پ.د.نەزاكەت حسێن ئەندامی بازنەی گفتوگۆ: پارێزگاری لە ژینگە هەماهەنگی كۆی سیستم و دامودەزگا كارگێڕی و تەشریعییەكانی دەوێت
پ.د.نەزاكەت حسێن، ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرنووسەری ڕۆژنامەی «كوردیش گڵۆب»ـە كە بە زمانی ئینگلیزی دەردەچێت. لە گفتوگۆی ئەمجارەی بازنەی گفتوگۆدا (گرنگیی بایەخدان بە پاراستنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان» بەمجۆرە دید و بۆچوون و پێشنیار و ڕاسپاردەكانی خستەڕوو.
ژینگەپارێزی بەشێكی سەرەكیی ژیانی مرۆڤ و بوونەوەرەكان هەموویەتی، چونكە تەنیا مرۆڤ نییە بە پاكبوون و پیسبوونی ژینگە بەركەوتە دەبێت، بەڵكو هەموو بوونەوەران بە گوێرەی شوێنی ژیان و خواردن و هەناسەدان و زاوزێ و زۆربوونیان بەشێكن لە ژینگە. بۆیە ئەم تابلۆ یەك پارچەیە دەبێت لە ئەندێشەی مرۆڤدا بكێشرێت، مرۆڤ كە سەرداری هەموو بوونەوەرانە و دەتوانێت هۆكاری سەرەكی بێت بۆ پیسكردن و پاكڕاگرتنی ژینگە، پێویستە لەناو ئەم تابلۆیە خۆی و ڕۆڵی خۆی ببینێتەوە.
ئێستا كە سەیری كۆمەڵگەی خۆمان بكەین، مرۆڤ هەستی بوون لەناو ئەو تابلۆیەی نییە، بۆ نموونە ماڵەكەی خۆی پاك دەكاتەوە، فێنكی دەكاتەوە، گەرمی دەكاتەوە، ئیتر بایەخی نییە دەرەوەی ماڵەكەی خۆی چەند ژینگە پیس دەبێت و كاریگەری دەبێت لەسەری. ئۆتۆمبێلەكەی خۆی دەشوات، باكی نییە چەندە ئاو بەفیڕۆ دراوە و چەندە مادەی پیس و خراپ دەكاتە سەر زەوی و ژێر زەوی. چونكە چوارچێوەیەكی تەسك و بچووكی كێشاوە لە چواردەوری خۆی و خێزانەكەی و ماڵەكەی و باخەكەی و ئۆتۆمبێلەكەی، ئەوەندە دەپارێزێت. ئیتر ئەو هۆشیاری و هەستەی نییە، كە بزانێت، ئەو چوارچێوە تەسكەی خۆی دایناوە، هەموو ئەو شتانەی ژینگەی دەرەوەی ماڵەكەی پێ پیس دەكات، ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ دەگەڕێنەوە بۆ خۆی و بۆ ژیانی و بۆ خێزانەكەی. دروستكردنی ئەم هەستە بۆ مرۆڤ بە پەروەردە دەكرێت، واتە كۆی سیستمەكانی پەروەردە (بە خێزان و قوتابخانە و ئایینەوە) دەبێت لە منداڵییەوە ئەم هەستی ژینگە پارێزییە بۆ مرۆڤ دروست بكەن. دەبێت ژینگە پارێزی بكرێتە ڕەفتار و كەلتوور و ئیتیك و ئەخلاق، نەك وەك ئەركێكی لاوەكی لێی بڕوانین، بۆ ئەمەش دەبێت لە دایەنگەوە لە وانەكان و یارییەكانی منداڵ ئەمە بچەسپێنرێت لە ئەندێشەی مرۆڤ، تاكو قوتابخانە و مزگەوت و كەنیسە و شوێنە پیرۆزەكان. لە هەمان كات ڕاگەیاندن ڕۆڵی یەكلاكەرەوە و كاریگەری هەیە لەوەی چۆن شتێك باش، یان خراپ پیشان بدات.
بەداخەوە ئەمڕۆ ئێمە ڕاگەیاندن بۆ ئەم پرسە و پرسەكانی دیكە كە دەمانەوێت هۆشیاری دروست بكەین، تەنیا چەند دروشمێكە لە هەندێك كاتدا، دەبێت بە فیلم ودۆكیومێنتاری و ڕاپۆرت، داتا و زیانەكانی نەپاراستنی ژینگە پیشانی خەڵكی بدەین. پارچە پلاستیكێك بە نموونە ئێمە فڕێی دەدەینە ژینگە، چ كاریگەرییەك دەكاتە سەر ژینگە و هەناسەدان و هەوا و ئاومان؟ دەبێت بەرنامەی تایبەت بە پشتبەستن بە داتا و دەرەنجامی زیانەكان و قوربانییەكان دەرهاویشتەكان بخەینە ڕوو، ئەمە لەسەر ئاستی تاك، لەسەر ئاستی گشتی و وڵات، ژینگەپارێزی دەبێت مەرج و كۆدی هەموو پڕۆژە و كارێك بێت، لە وڵاتان چۆن مەرجی توندوتۆڵی ئۆتۆمبێل هەیە، ئاواش مەرجی ژینگەپارێزی و باجی ژینگە هەیە. دەبێت لە بیناسازی و بازەرگانی و باخداری و ئاژەڵداری كە ڕێگە دەدرێت بە كەسێك، یان كۆمپانیایەك بیكات، باج و مەرجی ژینگەیی هەبێت. بازرگانێك كە بازرگانی شمەكی پلاستیكی دەكات، هەرزانترین و خراپترین جۆری پلاستیك دێنێتە وڵات، نابێت ڕێگەی پێ بدرێت. دەبێت كوالێتیی كۆنتڕۆڵ هەبێت بۆ ئەو شمەكانەی بەرهەم دێن و هاوردە دەكرێن. نەك تەنیا پلاستیك، زۆربەی شمەكەكان تەنانەت قوماش و جلوبەرگ و یارییەكانی منداڵ و ئەو كەرەستەكانی بەكاری دێنین لە ماڵان، كە زۆرینەی هیچ كوالێتیی تەندروستییان تیا نییە و لە هەمان كات لە ژینگەش بە خراپی كاریگەری دەمێنێتەوە.
تەندروستی و پەروەردە و ژینگە و بیناسازی و گەشتیاری و گواستنەوە و پیشەسازی بەرهەم هێنانی خۆراك و شمەك، دەبێت هەموویان بە یەك سیستم كار بكەن لەگەڵ ژینگەدا. ئەگینا تەنیا بە فەرمانگەیەك و كۆمەڵێك هۆشیاری ئەم ژینگەیە پارێزراو نابێت. زیندووترین نموونەمان كەسێك باڵەخانەیەك دەكات بە چەندین ئامێری ئێركۆندیشن گەرم نابێت و فێنك نابێتەوە، دەبێت بۆ ئەمە ڕێنمایی مەرجی بیناسازی بۆ پاراستنی ژینگە هەبێت و باج دانرێت، ئەو كات خەڵك پابەند دەبێت بە هەموو مەرجەكان كە زانی باج هەیە. مرۆڤ ئیتر بە گرتنەبەری ئەم پرەنسیپانە، دەست كراوە نابێت لەوەی چۆن هەڵسوكەت و ڕەفتار دەكات و چۆن ژینگە بەكار دێنێت، ئێستا دەستكراوەیە و چی دەكات، دەیكات بۆ ژیانی خۆی بێ گوێدانە ژینگە.
