانە بۆ هەر تەنێك خۆڵ و خاشاك 60 دۆلار سەرف بكەم؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئەوەیە، ئەی ئێستا هەر تەنێك خۆڵ و خاشاك بە چەند چارەسەر دەكەین؟ بێگومان بە 750 هەزار دینار. ئەی باشە زۆر زەحمەتە لەو قەیرانە داراییەی كە ئێستا ئێمە هەمانە، بەرپرسێكی باڵا قەناعەت پێ بكەیت، بڵێی وەرە كاكە من 2000 تەنم هەیە، ڕۆژانە بە 60 دۆلار بۆ هەر تەنێكی كارەكە دەكەم، لە كاتێكدا ئێستا بە 750 هەزار دینار دەیكەم. بۆیە بۆ ئەم پرسە دەبێت یەكێك بیكات كە لە چەمكە ژینگەییەكان تێگەیشتبێت، بەڕاستی خەمخۆری ژینگە بێت، بەڕاستی بزانێت كە ئەو كاریگەرییە ژینگەییانە، ئەو مەترسییە ژینگەییانە چین كە كێشەی هەیە و چۆن چارەسەر دەكرێن.
