نووری بریمۆ سیاسەتمەداری ڕۆژئاوای كوردستان بۆ گوڵان: سەرۆك بارزانی ڕابەرایەتیی پڕۆژەی نەتەوەیی دەكات بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی گەلی كوردستان
بارودۆخی سووریا تاكو ئێستا سەقامگیر نەبووە، بەتایبەتی دوای كۆمەڵكوژیی عەلەوییەكان و بەردەوامیی سەپاندنی سزا نێودەوڵەتییەكان و بە پەراوێزخستنی كورد لە حوكمڕانیی شامدا، لەسەر ئەم تەوەرانە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار بە بارودۆخی سووریا، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ نووری بریمۆ سیاسەتمەداری ڕۆژئاوای كوردستان ئەنجام دا.
* وەكو كەسێكی شارەزا لە بارودۆخی ڕۆژئاوای كوردستان و سووریا چۆن دەڕوانیتە دۆخی ئێستای سووریا و شەڕ و ئاڵۆزییەكان؟ ئایا تاچەند پرسی نەتەوەیی كورد لەو وڵاتە كاری جددی لەسەر دەكرێت؟
- وەكو تەڤگەری سیاسیی كوردی بەتایبەتی ئەنەكەسە لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس و هاتنی ئەو ڕژێمە تازەیەی جۆلانی، بەبێ ئەوەی بزانن كە ڕژێمەكە چۆن بیر دەكاتەوە، هەر لە سەرەتا و پێشەكیدا دەڵێین، جۆلانی و هێزەكەی ئەگەر گوێڕایەڵیی ئەمریكا و ئیسرائیل و وڵاتانی دیكەیان نەكردبێت، نەیاندەتوانی بگەنە شام و ڕژێمی بەشار ئەسەد بڕووخێنن. ئەگەرچی وەكو دەزانین كە ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردی سووریا نزیكەی (15) ساڵە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سووریایە و لە كۆنگرەی جنێف بەشدار بووە و وەسیقەی هاوبەش لە نێوان ئەنجومەنی نیشتمانی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هەیە. كێشەی كورد لە سووریا كێشەی ناوخۆیی بوو، گەیاندمانە نێودەوڵەتی و جنێف و ئاستانا، ئەگەرچی لەو كاتەی ڕژێمی ئەسەد ڕووخا و ئۆپۆزپسیۆن گەیشە حوكم، ئەنجومەنی نیشتمانی خۆی لە ئۆپۆزیسیۆن كێشایەوە و شامی بەجێهێشت و هاتنەوە قامیشلۆ و ژێر كۆنتڕۆڵی پەیەدە و پەكەكە. لێرەدا دەپرسم بۆچی ئەنجومەنی نیشتمانی وایان كرد، كە نەدەبوو وابكرێت؟ واتە پێویست بوو ئەنجومەنی نیشتمانی لە شام بمابان و لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن بوونایە، لە لایەكی دیكەوە وەكو دەبینین، مەزڵووم كۆبانی گفتوگۆ و ڕێككەوتن لەگەڵ ڕژێمی تازەی شام دەكات و شاندێكی شام هاتووە بۆ ڕۆژئاوای كوردستان و تەنیا پەیەدە وەكو ئەنجومەنی خۆسەری لەگەڵی دانیشتووە و گفتوگۆی كردووە، بڕیار بوو كە شاندێكی ڕۆژئاوای كوردستان بچێتە شام، لەمەشدا تەنیا پەیەدە دەچن و هیچ كەسێك لە ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردی سووریا و نە ئەنەسەكە لەگەڵیان نییە، واتە تەنیا پەیەدە گفتوگۆ دەكات و پرسی پڕۆژەی نەتەوەیی كورد هەر باس ناكرێت، بەمەش پڕۆژەی نەتەوەیی كوردی دەمرێت. هەر لە دەستپێكەوە دەبینین ڕۆژئاوای كوردستان بەو خۆكێشانەوەی ئەنجومەنی نیشتمانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا وا دەكات ڕۆژئاوا لە پڕۆژەی نەتەوەیی و گفتوگۆكاندا بێبەش دەبێت، چونكە پەیەدە و مەیەدە و پەكەكە نوێنەرایەتی كورد و ڕۆژئاوای كوردستان ناكەن. پێویست بوو ئەزموونی باشووری كوردستان دووبارە بكەینەوە لە سووریادا، بۆچی ئەوراق و چارەنووسی خۆمان بە پەیەدە و پەكەكە بدەین؟ ئەمە گەورەترین هەڵەی حزب و لایەنەكانی ڕۆژئاوای كوردستانە، بەتایبەتی ئەوانەی لە ئەنجومەنی نیشتمانیدا بەشدارن. پەكەكە و پەیەدە كار و هەوڵیان بۆ ئەوەیە پڕۆژەی نەتەوەیی كورد لەبار بەرن و نەمێنێت. ئەگەرنا ئەمریكا پلان و كار و نەخشەی دیكەی بۆ كورد دەبوو، بەڵام پەیەدە ئەو پڕۆژە نەتەوەییەی كورد لە سووریا لەناو دەبات.
ئەحمەد شەرع لە دەسەڵاتی تازەی سووریا بە پڕاگماتیكی كار دەكات لە ژێر ئاراستەكردنی توركیاوە، ئەمەش زیاتر بۆ ئەوەیە كە ئەجیندای ئێران لە سووریا نەهێتەدی، ئەمەش فەزلێكی گەورە لەسەر ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا و نێودەوڵەتی و توركیا دروست كردووە، هەر بۆیە بە بیروباوەڕی ئیسرائیل و ئەمریكا ئەحمەد شەرع كەسێكی ئازا و قارەمانە، لە لایەكی دیكەوە وڵاتانی دیكەش كار لەگەڵ شەرع دەكەن بۆ ئەوەی سووریا نەبێتە قوبرسی باكوور، ئەگەرچی چاوی توركیا لە ئێستادا لەسەر هەولێر و دیمەشقیشە، بەڵام هەولێر پڕۆژەی نەتەوەیی كوردە و هەرگیز نابێتە قوبرسی باكوور بۆ توركیا، بەڵام ئەنقەرە ئومێدیان زۆرە كە دیمەشق بكەنە قوبرسی باكوور. هەر بۆیە ئەمریكا و ئیسرائیل كار بۆ ئەوە دەكەن كە شام نەدەنە توركیا و نەبێتە قوبرسێكی دیكە، لەلایەكی دیكەوە جۆلانی هەموو كارێك دەكات بۆ ئەوەی لە دەسەڵات بمێنێتەوە و خۆی بە ڕووكەش لەو چوارچێوەی تیرۆریستییەی پێی ناسراوە، دەرناخات، بەڵكو هەوڵ دەدات، وەكو كەسێكی هاوچەرخ و دیموكراتی و مەدەنی دیار بێت و وەكو دەبینین جۆلانی لە كۆنگرە و سەردانەكانی بۆ وڵاتان خۆی وەكو كەسایەتییەكی دیپلۆماسی و دیموكراتی نیشان دەدات و جەخت لەوە دەكاتەوە كە مافی هەموو پێكهاتەكان لە دەسەڵاتداریەتیی تازەی سووریا پارێزراو دەبێت.
* ڕەفتارە توندەكانی شەڕع و تەحریر شام لەگەڵ چەكدارانی عەلەوی گەیشتووەتە ئاستێك هەموو بنەما و مافەكانی مرۆڤی پێشێل كردووە، كاردانەوە نێودەوڵەتییەكانیش بەرانبەر ئەم كردەوانەی شەڕع و تەحریر شام توندن. ئایا ئەمە دەبێتە هۆكاری ئەوەی جارێكی دیكە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەمان هەڵوێست وەك سەردەمی ئەسەد دووبارە بكەنەوە و سزای توند بخەنەوە سەر دیمەشق؟
- من باوەڕ ناكەم ئەوە ڕوو بدات كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سزای توند وەكو پێشتر كە لەسەر بەشار ئەسەد هەبوو دابنێت، چونكە ئەحمەد شەرع كەسێكی پڕاگماتیكییە، بۆ نموونە ئیسرائیل سێ پارێزگای سووریای بردووە، كە شارەكانی (قنێترە و دێرزور و درعە)ن، كەچی ئەحمەد شەرع هیچ جووڵە و قسەیەكیش لەو بارەوە ناكات. ڕۆژانە ئیسرائیل سووریا بۆردمان دەكات، لەو كاتانەش شەرع هیچ وەڵامێكی نەبووە و لەبەر خاتری ئەمریكا تا ئێستا هیچ كاردانەوەیەكی لەسەر ئەو شوێنانە نییە كە هێزی ئەمریكی لێیە. خۆی ئەمە لەبەر ئەوە نییە لە پەیەدە و پەكەكە بترسێت، لەبەر خاتری ئەمریكا و پراگماتیكی خۆیەتی جۆلانی، ئەو دەسەڵاتداریەتییەی تازەی سووریا موغازەلەی ئەمریكا و ئیسرائیل و ڕووسیاش دەكات. شەرع وای كردووە لە كۆنگرەو دیدارە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و عەرەبییەكان بە فەرمی داوەت بكرێت. لە وڵاتانی قەتەر و ئیمارات پارە و مووچەی بۆ دەنێرن و لەسەر ئاستی سەرۆك وڵاتان پێشوازی دەكرێت، لە لایەكی دیكەوە توركیا كار بۆ ئەوە دەكات، ژێرخانی سووریا چاك بكاتەوە و پڕۆژەی پێویست و ستراتیژی تێدا ئەنجام دەدات، كە ئەمەش هەموو بۆ كەسایەتی پڕاگماتیكی ئەحمەد شەرع دەگەڕێتەوە. لە لایەكی دیكەوە كە بە كۆمەڵكوژی و جینۆساید وەڵامی عەلەوییەكانیان دایەوە، لەو كاتەدا مەزڵووم عەبدی بە فەرمانی توركیا لەسەر وەرەقەی سپی ڕێككەوتنی بۆ شەرع واژۆ كرد، ئەمەش ڕزگاركردنی جۆلانی بوو لەو دڕندایەتییەی هێزەكەی بەرانبەر عەلەوییەكان ئەنجامیان دا.
* هەتا ئێستا بارودۆخی ڕۆژئاوا و هێزەكانی دیموكراتی سووریا، لە باردۆخێكی نیمچە سەقامگیر بووە و تا ڕاددەیەك لەگەڵ هێزەكانی تەحریر شام نەكەوتوونەتە شەڕەوە، ئایا دەبێت هەڵوێستی ڕۆژئاوا لەسەر ئەم گۆڕانكارییانەی سووریا چۆن بێت، كە ئێستا لە چەند شاری سووریا قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیەنراوە؟
- توركیا دەوڵەتێكی هەرێمایەتی و گرنگە و قبووڵ ناكات چەك لە بندەستی پەیەدە لە سووریا بمێنێت، بەتایبەت بەوەی كە زیاتر لە (700) كیلۆمەتر ڕۆژئاوای كوردستان سنووری لەگەڵ توركیا هەیە، هەر بۆیە كورد و ڕۆژئاوای كوردستان دەبێت ڕێككەوتن لەگەڵ شام و توركیا بكەن، تاوەكو ئەو دژایەتییەی توركیا لەگەڵ ڕۆژئاوا و كورد لە سووریا هەیە، نەمێنێت، هەروەها بە كشانەوەی ئەنجومەنی نیشتمانی لە ئۆپۆزیسیۆن لە شام جگە لەوەی زۆر هەڵە بوو، وای كرد كورد لە سووریا لە مافەكانی بێبەش بێت، هەر بۆ نموونە كە دەبینین لە ڕاگەیاندنی دەستووردا بە یەك وشەش باسی مافی گەلی كورد نەكراوە وەكو نەتەوە و بەرژەوەندییەكانی و پەیەدەش دەڵێت من لە باكووری ڕۆژئاوای سووریام، نەك كوردستان، واتە ئەمەش پڕۆژەیەكە لە دەرەوەی پڕۆژەی نەتەوەیی كورد و بۆ كورد كار ناكەن.
* هەست دەكرێت جۆرێك لە نزیكبوونەوە و لێكتێگەیشتن لە نێوان پەیەدە و ئەنەكەسە و هێزەكانی سووریای دیموكرات هەیە، هەروەها بینیمان مەزڵووم عەبدی هاتە هەرێمی كوردستان و لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆبووەوە. ئایا لە دوای كۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی بارودۆخی هێزەكانی كورد لە ڕۆژئاوا تا چەند چووەتە پێشەوە؟
- پێش ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەدیش ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردی سووریا پەیوەندی لەگەڵ پەیەدە هەبوو و لە ڕێككەوتنی هەولێر یەك و دوو و ڕێككەوتنی دهۆك تەئكیدن بۆ ئەو پەیوەندییەی نێوانیان، بەڵام پەیەدە ڕێككەوتنەكانی قبووڵ نەكردووە، بەڵام ئێستا بارودۆخەكە گۆڕاوە پەیەدە بە مەرجی خۆی هەموو هێزی كوردی كۆكردەوە، ئەنەكەسەش لەگەڵی، بەڵام ئەو ئەنەكەسە بەهێزە نا كە بەشدار بوو لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن و بارەگای لە ئەنقەرە و ئەستەنبۆل هەبوو، بەڵكو ئەو ئەنەكەسەیە كە لە ئۆپۆزیسیۆن كشایەوە و بێهێزە و بارەگای ئەنەكەسە تەنیا لە قامیشلو ماوە لەژێر دەسەڵاتی پەیەدە كە بە ناوی كۆنگرەی نەتەوەیی ڕێككەوتنێك كرا، كە شاندێك بچێتە شام، كە لەو شاندەش تەنیا پەیەدەن و كەسی و لایەنی دیكە نین. بێگومان هەموو كوردی ڕۆژئاوا قەرداری جەنابی سەرۆك بارزانین و گوێڕایەلی جەنابی سەرۆك دەبن و پێشتریش جەنابی سەرۆك بارزانی دیفەرموو، پێویستە هەموو لایەن پارت و حزبە كوردییەكان یەكڕیز و یەكدەست بن بۆ بەدەستهێنانی مافی گەلی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان، بەڵام پەیەدە هیچ كاتێك ئیلتیزامی بەو كارانە نەبووە، ئەگەرچی هاتنی مەزڵووم عەبدی بۆ لای جەنابی سەرۆك بارزانی شتێكی باش بوو، بەڵام هەموو كار و شتێك لە دەستی مەزڵووم عەبدی نییە، بەڵكو قەندیل، تاران، بەغدا، توركیا و چەندین وڵاتی دیكەی هەرێمایەتی كاریگەرییان لەسەر پەیەدە و پەكەكە هەیە، بەڵام دەبێت هەمو كورد بزانن كە پڕۆژەی نەتەوەیی كورد لەلای پارتی و بارزانییە و پارتی و بارزانی بۆ قەوارە و گەیشتنی كورد بە هەموو مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانیەتی. هەر بۆیە دۆست و دوژمنانی كورد دەزانن كە بارزانی قەڵای كوردایەتییە و هەولێر نەبووایە لە كاتی ئەنفالەوە كورد نەدەما. هەر بۆیە بۆ كورد بەگشتی لە هەموو دنیادا هەولێر واتە سەركردایەتیی بارزانی (بەیتولئەمانە). چونكە بارزانی، كوردان نە دەكڕن و نە دەفرۆشن.
