سيهام شرات بۆ گوڵان: من و هونەر یەكترمان خۆش دەوێت و ناتوانم لێی داببڕێم
لە دنیای هونەردا گەڕانەوە دوای دابڕان هەمیشە مایەی خۆشحاڵی و هیوا بەخشینە، هەرچەندە سیهام شرایتی خانمە ئەكتەری مەغریبی لە سەرەتای كاروانی هونەریدا ڕووبەڕووی چەند ئاستەنگێك بووەوە، كە ناچاری كرد بۆ ماوەیەك دوور بكەوێتەوە، بەڵام دوای دووركەوتنەوە لە گۆڕەپانی هونەری، جارێكی دیكە هەنگاو دەنێتەوە نێو ئەم جیهانە ڕەنگینە. ئەم گەڕانەوەیە نیشانەی بەردەوامی و حەز و خۆشەویستییە قووڵە كە بۆ هونەرەكەی هەیەتی، ئەو حەزەی كە ساڵانی دابڕان نەیانتوانیوە بیكوژێننەوە. بۆیە تەنها ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەو شوێنەوە دەست پێ بكاتەوە كە وازی لێ هێنابوو، بەڵكو بە دیدگەیەكی نوێ و وزەیەكی زیاترەوە دەیەوێت لە ساڵانی داهاتوودا كاری باشتر، نوێتر و داهێنەرانەتر پێشكەش بكات.
*دوای چەند ساڵێك لە دووركەوتنەوە، چی هانیدایت بۆ گەڕانەوە بۆ نواندن؟
-گەڕانەوەم بۆ نواندن و گۆڕەپانی هونەری بۆ دوو هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە: یەكەمیان ئەو حەزەیە كە بۆ هونەر هەمە، ئەو حەزەی كە لە منداڵییەوە لەگەڵمدا بووە و هێشتا لە ناخمدا گەشە دەكات و پەرەدەسێنێت، بە تەمەن و پێگەیشتنەوە. هۆكارەكەی دیكەش ئەو پەرۆشییەی كە بۆ بینەرانم هەمە، ئەوان منیان خۆشدەوێت و منیش خۆشم دەوێن، هەمیشە هەست بە پێویستیی ئەوە دەكەم كە وەفادار بم بەرامبەر ئەو خۆشەویستییە پاكەی كە بینەرانی خۆشەویست پێمی دەبەخشن.
*لەم ماوەیەدا وەك هونەرمەندێك چی لە تۆدا گۆڕاوە؟
-تەمەن و قووڵبوونەوە، ئەزموونی مرۆڤ قووڵتر و پێگەیشتووتر دەكات، بەمەش تێڕوانینی بۆ كار و ڕووداوەكان پێگەیشتووتر، قووڵتر، و بەرفراوانتر دەبێت. ئەمەش وەك گەشەكردنێك لە شێوازی كاردانەوە لەگەڵ كەسایەتییەك كە بەرجەستەی دەكات و لەسەر ڕۆڵەكەی كە دەیگێڕێت دەردەكەوێت. كاتێك ئەزموون و كاردانەوە لەگەڵ كاروبارەكانی ژیانی ڕۆژانە بەرفراوانتر دەبێت هەستەكانیش زیاتر ورد وقووڵتر دەبن.
*نوێترین كارت چییە و بە تایبەتی بۆ ئەم ڕۆڵە چی سەرنجی ڕاكێشایت؟
-دوایین كاری من فیلمێكی سینەمایی كورت بوو لە دەرهێنانی مامۆستا عادل بن قرینە. ڕۆڵی مونا-م گێڕا، كە كەسایەتییەكی زۆر ئاڵۆز و نا ڕوون بوو، كەسایەتییەك كە لە نێوان ڕابردوو و ئێستادا سەری لێ شێواوە، كە چۆن پێویستە لە ڕابردووی خۆی داببڕێت تا بتوانێت لە ژیاندا بەرەوپێشتر بچێت و بەشێوەیەكی ئاسایی بژی، كێبڕكێیەكە لەسەر توانای وێنەكردنی هاوسەنگی دەروونی لە ژیانیدا بۆ ئەوەی بتوانێت بەردەوام بێت لە ژیانێكی باشتر.
*دوای دابڕانێكی زۆر لەگەڕانەوە بۆ یاریگە تووشی ئاستەنگ بوویت، چۆن بەسەریدا زاڵ بوویت؟
-ئاساییە كە تووشی چەندین كێشە ببمەوە، بەتایبەتی كە لە نواندن دوور كەوتوومەتەوە و پەیوەندیم لەگەڵ هاوكار و هاوڕێكانم لە بواری نواندندا پچڕا بوو، جگە لەوەش ماوەی دووركەوتنەوەكە چەندین ساڵ درێژەی كێشا و كاتێكی كەم نەبوو. سەبارەت بە تێپەڕاندنی ئەو كێشانە، هێشتا لە قۆناغی تێپەڕاندندام و نەگەیشتوومەتە كۆتایی، چونكە زۆرێك لە هاوكارەكان و كەسە پەیوەندیدارەكان لە پیشەكەدا تا ئێستا نازانن كە گەڕاومەتەوە بۆ وڵاتەكەم و وەك ئەكتەر دەستم كردووەتەوە بە چالاكی.
*ئێستا دوای گەڕانەوەت بۆ گۆڕەپانی هونەر هەستت چۆنە؟
-ئێستا هەست بە جۆشوخرۆشییەكی زۆر دەكەم، هەست دەكەم كە عاشقێك گەڕابێتەوە بۆ لای خۆشەویستەكەی دوای پچڕان یان دووری. پەیوەندیی نێوان هونەرمەند و كارەكەی وەك پەیوەندییەكی خۆشەویستی هەتاهەتاییە كە كۆتایی نایات، زۆر دڵخۆشم بە گەڕانەوەم چونكە من ناخی دڵمەوە حەز بە هونەری نواندن دەكەم.
*لە داهاتوودا چاوەڕێی چی دەكەیت؟
-لە داهاتوودا چاوەڕێ دەكەم كە بە ڕۆحێكی نوێ و ڕۆڵە نوێیەكان كە پێشتر نەبوون، بگەڕێمەوە بۆ كارەكەم.
*دۆخی ئێستای سینەمای مەغریب چۆن هەڵدەسەنگێنن ؟
-سینەمای مەغریب بەردەوام لە پێشكەوتندایە، بەرهەمە سینەماییە نوێیەكان هەن كە لە ئاستی عەرەبیدا پێشبڕكێ دەكەن. كێشەیەك كە ڕووبەڕووی دەبێتەوە كێشەی سەلماندنی خۆیەتی و گەشەكردن و پێشبڕكێ، سەركەوتن كێشەیە و پاراستنی سەركەوتنیش كێشەیەكی دیكەیە.
