یاسا، ئەركی پارێزەر
وەك هەر كارێكی دیكە لە میانی پیادەكردنی كاری پارێزەرایەتیدا، پارێزەر گەلێك جار ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە، یەكێك لەم ئاستەنگانەش ئەوەیە كە هەندێك جار واڕێك دەكەوێت لە كاتی وەرگرتنی كەیسێكی دیاریكراودا، نەیار (خصم)ی ئەو كەسەی كە دەیەوێت پارێزەر تەوكیل بكات كەم تا زۆر نزیكی یان ئاشنایەتیی هەیە لەگەڵ پارێزەردا، بۆ نموونە (هاوڕێیەتی، خزمایەتی، دراوسێیەتی یان ناسیاوی) هەربۆیە پارێزەر ئەگەر بە تەواوی ڕەتی وەرگرتنی ئەم كەیسە نەكاتەوە، ئەوا كەم تا زۆر بە وەرگرتنی مورتاح نییە، چونكە جۆرێك لە هەستكردن بە ئیحراجی لەلای دروست دەكات لەبەر ئەم هۆیانە:
1- لەوانەیە كەسەكە (نەیار) تێگەیشتنی تەواوی لەبارەی ئەوەوە نەبێت كە پارێزەر كاری پیشەییانەی خۆی دەكات و، نە لایەنە و نە نەیارە لە داواكەدا، بەم هۆیە دەشێت پێی وابێت كە نابێت پارێزەر ئەم كەیسە وەربگرێت، لەبەر بوونی ئەم ئاشنایەتیەی كە هەیە.
2- لەوانەیە نەیار پێی وابێت لە كاتی وەرگرتنی كەیسەكەدا، دەبێت پارێزەر موراعاتی ئەم ئاشنایەتییە بكات كە لەگەڵی هەیەتی لەسەر حیسابی موەكیلەكەی، ئەمەش ناكرێت، چونكە پارێزەر لەسەریەتی بە هەموو شێوەیەك بەرگری لە مافی موەكیلەكەی بكات لە چوارچێوەی یاسادا، پێچەوانەی ئەمەش دەكەوێتە دەرەوەی چوارچێوەی كاری پیشەییانەی پارێزەرەوە و، لێپرسراویەتیی پیشەییانەی بەدواوەیە.
3- هەوڵدان بۆ زامنكردنی مافی موەكیل لەلایەن پارێزەرەوە لە هەر قۆناغێكی داوا، یان كۆتاییهاتنی داواكە بە زەرەری نەیار، دوور نییە كە زیزبوونی نەیاری بەدوادا بێت، ئەمەش گرنگترین خاڵە لای پارێزەر كە ڕەچاوی دەكات.
