مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان: گۆڤاری گوڵان تایبەتمەندییەکەی خۆی پاراستووە بۆ پەیڕەوکردنی بنەما و ئیتیکی ڕۆژنامەگەری
لە یادی (٣١) ساڵەی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان، بەڕێز مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرنووسەر و كارمەندانی گۆڤاری گوڵان كردووە، ئەمە دەقەكەیەتی:
هەڤاڵانی بەڕێز/ فەرهاد محەمەد، سەرنووسەری گۆڤاری گوڵان، ئەندامانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و ستافی نووسین و کادر و کارمەندانی گۆڤاری گوڵان.
یادی (٣١) ساڵەی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان، لە ئێوەی هێژا و نووسەران و خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان پیرۆز بێت، ڕۆڵی گرنگ و بەرچاوی گوڵان لە کاروانی ڕۆژنامەوانی و میدیای کوردیدا بەرز دەنرخێنین، هەمیشە جێدەستی کار و چالاکییەکانتان مایەی شانازییە بۆ خزمەتگەیاندن بە بواری ڕۆشنبیری و کولتووری نەتەوەیی و نیشتیمانیمان.
گۆڤاری(گوڵان)خاوەن چەندین خەسڵەتی نەگۆڕی پیشەوەرانە و ڕۆژنامەوانییە، هەروەها تایبەتمەندییەکەی خۆی پاراستووە بۆ پەیڕەوکردنی بنەما و ئیتیکی ڕۆژنامەگەریی و گرتنەبەری ئاراستەیەکی ڕاست و دروست بۆ ڕەخساندنی زەوینەی لێکدانەوە و شیکردنەوە و گفتوگۆی گرنگ و کاریگەر بۆ پرسە چارەنووسسازەکان و بە شێوەیەکی زانستی و ئەکادیمییانە.
لایەنێکی دیکەی گرنگی ئەو گۆڤارە لەوەدایە سنووری لۆکاڵیبوونی تێپەڕاندووە و لە ڕێگەی پێگەی فەرمیی خۆی (گوڵان میدیا) و هەروەها پەیوەندیکردن بە پسپۆڕ و سیاسەتمەدار و ئەکادیمێستە بیانییەکان بۆ خستنەڕووی بیروبۆچوونەکانیان.
لەم یادەدا، وێڕای پیرۆزبایی گەرممان، پاڵپشتیی خۆمان بۆ گۆڤارەکەتان دووپات دەکەینەوە و، هیوای بەردەوامی و پێشڤەچوون و سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازین.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٢ی نیسانی ٢٠٢٥
